08/02/2026
DidiMn Logo
Top

دەربارەی کتێبی “پشوویەکی بێمانا”

لە لایەن دیدی من 1كاتژمێر پێش ئێستا

دیدی من – هاوڕێ خالید

کتێبی “پشوویەکی بێمانا” کتێبێکی فۆتۆگرافی جەنگ هاوڕێ خالیدە، کە ئەزموونی دە ساڵی ژیانکردنی ئەو لەگەڵ جەنگدا لەخۆدەگرێت. ئەم کتێبە تۆمارکردن و یادگەی چەندین ساڵی هونەرمەندی فۆتۆگرافەرە کە جگە لە تۆمارکردن، برین و یادەوەری نەبینراو و نەنووسراوی ئەو دەخاتە ڕوو. هاوڕێ خالید لەم کتێبەدا دەستی خوێنەر دەگرێت و گەشتی هێڵەکانی پێشەوەی جەنگیان پێدەکات.

هاوڕێ خالید دەربارەی کتێبی “پشوویەکی بێمانا” دەنووسێت:

هیچ شتێک لەو هەستە ئاڵۆزتر نییە کە قورسایی هەموو ئەو شتانەی لێیان ڕزگارت بووەو پێناسەی ئەمڕۆی تۆ دەکەن لەپڕ لەناو دەستەکانتدا بێت. بۆ من، ئەو ساتە، ئەو ڕۆژە دەستیپێکرد کە پاکەتەکەم هەڵپچڕی، کتێبێکم دەرهێنا کە ناوەکەی خۆمی لەسەر بوو، لەخۆم پرسی: من تەمەنم چەندە کە تۆمارکردنی زیاتر لە چەندین دەیە جەنگ، تیایدا جێگەی بووەتەوە ؟!

لەو کاتەوەی لەدایک بووم، چوار جار ئاوارەبووم. شایەتی هەشت جەنگ بووم. نزیکی دوو دەیەم لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگدا بەسەربرد کە خێراتر لە هیوا جوڵەیان دەکرد. و ئێستا هەموو شەڕەکان، وێرانەکان، هاوڕێکانم کە لەدەستمدان، چیرۆکی ئەو کەسانەی رزگاریان بوو، لە نێوان دووبەرگی ئەم کتێبەدایە. .

بۆ ماوەیەکی زۆر، ئەم چیرۆکانە تەنها لەسەر هارد دیسکەکانم و لەسەر دەفتەری تێبینیەکانمدا دەژیان — ئەو شتانەی کە دەمبینی لە دوای ئەوەی کامێراکەم دەهێنایە خوارەوە. بێدەنگییە شکاوەکەی دایکێک کە لە نێو خانووە روخاوەکاندا بەدوای کوڕەکەیدا دەگەڕا. سەربازێک کە لەسەر پلیکانێک دەگریا دوای ئەوەی ٣٠ کاژێر هێڵی پێشەوەی پاراست، ئەو دایکەی دەستی خۆی بڕی و دەرخواردی منداڵەکەی دەدا تا لە برسا نەمرێت، سەگەکان کە لە لاشەی مردوەکانیان دەخوارد… ئەمانە ئەو ساتانە بوون کە زیاتر لە خودی شەڕەکان لەناخمدا مانەوە.

کتێبی: پشوویەکی بێمانا پێکهاتووە لە:

١- دەیەیەک ململانێ بە وێنە لە مووسڵەوە بۆ ڕەققە، شنگال بۆ کۆبانی

٢. چیرۆکەکانی پشت هەر وێنەیەک، ئەو ساتانەی میدیاکان هەرگیز نەیانبینی، هەروەها ئەو شتانەی کە بینیمن، بەڵام نەمدەتوانی لە کاتی خۆیدا بیانڵێم.

٣. بیرکردنەوە خودییەکانم لەسەر ئاوارەبوون، چونکە تۆمارکردنی جەنگ شتێکە؛ ژیان لەناویدا شتێکی دیکەیە !.

ئەمە کۆمەڵەیەک لە دیمەنە دراماتیکییەکانی شەڕگەکان نیین، بەڵکو مێژوونامەیەکە کە جەنگ بەجێی دێڵێت. سەرکەوتنە بچووکەکان، ئەو مرۆڤایەتییە لەتکراوەی کە ڕەتیدەکاتەوە بمرێت !.

ئەم کتێە پڕە لەو کەسانەی کە متمانەیان پێکردووم لە تاریکترین کاتەکانی ژیانیاندا چیرۆکەکانیان بگێڕمەوە. قەرزاری ڕاستگۆییانم. قەرزاری یادەوەریانم. ئەم کتێبە هەوڵی منە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانە !.

کە یەکەم کۆپی ئەم کتێبەم گرت بەدەستمەوە، بیرم لە پڕۆسەی بڵاوکردنەوەکەی نەکردەوە، یان ئەو ساڵانەی وێنەکانم تیا گرتوون، یان خودی جەنگەکان. بەڵکو بیرم لە زیندوویی خۆم و هەموو کەسێکی دیکە دەکردەوە کە رزگاریان بوو. .

من تەنها شایەتی مێژوو نەبووم، بەڵکو لە کۆتاییدا ئەم چیرۆکانەم بڵاوکردەوە کە جەنگ دەیویست بیانسڕێتەوە !

بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا ڕێگە بە خۆم دەدەم شانازی بکەم، نەک بۆ ئەو ئازارەی کە وێنەم لێگرتن، بەڵکو بۆ ڕەتکردنەوەی ئەوەی بیربچنەوە !

ئەگەر ئەم چیرۆکانە گرنگن بۆ تۆ. ئەگەر باوەڕت وایە یادەوەری نرخی هەیە، ئەگەر باوەڕت وایە جەنگ پێویستە بە ڕاستگۆیی تۆمار بکرێت، و ئەگەر دەتەوێت پارچەیەک لەم مێژووە لە دەستتدا بێت — دەتوانیت کتێبەکە داوا بکەیت لە رێگەی ئەم لینکەوە : https://therawsociety.org/…/the-awkward-pause-hawre…/

تێبینی: پێشەکی ئەم کتێبە لەلایەن ئێد کاشیەوە نوسراوە و یەکەم ژنە ئیدیتۆری ناشیۆناڵ جوگرافیک ئیدیتی کردووە.

هاوبەشی بکە