16/05/2024
DidiMn Logo
Top

دەربارەی هونەری ئەنیمەیشن: گفتوگۆی سارا بیمار لەگەڵ ڕاز کامەران

لە لایەن دیدی من 5 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – سارا بیمار

ڕاز کامەران گرافیک دیزاینەر و ئەنیمەیتەرێکی کوردە، دەرچووی زانکۆی سلێمانییە و لە بواری هونەر و دیزایندا خوێندنی تەواو کردووە. خۆشبەختانە دەرفەتی ئەوەم بۆ ڕەخسا لە کەشە ئارامەکەی قاوەخانەی وینا کوپێک قاوەی لەگەڵدا بخۆمەوە و کەمێک گفتوگۆ دەربارەی  هونەرەکەی و ئەو بەربەستانەی لەگەڵدا بکەم کە ڕەنگە ڕووبەڕووی بووبێتەوە، و لەوەش گرنگتر دیدگە و تێڕوانینەکانی دەربارەی هونەر بەگشتی و بە تایبەتی گرافیک دیزاین و ئەنیمەیشن بزانم. ئەگەر تۆ کەسێکی کە خولیای بینینی فۆرمی نوێی هونەریت لە کوردستاندا، بە تایبەتی هونەری گرافیک دیزاین و ئەنیمەیشن، وە ئارەزووی بینینی کارە هونەرییەکانی هونەرمەندە کوردەکانیت، بەردەوامبە لە خوێندنەوە بۆ ئەوەی زیاتر دەربارەی گفتوگۆکەمان و ئەم چاوپێکەوتنە گەرموگوڕەمان بزانی.

دوای ئەوەی ڕاز سەری سووڕماندم بە پیشاندانی کارە هونەریەکانی خۆی، سەرسام بووم بەوەی کە چەندە بە باشی و بە ئەزموون ئەنیمەیشنەکانی كێشابوو، پرسیاری ئەوەم لا درووست بوو، وە بە پەرۆش بووم بۆ ئەوەی بزانم کە کە بۆ ماوەی چەند ساڵە خەریکی کاری ئەنیمەشن و گرافیک دیزاینە، جێی سەرسووڕمان بوو کە ئەو ئەوەندە لەمێژ نییە خەریکی ئەم هونەرانەیە. ئەو لەگەڵ دەسپێکردنی بە خوێندنی زانکۆ ئاشنابووە بە ئەنیمەیشن، وە لەو کاتەوە هۆگری ئەم بەشە هونەریییە بووە، وە پێش تەواوکردنی خوێندنەکەی لە ساڵی  ٢٠١٧ دا، دەستی بە کارکردن کردووە لە شوێنک وەک گرافیک دیزاینەر، لەوکاتەوە پەرەی بەو لایەنی هونەرەشەوە داوە و بەردەوامبووە لەسەری.   

دواتر پرسیارم کرد دەربارەی هۆکاری هەڵبژاردنی گرافیک دیزاین و ئەنیمەیشن وەک پیشەی ئێستای. ئەویش لە ڕوانگەیەکی هونەرییەوە وەڵامی دامەوە؛ لە دیدی ئەوەوە، هونەرمەندان بەگشتی هەمیشە بەدوای ڕێگە و ناوەندی نوێدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی هەستەکانی خۆیانیانیانی پێدەرببڕن لەگەڵ ئەو بیر و وێنانەی کە لەهزریاندایە، وە ئەو لە ئێستەدا بەو دەرئەنجامانە ڕازییە کە ئەنیمەیشن و گرافیک دیزاین پێیدەدەن. لەبەرئەوەی ئەنیمەیشن زۆر بە باشی وێنای جووڵەو هەستی ئەو شتانە دەکات کە ئەو دەیەوێت. پاشان باسی گرافیک دیزاینی کرد و وتی کە بۆ ئەو گرافیک دیزاین توخمێکی سەرەکییە کە هەموو شتەکانی دیکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، وە ئەو بەشەیە کە ڕێگە بە خستنەڕووی چۆنییەتی و شوێن و جێگەی شتەکانی دەوروبەری دەدات، بەو شێوەیەی کە خۆی دەیەوێت.

”لە کوێ بیرۆکەکان بۆ هونەرەکەت دەدۆزیتەوە- ئایا بە شێوەیەکی سەرەکی لە خەیاڵتەوە سەرچاوە دەگرن یان لە شتەکانی دەوروبەرتەوە؟”

 “من بیرۆکەکانم لە بەریەککەوتنەکانم لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی دەوروبەرم کە لەسەرەتای هۆشیاریمەوە پێیان ئاشنابووم سەرچاوە دەگرن، ئینجا دەکرێ ئەم بەریەککەوتنانەم دەرهەستبن یا بەرهەستبن. وە بە بڕوای من، ئەوشتەی هەر کارێک تایبەت و ناوازە  دەکات، بریتییە لە ئاماژەدان بە دیدگەیەکی نوێ بۆی، جیاواز لەوەی کە هەموو کەسێکی دیکە هەستی پێدەکات، وە پێدانی مانایەکی نوێ یان مانایەکی پشتگوێخراوە بە شتەکان”.

”لە هونەرەکەتدا ژمارەیەکی زۆر فیگەر و ئەنیمەیشنی ژن یا هاوشێوەی ژنان دەبینرێت، ئایا هۆکارێکی دیاریکراو لە هەیە بۆ ئەمە؟”

”زۆربەی کات هەوڵدەدەم فیگەرەکان بێ ڕەگەز پیشان بدەم بۆ ئەوەی بتوانم پەیوەندییەکی بەدەر لە تەنها ڕواڵەتی جەستەیی و فیزیکی لەگەڵ بینەر دروستبکەم، بەڵام دەکرێ هۆکارەکەشی ئەوە بێت کە زیاتر پەیوەندی بەخۆمەوە هەبێ وەک کچێک. بەڵام بە گشتی من زۆر گرنگی بەو لایەنە نادەم!”

شایەنی باسە، کە ڕاز وەک هونەرمەندێک بەشداری لە چەندین بۆنە و پێشانگە و بەرنامەی مەشق و ڕاهێنەرایەتی هونەریدا کردووە، یەکێک لەوانە بەشداریکردن بوو لە فێستیڤاڵی ‘ئەوان’ (AWAN- Arab Women Artists Now)، کە تاکە فێستیڤاڵی فرە هونەری بەریتانیایە هونەری ژنانی عەرەبی تیادا پیشانبدرێت، ئەویش لە مانگی ئازاردا لە زۆربەی هۆڵەکانی کۆبوونەوەدا لە سەرانسەری لەندەن بەڕێوەدەچێت. ئەم فێستیڤاڵە لەلایەن کانتینی هونەرەوە ڕێکخراوە، هونەرە جۆراوجۆرەکانی وەک مۆسیقا، وێژە، هونەری بینراو و زۆر شتی دیکە لەخۆدەگرێت، ئاهەنگ دەگێڕدرێت و پشتگیری لە هونەرمەندی ژن لە جیهانی عەرەبیدا دەکرێت. هەروەها فێستیڤاڵەکە وۆرک شۆپ و دەرفەت بۆ هونەرمەندە تازەپێگەیشووەکان دابین دەکات.

لە دیدی ڕازەوە، ئەم فێستیڤاڵە کارێکی هونەری هاوبەش بوو لە نێوان ئەو هونەرمەندانەی کە لە شوێنی لەدایکبوونیان دەژیان و ئەوانەی دوور لێی دەژیان، ئەم جیاوازی و لێکچوونانە ببوو بە هۆکارێکی هونەری  بۆ ئەوەی ئەو خاتوونانە بەیەک ببەستێتەوە، لەگەڵ ئەوەی لە ڕەگ و ڕیشەی جیاوازەوە هاتبوون.

پاشان باسی دەرئەنجامی ‘ئەوان’ی کرد و وتی: “دەرئەنجامەکەی جوان بوو، دەریخست کە ئێمە وەکە مرۆڤ بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لە یەکدی دەچین، لەگەڵ ئەوەی زۆربەی کات خەڵکی ئەم ڕاستییەیان بیردەچێت. وە بێگومان لەگەڵ هەر ئەزموونێکی نوێدا ڕوانگەیەکی دیکە دێتە ئاراوە.“

”ئایا کەسانی دەوروبەرت پاڵپشتیانکردیت کاتێک بڕیارتدا بەشداری لە ‘ئەوان’ بکەیت؟”

”من خۆم داوای پاڵپشتیم نەکرد، زۆربەی کات بەشێک لە شتەکان تا دەتوانم بە ‘خام’ی وەردەگرم بۆ ئەوەی تا دەتوانم ‘خام’ دەربچم! وە بێگومان ئەگەر تێبینیتان کردبێت، هەمیشە کەسانی پشتیوان و ئەرێنی هەڵدەبژێرم بۆ ئەوەی لە دەوروبەرم بن”.

لێرەدا ڕاز مەبەستی ئەوەبوو، کە ئەو بەگشتی ئارەزووی وایە بە شێوەیەکی زۆر ڕاستەقینە و وەک خودی خۆی بەشداری لە شتەکان بکات، بۆ ئەوەی بەشداریکردنەکانی ڕاستەقینەبێت و ئاوێنەی خودی خۆیبن.

”لە کوردستان پێت وایە ئەنیمەیتەر و گرافیک دیزاینەرەکان بەپێی پێویست  پشتگیری بکرێن؟ ڕووبەڕووی هیچ ئاستەنگێک بوویتەوە؟”

 “لە دونیای ئەمڕۆدا پێویستە چالاکانە بەدوای دەرفەتدا بگەڕێیت لە هەر کارێکدا کە دەیکەیت، نەک تەنها لە کوردستان بەڵکو لە هەر شوێنێکدابێت، بەتایبەتی کاتێک باسەکە باسی کار و پیشە بێت. وەک هونەرمەندێک ئەم باسە سەختە، چونکە ناتوانیت تەنها وازبهێنیت و چاوەڕوانی  پشتگیری بیت. لەگەڵ ئەوەی ڕەنگە ئەو ماندووبوونەی کە دەیکەیت هەمیشە پێینەزانرێ و  گرنگی نەزانرێت، بەڵام خۆت دەزانیت کە تۆ بۆ مەبەستێکی گەورەتر ئەو کارە دەکەیت. لە جیهانی کاردا، بە تایبەت بۆ ژنان، شتەکان دەکرێت سەخت بن – لەوانەیە پارەیەکی کەمترمان پێ بدەن، پیشوەختە بیرۆکەی چەقبەستوویان هەبێت لەسەرمان  وە چەندین ئاستەنگی دیکەش هەن. بەڵام بە بڕوای من تێپەڕین بەم ئەزموونانەدا زۆر شتت فێر دەکات، لێیان گەشە دەکەیت و فێردەبیت بزانیت کەی مامەڵەی نادادپەروەرانەت لەگەڵ دەکرێت یان هەلدەخەڵێندرێیت. بەبڕوای من گرنگە فێری بەکارهێنان و وتنی وتنی ‘نا’ ببیت، هەرچەندە فێربوونی ئەمە بڕێکی باش کات و وزەی دەوێت، بەڵام پێویستەو گرنگە، بەتایبەتی وەک گرافیک دیزاینەرێک، کە هەندێکجار دەبێت پاڵ بە دواوە بنێیت بۆ ئەوەی دیدگەکەت بگەیەنیت.”

”بۆ هونەرمەندە تازەپێگەیشتووەکانی کوردستان، بەتایبەت ئەوانەی ئارەزووی گرافیک دیزاین و ئەنیمەیشن دەکەن، چ ئامۆژگاریەکت هەیە؟”

”سەیری هەموو شوێنێک بکە و لە هەموو شتێکی دەوروبەرت وردبەرەوە، تا زیاتر ببینیت هزر و بیرکردنەوەکانت دەوڵەمەندتر دەبن، بەمجۆرە لە کۆتاییدا دەگەیت بە ئاستێک بتوانیت ڕەنگ و شێوە ببینیت کە تەنها تۆ دەتوانیت دەستکاری بکەیت و وەسفی بکەیت.”

هاوبەشی بکە