27/04/2024
DidiMn Logo
Top

شیعر لە نێوان بەهرە و ئەزموون

لە لایەن دیدی من 4 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – موراد عەلی

یەکێک لە بابەتە هەستیار و قوڵەکانی نێو ئەدەبییات و شیعر، کە پرسیارێکی زۆر گرنگە لای من، کە کەمترین قسەی لەبارەوە کراوە و تاڕادەیەک دەتوانم بڵێم یەکلاکراوەتەوە. لەسەرەتای ئاشنابوون بە شیعرەوە یان بە مانایەکی تر هاوکات بە دروستبوونییەوە دەکرێ گوترابێ کە شیعر بەهرەیەکە وەک هەر بەهرەیەکی تر لە مرۆڤێک بشێ هەبێ. ئەوەی جێ سەرنجە بۆمن بەو ئەزموونە کەمەمەوە هەستم پێکردوە کەس نەیپرسیوە، ئاخر خودی بەهرە چییە؟ لە شیعر، ئایە خودا کەسێکی خۆشبوێت بەهرەی شیعری پێ دەدات یان نەفرەتی لێبکا دەیکا بە شاعیر؟
بۆ زیاتر ئاشنابوون بە چەمکی بەهرە یادەوەرییەکی خۆم بە خێرایی دەگێڕمەوە و دێمەوە سەر بابەتە گشتییەکە، کاتێک پۆلی نۆی بنەڕەتیم تەواو کرد، وەک هەر کەسێکی تری ئەم سەردەمە کە لە ژیانی خوێندنی لەم وڵاتە کۆمەڵێک ڕێگای تر هاتنە پێشێ بۆ درێژەدان بە خوێندنەکەم، بەشەکانی (وێژەیی، زانستی، پەیمانگەکان بەهەموو بەشەکانییەوە) تاکە شوێنێک خۆم خولیام بوو پەیمانگەی هونەرە جوانەکان بوو، کە لە کلتوری ئێمە و تا ئێستەیش وەک شتێکی ناپێویست بەهەر بەهانەیەک بێ ڕێگری لێدەکرێ. یەکێک لە نزیکترین کەسەکانم پێی دەگوتم بۆ چوون بۆ ئەو بەشە پێویست بووە لە منداڵییەوە بەهرەت هەبووایە بۆ مۆسیقا یان ڕۆڵبینین و ئەکتەری! ئەوکات سەرزەنشتی خۆمم دەکرد کە بۆچی لە زووەوە ئالەتێکم نەژەنیبوو!؟ بێ ئەوەی ئەوکات بیربکەمەوە و تێبگەم کە ئەمە تەنیا بەهانەیەکی پوچ و بێ بنەمایە! ئێستەیش کە دەبیستم دەڵێن شیعر بەهرەیە ڕێک هەمان قسەی ئەو دۆستەم دێتەوە یاد. یەکێک لە پرسیارەکان لە مێشکم دروستدەبێ: ئایە کام شاعیر لەتەمەنی پێنچ ساڵییەوە یان دەساڵییەوە شاعیر بوون؟ خۆ ئەگەر کۆمەڵێک وشەی کێشدار و سەرواداریان نووسیبێ، ناشێ ئێمە شیعر بناسین و بڵێین: ئەمانەیش شیعر بوون.
کەواتە دەپرسم لە هەر کەسێک شیعر بناسێ و بزانێ شیعر چییە ئایە شیعر بەهرەیە یان بیرکردنەوە و ئیشکردن لەناو زمان و دونیابینی و ئەزموون و قوڵبوونەوە و ڕامانی زیاترە لە شتەکان. خۆ ئەگەر شاعیر بە چاوی خەڵکی ترەوە شتەکان ببینێ و بەهەمان حاڵەت و بە هەمان شێوەی مرۆڤەکانی تر لە دنیا و دەورووبەر بڕوانێتە شتەکان ئایە شاعیر بوون چ گرنگییەکی هەبوو یان شاعیر بوون چی زیاتر دەبوو لە شاعیر نەبوون؟ ئەگەر خوێندنەوەی زۆر و بیرکردنەوەی زۆرنەبێ لە شیعر ئەگەر دروستکردنی دنیایەکی تایبەت نەبێ بە خود
شیعر چییە؟ بەهرە یان ئیشکردن دەتوانێ بە یەک ڕستە مرۆڤ بخاتە حالەتێکەوە کە لەکۆی تەمەنی بەوجۆرە بیری لەو بابەتە نەکردۆتەوە لێرە دەیبینێ کە لە شیعری باش هەیە؟ بەهرە یان بیرکردنەوە دەتوانێ لە ڕستەیەک سێ مانا دروست بکا کە لە شیعری باش دەبیندرێت؟ بەهرە یان قوڵبوونەوە وادەکا زمانێکی جیاواز بەکارببردرێت. کە لە زمانی ڕۆژانە جیای دەکاتەوە تا ڕادەی تێنەگەشتنی کەسی ئاسایی بۆی کە لە بەشێک شیعری باش هەن؟
کەمترین جار حەزم کردووە نموونە بۆ قسەکانم بهێنمەوە. هەمیشە حەزم کردوە خوێنەر چالاکانە لەدوای هەر بابەتێک بەدواداچوون بکا و زیاتر بۆ بڕواهێنان بەبابەتێک یان ڕەدکردنەوەی بخوێنێتەوە بەڵام کۆمەڵێک نموونەی شیعری کوردی ئەو سەردەمە دەهێنمەوە کە نموونەی ئیشکردن و نموونەی شاعیرانە ڕوانینمان پیشان دەدەن و هەبوونی بەهرە یان هەرشتێکی لەو چەشنە ڕەد دەکەنەوە:


* کەس وەک تۆ، پڕ بە بەری خۆم
تەنیایی بۆ نەدووریم
کەس وەک تۆ، سەفەری لێوە نەکردم
کەس وەک تۆ، لە خۆیدا هەڵی نەگرتم
کەس وەک تۆ، نەیبردمە بەر باران
کەس وەک تۆ، بە باخەکانا نەیگەڕاندم
کەس وەک تۆ،
لەسەر قەدی درەختەکان هەڵی نەکۆڵیم
کەس وەک تۆ،
بە ناوی خۆمەوە بانگی نەکردم

یان:

** بەناوی سێبەری درەختەوە هاوسەرگیری کرد
ئێستا ئەو ژنە
لەناو چوار دیواردا
چێشت لێدەنێ بۆ دیواری پێنجەم.

یاخوود:

*** تۆ..،سەماکانت برد و مۆسیقاکانت بەجێهێشت،
باوەشەکانت برد و دەستەکانمت بەجێهێشت،
روخسارت برد و ئاوێنەکانت بەجێهێشت،
گەرماییەکانت برد و جلەکانت بەجێهێشت،
تێپەرینەکانت برد و بۆنی عەترەکانت بەجێهێشت،
بوکێنیت برد و کراسەکانت بەجێهێشت،
گوێیەکانت برد و گوارەکانت بەجێهێشت،
نیگات برد و پەنجەرەکانت بەجێهێشت،
پەنجەکانت برد و عەڵقەکانت بەجێهێشت،
پێیەکانت برد و پاوانەکانت بەجێهێشت،
پێکەنینەکانت برد و نوکتەکانت بەجێهێشت،
وشەکانت برد و نامەکانت بەجێهێشت،
چیرۆکەکانت برد و قارەمانەکانت بەجێهێشت،
نهێنیەکانت برد و رازەکانت بەجێهێشت،
نیازەکانت برد و خۆزگەکانت بەجێهێشت،
ئااااه رۆحمت برد و جەستەمت بەجێهێشت،
کۆتاییەکانت برد و سەرەتاکانت بەجێهێشت،
داهاتوت برد و ئێستات بەجێهێشت،

تۆ لە بۆدلێر و ڕامبۆ و نزار قەبانی و گۆران و هێمن شاعیرتر بیت کە ئاگاداری شیعری ئەمڕۆ نەبی، کە ئاگاداری ڕەخنە و میتۆد نەبی، دەتوانی بانگەشەی شاعیربوون بکەیت؟ کام کەسی چاوکراوە و عەقڵ کراوە بێ خوێندنەوەی دەیان توێژینەوە لەسەر شیعر و سەدان لاپەڕە شیعری تازە، دەوێرێ بڵێ: من شاعیرم؟ کام بەهرە ئەتوانێ هێندە خێرا لەگەڵ فۆڕمە ئەدەبییەکان ڕێ بکا ئەگەر خوێندنەوە نەبێ؟
کام ئەدیبی باڵای کورد و جیهانیش دەڵێ: من بڕوام بە خوێندنەوە و خۆپڕچەک کردن نییە؟ کام شاعیری باش دەتوانێ بڵێ من مانگێکم لێ دەڕوا بێ خوێندنەوە و هیچ لەپاشیش نادەم لە ڕووی داهێنان و بیرکردنەوە؟ کە شاعیرێک هەموو ئەمانە بزانێ، لێرە وشەی بەهرە جگە لە قسەیەکی کۆمیدی چی ترە؟
کە کەسێک بزانێ دەربڕینی دێڕێک لە شیعرێک بە ١٠ ئەگەر و زیاتریش هەیە یەکێک لە باشترین یان باشترینیان هەڵبژێرێت لێرە بەهرە جگە لە قسەیەکی بێ بنەما چی ترە؟
کۆی بابەتەکە هەر هێندە دەگرێتەوە کە کۆمەڵێک بەناوشاعیر یان ڕەخنەکار بەشێوەیەکی چەقبەستوو و کۆنەپارێزانە وشەی (بەهرە) یان هەر چەمکێک لەو چەشنە دەخەنە پاڵ ئەدەب و شیعر بەتایبەت کە لە کەمکردنەوەی بەهای شیعر زیاتر هیچ نادەن بەدەستەوە!


ـــــــــــــــــــــــــــــــ
1 دلاوەر قەرەداخی
2 تەلعەت تاهیر
3 ڕێبوار سیوەیلی

هاوبەشی بکە