14/04/2026
DidiMn Logo
Top

بەندەرەکان

لە لایەن دیدی من 1 خولەک پێش ئێستا

دیدی من – دەڤەر حەسەن

بەندەری یەکەم؛ ئەسک

حەفتا و نۆ ڕۆژ بەر لە ئەمڕۆ بوو؛ کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆ، بە خۆمان و جانتاکانمانەوە، لەبەردەم دەروازە سەرەکییەکەدا چاوەڕێی گەیشتنی تاکسییەکانمان بووین. نامەوێت هەموو ئەو دەنگەدەنگ و هەراوهوریایەی لەگەڵ کۆمپانیای تاکسییەکەدا دروست بوو بگێڕمەوە، بەڵام دوو جار بە تەلەفۆن دەنگمان بەسەر یەکتردا بەرز کردەوە؛ هەردوو جارەکە من جەختم دەکردەوە کە دەبێت کاتژمێر یەک شۆفێرەکە لێرە بێت، ئەویش نەیدەویست تێبگات کە من دەمەوێت کاتەکە پێش بخەم.

تاکسییەک گەیشت، دەرکەوت هی هاوڕێکانمە. کاتێک سێ کەسیان ویستیان سەرکەون، شۆفێرەکە ناڕەزایەتی دەربڕی و گوتی: «پێشتر ئاگادار کراومەتەوە کە تەنیا دوو کەسن». دوای هێنان و بردنێکی زۆر، دواجار ڕەزامەندی دا، بەو مەرجەی سی و پێنج پاوەندی دیکەی بۆ زیاد بکەین.

من و مستەفا ماینەوە. تاوێک چاوەڕێمان کرد، بەڵام هیچ نیشانەیەکی هاتنی تاکسییەکەی ئێمە دیار نەبوو. ئەمجارەیان بە مۆبایلەکەی مستەفا پەیوەندیم بەو کۆمپانیایەوە کرد کە ئۆتۆمبێلەکەمان لایان حیجز کردبوو؛ لەو دەمەی من خەریکی گفتوگۆ بووم، کابرای کۆمپانیاکە پەیوەندیی بە تەلەفۆنەکەی خۆمەوە کردەوە. بە مستەفام گوت وەڵامی بداتەوە؛ ئەویش کە لە من بێزارتر بوو، بە تووڕەیییەوە پێی گوت: «هەر ئێستا خراپترین فیدباکت لەسەر دەنووسم و لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەشت قسە دەکەم، ئەم هەڵسوکەوتەت زۆر قورس لەسەرت دەکەوێت». لە چاو تروکاندنێکدا دەتگوت ئەمە ئەو کەسەی ساتێک بەر لە ئێستا نییە؛ یەکسەر کەوتە عوزرخوازی و پۆزشهێنانەوە. بەڵێنی دا بە زووترین کات ئۆتۆمبێلێکی تر ڕەوانە بکات، بەڵام ئەو «زووترین کات»ـەی ئەو دەیگوت، دەوروبەری کاتژمێر چواری ئێوارە بوو.

وام دانابوو کاتژمێر چوار بگەمە لەندەن، لەوێشەوە بە پاس و میترۆ بە کاتژمێرێک دەگەیشتمە گەلەریی «بهاڤان». کۆمەڵێک هونەرمەندی عێراقی پێشانگایەکیان بە ناوی «گێڕانەوە» لەو ڕۆژەدا دەکردەوە، بەڵام دواکەوتنی تاکسییەکە سەرجەم پلانەکەی کردە بڵقی سەر ئاو. تەماشای ئاسمانم دەکرد، هەورەکان هێندە نزم ببوونەوە پێم وابوو ئەم شوێنە نەیەوێت هێندە بە ئاسانی دەستبەردارم بێت. تووڕەیییەکی سارد دایگرتم، لەو جۆرەی کە هەمیشە پێم دەڵێت: تۆ بۆت نییە تەنانەت بچووکترین پلانەکانیشت لە کاتی خۆیاندا بگەنە ئەنجام.

لەگەڵ مستەفا سەیرێکی یەکترمان کرد و تەنیا سەرمان بادا؛ دواتر گوتمان با وای دابنێین ئەمە دەرفەتێکی تری ژیانە بۆ بینینی شوێنێکی نوێ. جانتاکانمان لەلای پاسەوانی دەروازەکە بەجێهێشت و بە کەناری ڕووباری «ئەسک»دا کەوتینە ڕێ. من پێشتر هەرگیز نەهاتبوومە وێڵز؛ سروشتێکی شاخاوی و سەرکەشی هەیە، لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەی ئەم شانشینەوە خەڵکی دەهاتنە ئێرە بۆ شاخەوانی، ئەو ڕێگەیەی ئێمە پیایدا دەڕۆیشتین، بە کەنار ڕووبارەکەدا ملی دەنا و ئارام بوو. ئەو بەرزایییانەی دەوروبەری ناوچەکەی ئێمەیان تەنیبوو، وەک پاسەوانی دێرینی ئەو خاکە لە دوورەوە دەردەکەوتن؛ بە بێدەنگی و سەربەرزییەوە سەیری ڕێبوارە غەریبەکانی وەک ئێمەیان دەکرد.

پاش چەند خولەکێک لە ڕێگەی سەرەکییەوە لاماندایە سەر ڕێگەیەکی لاوەکی کە لەوبەری ڕووبارەکەوە بوو. لەوێدا دەنگی ئاوی ڕووبارەکە و چرپەی گەڵاکان، وردە وردە ئەو ژاوەژاوەی ناو سەرمیان کپ کردەوە کە کۆمپانیای تاکسییەکە دروستیان کردبوو. لە خۆم دەپرسی: بۆچی بە درێژاییی ئەو ماوەیەی لێرە بووم، هەرگیز نەهاتبوومە ئێرە؟ هەستم دەکرد ئەم شوێنە پاداشتێکی بێدەنگە بۆ ئەو هەموو چاوەڕوانییە بێزارکەرەی ئەم نیوەڕۆیە.

بە نێو ئەو سروشتە دڵگیرەدا، بە گفتوگۆ و باسی کولتووری وڵاتەکانی خۆمانەوە ڕێگامان دەبڕی. مستەفا بە تامەزرۆیییەوە باسی لوبنانی بۆ دەکردم؛ منیش کە سەیری ئاوە سارد و ڕوونەکەی ڕووبارەکەم دەکرد، بیرم لەوە دەکردەوە کە چەندە سەیرە؛ لێرە ئاو و دار و چیاکان ئاراممان دەکەنەوە، کەچی لە وڵاتەکانی ئێمە، هەمان ئەو سروشتە بووە بە بەشێک لە مێژوویەکی پڕ لە ململانێ.

گەیشتینە تەنیشت باڵەخانەیەکی گەورەی بەردین، لێی ورد بووینەوە و بۆمان دەرکەوت کە شوێنەکە هۆڵی سینەما و پێشانگا و چەندین چالاکیی دیکەی تێدایە. سەیر بوو بە لامانەوە کە ئەو ماوەیەی لێرە بووین، هیچ کاممان پەی‌مان بەم شوێنە نەبردبوو. چووینە ناو قاوەخانەکەیەوە. ئەو خانمەی لەوێ بوو، بە دەم ئامادەکردنی قاوەکانمانەوە، پێی گوتین کە سەرجەم بابەتە هەویرکارییەکانیان دروستکراوی دەستی خۆیانە و ڕۆژانە بە تازەیی ئامادەی دەکەن؛ بۆیە بڕیارمان دا لەگەڵ قاوەکاندا، کێکیش داوا بکەین و تامی شیرینیی ئەو ناوچەیە بکەین.

کاتێک خەریکی پارەدان بووم، مشتێک پاوەندی ئاسنم لە گیرفانم دەرهێنا و لەبەردەم خانمەکەدا دامنا؛ پێم گوت: «ببوورە، من هێشتا بە باشی لەم پارە وردانە نازانم، چونکە لە وڵاتی من هەموو پارەکان کاغەزن». خانمەکە بە سەرسوڕمانێکی شیرینەوە سەیری کردم، وەک ئەوەی بۆ یەکەم جار ببیستێت وڵاتێک هەبێت پارەی ئاسنی تێدا نەبێت، زەردەخەنەیەکی کرد و خۆی پارەکانی جیا کردەوە و جۆرەکانیشی بۆ ڕوونکردمەوە.

چووینە دەرەوە و لەسەر یەکێک لە مێزە دارینەکانی کەنار ئاوەکە دانیشتین. مێز و کورسییەکان، کە شوێنەواری بارانی وێڵزیان پێوە دیار بوو، وەک ئەوەی دەیان ساڵ بێت لەو کەنارەدا ڕەگیان داکوتا بێت، هەستێکی سەیر و متمانەبەخۆبوونیان پێ دەبەخشین. لە تەنیشتمانەوە، ئەو بەلەمە درێژ و ڕەنگاوڕەنگانەی کە بێدەنگ لە کەنارەکە لەنگەریان گرتبوو، وەک هێمایەک بۆ گەشتێکی ئارام لەبەردەمماندا ڕاوەستابوون.

کەمێکی پێ نەچوو، خانمەکە قاوە و کێکەکانی بۆ هێناینە دەرەوە؛ تەنیا شتەکانی دانەناو بڕوات، بەڵکو بە زەردەخەنەیەکی دۆستانەوە خولەکێک لای مێزەکەمان وەستا. کەمێک پێکەوە قسەمان کرد؛ ئەو بە شانازییەوە باسی شارۆچکەکەی و جوانیی سروشتی ناوچەکەی بۆ دەکردین. ئێمەش لەو ساتەدا هەستمان دەکرد، چیتر دوو غەریبە سەرلێشێواوەکەی پێشتر نین، بەڵکو بەشێکین لەو هێمنییەی کە باڵی بەسەر شوێنەکەدا کێشابوو.

ئەوجار کەوتینە گفتوگۆی سیاسی. ئەو شتەی هەردووکمان سەرمان لێی دەخورا. چەندە جیاواز بوو؛ ئێمە لەسەر کورسییەک دانیشتبووین کە دەیان ساڵە جێگیرە و نەگۆڕاوە، کەچی باسی وڵاتانێکمان دەکرد کە هەرگیز سەقامگیرییان بە خۆیانەوە نەبینیوە. خۆ وڵاتی هەردووکیشمان تەنیا نەخشە نین، بەڵکو برینێکی واڵان کە بەردەوام بارتەقای هەزاران گفتوگۆ، ڕووداوی نوێیان تێدا ڕوو دەدات.

لەو کاتەی لە قووڵاییی ئەو گفتوگۆیەدا بووین کە بە تامی کێکە بەچێژەکەی خانمەکە شیرین ببوو، زەنگی تەلەفۆنەکەم ڕەوتی قسەکانمانی پچڕاند. ژمارەیەکی نەناسراو بوو؛ کاتێک وەڵامم دایەوە، شۆفێرەکە بوو، بە کورتی پێی گوتم: «کاتژمێر چوار دەگەمە شوێنی دیاریکراو». ئێمەش وردەوردە کۆتاییمان بە گفتوگۆکەمان هێنا و گەڕاینەوە. لە کاتی گەڕانەوەماندا، هەردووکمان جۆرە ئارامییەکمان لە دڵدا بوو؛ ڕاستە پلانەکانمان تێکچووبوو، بەڵام ئەو دواکەوتنی تاکسییە بووە دەرفەتێکی دەگمەن بۆ بینینی دیمەنە دڵڕفێنەکانی کەنار ڕووباری «ئەسک»، تامکردنی کێکە خۆماڵییەکە و ئەو گفتوگۆ قووڵە سیاسی و کولتوورییەی کە ڕەنگە لە هیچ کاتێکی تردا بەو شێوەیە بۆمان نەڕەخسایە.

کاتێک گەیشتینەوە بەردەم دەروازەکە و جانتاکانمان لە پاسەوانەکە وەرگرتەوە، ڕووناکییە کزەکەی پاشنیوەڕۆ هێشتا بەسەر چیاکانەوە مابوو. من سەیری ئەو ڕێگەیەم دەکرد کە لێی هاتبووینەوە؛ وام هەست دەکرد وێڵز بەم بێدەنگی و جوانییە، ویستی پێمان بڵێت کە هەندێک جار «دواکەوتن» تەنیا لەدەستدانی کات نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ دۆزینەوەی ئەو شتانەی کە لە ناو ڕاکەڕاکی ژیاندا هەرگیز نایانبینین.

بەندەری دووەم؛ تامەزرۆیی

لە وێستگەی میترۆی «وێست کێنسینگتن»ـەوە تەنیا چوار خولەک ڕێگە بوو تا بگەمە ئەو ناونیشانەی دوێنێ وەک گرێیەک لە مێشکمدا مابووەوە. کاتێک گەیشتمە بەردەم باڵەخانەی گەلەرییەکە، دەرگا سەرەکییەکە کڵۆم درابوو؛ وەک بڵێی هێشتا شوێنەوارە بێزارکەرەکەی دوێنێ مابێت، بەڵام لە دیوی خۆرئاواوە دەرگایەکی تریان بۆ هاتووچۆ کردبووەوە. پیاوێکی هیندیی تەمەن شەست ساڵ، کە ئارامییەکی زۆری پێوە دیار بوو، لە پرسگەکە دانیشتبوو. لێیم پرسی: «پێشانگای هونەرمەندانی عێراقی لە کوێیە؟» بە دەست ئاماژەی بۆ نهۆمی یەکەم کرد. کاتێک بەرەو ئەسانسۆرەکە دەڕۆیشتم، دەنگی پێکەنین و وانەخوێندنی چەندین منداڵ سەرنجی ڕاکێشام؛ پاش وردبوونەوە لە ناوی بەشەکان، بۆم دەرکەوت لێرە «نامۆیی» دوو نیشتمان یەکتریان گرتووەتەوە؛ پێشانگایەکی عێراقی لە ناو جەرگەی ناوەندێکی ڕۆشنبیریی هیندییدا.

پێم نایە ناو هۆڵی پێشانگاکە، چۆڵ و بێدەنگ، دوای چەند ساتێک درکم بەوە کرد تەنیا دوو کەسی دیکە لەم هۆڵەدان. خێرا چاوێکم بە تابلۆکاندا گێڕا، بەڵام یەکەم تابلۆ کە بەتەواوی سەرنجی ڕاکێشام و لە شوێنی خۆم وەستاندمی، تابلۆی ”تراژیدیای ئەنفال”ـی هونەرمەند “عوسمان ئەحمەد”)[1]( بوو. ئەو تابلۆیە ڕووبەڕووی پرسیارێکی قووڵی کردمەوە: چۆن دەکرێت ئازارێکی هێندە گەورە، لە ناو چوارچێوەیەکی ئاوا بچووکدا جێگەی ببێتەوە؟. هەستم کرد کات لەوێدا چەقیوە. تابلۆکە تەنیا وێنەیەک نەبوو، بەڵکو گۆڕستانێکی کراوە بوو. لەوێدا، کۆمەڵێکی بێشوومار لە مرۆڤ دەبینران؛ ڕیزێکی درێژ و بێکۆتایی کە سەر و سیمایان لە ناو غوبار و ڕەنگی خاکدا ون ببوو.

ئەوان بەرەو کەنارێک دەبران کە تەنیا «نادیار» ناوەکەی بوو. جووڵەی جەستەیان پێت دەڵێت کە ئەمانە چیتر خاوەنی ئیرادەی خۆیان نین؛ وەک ئەوەی مێژوو بە زۆر پەلکێشی ناو تاریکییان بکات. هیچ ڕوخسارێک بە ڕوونی دیار نییە، چونکە ئازارەکە هێندە گشتییە، هەموو ڕوخسارەکان لە ناو یەکدا تواونەتەوە. ئەوەی لەم تابلۆیەدا زۆر کاریگەرە، ئەو ڕێپێوانە بێدەنگەیە. هەست دەکەیت چەپۆکێکی ڕەش بەسەر تابلۆکەدا کێشراوە، کە تێیدا مرۆڤەکان وەک سێبەر دەردەکەون؛ سێبەرگەلێک کە بەرەو چاڵە گەورەکانی بیابان و ڕووبەرە بێدەنگەکان دەڕۆن. لەوێدا، هەموو ئەو ڕێگە کورت و درێژانەی ئێمە بڕیومانە، لەبەردەم ئەم «ڕێگە بێگەڕانەوەیەدا» بچووک دەبنەوە. ئەوان نەدەڕۆیشتن، بەڵکو بەرەو ئەبەدییەت دەبران، بێ ئەوەی کەس بزانێت لە کام وێستگەی تەمەندا بوونەتە میوانی خاک.

«تابلۆکانت بەدڵە؟» بەو پرسیارە ڕاچڵەکیم، چونکە بە تەواوی لەو شوێنە دابڕابووم؛ یەکەم جار تێنەگەیشتم لەوەی چی دەڵێت، بە سەرسووڕمانەوە تەماشام کرد، تێگەیشت دەبێت پرسیارەکەی دووبارە بکاتەوە، منیش گوتم: «بەڵێ». خانمێک بوو لە پەنجاکانی تەمەنیدا، بە ئارامی لە سووچێکی هۆڵەکەدا لەسەر کورسییەک دانیشتبوو. پیاوێکیش کە ڕەنگە تەمەنی شەستی تێپەڕاندبێت، بە سەر و ڕیشێکی سپییەوە، خەریکی ڕێکخستنی ناوەوەی هۆڵەکە بوو. ئەو دوو کەسە بوون کە چەند ساتێک دوای هاتنەژوورەوەم تێبینیم کردن. ئەو کاتەی من گەیشتم، سەرەتای کردنەوەی پێشانگاکە بوو لە ڕۆژی دووەمیدا، من یەکەم میوانی ئەو ڕۆژەیان بووم. سەرەتا پێم وابوو کە هەردووکیان ڕێکخەری پێشانگاکەن. لە کورسییەکەی تەنیشتی دانیشتم و لێم پرسی: «بۆچی تابلۆی سەرجەم هونەرمەندە کوردەکانتان بە جیا لە لایەک داناوە؟» بە پێکەنینێکی پڕ لە میهرەبانی و کەمێکیش گلەییەوە گوتی: «باوەڕ بکە من تەنانەت لە شوێنی تابلۆکەی خۆشم ڕازی نیم».

ئەندازیارێکی تەلارسازی بیستوپێنج ساڵە بەغدادی بەجێهێشتووە، بە نیگارکێشان خۆی لە تەمی غەریبی لەم دوورگە خەمبارەدا دەشارێتەوە. ڕقی لە زستان و سەرمایە، ئەم وڵاتەش هەرگیز درێغی ناکات لە ساردیی. هەستی دوورەوڵاتی لە سووچی هەموو قسەکانیدا سەردەردەهێنێت. کاتێک دەدوا، هەستت دەکرد وشەکانی گەرمییەکی عێراقییان تێدایە، کە دەیانەوێت ئەو بەستەڵەکە بشکێنن کە ساڵانێکی درێژە لێرە، لەم دوورگە ساردەدا، لە دەوری ڕۆحی ئاڵاوە.

لێی پرسیم: «لە چ بوارێکی هونەردا کار دەکەیت؟ لە کوێی بەریتانیا دەژیت؟» بە کاردانەوەی دەموچاویدا زانیم کە وەڵامەکەم چەندە چاوەڕواننەکراو بوو بۆی کاتێک گوتم: «من هونەرمەند نیم، تەنیا چێژ لە جوانی دەبینم. لێرەش ناژیم و بە گەشت هاتووم بۆ ئەم وڵاتە». دوای ئەوە، دەربارەی عێراق کەوتینە گفتوگۆیەکی قووڵ؛ دەتگوت لە ناو وشەکانمدا بۆنی نیشتمان دەکات، هێندە بە تامەزرۆییەوە گوێی لێ دەگرتم. پاشان بە سۆزێکی دۆستانەوە گوتی: «باشە، بۆچی دوێنێ نەهاتیت؟ ئێرە زۆر قەرەباڵغ بوو، دەتتوانی زۆربەی هونەرمەندەکان ببینی». هەناسەیەکی قووڵم هەڵکێشا و گوتم: «ئەگەر بزانیت دوێنێ تووشی چ بەزمێک بووم». پەرۆش بوو بۆ ئەوەی بزانیت دوێنێ چی ڕوویداوە، خۆ نەدەکرا هەموو ڕووداوەکانی بە درێژی بۆ بگێڕمەوە، بەڵام سەرەداوێکم بۆ باسکرد.

با لێرەوە، سەرەداوی گێڕانەوەکە بۆ ئێوەش ڕابکێشم، تاکسییەکە لەکاتی خۆیدا گەیشت و ئەو گەشتەی کە زیاتر لە سەد و شەست میل بوو، دەستی پێکرد. بێدەنگییەکی قورس لە نێوان من و مستەفادا هەبوو؛ ئەو بێدەنگییەی کە تەنیا لەکاتی ماڵئاوایی و ماندوێتییەکی بێزارکەردا دروست دەبێت. لە دەرەوە، ئاسمانی ئەم وڵاتە ڕەنگە ماتە بێزارکەرەکەی خۆی بەسەر شەقامە پان و بەرینەکاندا ڕشتبوو. بارانەکە نەدەوەستا؛ هەندێک جار نەرم و تاوێکیش بە لێزمە دەباری. ئەو تەمەی دەوری ئۆتۆمبێلەکەی دابوو، تەنیا لە دەرەوە نەبوو، بەڵکوو خەریک بوو دەچووە ناو دەروونیشمەوە.

ڕێگاکە لە سێ کاتژمێر زیاتر درێژ بووەوە؛ ڕۆژانی هەینی شاڕێ پان و بەرینەکانی ئەم وڵاتە بێ‌ئەندازە قەرەباڵغ دەبن. ئەوەی لێرە زۆر سەیر و بێزارکەرە، ئەوەیە کە دەمەوئێواران ئیتر وەک ئەوەیە ژیان بوەستێت، هەموو شوێنێک دادەخرێت و مرۆڤ سەرگەردان و بێهوودە دەبێت؛ هەندێک جار وات لێ دەکات بڵێیت خەمۆکی هەر لەم دوورگەیەوە سەری هەڵداوە. ئێوارەکەی منیش هەمان جۆر بوو، نەمدەزانی چی چاوەڕێم دەکات. لەو سێ کاتژمێرەدا بیرم لەوە دەکردەوە کە چۆن ئەو هەموو پلانەی بۆ گەشتەکەم دانابوو، تەنیا چەند دانەیەکیان وەک خۆیان ڕوویاندابوو.

بە درێژایی ساتە بێدەنگەکانی ڕێگاکە، لە خۆمم دەپرسی مرۆڤ چی دەکات کاتێک هەموو پلانەکانی وەک تابلۆیەکی شووشە لەبەردەم چاویدا وردوخاش دەبن؟ کاتێک چاوەڕوانییەکان لەبری ئەوەی ببنە مژدەی گەیشتن، دەبنە تەڵەیەکی بێ‌ئومێدی؟ دەروون لەو ساتانەدا وەک ئەو تەمەی دەرەوەی تاکسییەکەی لێ دێت؛ لێڵ و سارد و بێ‌ئاسۆ. مرۆڤ لەو کاتانەدا هەست بە بچووکییەکی بێمانا دەکات لە بەرامبەر گەردوونێکدا کە ویستەکانی ئەوی بۆ گرنگ نییە.

لەو ڕێگەیەدا، هەستم دەکرد دەروونم خەریکە لەژێر قورسیی «نەگەیشتن»دا دەچەمێتەوە. ئەوە تەنیا تێکچوونی کاتی گەشتێک نەبوو، بەڵکوو ڕووبەڕووبوونەوە بوو لەگەڵ ئەو بێهوودەییەی کە هەمیشە گەردوون پێت دەڵێت: «تۆ هیچ دەسەڵاتێکت بەسەر خولەکەکاندا نییە». مرۆڤ کاتێک لەو دۆخە تێدەگات، چیتر شەڕی گەیشتن ناکات، بەڵکوو دەکەوێتە ناو جۆرە بێدەنگییەک کە لە هاوارکردن بەئازارترە؛ بێدەنگییەک کە تێیدا هەموو ئەو وێنە جوانانەی لە خەیاڵتدا کێشابوون، یەک لە دوای یەک ڕەنگ دەدەنەوە و دەبنە خۆڵەمێش. لەوێدا تێدەگەیت کە هەندێک جار، گەورەترین جەنگی مرۆڤ ئەوەیە کە چۆن لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا ڕابێت کە ژیان هەمیشە ئەو ڕێگایە نییە کە ئێمە نەخشەمان بۆ کێشاوە.

پێی گوتم: «با بچین سەیرێکی تابلۆکەی من بکەین». «بەندەری تامەزرۆیی»، ناونیشانی تابلۆکەی ئەو بوو. هەرچەندە لەو شوێنەی کە دانرابوو ڕووناکی پێویستی پێ نەدەگەیشت، بەڵام تابلۆکە خۆی لە بەر چاوی بینەردا دەسەلماند.

کاتێک لەبەردەمی وەستام، تێگەیشتم بۆچی ناوی ناوە «تامەزرۆیی». تابلۆکە لەلای چەپەوە بە جۆرە مۆزاییکێکی ئەندازیاریی ئاڵۆز دەستی پێ کردبوو؛ سەدان چوارگۆشە و بازنەی تێکەڵاو کە وەک نەخشەی شارێکی ونبوو دەهاتنە بەر چاو. وەک ئەوەی هونەرمەندەکە بیست و پێنج ساڵی بێگانەیی و ئەزموونی تەلارسازیی خۆی لەو گۆشەیەدا کۆ کردبێتەوە. ئەو ڕەنگە خۆڵەمێشی و خەڵووزییە ماتانە، بە جۆرێک ڕاکێش بوون کە دەتگوت هەموو بێدەنگییەکانی دوورەوڵاتییان لە خۆیاندا هەڵگرتووە.

بەڵام لەناوەڕاستی تابلۆکەدا، هەموو ئەو ئاڵۆزییە ئەندازیارییە دەشکایەوە و دەبوو بە دەریایەکی شینی قووڵ. دە کەشتیی سپی وەک سێگۆشەی تیژ و ڕێک، بەناو شەپۆلەکاندا بەرەو ئاسۆیەکی کراوە باڵیان لێ دابوو. لەناو ئەو قەرەباڵغییەدا، خانووەیەکی سپی بچووک بە تەنیا مابووەوە، وەک پاسەوانێکی تەنیا کە لە بەندەرەکەدا وەستاوە و سەیری گەیشتن و تێپەڕبوونی کەشتییەکان دەکات.

لەو ساتەدا، هەستم دەکرد تابلۆکە وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە دوێنێ مێشکمیان سەرقاڵ کردبوو. ململانێی نێوان ئەو بەندەرە ئاڵۆزە و ئەو دەریا کراوەیە، ڕێک وەک ململانێی مرۆڤ بوو لەنێوان پلانە نەخشێنراوەکان و ئەو ڕاستییەی کە وەک دەریا بێسنوور و پێشبینینەکراوە.

گفتوگۆکەمان چەند کاتژمێرێکی خایاند. ئەو چیتر تەنیا هونەرمەندێک نەبوو کە باسی تابلۆکانی بکات، بەڵکوو وەک دایکێک بە سۆزەوە لە وشەکانمی دەڕوانی. لەکاتێکدا ئەو سەرقاڵی چاوپێکەوتن بوو لەگەڵ کەناڵێکی ڕاگەیاندن، من بۆ کەمێک کشامەوە و لەسەر کورسییەک دانیشتم. خەیاڵم دوور ڕۆیشتبوو؛ نوقمی ناو ئەو هەموو جوانی و مانا هونەرییانە ببووم کە لەم گەشتەدا، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، پێیان گەیشتبووم. تێڕامانم لەو ساتە ئارامە، جۆرێک بوو لە پشوودانێکی دەروونی لەناو جەرگەی مێژوو و هونەردا.

لەناو ئەو خەیاڵە ئارامانەدا بووم، لەناکاو خانمەکە بە دەنگێکی پڕ لە میهرەبانی بانگی کردم و گوتی: «وەرە… ئەوەش مەریوان، با بە یەکتان بناسێنم». لەوێدا کاک مەریوان جەلالی هونەرمەندم ناسی. گفتوگۆیەکی کورتمان کرد و تێگەیشتم کە ئەو ئەڵقەی بەیەکگەیاندنی هونەرمەندە کوردەکانە بۆ ئەم پێشانگایە. لەو ساتەدا هەستم کرد ئەو بێگانەیییەی کە پێشتر هەستم پێ دەکرد، جێگەی خۆی بۆ ناسراویی و نزیکییەک چۆڵ کردووە.

پێش ئەوەی جێیان بهێڵم، خانمەکە ژمارەی تەلەفۆن و هەژماری فەیسبووکەکەی پێ دام. چەند جارێک بەدڵنیاییەوە جەختی کردەوە: «تۆ ئیتر لە بێرمینگهام خێزانێکت هەیە، هەر کاتێک بتەوێت دەتوانیت بێیت و لای ئێمە بمێنیتەوە». کاتێک بە «کوڕی خۆم» بانگی کردم، هەستم کرد ڕۆحم بە وزەیەکی نوێ و ئارامییەکی قووڵ پڕ بووەتەوە، وەک ئەوەی لەو دوورگەیەدا ماڵێکی تری پڕ لە سۆزم دۆزیبێتەوە.

لە پێشانگاکە هاتمە دەرەوە تاوەکوو بەرەو ماڵەوە بگەڕێمەوە، سەیری دەرەوەم کرد؛ بۆم دەرکەوت چەندین کاتژمێرە من لە پێشانگاکەدام، کە خۆشم سەرم سوڕمابوو لەوەی چۆن ئەو هەموو کاتە تێپەڕیوە. بە هەنگاوی گورج و درێژ بەرەو وێستگەی میترۆکە گەڕامەوە. لەسەر کورسیی چاوەڕوانیدا دانیشتبووم، چەند خولەکێکی دیکە شەمەندەفەرەکە دەگەیشت؛ بەبێ چاکەت بووم، ئێوارە پاییزییەکەی لەندەنیش تا دەهات ساردتر دەبوو، بەڵام من گەرمییەکی ترم لە ناخدا هەڵگرتبوو. تێگەیشتم کە ئەو هەموو هەرایەی دوێنێ و درەنگکەوتنەکەمان، ڕێگایەک بوون بۆ گەیشتن بەم ساتە پڕبایەخە. ئەگەر دوێنێ پلانەکانم وەک خۆیان وەدی نەهاتن، بۆ ئەوە بوو کە ئەمڕۆ ژیان دەرفەتێکی گەورەترم پێ ببەخشێت؛ ناسینی مرۆڤگەلێک کە بوونە جوانترین بەشی یادەوەریی ئەم گەشتە و مانایەکی نوێیان بە چەمکی «گەیشتن» بەخشی.


[1] ڕۆژێک کە خەریکی نووسینەوەی ئەم یادەوەرییانە بووم، بە ڕێکەوت پۆستەری پێشانگەیەکم بەرچاو کەوت؛ سکێچێکی لەسەر بوو کە زۆر ئاشنا دەهاتە بەرچاوم. کاتێک ورد بوومەوە، ناوی دکتۆر عوسمان ئەحمەدم بینی. بێ دوودڵی خۆم گەیاندە پێشانگاکە و لەوێ لە نزیکەوە ئاشنای قووڵاییی کارەکانی بووم. هەر لەوێشدا دکتۆر عوسمانم ناسی و چیرۆکی ئەو ڕۆژەی لەندەنم بۆ گێڕایەوە کە چۆن تابلۆکەی ئەو بووە یەکەم وێستگەی ڕاچڵەکینی من لە گەلەرییەکەدا. ئەو دیدارە چاوەڕواننەکراوە سەلماندی کە جوانی و هونەر، هەمیشە ڕێگەیەک دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بەیەک بگەیەنن.

هاوبەشی بکە