28/02/2024
DidiMn Logo
Top

پۆپۆلیزم لە شانۆدا: ئایندەی بەرهەمهێنانی کاری شانۆیی

لە لایەن دیدی من 9 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – ڕێژەن جەمال

هەرچەندە پۆپۆلیزم تێرمێکە توند بە “سیاسەت”ەوە لکاوە. لەگەڵ ئەوەی تێرمی پۆپۆلیزم تا ڕادەیەك لە هونەرەوە دووربوو، بەڵام ئەمڕۆ هاوشێوەی سیاسەت، ئەو تێرمە لە هونەریشدا شوێنی خۆی گرتووە و بووەتە باسێکی گەرم بەتایبەت بۆ تێگەیشتن لەو گۆڕانە لەناکاوەی لە وەرگرانی (هونەری هاوچەرخ – contemporary art) دروستبووە. بۆ حکومەتەکان پۆپۆلیزم باشترین و ئاسانترین ڕێگەیە بۆ ڕاکێشان و خستنەژێر ڕکێفی جەماوەر. بۆ هونەرمەند و بەرهەمهێنەر و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانیش ڕێگەیەکی حازربەدەستە بۆ ڕاکێشانی زۆرترین قازانج.

هونەر لەسەردەمی  پۆپۆلیزم-دا سێ پرسیاری جەوهەریی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە؛

پۆپۆلیزم لە هونەردا ئایدۆلۆژیایە؟ یاخود جوڵانەوەیەکی نوێیە؟ یان زۆر بەسادەیی ستایلێکی کارکردنە؟

ئیریك فاسین، سۆسیۆلۆژستی فەرەنسی بۆچوونی وایە “پۆپۆلیزم” ڕاستەوخۆ و بەر لە هەرشتێك بۆ لێدانە لە جەماوەر، دواتریش لەڕێگەی جەماوەرەوە هەوڵدەدات لە هونەر بدات. چونکە پۆپۆلیزم جگە لە جەماوەر، کەرەستەیەکی دیکەی نییە کە تێیدا دەستی بگاتە هونەر.

لەدیدی ئیریك فاسین-ەوە سەرەتا پۆپۆلیزم ژەهری خۆی بەنێو جەماوەردا دەڕێژێت، دواتر جەماوەر ئیشی خۆی دەکات، یاخود ڕاستتر بڵێین ئیشەکەی پۆپۆلیزم تەواو دەکات، کە لە هەنگاوی یەکەمدا لەگۆڕینی تێڕوانین بۆ هونەرەوە دەستپێدەکات، هەنگاوەکانی دواتریش داواکاریی سەیروسەمەرەیە لە هونەرمەند بۆ شێوازی کارکردنی.

فاسین زۆر بەسادەیی پێیوایە بینەر مانا بە شانۆ دەبەخشێت، بۆیە قەلەقی فاسین هەر بە تەنها لەوەدا نیە، نمایشه‌كان ئه‌و ڕۆڵه‌ له ‌بینه‌ران بستێننه‌وه‌. بەڵکو شەپۆلی پۆپۆلیزم سەرلەنوێ پەیوەندیی بینەر بە شانۆ و نمایشەکان دابڕێژێتەوە.

چەند دەیەیەك پێش ئێستا کارەکتەرە بەهێزەکان جێگەی سەرنجی بەرهەمهێنەرانی شانۆ بوون، تەنانەت بۆ ئەو بەرهەمهێنەرانەش کە مەبەستیان بوو هۆڵەکانی نمایش پڕبکەن لە بینەران.

کێشەی بڵاوبونەوەی تەوژمی پۆپۆلیزم لە هونەر و بەتایبەت لە شانۆدا تەنها لە ئاستی گوتاردا کورتنابێتەوە. بەڵکو لەیەکەم هەنگاوی کارێکی شانۆیی کە بەرهەمهێنانیەتی دەستپێدەکات. فیلیپ فیشەر، ڕیپۆرتەری بەریتانی وردتر باس لە هاتنەناوەوەی تەوژمی پۆپۆلیزم ئەمڕۆ دۆخەکە گۆڕاوە، ئێستا پرسیاری یەکەم ئێستا بۆ بەرهەمهێنەرەکان ئەوەیە؛ کام ئەستێرەیە لەو کارە هونەرییەدایە؟ ئەوەش پرسیارێکە ڕاستەوخۆ بە فرۆشتنی ژمارەی تکتی نمایشەکەوە بەستراوەتەوە. ئێستا لە شانۆ گەورەکانی وەك وێست ئێند و برۆدوەی مەرجە ئەستێرەیەك یان دوانی سینەما و تەلەفیزیۆن لە کارێکی شانۆیدا بن.

لەڕابردوودا، لەباشووری کوردستان تێگەیشتنی پۆپۆلیستی بۆ هونەر بەهۆی ئەوەی لەسەرەتای دەرکەوتنیدا بوو، تەنیا لەو سنورەدا قەتیس دەبوو کە داوای لە هونەرمەند دەکرد کارەکەی هاوشێوەی کارەکانی پێشووی بێت. بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە گۆڕاوە، ئێستا داوا لە هونەرمەندەکە دەکات کارەکەی هاوشێوەی کاری ئەو هونەرمەندە بێت کە دڵخوازی ئەوە. ئەمڕۆ شانۆ لەسەرخۆ دەبێتە قوربانیی ئەو تێگەیشتنە پۆپۆلیستییەی جەماوەر، کە داوات لێدەکات هاوشێوەی ئەو دەرهێنەرە کاربکەیت، کە لەگەڵ پێوەر و زەوقی ئەودا یەکدەگرێتەوە.

لە باشووری کوردستان بەرهەمهێنانی کارێکی شانۆیی لەنێوان دوو ڕێگەدایە؛ کەرتی گشتی یان کەرتی تایبەت. ئەوەی دووەمیان لەم ساڵانەی دوایدا هاتووەتە نێو شانۆوە، هەرزوو خواستەکانی خۆی بۆ بەرهەمهێنان سەپاندووە، کە فڕێدانی ژەهری پۆپۆلیزمە بۆنێو شانۆ.

هاتنی کەرتی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی شانۆ لەباشووری کوردستان ڕێك پێچەوانەی ئەو دیدەی تیۆدۆر ئۆدۆرنۆیە کە بۆ “پیشەسازیی کلتور” باسیدەکات و بە تێکشکێنەری ئیرادەی ئەوانەی دەبینێت کە دەیانەوێت کۆنترۆڵی بکەن.

شەپۆلی پۆپۆلیزم چەند لەنێو جەماوەرەوە بەرەو سەر تەختەی شانۆی پەلدەهاوێت، هێندەش لەسەر تەختەی شانۆوە بەرەو ناو بینەران و جەماوەر پەلدەهاوێت. ڕەنگە زیندوترین نمونەش تراژیدیای کریۆلانس-ی شەیکسپیر بێت کە لەسەر شانۆیەکی تاران و لەدەرهێنانی مستەفا کۆشکی بوو.

لەو نمایشەی مستەفا کۆشکی هەندێك لە دیالۆگ و شیعرەکانی شەیکسپیر بۆ وشەی سادە و ئاسان لەدەربڕیندا کورتکرابووەوە، تا گەیشتبووە ئەوەی ڕۆڵی کارەکتەرێکی گرنگی وەك مینینیۆس، هاوڕێی کریۆلانس لە کارەکەدا لابرابوو. ئەوەش لەپێناو تێگەیشتنی بینەران لە نمایشەکە.

ده‌شێت بۆچوونێكی ستیڤن لێزه‌رلاندی ڕه‌خنه‌گر و ده‌رهێنه‌ری شانۆ كه‌ باس له‌ ڕازیكردنی بینه‌ران له‌سه‌ر حیسابی دابه‌زینی ئاستی هونه‌ریی نمایشێك، زیاتر كۆمه‌كمان بكات. ئه‌و پێی وایه‌ “كاره‌ساتی ڕاسته‌قینه‌یه‌ بینه‌ران به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌‌ و پێكه‌نینێكی پڕوپوچ ڕازی بكه‌یت”.

له ‌یه‌كێك له ‌دیمه‌نه‌كانی فیلمێکی برایانی كۆین (جۆیل ‌و ئیسیان كۆین)، به ‌ناونیشانی “هۆنراوه‌ فۆلكلۆرییه‌كانی به‌سته‌ر سكره‌گس” كه‌ دیمه‌نێكه‌ به ‌قووڵی باس لە چۆڵكردنی شوێنی شانۆی جدی، بۆ شانۆی ساده ‌‌و ساكار‌ و ئاسانبه‌ده‌ست دەکات.

دیمه‌نه‌كه‌ باس له ‌دوو هونه‌رمه‌ند ده‌كات كه‌ به‌ عه‌ره‌بانه‌یه‌كی گه‌ڕۆكه‌وه‌ شاره‌وشار ده‌گه‌ڕێن‌ و نمایشه‌كانیان پیشانی بینه‌ران ده‌ده‌ن، هاریسۆن كه‌ هه‌ر چوارپه‌لی له‌ده‌ست داوه‌ به ‌توانایه‌كی ئه‌فسانه‌یی له ‌ده‌نگیدا (قه‌سیده‌كانی شیلی، چیرۆكه‌كانی ته‌ورات‌ و كاره‌كانی شەیکسپیر) نمایش ده‌كات، ئه‌و به‌شه‌ی ناو فیلمه‌كه‌ ناونراوه‌ تكـتی ژه‌مه‌خواردن، ئه‌وه‌ پیشان ده‌دات كه‌ ئه‌و شانۆ گه‌ڕۆكه‌ی ئه‌وان هه‌رچه‌نده‌ نمایشه‌كانیشی قووڵن ‌و له ‌ئاستێكی به‌رزدان، به‌ڵام داهاته‌كه‌ی ته‌نها به‌شی یه‌ك قاپ شۆربا ده‌كات، هه‌ندێك كاتیش بینه‌ران وه‌ڕس ده‌كات ‌و ته‌نانه‌ت خه‌ویشیان لێ ده‌كه‌وێت.

تا دێت داهاتی ئه‌و نمایشانه‌ له ‌كه‌می ده‌دات كه‌ هاریسۆن بۆ بینه‌رانی ده‌كات، ئێواره‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆ گه‌ڕۆكه‌كه‌ كه‌ “لیام نیسۆن” ڕۆڵی ده‌بینێت، نمایشێك ده‌بینێت كه‌ مریشكێك له ‌چه‌ند چركه‌یه‌كدا ئه‌وه‌ی بینه‌ران لێی داوا ده‌كه‌ن جێبه‌جێی ده‌كات‌، نمایشه‌كانی ئه‌و مریشكه‌ بینه‌ر‌ و داهاتێكی زۆر باشیشی هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌ڕێوه‌به‌ر ئه‌و مریشكه‌ له ‌خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌كڕێت دواتریش له‌سه‌ر ڕووبارێك عه‌ره‌بانه‌كه‌ی ده‌وه‌ستێنێت‌ و هاریسۆن فڕێ ده‌داتە ناو ڕووباره‌كه‌وه‌.

ئه‌و دیمه‌نه‌ی ناو فیلمه‌كه‌ی برایانی كۆین، زۆر به ‌ڕوونی مه‌رگی شانۆی قووڵ ‌و جدی و له‌ده‌ستدانی به‌هاكه‌ی له ‌به‌رانبه‌ر شانۆی ساده‌ پیشان ده‌دات، ئەگه‌رچی ئه‌دا و ئاماده‌بوونی هاریسۆن له ‌ئێواره‌ نمایشه‌كانیدا بێوێنه‌یه‌‌ و خودی نمایشه‌كانیشی له ‌چه‌ندین تێكستی گرنگی مێژووه‌وه‌ ئیلهامیان وه‌رگرتووه‌. كه‌چی بینه‌ران پێیان باشه‌ به‌دیار نمایشی مریشكە هێلکەکەرەکەوە دابنیشن‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت، مریشكه‌كه‌ به ‌زیاده‌وه‌ ده‌یكات.

مایكڵ بلینگتۆن، له ‌وتارێكی ڕه‌خنه‌ییدا زۆر وردتر له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ شانۆ تێیدا به‌ره‌و پۆپۆلیزم هه‌نگاو ده‌نێت قسه‌ ده‌كات‌، بلینگتۆن پێی وایه‌ شانۆ له ‌ڕۆژئاوا خه‌ریكه‌ ده‌كه‌وێته‌ كێبڕكێ له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبێلی فۆرده‌وه‌، كه‌ دیاره‌ مه‌به‌ستی بلینگتۆن له‌وه‌یه‌ چۆن شانۆ ده‌ستبه‌رداری دیوه‌ قووڵه‌كه‌ی خۆی ده‌بێت‌ و كار بۆ ڕازیكردنی بینه‌ره‌كانی ده‌كات.

پۆپۆلیزم لە شانۆدا هونەری ژمارەیە. گوتارەکەشی بریتییە لە پرسیاری: چۆنتان دەوێت؟ ئێمە ئەمڕۆ لەبەردەم شەپۆلێکی ترسناکداین کە هێزی خۆی لە کۆکردنەوەی جەماوەرێکی زۆردا دەبینێتەوە. هاوشێوەی ئەو پانتاییەی لە سیاسەتدا هەیەتی بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین جەماوەر، ئەمڕۆش لە شانۆدا پۆپۆلیزم هێزی خۆی لە کۆکردنەوەی جەماوەردا دەبینێت.

ڕاکێشانی ئەستێرەکانی سۆشیەڵمیدیا بۆ نێو کارە هونەرییەکان، بەتایبەت ئەوانەی فرۆشیاری گوتاری ئاست نزمن، هیچ نییە جگە لەهەوڵدان بۆ قایمکردنی پایەکانی پۆپۆلیزم لە هونەردا.

هاوبەشی بکە