13/02/2025
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی هەسارەکەی ڕۆژهەڵات: ناودارترین ئاوازدانەرەکانی ئوم کەلسوم کێ بوون؟

لە لایەن دیدی من 1 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من – ماڵپەڕی یەعنی
لە عەرەبییەوە: شانۆ بەکر
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان

ئوم کەلسوم ئەو دەنگە بەسۆزەی کە هەر کەسێک گوێی لێ بێت تەنیا لە ڕێگەی ئاوازەکەیەوە  دەتوانێت بیناسێتەوە. وەک دەزانرێت لە پشت هەر کارێکی سەرکەوتووەوە تیمێکی سەرکەوتوو هەیە کە داهێنانیان کردووە. لە بواری گۆرانیشدا ئاوازدانەر دڵی گۆرانییەکەیە. هەر بۆیە گۆرانیبێژی بەناوبانگ “هەسارەکەی ڕۆژهەڵات” ئوم کەلسوم زۆر بە وردی ئاواز و ئاوازدانەرەکانیشی هەڵدەبژارد.

لە هەر دۆخێکیی دەروونییدا بیت، باش یان خراپ، خێرا پەنا دەبەیتە بەر گۆرانییەکانی سەردەمی هونەری جوانی و باشترینیان ئوم کەلسومە، چونکە یەکەم هونەرمەند بوو کە توانی زۆر بە باشی دەنگی خۆی بە هەموو چین و توێژەکانی جیهانی عەرەبی بگەیەنێت.

سەرەتای ساڵی ١٩٣٠ بازدانێکی گەورە لە گۆرانییەکانی ئوم کەلسومدا ڕووی دا، کە زیاتر لە ٥٠ گۆرانیی نوێی پێشکەش کرد، لەگەڵ چواردانە ئاوازدانەر گۆرانییەکانی دروست کرد: محەمەد قەسەبجی، داود حوسنی، شێخ ئەبولعەلا محەمەد، زەکەریا ئەحمەد.

دواتر و لە ساڵانی چلەکاندا ئوم کەلسوم لەگەڵ سێ لە گەورەترین ئاوازدانەرەکان گۆرانی چێ کرد کە قەسەبجی، زەکەریا و سونباتی بوون. لە شەستەکانیشدا کێبڕکێیەکی گەورە لە نێوان محەمەد عەبدولوەهاب، سونباتی و بەلیغ حەمدیدا هەبوو.

دیارترین ئاوازدانەرەکانی ئوم کەلسوم:

–  شێخ ئەبولعەلا محەمەد

–  ئەحمەد سەبری نەجریدی

– عەبدە حامولی

–  محەمەد قەسەبجی

–  ئوم کەلسوم

–  داود حوسنی

–  ڕیاز سونباتی

–  زەکەریا ئەحمەد

–  محەمەد موجی

–  کەمال تەویل

–  بەلیغ حەمدی

–  محەمەد عەبدولوەهاب

–  سەید مەکاوی

شێخ ئەبولعەلا محەمەد:

ئوم کەلسوم قەسیدەیەکی ئەحمەد ڕامی بە ناوی “الحب تفضحه عيونه” لە ساڵی ١٩٢٤ لەگەڵ شێخ ئەبولعەلا تۆمار کرد. کە یەکەم کەس بوو لە سەرەتاکاندا ئاوازی بۆ ئوم کەلسوم دانا. دواتریش قەسیدەی “وحقک أنت والمنى”ی شاعیر عەبدوڵا شوبراویان پێکەوە تۆمار کرد، گەشتی هونەریان بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوو.

ئەحمەد سەبری نەجریدی:

لە هەمان کاتدا و هەر لە ساڵی ١٩٢٤دا ئوم کەلسوم ئەو پزیشکی ددانەی ناسی کە حەزی لە مۆسیقاش بوو. ئەو یەکەم کەس بوو ئاوازی تایبەت بە ئوم کەلسومی دانا،  کە لە دیکۆردا بەشێوەیەکی زیادەڕەوانە پشتی بە مۆسیقییەکان بەست و ئەمەش وای لە ئوم کەلسوم کرد کۆتایی بە کارەکانیان بهێنێت.

عەبدە حامولی:

ئوم کەلسوم گۆرانی “أراك عصي الدمع”ی لە ساڵی ١٩٢٦ لە ئاوازی “عەبدە حامولی” تۆمار کرد، کە پێشتر خۆی چڕیبووی. دواتر لە چلەکاندا ئوم کەلسوم جارێکی تر بە ئاوازێکی جیاواز لە ئاوازەکانی شێخ زەکەریا ئەحمەد گوتییەوە. پاشان بۆ جاری سێیەم بە ئاوازی ڕیاز سونباتی وتییەوە کە ئێستا لە میدیا و تەلەفزیۆنەکاندا ناسراوترینیانە.

محەمەد قەسەبجی:
ئاوازدانەری گەورە محەمەد قەسەبجی یەکەم ئاوازدانەر بوو کە ڕۆڵی سەرەکی لە کێبڕکێ گەورە و نوێیەکەی ئوم کەلسومدا هەبوو بە ئاوازە پێشکەوتووەکانی  و زیرەکیی لە پێشکەشکردنی گۆرانییدا. لە هەمان ساڵدا ئوم کەلسوم ٨ قەسیدەی لەگەڵ شێخ ئەبولعەلا تۆمار کرد کە ناسراوترینیان “أفديه إن حفظ الهوى”ی شاعیر ئیبن نەدیەی میسری و گۆرانی “أراك عصي الدمع”ی شاعیرئەبو فیراس حەمدانی  بوون کە دواتر ئاوازدانەر ڕیاز سونباتی لە ساڵی ١٩٦٤ دووبارە ئاوازی بۆ دانایەوە. ئاوازەکانی قەسەبجی لەگەڵ ئەو سەردەمەدا دەگونجان کە تێیدا دەژیا. یەکەم قەسیدەی بۆ ئوم کەلسوم “إن حالي في هواها عجب” بوو. قەسەبجی تەنها ئەو ئاوازدانەرە نەبوو کە ئوم کەلسومی ناساند، بەڵکو دەستی کرد بە ئامادەکردن و ڕاهێنانی ئوم کەلسوم لە ڕووی مەعنەوی و هونەرییەوە و پێکهێنانی تیپێکی تایبەت بۆی ؛ یەکەم تیپی مۆسیقی بۆ ئوم کەلسوم و ئەو مامۆستایانەی کە هەمیشە لەگەڵیدا بوون دروست کرد.

ئوم کەلسوم:

ئوم کەلسوم مۆنۆلۆگی “إن كنت أسامح وأنسى الآسية”ی لە ساڵی ١٩٢٨ گوت و ئەم تۆمارە سەرکەوتن و ناوبانگێکی گەورەی بۆ ئوم کەلسوم لەو دەمەدا بەدەست هێنا و ناوی لە هەموو پارێزگاکانی میسر و گۆڕەپانی گۆرانییدا بڵاو بووەوە. دواتر لە هەمان ساڵدا ئوم کەلسوم خۆی ئاوازی گۆرانی “على عيني الهجر”ی بۆ خۆی دانا کە یەکەم گۆرانی بوو لە کردنەوەی ڕادیۆی میسریدا لە ٣١ی مایۆی ساڵی ١٩٣٤ پەخش کرا. لە ساڵی ١٩٣٦دا، ئوم کەلسوم دوایین گۆرانی  بە ئاوازی خۆی تۆمار کرد بە ناوی “يارتني كنت النسيم”.

داود حوسنی:

سەردەمی ئاوازدانەر داود حوسنی یەکێک لە گرنگترین سەردەمەکان بوو لە سییەکاندا. هونەرمەند لەیلا موراد پێش بەناوبانگبوونی لەسەر دەستی ئەو فێر بوو. داود حوسنی هونەرمەندی سەردەمی عەبدە حامولی و ئاوازدانەر محەمەد عوسمان بوو و سوودی زۆری لە مۆسیقای ئەوان وەرگرت.

داود حوسنی ٥٠٠ گۆرانی و ٣٠ ئۆپێرێتی ئاوازی داناوە، دواتر تەنیا ١١ ئاوازی گۆرانیی بۆ ئوم کەلسوم داناوە، ئەوانیش:

  1. حسن طبع اللي فاتني
  2. شرف حبيب القلب
  3. البعد علمني السهر
  4. يوم الهنا حبي صفالي
  5. روحي وروحك في إمتزاج
  6. يا فؤادي إيه ينوبك من الغرام
  7. كنت خالي لا حبيت يهجر
  8. جنة نعيمي في هواك
  9. يا عين دموعك
  10. كل ما يزداد رضا قلبك عليا

ڕیاز سونباتی:

دواتر، ئوم کەلسوم لە ساڵی ١٩٣٥ ئاوازدانەرێکی گەنجی ناسی کە ئاوازدانەر “ڕیاز سونباتی” بوو. نزیکەی ٤٠ ساڵ لە گەشتی هونەرییدا لەگەڵی بەردەوام بوو، ئەمەش لە سەردەمی پەنجاکان بوو کە تەنیا ئەو ئاوازدانەری بوو لەو سەردەمەدا.

لە ساڵی ١٩٤٦، ئوم کەلسوم ٣ گۆرانی لە ئاوازی ڕیاز سونباتی و هۆنراوەی شاعیر ئەحمەد شەوقی گوتووە، ئەوانیش گۆرانی سیاسیی “پرسیار لە دڵم بکەن” و گۆرانییەک کە دوای کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم و سەربەخۆیی میسر لە ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا گوتی “خۆشەویستی لە دایک بوو” کە داوایان لێکرد وشەیەک لەم هۆنراوەیە بگۆڕێت ئەویش وشەی (سۆشیالیستەکان) لە دێڕی شیعری (ئەگەر بانگەشەکانی نەتەوە و زیادەڕۆییکاران نەبووانایە، سۆشیالیستەکان ئێوە لە پێشیانەوە بوون) کە لە سەردەمی سەرهەڵدانی ڕەوتی چەپدا بوو و لەگەڵ کۆشک و ویستی پاشادا نەدەگونجا، بەڵام ئەو پێداگری کرد لەسەر نەگۆڕینی هیچ  وشەیەک. لە کۆتاییدا هۆنراوەیەکی جوانی لە ستایشی پێغەمبەر گوت کە “نهج البردة” بوو.

لە ساڵی ١٩٦٦، ئوم کەلسوم یەکێک لە جوانترین هۆنراوەکانی گوت کە ” الأطلال ” (وێرانە) بوو لە ئاوازی ڕیاز سونباتی و هۆنراوەی شاعیر ئیبراهیم ناجی کە ساڵێک دوای گۆرانی “تەمەنی منی” گوتی کە موحەممەد عەبدولوەهاب ئاوازی بۆ دانابوو.

ئاوازەکانی گۆرانی الأطلال وەڵامێک بوو لە ئاوازدانەر ڕیاز سونباتییەوە بۆ گۆرانی “تەمەنی منی” کە لەو کاتەدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا و بۆ عەبدولوەهابی سەلماند کە توانایەکی زۆری هەیە لە ئاواز دانان بۆ ئەو هۆنراوانەی کە بە زمانی عەرەبی فوسحا نووسراون.

زەکەریا ئەحمەد:

ئوم کەلسوم گۆرانی “هوا صحيح الهوى غلاب”ی شاعیر بەیرەم تۆمار کرد کە لەو ئاهەنگەدا مرد کە ئوم کەلسوم بۆ یەکەم جار گۆرانییەکەی تێدا وت. دواتریش هاوڕێی وەفاداری شاعیر کە ئاوازدانەری گۆرانییەکەش بوو، ئەحمەد زەکەریا تەنیا یەک مانگ دوای مردنی بەیرەم لە ڕۆژی ١٤ی مانگی دووی ساڵی ١٩٦١ کۆچی دوایی کرد.

ئەحمەد زەکەریا پێش مردنی ئاوازی گۆرانی “أنساك”ی دانابوو کە بەشە سەرەکییەکەی تەواو نەکردبوو،  دواتر ئاوازدانەر بەلیغ حەمدی ئاوازەکەی تەواو کرد و ئوم کەلسوم لە ساڵی ١٩٦٢ وتی،  هۆنراوەکەش هیی شاعیر مەئمون شەناوی بوو.

محەمەد موجی:

ئاوازدانەر محەمەد موجی ئاوازی چەندین گۆرانیی بۆ ئوم کەلسوم دانا، یەکەمینیان گۆرانیی “للصبر حدود” بوو لە ساڵی ١٩٦٣، دواتر گۆرانیی “اسأل روحك” لە ساڵی ١٩٧٠ و هەردوو گۆرانییەکە لە نووسینی هونەرمەند محەمەد عەبدولوەهاب بوون.

پاشان ئاوازی هەردوو گۆرانیی “حانة الأقدار” و “أوقدوا الشموس”ی لە نووسینی تاهیر ئەبو فاشا پێشکەش کرد. لەگەڵ ئەوەشدا موجی ناسراوترین گۆرانییە نیشتمانییەکانی بۆ ئوم کەلسوم دانا لەوانە گۆرانی “يا صوت بلدنا” و گۆرانی “يا سلام على الأمة” کە لە هۆنراوەی عەبدولفەتتاح موستەفا بوون. هەروەها ئاوازی بۆ قەسیدەی “أنشودة الجلاء” لە نووسینی ئەحمەد ڕامی و گۆرانی “محلاك يا مصري” بۆ نووسەری بلیمەت سەڵاح جاهین دانا.

کەمال تەویل:

لە حەفتاکاندا ئاوازدانەر کەمال تەویل دەرکەوت کە ژمارەیەکی کەم گۆرانی بۆ ئوم کەلسوم دانا وەک دوو گۆرانی “لغيرك ما مددت يدًا” و “غريب على باب الرجاء” لە نووسینی شاعیر تاهیر ئەبو فاشا.

پاشان ئاوازی بۆ گۆرانی “والله زمان يا سلاحي” لە هۆنراوەی شاعیر سەڵاح جاهین دانا کە لە ساڵی ١٩٥٦ لە کاتی هێرشی سێ قۆڵی بۆ سەر میسر وتی و ئەم گۆرانییە بووە سروودی نیشتمانی فەرمی لە میسر تا کۆتایی حەفتاکان، دواتر گۆرانی “بلادي بلادي”ی ئاوازدانەر سەید دەروێش جێی گرتەوە.

بەلیغ حەمدی:

ئوم کەلسوم قۆناغی پەنجاکانی بە گۆرانییە ناسکەکەی “هجرتك” لە هۆنراوەی ئەحمەد ڕامی و ئاوازی ڕیاز سونباتی کۆتایی پێهێنا، پاشان قۆناغی شەستەکانی دەستپێکرد کە قۆناغی گۆڕان بوو لە ڕێگای هونەری ئوم کەلسومدا کە بە گۆرانی “انت فين والحب فين” دەستی پێکرد.

گۆرانی “انت فين والحب فين” (تۆ لە کوێی و خۆشەویستی لە کوێیە) چیرۆکێکی بەناوبانگی هەیە:

لە یەکێک لە دیدارەکانی نێوان ئوم کولسوم و هونەرمەند محەمەد فەوزی، کە خاوەنی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی “میسر فۆن” بوو پێش ئەوەی بکرێت بە موڵکی دەوڵەت، فەوزی ئاوازی گەنجێکی ژەنی کە زۆر سەرسام بوو پێی. ئەم گەنجە ئاوازدانەرە، ئێستا بە ناوی “بەلیغ حەمدی” ناسراوە.

مەبەستی فەوزی تەنیا ئەوە بوو کە ئوم کەلسوم گوێی لە ئاوازەکە بێت و هەڵیسەنگێنێت، بۆ ئەوەی گۆرانیبێژێکی تر بیڵێت. بەڵام سەرسوڕمانەکە لەوەدا بوو کە ئوم کەلسوم داوای لە بەلیغ کرد چەندین جار ئاوازەکەی بۆ دووبارە بکاتەوە، تا لە کۆتاییدا پێشنیاری کرد کە خۆی گۆرانییەکە بڵێت.

هەر لەو کاتەوە، بەلیغ حەمدی بوو بە گرنگترین ئاوازدانەر لە ڕێڕەوی هونەری ئوم کولسوم لە شەستەکاندا، بە جۆرێک کە لانی کەم ساڵانە ئاوازی یەک گۆرانی بۆ دادەنا.

محەمەد عەبدولوەهاب:

محەمەد عەبدولوەهاب بۆ یەکەمجار لە یەکیك لە ماڵە دەوڵەمەندەکان (مەحمود خەیرەت) باوکی مۆسیقارە ناسراوەکە ئەبوبەکر خەیرەت و باپیرەی مۆسیقاری جیهانی عومەر خەیرەت ئوم کەلسومی ناسی و پێکەوە گۆرانییان وت و دوێتۆیان کرد بە گۆرانی “على قد الليل ما يطول” لە ئاوازی سەید دەروێش.

دواتر، محەمەد عەبدولوەهاب ئاوازی گۆرانی “غاير من اللى هواكي قبلي ولو كنت جاهلة”ی بۆ ئوم کەلسوم دانا بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە بیڵێت و خۆی وتی.

لە سەرەتای سییەکان تا کۆتایی چلەکان ڕۆژنامەکان ناویان نابوون “دوو دوژمن” و چەند هەوڵێک درا بۆ کۆکردنەوەیان، یەکەم هەوڵ سەرکەوتوو نەبوو و هەوڵی دووەم پەیوەندی دوژمنایەتییەکەیانی گۆڕی بۆ پەیوەندییەکی هونەری سەرکەوتوو.

هەوڵی یەکەم لەلایەن ئابووریناس تەڵعەت حەرب بوو، کە پێی وتن ئەو دەیەوێت لە فیلمێکدا پێکەوە بیانبینێت لە بەرهەمی ستۆدیۆی میسر و هەردوولا ڕازی بوون، بەڵام لە کاتی وێنەگرتنی فیلمەکەدا ناکۆکییان لەسەر ئەوە بۆ دروست بوو کە کێ ئاوازی گۆرانییە هاوبەشەکانی نێوان پاڵەوانەکان دابنێت و هەر لایەک پێداگری لەسەر ڕای خۆی دەکرد و ڕێگەی دانوستان یان پاشەکشەیان نەدەدا و هەوڵی تەڵعەت حەرب سەرکەوتوو نەبوو.

هەوڵی دووەم لەلایەن سەرۆک جەمال عەبدولناسرەوە بوو، کە هەلی کۆبوونەوەیان لە ئاهەنگی جەژنی شۆڕشدا قۆستەوە و داوای لێکردن کارێکی هونەری هاوبەش پێشکەش بکەن. هەردووکیان بەڵێنیان پێدا.

دواتر گۆرانی “تۆ تەمەنی منی” (انت عمري) بوو بە هۆکاری کاری هاوبەشیان، کە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا و لەو کاتەوە دەستیان بە کار کرد. عەبدولوەهاب لە ماوەی ٩ ساڵدا بەهێزترین ١٠ئاوازی  گۆرانیی بۆ ئوم کەلسوم دانا کە سەرکەوتنی گەورەیان بەدەست هێنا. ئەم پێکەوە کارکردنە بوو بە هۆی گۆڕینی نازناویان لە “دوو دوژمنەکە” بۆ “بەیەکگەیشتنی هەورەکان” (لقاء السحاب). لەو گۆرانیانەی تۆماریان کرد:

١. تۆ تەمەنی منی (١٩٦٤ هۆنراوەی ئەحمەد شەفیق کامل)

٢. لەسەر دەرگای میسر (١٩٦٤ هۆنراوەی کامل شەناوی)

٣. تۆ خۆشەویستی (١٩٦٥ هۆنراوەی ئەحمەد ڕامی)

٤. هیوای ژیانم (١٩٦٥ هۆنراوەی ئەحمەد شەفیق کامل)

٥. بیریان خستمەوە (١٩٦٦ هۆنراوەی عەبدولوەهاب موحەممەد)

٦. ئەمشەوی من (١٩٦٨ هۆنراوەی جۆرج جەرداق)

٧. ئێستا تفەنگێکم پێیە (١٩٦٩ هۆنراوەی نزار قەببانی)

٨. ڕۆژگار تێپەڕی (١٩٧٠ هۆنراوەی مەئمون شەناوی)

٩. سبەی دەتبینم (١٩٧١ هۆنراوەی هادی ئادەم)

١٠. شەوی خۆشەویستی (١٩٧٣ هۆنراوەی ئەحمەد شەفیق کامل)


سەید مەکاوی:

سەرەتا وەک گۆرانیبێژ دەرکەوت و هەموو هەوڵێکی ئەوە بوو تا ببێت بە گۆرانیبێژێکی بەناوبانگ. ڕادیۆی میسری لە سەردەمی پەنجاکاندا گۆرانییەکانی پەخش دەکرد و وەک گۆرانیبێژێک ناسێندرا کە گۆرانی کەلەپووری ڕۆژهەڵاتی لە ” أدوار ” و ” موشحات ” ڕاستەوخۆ لە کاتی دیاریکراوی مانگانەدا پێشکەش دەکرد.

دواتر لە پاڵ گۆرانی گوتندا، دەستی بە ئاوازدانان کرد. سەرەتای ناوبانگی لە ڕێگەی دانانی ئاوازی گۆرانی ” مبروك عليك يا معجباني يا غالي ” بۆ گۆرانیبێژ شەریفە فازڵ بوو، و دانانی ئاوازی گۆرانی “جارێک پرسیار لە حاڵم بکە” بۆ گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر موحەممەد عەبدولوەهاب. پاش ئەوە، گۆرانیبێژان ڕوویان تێکرد تا ئاوازیان بۆ دابنێت، لەوانە ئوم کولسوم کە گۆرانی ” يامسهرني “یان پێکەوە تۆمار کرد و ئاوازی بۆ دانا.

ئەمانە ئەو کەسانە بوون کە ڕۆڵیان هەبوو لە ناوبانگ و سەرکەوتنی هەسارەی ڕۆژهەڵات ئوم کەلسوم، چونکە ئاوازی چەندین گۆرانییان پێشکەش کرد کە هەتا ئێستاش لە گرنگترین شێوازە مۆسیقییەکانن کە لە سەرتاسەری جیهانی عەرەبیدا دەخوێندرێن، بۆ فێربوونی چۆنیەتی دەرهێنانی ئاستەکانی دەنگ. لە ئاوازدانەرەکانیەوە شێوازی دروستکردنی مۆسیقای ڕەسەن، و لە نووسەر و شاعیرەکانیەوە شێوازی نووسینی وشەی ناسک و شیعری عەرەبی فێر دەبن.

هاوبەشی بکە