03/03/2024
DidiMn Logo
Top

ئاسکی بریندار: فریدا کالۆ

لە لایەن دیدی من 8 مانگ پێش ئێستا

دیدی من
ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ساڤان عەبدولڕەحمان

فریدا کالۆ،  وێنەکێشی دیاری مەکسیکی لە ٦ی تەمووزی ١٩٠٧ لەدایکبووە. بە شارەزای بواری کێشانی پۆرترەیتی کەسیی ناسراوە و نازناوی وەگرتووە. فریدا هونەری وێنەکێشانی وەک چەکێک بەکارهێناوە بۆ دەربرینی هەڵوێست و دروستکردنی گۆڕانکاری و وروژاندنی پرسەکانی وەک شوناس، سەردەمی دوای کۆلۆنیاڵیزم، جێندەر، چینایەتی و ڕەگەز. ڕەخنەگران بە هونەرمەنێکی سوریالیست ناوی دەبەن بەڵام. خۆی بە پێچەوانەوە دەڵێت “پێیان وایە سوریالیستم. بەڵام سوریالیست نیم و نەبووم. هەرگیز وێنەی خەون و خەیاڵم نەکێشاوە. وێنەی هەقیقەتی ژیانم کێشاوە.” فریدا وەک فێمینیستێکی دیاری مێژووی هاوچەرخی جیهان بەشدارییەکی چالاکی لە بواری سیاسەت و بزووتنەوەکاندا هەبووە. لە دوای مردنی فریدا کارەکانی وەک ئایکۆنی سەرەکی چەندین بزووتنەوە ناوی دەرکردووە کە سەرەکیترینیان بزووتنەوەی فێمینیزمە.

لە ١٧ی ئەیلوولی ١٩٢٥، ئەو پاسەی فریدا لە قوتابخانەوە پێی دەگەڕایەوە ماڵەوە تووشی ڕووداوێکی هاتوچۆبوو و بەشێکی زۆری سەرنشینەکانی مردن. فریدا لەو ڕووداوەدا زیانێکی گەورەی بەرکەوت کە بەدرێژایی ژیانی لەگەڵیدا مایەوە؛ ئێسکی حەوزی شکا، سک و مناڵدانی کون بوو، بڕبڕەی پشتی لە سێ شوێنەوە شکا، قاچی ڕاستی لە یانزە جێگاوە شکا، ئێسکی چەڵەمەی شکا، ھەروەھا شانەکانی لەجێچوون. لە ماوەی ژیانیدا چەندین نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوە و یەکێک لە نەشتەرگەرییە گەورەکانی دانانی پلاستەرێکی گەورە بوو کە بە قەبارەی جلێکی کۆرسێت بوو. ئەم ڕووداوە بووە سەرچاوەی یەکێک لە ئازارە گەورەکانی فریدا.

“وێنەکانم پەیامی ئازار هەڵدەگرن”

دیاگۆ ڕیڤێرا یەکێک بوو لەو کەسانەی کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر ژیانی فریداوە هەبوو. سالی ١٩٢٨ یەکتریان ناسی و پەیوەندی خۆشەویستیان بەست. سەرەڕای ئەوەی چەندجارێک ئەم پەیوەندیە کۆتایی پێهات و دوورکەوتنەوە ڕوویدا، لە چەند وێستگەیەکی جیاوازدا دووبارە دەستیپێدەکردەوە. فریدا عاشقی دیاگۆ بوو. جیاواز لە پەیوەندییەکانی دیکەی فریدا، خۆشەویستی فریدا بۆ دیاگۆ تا کۆتایی تەمەنی فریدا بەردەوامبوو.

جگە لە کارە هونەرییەکانی، فریدا هەندێک یاداشت و شیعریی نووسیوە. بەشێک لە نووسینەکانی لە کتێبێکدا بەناوی “یاداشتەکانی فریدا کالۆ: خودپۆرترەیتێکی ئاشنا” ساڵی ١٩٩٥ بڵاو بووەوە کە نزیکەی ١٧٠ شیعر و پارچە پەخشان لەخۆی دەگرێت کە فریدا لە ماوەی ژیانیدا دەربارەی بیرکردنەوەکانی، هەستەکانی و ئەزموونەکانی نووسیونی.

“یاداشتەکانی فریدا کالۆ: خودپۆرترەیتێکی ئاشنا”

بەشێک لە وتە و شیعرەکانی فریدا

(١)
ئەمڕۆ دیاگۆ ماچی کردم
هەموو چرکەساتێک، ئەو منداڵی منە.
منداڵی تازە لەدایکبووی من،
هەموو کاتێک
هەموو ڕۆژێک
هی منە.

فریدا و دیاگۆ ١٩٣٣

(٢) بۆ دیاگۆ:
… دەمەوێت وێنەت بکێشم،
بەڵام هیچ ڕەنگێکت تێدا نییە
چونکە لە سەری شێواوی مندا
خۆشەویستییەکی بەرجەستەکراوی زۆرت هەیە

(٣) دیاگۆ :
هیچ شتێک بە دەستەکانت بەراورد ناکرێت
هیچ شتێک وەک ئاڵتونی سەوزی چاوەکانی تۆ نییە
چەندین ڕۆژ و ڕۆژگارە  جەستەم پڕبووە لە تۆ
تۆ ئاوێنەی شەویت
تیشکی توندوتیژی هەورەبروسکەیت
شێی زەویت
چاڵایی ژێر بنباڵەکانت پەناگەی منە
سەرپەنجەکانم دەست لە خوێنت وەردەدەن
هەموو خۆشی من ئەوەیە هەست بە گەشانەوەی ژیانت بکەم
لەناو  نافورە گوڵینەکەتدا
کە هەموو ڕێگاکانی دەمارەکانی من پڕدەکاتەوە
کە هی تۆن.

بۆ دیاگۆ (٣)

(٤)
تۆ بەسەرمدا دەبارێیت، ئاسمانتم
تۆ باشیی، منداڵیی، ژیان و عەشقی منیت
کوڕی بچوکی من، پیاوی پیری من، دایک و چەقی مینیت
شینی و  نەرمیی منی
گەردوونی خۆمت دەدەمێ و تیاما بژی
تۆیت کە ئەمڕۆ خۆشم دەوێیت
بە هەموو خۆشەویستیمەوە خۆشم دەوێیت
دارستانێکت دەدەمێ
ماڵێکی بچوکی تێدابێت
هەموو ئەوشتە باشانەشت دەدەمێ
کە خۆم پێکمناون
بە خۆشیی دەژییت
دەمەوێت بە خۆشیی بژیت
هەرچەندە من تەنها
تەنهایی پووچی خۆم و
وەڕەسی هەموو شێوازەکانی خۆشەویستی خۆمت پێدەبەخشم
ئەی تۆ چی؟
ئەمڕۆ من سەرەتاکانم خۆشدەوێ و
تۆش دایکت.

بۆ دیاگۆ (٥)

(٥)
دیاگۆی سەرەتا
دیاگۆی بونیادنەر
دیاگۆ منداڵەکەم
دیاگۆ خۆشەویستەکەم
دیاگۆی وێنەکێش
دیاگۆی عەشقم
دیاگۆی “مێردم”
دیاگۆی هاوڕێم
دیاگۆی دایکم
دیاگۆی باوکم
دیاگۆی کوڕم
دیاگۆی من
دیاگۆی گەردوون
هەمەجۆرییەک لەناو یەکێتییەکدا.

(٦)
بۆچی بەردەوام بە دیاگۆی من ناوی دەبەم؟
ئەو هەرگیز هی من نەبووە و هیی من نابێت.
ئەو هی خۆیەتی.

دیاگۆ (٦)

(٧)
تراژیدیا بێماناترین شتە کە مرۆڤ هەیەتی
من دڵنیام
ئاژەڵان ئازار دەچێژن و
هێشتاش نمایشی ئازارەکانیان ناکەن
نە لەسەر شانۆی کراوە و
نە داخراویشدا
ئازارەکەشیان لە هەر وێنەیەک گەورەترە
کە هیچ مرۆڤێک بتوانێ
نواندنی بکات.


“بەهەشت
زەوی
من و
دیاگۆ.”

(٨)
خۆزگەم دەخواست
لە پشت پەردەی “شێتییەوە”
بمتوانیایە هەرچییەک بکەم کە حەزم لێیە
ئەوکاتە
بە درێژایی ڕۆژ
گوڵەکانم ڕێکدەخست،
وێنەم دەکێشا،
ئازار، خۆشەویستی و میهرەبانیم دەکرد.
بە ڕادەی گەمژەیی،
بە دڵی خۆم قاقام لێدەدا.

(٩)
شۆڕش
بریتییە لە هاڕمۆنی ڕەنگ و فۆڕم
هەموو شتێکیش کە بوونی هەیە و دەجوڵێت
لەژێر یەک یاسادایە
یاسای “ژیان”

کەس لە کەس جیا نییە
کەس بۆ خۆی شەڕ ناکات
هەموو شتێک بە یەکجار
پارچەیەک حەسرەتە

ئازار
چێژ
مەرگ
هیچ نین جگە لە پرۆسەیەکی بوون
تاکە شەڕی شۆڕشگێڕانە لەم پرۆسەیەدا
کردنەوەی دەرگای ژیرییە

خەڵک چەند ناشرینن!

(١٠)
لە کۆتایی ڕۆژەکەدا، بەرگەی زۆر زیاتر لەوە دەگرین کە پێمانوایە بەرگەی دەگرین.

(١١)
خواردمەوە تا خەمەکانم بخنکێنم، بەڵام ئەو زۆڵانە فێری مەلەکردن بوون.

(١٢)
قاچەکانم بۆچییە. کاتێک باڵم هەبێت پێی بفڕم؟

قاچەکانم بۆچییە. کاتێک باڵم هەبێت پێی بفڕم؟

(١٣)
هیچ شتێک ڕەها نییە. هەمووشتێک دەگۆڕێت، هەمووشتێک دەجووڵێت، هەموو شتێک دەخولێتەوە، هەمووشتێک دەفڕێ و دووردەکەوێتەوە.

(١٤)
وێنەی گوڵەکان دەکێشم، تا نەمرن.

(١٥)
پێیان وابو سوریالیستم. بەڵام سوریالیست نەبووم. هەرگیز وێنەی خەون  و خەیاڵم نەکێشاوە. وێنەی هەقیقەتی ژیانی خۆمم کێشاوە.

(١٦)
دیوار بەدەوری ئازارەکانتدا مەکێشە، لە ناوەوە دەتخوا

(١٧)
پۆرترەیتی کەسیی خۆم دەکێشم، چونکە زۆرجار تەنیام و خۆم  زۆرباش دەناسم.”

(١٨)
سوریالیزم سوپرایزێکی سحرییە وەک دۆزینەوەی شێرێک لەکاتی کردنەوەی کەنتۆرەکەتدا، لە کاتێکدا دڵنیابووی لەوەی بلوزێک دەدۆزیتەوە.

(١٩) بۆ دیاگۆ:
لە پێستی خۆم زیاتر خۆشم دەوێیت.

دیاگۆ و فریدا

لە دیارترین کارەکانی فریدا:

  1. دوو فریداکە
  2. کۆڵەکەی شاو
  3. پۆرترەیتی کەسیی بە ملوانکەی دڕکاوی و بالندەیەکەوە
  4. بێ هیوا
  5. ئاسکی بریندار
  6. جێگە خەوی فڕیو
  7. ڤیڤا لاڤیدا
  8. فریدا و دیێگۆ ڕیڤێرا
  9. پۆرترەیتی کەسیی بە قژی بڕاوەوە
  10. ئاو چی پێبەخشیم؟


هاوبەشی بکە