دیدی من – ئەل مەیادین
لە عەرەبییەوە: زرار حەمید
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان
کاتێک گوێ لە گۆرانییەکانی ئوم کەلسوم دەگرین، زۆرجار لەناوەڕاستی گۆرانییەکان و لە کۆتایی هەر کۆپلەیەک، دەنگێک دێتە بەر گوێمان کە دەڵێت؛ “ئەی گیان و گیان –عظمة علی عظمة”. تەنانەت وا ڕاهاتووین خۆشمان ئەو ڕستەیە بەکاردەهێنینەوە کاتێک بمانەوێت سەرسامی خۆمان نیشان بدەین بەدەنگی تازە گۆرانیبێژێک. لەپشت ئەم دەنگەوە، چیرۆکی عەشق و شەیدابوونێک هەیە کە خاوەنەکەی بەرەو مایەپووچبوون برد. ئەو دەنگە دەنگی سەعیدی ئاشەوانە.
“ئەی گیان و گیان خاتوون!- عظمة علی عظمة یا ست!” دەربڕینە ناودارەکەی سەعیدی ئاشەوانە. سەعید پیاوێکی خەڵکی پارێزگای (تەنتا) بوو. بازرگانێکی ناودار و ناسراو بوو، خاوەنی چەندین کێڵگە و ئاش و کارخانە بوو. هەرچەندە کاروبارەکانی زۆر بوون و بە ئەستەم پێیان ڕادەگەیشت، کەچی هیچ کام لەئاهەنگەکانی ئوم کەلسومی لەکیس خۆی نەدا و لەسەرجەمیاندا ئامادە دەبوو. پێ بەپێ، ئوم کەلسووم لەهەرشوێنێک ئاهەنگی هەبوایە، دوای دەکەوت و ئامادە دەبوو. دەگێڕینەوە ئەوکاتەی ئوم کەلسوم بانگێشتی پاریس دەکرێت بۆ سازدانی ئاهەنگێک، سەعیدی ئاشەوان بە تایبەتی دەچێتە پاریس و لەوێشەوە بۆ بەنغازی لیبیا و هەموو ئەو وڵاتانەی تر کە لەو سەردانەیدا ئاهەنگی تێدا ئەنجام داون. بێ گوێدانە تێچووی ئەم گەشتانە و ئەو کاروبارانەی لەمیسڕ جێێهێشتبوون.
ئەوەی سەعیدی ئاشەوانی پێدەناسرێتەوە، ئارەزو و شەیداییە بێسنوورەکەی بووە بۆ ئوم کەلسووم. ئەو ئارەزووەی لەکۆتاییدا بووە هۆی مایەپووچبوون و نەخۆشکەوتن.
لە ئاهەنگەکانی ئوم کەلسومدا، سەعید سەرسەختترین هەوادار و شەیدا بوو. میسڕییەکان نازناوی جۆراوجۆریان لێنا، لەوانە؛ (دێوانەکەیی ئوم کەلسوم)(شەیدای هەسارەکەی ڕۆژهەڵات)(شێت و شەیداکەی ئوم کەلسوم). سەعید هەر لە تەمەنی منداڵی و لاوی واتە لە ساڵی ١٩٣٥ەوە بەردەوام ئامادەی ئاهەنگەکانی ئوم کەلسوم بووە، تەنانەت کاتێکیش هاوسەرگیریی کرد، ئەم خوەی هەر لەکەلەدا ما و یەکەم پێنجشەمەی هەموو مانگێک بە ماڵ و منداڵەوە ئامادەی ئاهەنگەکان دەبوو.
بەردەوام پێداگری لەوە دەکرد لە ڕیزی پێشەوە دابنیشێت، تاکو ڕاستەوخۆ لەبەردەم ئوم کەلسومدا بێت. بەتەواوەتی لەدەنگی ئوم کەلسومدا دەتوایەوە و رستە ناودەرەکەی دەوتەوە؛ “ئەی گیان و گیان خاتوون گیان – عظمة علی عظمة یا ست!”. شەیدایی ئەم پیاوە بە جێێەک گەیشتبوو، ئوم کەلسومیش دەیناسی و بە ئامادەبوونی ڕاهاتبوو، تەنانەت هەوادارەکانی هەموو ئاهەنگێک بەدوایدا دەگەڕان و سۆراغیان دەکرد. خۆ ئەگەر کەمێک دوابکەوتایە، هەموو دەیانوت؛ مەگەر دەکرێت خاتوون ئاهەنگی هەبێت و سەعیدی ئاشەوان ئامادە نەبێت!
هەرکاتێکیش سەعیدی ئاشەوان داوای لە ئوم کەلسوم بکردایە کۆپلەیەک دووبارە بکاتەوە، بە دەربڕینە تایبەتەکەی خۆی داوای دەکرد؛ توو گیانی پێغەمبەر دووبارەی بکەوە خاتوون، من لە تەنتاوە لەبەر تۆ هاتووم “.
هەندێک دەڵێن دەربڕینی “گیان و گیان – عظمة علی عظمة” لە بنەرەتدا خاوەنەکەی ئاوازدانەری ناودار، محەمەد عەبدولوەهابە. کە لەیەکەم کاری لەگەڵ ئوم کەلسووم، ئاوازی گۆرانی “أنت عمري” داناوە. دەگێڕنەوە محەمەد عەبدولوەهاب لەکاتی پرۆڤەی ئەم گۆرانییەدا، زۆر دوودڵ و نیگەران بووە، بەڵام مۆسیقاژەن (عەباس فوئاد) پرۆڤەکە بەسەرکەوتوویی و لێهاتوویی کۆتایی پیدێنێت. کاتێکیش بۆ یەکەمجار ساڵی ١٩٦٤ گۆرانی “أنت عمري” پێشکەشکرا، هەمووان چاوەڕوان بوون، مۆسیقای پێشەکی دەستی پێکرد، نۆرە هاتە سەر (عەباس فوئاد) بۆ ئەوەی تاکژەنینی خۆی پێشکەش بکات، ژەنینەکەی عەباس جۆرێک بوو، هەمووانی شۆک کرد، لەم کاتەدا محەمەد عەبدولوەهاب هەناسەی ئاسوودەیی هەڵدەمژێت و ڕستە بەناوبانگەکەی دەڵێ؛ “گیان و گیان و گیان و گیان” کە لەڕاستیدا مەبەستی (عەباس فوئاد) بووە. بەڵام لەو کاتەدا یەکێک لە ئامادەبووان ئەم دیمەنە دەبینێت و وادەزانێت محەمەد عەبدولوەهاب مەبەستی ئوم کەلسومە. ئەم دەربڕینە پڕ حەماسییە دەچێتە گوێ و دڵی ئەو ئامدەبووە و ئیتر لەهەموو ئاهەنگەکاندا دەیڵێتەوە، بەڵام بەمۆرکی خۆیەوە. ئەم کەسەش سەعیدی ئاشەوان بوو، کە دواتر ئەم هوتافە بوو بە موڵکی کەسی خۆی و لەهەموو ئاهەنگەکاندا دەیوتەوە. ئامادەیی سەعید لە ئاهەنگەکانی ئوم کەلسومدا بەجۆرێك بووە تەواو لە دونیا دایبڕیەوە، هەموو هۆش و ئاوەزی داوەتە ئوم کەلسوم، وەک ئەوەی ئوم کەلسوم بەتەنها گۆرانی بۆ سەعیدی ئاشەوان دەچڕێت.
سەعیدی ئاشەوان لەسەر ئەم هەوایەی مایەوە تا ئەوەی ملدانی بۆ ئەم شەیداییە تووشی مایەپووچبوونی کرد. دەگێڕنەوە جارێکیان لەسەیارەکەیدا دەبێت، بەلای قاوەخانەیەکدا دەڕوات و گوێی لەدەنگی ئوم کەلسوم دەبێت لەڕادیۆی قاوەخانەکەوە. لەسەیارەکەی دادەبەزێت و وەک بێ عەوداڵێک بەدوای دەنگەکەدا دەڕوات، بەم هۆیەشەوە چەکێکی بانکی لێ ون دەبێت کە سامانێکی زۆری ئەو کاتە بووە.
ئامادەبوونی بەردەوامی سەعید ئاشەوان لەو ئاهەنگانەی ئوم کەلسوم کە دەرەوەی میسڕ ئەنجامی دەدان، بووە هۆی مایەپووچبوونی. دوای مایەپووچبوونیشی، چیتر نەیتوانی ئامادەی ئاهەنگەکانی ئوم کەلسوم ببێت. ئوم کەلسوم تێبینی ئەوە دەکات کە سەعیدی ئاشەوان چەند جارە دیار نییە و هەواڵی دەپرسێت. تا ئەو کاتەی هەواڵی ئەوەی پێگەیشت کە سەعید چی بەسەر هاتووە و بەهۆی بارگرانی مایەپووچبوونەوە دۆخی تەندروستی تێکچووە.
کاتێک هەسارەکەی رۆژهەڵات ئەم هەواڵە دەبیستێت، زۆر لەدڵی گران دەبێت. هەر زوو سەردانی دەکات بۆ ماڵەوە و یەکێک لەو زەویانەی بۆ دەکڕێتەوە کە سەعید فرۆشتبوونی تاکو بە پارەکەی ئامادەی ئاهەنگێکی ئوم کەلسوم ببێت. جگە لەوەش کاسێتەکانی خۆی پێ بەخشی تاکو بتوانێت لەماڵەوە گوێیان لێبگرێت و زەحمەتی ئامادەبوون لەئاهەنگەکاندا نەداتە بەرشانی. دەوترێت چەند جارێکیش بێ بەرامبەر بانگێشتی ئاهەنگەکانی کردووە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.