08/02/2026
DidiMn Logo
Top

خوێندنەوەیەک بۆ کۆمەڵە چیرۆکی “گۆرانیبێژی بچووک”

لە لایەن دیدی من 52 خولەک پێش ئێستا

دیدی من – ئارام حاجی

هەبوونی ڕەوشتگەرا و بوونیی ئاکاری”، لە کۆمەڵە چیرۆکی “گۆرانیبێژی بچووک”ی نووسەر:”بەختیار حەمەسوور”دا.

کۆمەڵە چیرۆکی “گۆرانیبێژی بچووک”ی نووسەر “بەختیار حەمەسوور”، هەڵوەستەکردنێکی ئاکارییانەیە لەسەر ڕەوشتیی دەستگە کۆمەڵایەتییەکان، بەوەی دەستگە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر لە هەوڵی ئەوەدان بە ڕەوشتەوە بژین. هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان ڕەچەڵەک و بنەچە و نەسەبیان پاک بێت و ئەم پاکبوونەیش وەک بەشێک لە ڕەوشتگەرایی دەبیننەوە. ئەم هێڵە ڕەوشتییە بە درێژایی هەر سێ چیرۆکەکە درێژەی هەیە و بووە بە سەکۆیەک بۆ پێکەوەبەستنیان. بە واتایەکی دیکە: ڕایەڵەیەک لە نێوان هەرسێ چیرۆکەکەدا هەیە، ئەویش ئەو هەبووە ڕەوشتییەیە کە لەلایەن دەستگە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێزان و بنەماڵە و عەشیرەتەوە بەهەند وەردەگیرێت.

(د. محەمەد کەمال)، لە کتێبی “فەلسەی بوون”ەکەیدا، جیاکاری دەکات لە نێوان ڕەوشت و ئاکار. ڕەوشت دەبەستێتەوە بە هی دەستگە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوانەی کە هەموو بیرکردنەوەیەکیان نەریتییە و دانیشتنەکانیان جمەی دێت، گەر یەکێکیش لێیان ترازا، ئەوا بە شێت و نەفام و لادەر و ڕێزپەڕ ناوی دەبەن. بەڵام ئاکار وا ناودێر دەکات کە لە خودەوە بەرهەم دێت و هی ناو دەستەگەکە نییە پێت بەخشرابێت. هەروەها ئاکار زیاتر لە مرۆڤی بیرکەرەوە و تاکدا لەدایک دەبێت، وەک مەرجێک کەسی دیکە نەیسەپاندووە بە سەرتدا. هەروەتر ئاکار هەڵوێست وەرگرتنە، نەک چوونە ڕیز و گوێڕایەڵی “ئەوان”. لە کورتیدا ڕەوشت، وەک مەرجێک ئەوانی دیکە بۆت دەبڕنەوە، بەڵام ئاکار پێچەوانەکەیەتی.

بۆیە دەتوانی ئەو ڕایەڵە لە ڕێگەی ئەم چەند کەسایەتی و گوزارشت و ڕستانەدا دەستنیشان بکەین، کە لە هەرسێ چیرۆکەکەدا پاتە بوونەتەوە، ئەوانیش بریتین لە:

ـ کاراکتەری خاڵە حەسەن و حسەین.
ـ پاتەبوونەوەی ڕستەی: ئەمە شار نییە و خەڕەکە شارە.
ـ گومان خستنە سەر ڕەچەڵەکی کەسایەتی “داپیرە”، بەوەی کە زۆڵ(بیژی)ە.
ـ پاتەبوونەوەی وشەی “برسیمە” لە دوو چیرۆکیاندا و بە یەک مەبەست و واتا.
ـ خستنەوەی وەچەی دیکە لەبەر ئەوەی منداڵی یەکەم تەنهایە، یان باشترە کوڕێکمان ببێت، بۆ ئەوەی ببێت بە پشت و پەنا بۆ ئەم کچە.

دیارە ئەو خاڵانە چەندە ڕایەڵەیەکن بۆ گرێدانی چیرۆکەکان، ئەوەندە جوڵە و دەربڕینی وردن کە گوزارشت لە کۆمەڵگەی تەقلیدی و ڕەوشتگەرا دەکەن، نەک ئاکارگەرا.

بۆ وێنە: ئەو کوڕەی لە دوای سێ نەوە لە دایک دەبێت و چاوێکیانی شینە و ئەوی دیکەیان سەوزە وەک داپیرەی. کۆمەڵگە هێشتان کەڵکەڵەی ئەوە دەخەنە سەری لە گەورەییدا بەدوای ڕەچەڵەکی خۆی و داپیرەیدا بگەڕێت. بۆ چاوەکانی وەهان؟. ئەمە دەگاتە جێیەك دەیان ئەرشیفی بۆ هەڵبداتەوە، تا بزانێت ئەم ڕەنگە جوودایانە بۆ و چۆن هاتوون، ئەی خودی داپیرە لە کوێوە هاتووە چۆن کەوتووەتە ناو شەجەرەی ئێمە؟.

لێرەدا ئێمە دەکەوینە بەردەم دوو ئاراستە:

یەکەم: ڕاستر ئەوەیە داپیرە خاوەنی ڕەچەڵەکە و لەدەست برسێتی گەورەی ساڵی ١٩١٦ بە منداڵی لە شارەوە هەڵهاتووە بۆ گوند. بەوپێیەی برسێتی کەمتر لەناو گوندەکاندا خۆی تۆخ دەکاتەوە، چونکە دانیشتوانی گوند دەتوانن پشت ببەستن بە چاندنی دانەوێڵە، ئیشی ئاژەڵداری، بەرووبوومی سروشتی. بۆیە داپیرە لەناو ئەو هەموو تەرمە هەڵدێت، پاشان لەو گوندەدا دەگیرسێتەوە و نابێتە قوربانی.

دووەم: ئەوەیە داپیرە لە دەست بە قوربانیبوونی فیزیکیانە قوتاری دەبێت کە برسێتییە، بەڵام بەهۆی نەمانی کەسووکاری، لە گەورەییدا “بوون”ی دەبێتە قوربانی پێناسەکانی کۆمەڵگە. لە بەها و شکۆی دەدەن و پاشناوی (بیژی) دەخەنە دوای.

لەنێو چیرۆکەکەدا هەبوونی دوو چاوی جودا باشترین لۆگۆیە بۆ ناسینەوەی کۆمەڵگەی ڕەوشتگەرا و تەقلیدی، کە جیاوازی ئەو چاوانە وەک بازدانێکی بایلۆژی نابینێت، بەڵکوو وەک عارێك لێی دەڕوانێت. کۆمەڵگەیەک کە بە نزیکەی یەک سەدە کە سێ نەوەی تێدا ژیاوە، ناتوانێت بایی ئەوەندە بگۆڕێت کە جیاوازی دوو چاو قەبووڵ بکات وەک خۆی، نەک هۆیەکی داتاشراو.

گرنگە لێرەدا ئاوڕ لە ڕۆمانی “بۆنسای” نووسەری دانیمارکی کیرستن تۆروپ، بدەینەوە، دیارە لەو ڕۆمانەدا کاراکتەری “نینا” زادگەی خۆی جێدەهێڵێت و خۆسەرییانە ڕوودەکاتە شار، بەو مەبەستەی خۆی لە بنەچەی خێزانەکەی داببڕێت و سەر لە نوێ وەچەیەکی نوێ لە خۆیەوە دروست بکات. بە واتایەکی دیکە هاوشێوەی درەختی بۆنسای لقێکی سەربەخۆ لێ بدات و خۆی جودا بکاتەوە لەو ڕەگەی کە ئەمی هێناوەتە بوون.

بۆیە نووسەری گۆرانیبێژی بچووک، وەک بوونێکی ئاکارگەرا، دەیەوێت هەڵوەستە لەسەر ئەم تەوەرە کۆمەڵایەتییانە بکات، کە هەتا نها بوونی هەیە. بۆیە دواجا باز بەسەر کاراکتەرەکان و تەواوی ڕووداوەکاندا دەدات، خودی جوگرافیاکە بە ئامانج دەگرێت کە هەمان جوگرافیا کەتوارییەکەی دەرەوەی دەقی چیرۆکەکانیشە، بەوەی ئەم شارە ئەسڵەن لە وەختی ڕاوشکار(ڕاوکردن)دا دۆزراوەتەوە نەک بە هۆی فراوانبوونی دەسەڵاتی میرانی بابانەوە تا ئەو شارەیش بنیات بنێن.

دیسانەوە نەک ئەوەی بە هۆی بەرئەنجامە ڕامیاری و کارگێڕییەکانەوە بووبێت کە کرابێتە نیشینگە. لێرەدا جێگەی خۆیەتی سەرنجی خوێنەر بۆ ئەوە ڕابکێشین کە ڕاوکردن ڕفتاری مرۆڤی سەرەتاییە، ئەوانەی کە  لە قۆناغی پێش دۆزینەوەی کشتووکاڵدا ژیاون و ئەشکەوتەکان ماڵیان بووە. هێشتا پێدەشت و دەشت و تەختاییان وەک جێگەی مانەوەی هەمیشەیی نەناسیووە. هێشتا بە گشتی دانەوێڵەیان نەکردووەتە سەرچاوەی بژێویان و ماڵیان چێنەکردووە.

هەرچی بابەتی زمانە لەم کۆمەڵە چیرۆکەدا، بەوردی مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، بەو ڕادەی لە هەندێ جێگەدا یەک وشە، واتای یەک ڕستەی هەڵگرتووە و ئەرکەکەیشی جێبەجێی دەکات. زۆرجار هەڵگێڕانەوەی جێگەی بکەر و کردار، ڕستەی کورت و کورت تر. ئەمانە وایان کردووە کارەکە تەقلیدی نەبێت، تا بتوانین وشەی زیادەی لێهەڵگرینەوە. یاخود ئاگاییمان هەرکاتێک پەرت بوو، بتوانین لە هەمان مەبەستەدا بچینەوە ناو ڕووداوەکان. بە پێچەوانەوە سەرپێخستنی ئەم زمانە خێرایی داوە بە ڕووداوەکان. گۆڕانکاری کردووە لە کات-ی “بابەتی” خوێنەرەوە بۆ کاتی “خودی” خوێنەر. نووسەر توانیوییە زمانە میلییەکە دیسان بتەکێنێتەوە. لە سواوی دووری بخاتەوە و بە تیژ و دەمەزەرد کراوی بەکاری بهێنێتەوە. ئەمەش زەمینەی بۆ ئەوە خۆشکردووە واتا و مەبەستەکان بە شیوەی بچڕ بچڕ، لە دەریچەی دەنگ و دەربڕینی وردەوە خۆیان هەڵڕژنە بەردەمی خوێنەر. ئەمەیش وای کردووە ئەوەی پێی دەڵێن گرێچن، نووسەر لای خۆیەوە ئەرکەکەی خستووەتە ئەستۆی خوێنەر. دەتوانین ئەمەیش وەک تایبەتمەندی چیرۆکی ئەمڕۆ بناسێنین، کە بۆ خوێنەر سەختە لە بەرانبەر ئەم ئاماژە هەڵڕژاوانەدا ئەوە دیاری بکات: ئەم چیرۆکە باس لە فڵان واتا و مەبەستی دیاری کراو دەکات. بەڵکوو وەرگر دەتوانێت تەنها تەوەری زاڵی ناو چیرۆکەکان ئاماژە پێ بدات، وەک ئەم دوو تەوەرەی کە ئێمە داومانەتە بەرباس لێرەدا. دیوەکەی دیکەی ئەوەیە خوێنەر ناتوانێت ئەم جۆرە دەقانە وەک نقڵ بگێڕێتەوە و باسی بکات. چونکە دەقەکان زیاتر دیداری ڕاستەوخۆی خوێنەریان دەوێت.

ئەوەندەی هەیە زمان لەم چیرۆکەدا ڕۆچوونە بە پەنهانیدا. بەو واتای “هارتمان” باسی لێوە دەکات، زمان لەم چیرۆکەدا زمانی شیفرە و کۆدەکانە. دیارە هەر لە ڕێگەی زمانی شیفرەوە نووسەر دەتوانێت لە ئەندازە زیاتر، سەری ئەو هەموو ڕووداوە وردانە لە مەدایەکی کەمدا قووت بکاتەوە بۆ خوێنەر.

هەر چی “دێردا”یشە، لە بەرانبەردا، زیاتر گرنگی بە دیوە گۆشەگیر و پەنهانەکەی زمان دەدات… تا دەیگەیەنێت بەو ئاستەی خودی “بوون” لە ڕێگەی زمانەوە نەبێت، نابینێت.

ئەو زمانەی لەم کۆمەڵە چیرۆکەدایە هەمان ئەو زمانەیە کە هی ئاماژەدانە بە پرس و بابەتە هەستیارەکان، ئەو زمانەیە کە بە ئاراستەی کەشفکردنی ئەو بابەتانەدا دەڕوات کە کۆیەتی ژیانی مرۆڤی پێوە بەندە و ئەو سەری لکاوە بە بوونی بەهای مرۆڤەوە، نەک گوزارشت پێکردن و بەکارهێنانی بۆ لەیەک گەیشتن و ڕایی کردنی باس و خواسە ڕۆژانەییە کۆمەڵایەتیەکان. چونکە ئەوەی هەیە لێرەدا کە بەو زمانە دەربڕدراوە شکۆ و بەهای بوونی مرۆڤە لە نێوان ئاکارگەرایی تاک و ڕەوشتگەرایی دەستەکۆیدا.

_______

ـ سەرچاوەکان:

١- “هەڵوەشاندنەوە” د. عەبدوڵڵا ئیبراهیم. و: عیسا چیایی
٢ـ “فەلسەفەی بوون”د. محمەد کەمال
٣- “گۆرانیبێژی بچووک”بەختیار حەمەسوور
٤ـ “بۆنسای”کیرستن تۆروپ. و: ئالان پەری

هاوبەشی بکە