16/07/2025
DidiMn Logo
Top

دیمانەیەک لەگەڵ بەختیار عەلی: “لە زۆر شت دەترسم…”

لە لایەن دیدی من 4 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من | Psychology Kurdî
ئامادەکردن: ژیار هۆمەر

گۆڤاری سایکۆلۆجی کوردی «Psychology Kurdî» یەکەمین و گرنگترین گۆڤاری دەروونناسی بە زمانی کوردییە، سەر بە وەشانخانەی ئاڤێستا لە ئەستەمبووڵە و وەرزانە بڵاو دەبێتەوە، خوێنەرێکی بەرچاوی لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان هەیە. بڕگەیەکی گۆڤارەکە لەسەر شێوازی پرسیارنامەی پڕۆستی (Proust Questionnaire)ـیە، کۆمەڵێک پرسیاری دیاریکراوە و پێشتر ئاڕاستەی دەیان کەسایەتیی گرنگ، لەوانە ئیسماعیل بێشکچی و بەرکەن بەرەهـ و ڕۆژەن بەرناس، کراوە. دیمانەی ژمارە ٢٠ـی گۆڤاری سایکۆلۆجی کوردی لەگەڵ ڕۆماننووس بەختیار عەلیدایە و ژیار هۆمەر بە کورمانجی دایڕشتووەتەوە. فەرموون سۆرانییەکەی لە دیدی من بخوێننەوە. 

چەند ساڵیت و هەست دەکەیت ئێستا تەمەنت چەندە؟
بەختیار عەلی: زۆر پیرم، هەست دەکەم زۆر لە مێژە لەسەر زەویم. نازانم تەمەنم چەندە، چونکە هەست دەکەم ژیانی زۆر کەس و بەسەرهاتی زۆر سەردەمی دیکەیش ڕژاونەتە نێو ژیانمەوە.

چ شتێکی منداڵییت لە بیر ناچێتەوە؟
بەختیار عەلی: ماندوونەبوون لە یاریکردن، ئەوە جوانترین شتی منداڵیمە. هەست دەکەم ئەو وزە و تینە گەورەیەی لە گیانمدایە بۆ نووسین و ئیشکردنی بێوچان لەسەر تێکستی درێژ و گەورە، پەیوەندییەکی قووڵی بە خواستی بانگهێشتکردنەوەی ئەو وزەیەی منداڵیمەوە هەیە، بۆ یاریکردن بەبێ وەستان.

حەزت دەکرد ئێستا لە چ وڵاتێک/شارێک بوویتایە و چیت بکردایە؟
بەختیار عەلی: لە وڵاتێک کە لەسەر نەخشە نییە، لە شارێکدا خۆم دروستی بکەم. گرنگ نییە لەوێ چی دەکەم، گرنگ ئەوەیە بگەم.

چ بیرەوەرییەکت زۆر دڵخۆشت دەکات؟
بەختیار عەلی: قسەکەی دۆستۆیڤسکی بە دروست دەزانم کە دەڵێت: «یادەوەری تەنیا ئەو شتانە دەپارێزێت کە دەبێت لە بیریان بکەین». هیچ بیرەوەرییەک دڵخۆشکەر نییە، بیرەوەری گرێدراوی ڕابوردوو و بەسەرچوونە،  گرێدراوی ئازارە. لەو کەسانەم کە کەم ئاوڕ لە ڕابوردوو دەدەنەوە، ئێستا و پاشەڕۆژم لا گرنگترە. 

گەر ئەم پیشەیەت نەبووایە، حەزت دەکرد چ کارێکت بکردایە؟ 
بەختیار عەلی: حەزم دەکرد دەرهێنەری سینەمایی بوومایە، یاخود بەرپرسی مۆزەخانەیەکی ئەدەبی بوومایە، یادگار و کەلوپەل و دەستنووس و وێنەی نووسەرانی کورد لە فەوتان بپارێزێت. بونیادنانی مۆزەخانەیەکی ئەدەبی وا گەورەترین خەونی منە، بەڵام بەداخەوە خەونێکی مەحاڵە، چونکە هیچ کات دەوڵەمەند و پارەدارێکی وا دڵسۆزمان نەبووە، پارەی زۆر بخاتە ناو پاراستن و هەڵگرتنی کولتووری میللەتەکەیەوە.

گەر بلیتی یانسیب بکڕیت و پارەیەکی زۆرت بۆ دەربچێت، چیی لێ دەکەیت؟
بەختیار عەلی: هەرگیز بلیتی یانسیب ناکڕم. بەڵام ئەگەر پارەی زۆرم هەبایە ئەو مۆزەخانەیەم دروست دەکرد.

حەز دەکەیت کێ بناسیت؟
بەختیار عەلی: تا ئێستا سەرقاڵی ئەوەم بە تەواوی خۆم بناسم.

لە چی زۆر دەترسیت؟
بەختیار عەلی: ئەگەر قسەکەی ئەلبەرتۆ مۆرافیا ڕاست بێت کە دەڵێت: «نەخوێندەوارەکان لەناو نەچوون، تەنیا فێری خوێندنەوە و نوسین بوون» ئەوا لە بڵاوبوونەوەی نەخوێندەواری لە هەموو دونیادا دەترسم. دەتوانین بڵێین ئێستا لە سەدا نەوەدوپێنجی خەڵکی دونیا نەخوێندەوارن. لە زۆر شتی دیش دەترسم… لە بڵاوبوونەوەی فاشیزم بە دونیادا، لەوەی عەقڵی توندڕەویی دینی باڵ بەسەر عەقڵی مرۆڤی کورددا بگرێت، لەوەی نەوەیەک لەدایک ببێت نرخی ئەدەب و فیکر نەزانێت،  جوان و ناشیرین، قووڵ و سادە لە یەکتر جیا نەکاتەوە… لە دەیان شتی تریش.

زۆر حەزت لە چ وشەیەکە؟
بەختیار عەلی: مرۆڤ ناتوانێت حەز لە وشەیەک بکات، وشە بە تەنیا لەوە بچووکترە حەزی لێ بکەم. من دەتوانم تەنیا حەزم لە تێکست بێت، تێکستێکی کامڵ و داڕێژراو، بەڵام وشە بە تەنیا کەرەستەیەکی خاوە، مانای خۆی تەنیا لە ڕستەدا وەردەگرێت.

قەت حەزت لە چ وشەیەک نییە؟
بەختیار عەلی: ڕقم لە هیچ وشەیەک نییە، ڕقم لەو تێکستانەیە، وشە تیایاندا دەبێتە شتێکی مردووی بێگیان.

حەزت لە چ درووشمێکە؟
بەختیار عەلی: وەک ڕۆماننووس، وتەکەی گابریێل گارسییا مارکێز بە دینەمۆی کاری خۆم دەبینم: «چیرۆکی خۆشی ژیانە بەختەوەرەکان، پاڵ بەم دونیایەی ئێمەوە نانێت بۆ پێشەوە. ئەوەی دەیجووڵێنێت و نوێی دەکاتەوە و ڕزگاری دەکات، ئەو چیرۆکانەن کە بە تراژیدیاوە گرێدراون.»

کێ پاڵەوانی تۆیە؟
بەختیار عەلی: هیچ کات هەستم نەکردووە پێویستیم بە پاڵەوان بێت. بەڵام ئەگەر پاڵەوانێک لە دونیادا هەبێت، ئەوا لای من نووسەر و هونەرمەندەکانن… داڤنشییە، مۆزارتە، مۆدلیانییە، ئۆسکار وایلدە، عەبدوڵا گۆرانە، سوهرابی سپهرییە… هتد. جگە لە داهێنەرە گەورەکان هیچ پاڵەوانێکی ڕاستەقینە و نەمر لای من نییە.

ئێستا ڕەوشی دەروونییت چۆنە؟
بەختیار عەلی: تا ئەو کاتەی بتوانم بنووسم و بخوێنمەوە باشم.

حەز دەکەیت چۆن بمریت؟
بەختیار عەلی: وەک هەموو ئەوانی دی. مردن تاکە شتێکە چۆنێتی تێدا نییە، هەموو بە یەک شێوە دەمرین. 

___
سەرچاوە: 

Pirs û Bersiv bi Bextiyar Elî re, Ji soranî: Jiyar Homer,  Kovara Psychology Kurdî, Sal: 9,  Hejmar: 20, Weşanên Avesta, 2025.

هاوبەشی بکە