19/03/2024
DidiMn Logo
Top

بەکورتى، دەبێت ڕێگەم بدەن لێرە بڕۆم

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – گۆران سەمەد

چیرۆك: بەکورتى، دەبێت ڕێگەم بدەن لێرە بڕۆم[1]
مەولەوییەک

خووى بێبڕانەوەى بوو، دەستەکانى گرمۆڵە لەژێڕ چەنەى، ستوونى دەیهێشتەوە. لە بزە زەردەى خۆرەوە تا ئاوابوون، ئەو لە باڵکۆنە بێژینگییەکەدا دەیڕوانییە شەقامە چۆڵەکە و لەبەر خۆیەوە دەیگوت: ئەم شەقامە بۆر دەچێتەوە، لەوەشە شتەکان بگەڕێنەوە بارى جارانیان. پشتى تێپەڕبوونى دوو هاوینیش ئەوەتا کەشەکەى؛ خۆرێکى درەوشاوەیە و دەتوانێ ئەو دڵە بێقەرارەمان داسەکنێـت. هەموو ڕۆژێ پێش ئەوەى بێتە سەر کوورسییە کۆنەکەى، کوو نزیکى بیست و سێ ساڵ دەبێت لە مەکتەبەى “قرائات” ئەولاترى چاخانەى زهاوییە لە سەفەرێکى بۆ بەغدا، کڕیى. چاوێکى بە ڕۆژنامە و کتێبەکانیدا دەخشاند، گەر تەنێ بۆ دڵنەوای خۆشی بێت چەند دێڕێکى دەخوێندەوە. ئەو لاى وا بوو خوێندنەوە ژێیەکانى ژیانە. گەرەکى بوو چ قسووری لەهەمبەر ڕۆژەکانیدا نەکات. هەندێک کات لەبەر خۆیشیەوە دەیبۆڵاند: ژیان بەم شێوەیە بێ ڕەنگ و پەڕپوتە، قورسە ئاوا بەردەوام بین. ئەو بیرى لەوە دەکردەوە؛ نەدەبوو تەنیا کووڕەکەى بنێرت بۆ ئەورووپا، بەڵکە دروست ئەوەیە ئەوانی دیکەش ڕزگاریان ببووبایە. تەنێ ڕەوا سەفەرى کردبوو، بوار و مەوداى خوشکى لەگەڵ دایک و باوکى چاوەڕێى ئەوە بوون ڕەوا بگاتە شوێنکى دڵنیا و دابسەکێت، پشتى ئەوە ئەوانیش چاوەنۆڕیان تەواو بێت.

ئەو چەند ساڵەى دوایى خەریکى خوێندنەوە و نووسین بوو. یەکێک لەو کتێبانەى مەنگییەکى زۆرى نایەوە و بوویە مایەى گوڕەشەش بۆى؛ ڕەسەنەکانیى ئێرووکە کێن؟ بوو. کتێبێکى بەڵگەمەند بوو. لە ناواخنیدا باسێکى تێر و بەپێزى مێژووییی مەولەوییەکانى لەخۆگرتبوو. شاعیرانیان، بیرمەندانیان، ڕەچەڵەکیان، موفتى و ژنە دیارەکانى سەردەمانى زووى ئەوانى تێدا تۆمارکرا بوو. سەید مەولەوى بە پەژارەوە باسى شێواندى ئەو شارەى دەکرد و لاى وابوو کووفرێکى گەورەیە ڕەسەنەکان بێدەنگن لەهاتنى ئەمانە و دەستەمۆیان بن. بەو دوا دوایانەش مەولەوى هەمان حەوسەڵەى جارانى نەمابوو، دۆخێکى ناجێگیرى تووش هاتبوو. پێى وا بوو هاتنى تاریکى، جگە لە مەرامى شێواندن و ترس، چیدیکەى لە هەگبەدا نییە. هەرچى پێوەندیى بە مرۆڤاییەتى و پیرۆزییەکانى ئەو شارە هەبوو، هەموویان هەپروون و هەلابەهەلا کرد. ئەم شارە دواى وێرانکردنى “نەبى یونس” کەلێنێکى گەورەی تێکەوت. پڕووشکى ئەم ڕووداوە، وردە مروارییەکانى زنەى ئەویشى وشکرد. چرکانى دەژمارد دەرفەتێک بێتە پێشێ و ئەم شارە بۆن باڕووتگرتووە، ئەو باڵەخانە بێژینگییانە بۆ ماوەیەک جێبهێڵێت. لێ دەروازەکانى ئەوەندە تۆکمەبەندى بوو. دەرچوون لێى ببوو بەو گوڵە کامیلییایەى کوو لە بێخاوەنیدا سیس، لۆچگرتوو و بەئەژنۆداکەتوو دەردەکەوت. بۆیە هەموو شەوانێک وەختێ سەرى بە سەرینەوە دەنووساند خەو زڕاو ڕۆژەکانى لە خرماشە دەدا و دەیگوت: مستەحیلە، مستەحیلە و مستەحیل…

ناوشار

زووتر پێم وتبووى گەورە بووە، مەگرمێنە بەهێواشى ئەوەى پێویستە بیزانێ بۆى باس کە. باشییەکە ئەوەیە هەنێ سەرەباست دەرکاندووە هاڵاوى خوێنیان لێ بەرزەوە نابێـت. پێت وتبوو. بۆى گێڕامەوە: ئێمە لە هۆزێکى ڕەسەنى ئەم شارەین ناشێ بەهاتنى نەیارێک و یەک دوو گرووپى شەڕانى بیر لەوە بکەینەوە سەرهەڵگرین. وتبوت: گەرماى ئەمساڵ تاقەتپڕوکێنترە و ساردکەرەوەکان لە بێکارەباییدا ژەنگ و کەڕوویان گرتووە. سەبارەت بەو چیرۆکانەى لەبارەى خەڵکەکەوە بڵاودەبێتەوە وتبووت: بیریان لێ مەکەرەوە. هەنووکە ڕەوا لە شوێنى خۆیەتى، شووقەییەکى خنجیلانەى هەیە. خۆى دەڵێت ژوورەکەى لە کیژۆڵەیەکى تازە مەمکگرتوو دەکات، ڕەواى پەیوەست کردووە بە خۆیەوە.

خەیاڵ بکە ژنەکە! تاق و دیوارەکەى تژێیە لە وەێنەگەلێکى سینەماکار و هونەرمەندان، ژنەکە، وەیادت دێ (بە ئاخەوە. بەحاڵ چاوە ناهاوسەنگەکەى نووقاند و هەڵیهێنایەوە) ئینجا درێژەى بە چنینەوەى ڕستەکانى دا: وێ جارێ کوو کامێراکەى کردبوویەوە وێنەى ئەحمەد رازى و نازم غەزالی و شێخى گەورەى مەولەویشى هەڵواسیبوو. کووڕەکەمان لەسەر بنچى خۆى ڕوواوە. بۆیە کە قسەى لەگەڵ دەکەی، ئەگەرچى لە هەنووکە سانا نییە، کێمتر باسى خراپییەکانمانى بۆ بکە. بەرسڤى ئەوەى مەدە هەموو کۆڵانەکانى شار هێزى لێ بڵاوە. مەدوێ لەبارەى مەترسییەکانى سەر کچانمان و هەر کە باسى ڕفێندراوەکانى کرد، وەک هەورەتریشقە پێیدا بشریقێنە و بڵێ: کەمتر پەیوەندیى بە ئێمەوە هەیە. زۆرینەى ژنانى بەردەستى ئەوان کچانى دەرەوەى شارن.

شتێ کە گەرەکە بیزانێ کاولبوونى شارەکەیە. کوونیلکە زۆرەکانى دواى جولەى پەلاپیتکە تفنگەکانە. ئەو دەوارى خۆڵەیە کە ئۆکسجینى لەهەوادا، ژەهراوى کردووە. ترس و دڵەڕاوکێ بێبڕانەوەکانە کوو هەموومانى تووشى هێدمە کردووە. حەنان گیان هەموو ئەو قسانەم بۆ ئەوەیە مەهێڵە لەو دوورەوە کووڕەکەمان هەمان دۆخى ئێمەى هەبێـ.ت، دەخوازم ئەو جودا لە ئێمە گەورە بێت و ئایندەیەک بوونیاد بنێت بۆ تۆ و خوشکەکانى. بەڵێنم پێ بدە کە قسەت لەگەڵیدا کرد بەڕوویدا نەگری، ئاخر نەگری… نابێت هەست بە ڕووخانمان بکات.

ئێمە و گرمژنەکان

خانمى مەولەوى لە ناندینەکە دانیشتووە. بێشک ڕەچاوى بارى هاوسەرەکەى دەکرد و بەداخیش بوو بۆ ئەو ڕۆژانەى ڕۆژگار لاى لێنەکردنەوە. خێزانێک بوون زەمەنى دەهەنگاون. دواى تێکچڕژانى دۆخەکە و تێکچوونى پترى هاوسەرى، خانمى مەولەوى پێستى لە ئەسمەریەوە گۆڕاو بۆ کاکاوییەکى تارى، دەتگوت دووساڵیش دەبیت نەچووە بەلاى باولە بچووکەکەى ئارایشت. ناوەناوە دەنگى هەواڵەکان باش ناڵێن. شار خرۆشاوە. بڵندگۆکان نەڕەیان دەچێتە ئاسمان. دەیگوت: هاوسەرەکەم، گێژ. کۆڕۆژ دوو ژەم سارۆتێن و ئسکیتالوبڕام، دەخوات.

هەنگاوەکانم ئەویان بە نزیکم خستەوە، گوتم: کاتییەتى… هێشتا ڕستەکەم تەواو نەکردبوو، گوتت: ئاخر. گوتم: چى ئاخر هەر نایشزانى لە چییەوە دەدوێم. خەندەیەکى نەشازت کرد، گوتت: مەگەر ئەو چەند ساڵە لەگەڵ تۆ نەژیابم. چۆن؟ چۆنى بۆ چییە، تۆ کەى دەرکت بە ڕووداو و شتەکانى ئەم شارەوە کردووە! هەردەم بیرت لاى ئەو بووە. گوتم: هەڵە بووم. گوتت: باسى هەڵە نییە ویستم ئەوە ڕاستکەمەوە کوو پێتوابوو من نازانم ئارەزوو چ دەکەیت. گوتم: بیکەین. نەتگوت نا. گوتم: لە کووێ. بەرسڤى چ جێیەکت نەدام. بڕۆینە لاى مێزتوالیتەکە، دەزانى شعورێکى عەجیبە کە خۆمان دەبینم. تۆش: بەڵێ ئارەزووى بینینت لە ئاوێنەدا دەکەم.

گوتم: ئاوا لە دەرەوەى ئارەزووتم. بەرسڤت دا: خراپیى تۆ ئەوەیە شتەکان وەک خۆى وەرناگریت ئێمە باسى سەرجێى دەکەین. ئەى نا، کێ لە تۆ ئەولاترە بۆم. ئەوە تۆیت هەموو بۆشایییەکانى منت پڕکردۆتەوە. قسەکانتم بڕى: هیچ کات هەموو بۆشایییەکان پڕنەبوونەتەوە ئەوەى هەیە کۆمەڵیک وەهمە و دەستمان پێیەوە گرتووە تا ئەم جەنگە نەیبات. هەڵتدایێ: بۆ باسى جەنگ دەکەى، وتمان وشەى جەنگ نابێت منداڵەکان و ئەم دیوارانە بیبیستن. گوتم: جەنگ هەموو وڵاتى گرتووە، لە کۆڵان بە کۆڵانى ئەم شارە ئەڵڵاهوئەکبەریتیان، تۆش دەتەوێ نەیبیستن. هەموو شت ئاوەژوو بوو. خەونەکانیشمان…

وشەکانت لە دەممدا زیندانى کرد. پەنجەکانت بە لێومەوە نووساند. هێواش وتت: کەلعادە. با دەست بەوانەوە بگرین کوو هەمانن. بە دەستت دەستمت خستە سەر مەمکى چەپت. گوتت جلەکانم داناکەنى؟ هەر دەبێت من بیرت بخەمەوە. گوتم: هەروا هاتووە تازە درەنگە بۆ فێربوونى دەستپێشخەرى. بلووزە وەردییە خەتخەتکەتم بەرزکردەوە. مەمکدانە زبرییەکەت دەرکەت، بیست ساڵى خۆت دەچوویەوە. زلن. خەندەیەکت کرد. کاڵییەتى پشت مەمکدانەکەت، مەیلم بوو پەنجەمیان بۆ بەرم، گرمژنەکەى دەرەوە خاوى کردینەوە. وتمان: دەبوو ئەمڕۆ چ گرمژنێک نەبووایە، چى دەبوو. وتمان: قەدەرى ئێمە ئاوا هاتووە. وتمان: تازەکى ئەبێ چەند کەسی دیکە مردبێتن. کووێرانە

مێزتەوالیتەکەمان بیرچوو و بڕاییەوە.

تنۆکە بەنەوشەییەکانى بوار

 لە ڕۆژى هاتنى پاپا فرانسیس بۆ حەوشولبیعەى خاپوورکراو، پتر شێواوى بە باوکمەوە دیارە. زۆر پێویست نەبووایە پەیڤێکى لەدەمدا نەدەهاتە دەرەوە. هەمیشە دەیڕوانییە ناوەڕاستى بانى باڵکۆنەکە. ڕەوا ساڵێک لەمن منداڵترە و ئێستا بووە بە پزیشکى دەماراتى مێشک. مەودا بەهۆى شووکردنەوە لە خوێندن دواکەوت و خاوەنى سێ کچ و کووڕێکە. هاوسەرەکەى ڕیشنێکە هەردەم مەست. ماینەتەوە من و ئەو دایکە وێرانەم، دەزانم هەناوى هیچ باشتر نییە لە وێرانییەکانى حەوشولبیعە. ورگن، قڕێژاوى و بۆنگرتوو. پنوک پنۆکى ڕەش بە سیمایەوە دیارە. نازانم بۆ دەبوو ئاوامان بەسەر بێت، ئاخر ئێمە خەونمان هەبوون. خەون. پاشپانییەکى تژى لە درزى بچووک و زل دەڵێى تڵیشاوەتەوە. باوکم چى! مینا پەڕاگەندەیەک، ددانەکانى زەردێکى کلسگرتوو و ناودەم بۆگەن. پێنجیان کەتووە و دانەیەک لە بەشى پێشەوەى سەرەوە، شکاوە.  قژێکى سپى و سوور و ڕەش، هەر نازانێ بۆییەى بکات و دەلیڤەى ئەوەش نادات من یان دایکم هاوکارى بین. پیاوان کە کەنەفت بوون، ناشرینن.

وا دەبینم ورگنییەکەى کە زۆر حەبووسى کردووە، پتر هى دەرمانەکانى بێت. بەردەوام لەسەر کوورسییەکەیەتى و ناوەناوە دەفرمێسکێنێت. تاوتاوێکیش بەرزە قاقاى دەرگە کراوەکەى پشتى تێپەڕ دەکات. ترسێکى زۆرى هەیە لە داخستى دەرگە و هەر دەنگێکى بەرز. ڕاستییەکە ئەوەیە نایەتە سەر زوبانم بڵێم باوکم شێت بووە. ئا ئا مەولەوییەکەى حەنان ئیتر وشیار و ژیکەڵەکەى ڕۆژگار نییە. هەر چ کاتێک چووبێتمە لاى، چاوى لەسەر کوورسى و پەت و پەرداخە ئاوەکەى بووە، کە پەت و پەرداخەکەى لەولاتر کوورسیەکە جێگیر کردبوو. دوایین جار دکتۆر پێى گوتین هەتا هەیە لەوە باشتر نابێت. چاوى لەسەر هەڵمەگرن و دەلیڤەى ئەوەى بۆ دروست مەکەن بە تەنیا بێت، بە تایبەت لە شەودا.

ڕەوا ئاگاداریى هەموو شتێک بوو. سەرجەم فەحس و دەرمان و ڕاپۆڕتەکانى دکتۆرم بۆ ناردبوو. پشتڕاستى ئەوەى کردەوە کە دکتۆر دەیڵێت. دەیگوت ڕێگەیەک کوو هەبێت چاودێریکردنى ئێوەیە بە بەردەوامى و خواردنى دەرمانەکانییەتى لە ساتى خۆیدا. مەوداش بەکەمى سەردانى دەکردین، لەلایەک دۆخى باش نەبوو بە دەست ڕیشنەکەیەوە. لەولاشەوە منداڵەکانى زۆر لە باوکم دەترسان و مەودا دەیگوت، هەر ڕۆژێک بێمەوە، شەوەکەى منداڵەکان نەخەوتوون و هەر زیڕاندوویانە.

ڕنینەوەى پشتەدەست

هەرچۆنێک بێت دەمەویست قسەکانى بوار بەهەند وەرگرم، ئەو بەتەنیایە و دوو نیوەمرۆڤیشى بەسەرەوەیە. لێ دۆخى منداڵەکانیشم لا گرنگ بوو. لەگەڵ عەبودى هاوسەرم ئەو باسەم کردەوە؛ وا پێویست دەکات زووزوو سەرێکى ماڵى دایکم بدەم و هاوکاریى بوار بم. بەڵام کێشەکەمان ترسى منداڵەکانە لە بینینى سیماى شەپۆڕی باوکم. عەبود نازانم چۆن بوو کە ئاوا پێداگریى دەکرد لەوەى نابێت کێماسى و خۆدزینەوەت بێتە سەر. دەیگوت هەرچۆنێک بووە تا باوانت ماون ئەرکى خۆت بەجێ بێنە. بۆ منداڵەکانیش ئەوە بدە دەستى خودا. خۆ ناشێ لەبەر ئەوان ئاگات لە مردنى باوانت بچێت. عەبود باوەڕى پێهێنام و هاتمە ئەو خانووەى کەوا منداڵى و سەرەتای گەنجییەتم لێیەوە بەسەر برد. ئەو ماڵە ڕۆژانێ بەهەشتێک بوو بۆ خۆى. باوکێکى خوێندەوار و دایکێکى میهرەبان. هەمیشە موزیک دەبیسترا. باوکم بە نۆرە شیعرى پێدەخوێندینەوە و هانى دەداین سەرەتا شیعرە چاکەکان و مێژووى خۆمان ئەزبەر بکەین، پاشان قورئان. لەوەتاى هاتوومەتەوە هەر کە چاوهەڵدێنم تەنێ وێرانە دەبیم، بە ئێستاشمەوە.

هەمیشە چاوم لەسەریان بوو. شەوان هەرسێکیانم لە نێوان خۆم و بوار دەنوواند. دایکیشمان لە ژوورەکەى دیکە، هەم ئاسوودەتر بوو لەوێ، هەمیش ئاگاى لەو باوکە پەرپووتەشمان دەبوو، ئاخر پەرپووت ببوو. سێ شەوى ئەنگوستەچاو، پەژموودەحاڵ تێپەڕى، منداڵەکان لەگەڵ خۆراوابوون نووزەیان دەهاتێ و تاوتاو دەبوو بە فنگەفنگ، تاکوو زیڕەکانیان گۆێییەکانمانى کاس دەکرد. شەوى چوارەم پەرجوویەک بوو بۆ خۆى، تەنیا یەکجار ناتالیاى بچووکم گوتى: دەترسێم لەگەڵ دێى میز بکەم. لەگەڵ بوار بەیەکەوە هەستمان بەوە کرد؛ تۆ بڵێى ئەم شەو منداڵەکان باشتر نەبووبێت! شتێکى سەیرە کاتژمێرکە نزیک بوو لە دە و کەسیان نەگریاون. تاسەر جێگەکانیشیان گرینیان نەدەبیسترا. تا خەوتیشن.

لەسەر پشت پاڵکەتبووم سەیرى ڕووناکى موبایلەکەمم کرد، کاتژمێر لە سێى شەو ڕەتی دابوو. بە مێشکمدا هات، عەبودیش ژیرە گەر لە دەمى مەستی نەبێت، خودا هاوکارمان بوو و منداڵەکان ڕاهاتوون. چاوم هەڵگۆڤاند و ڕابووم، بەرەو سەرئاو چووم و چۆڕە میزێکى کەمم کرد بە ئازارەوە. لە گەڕانەوە بۆ جێخەوەکەم لام نامۆ بوو دەرگەى باڵکۆنکە کۆڵوم دراوە. ئاسایی لەبەر ئەوەى بەردەوام لەو ماڵە نەبوو دڵەخورپەییەکى وام نەبوو. بوارم لە خەو هەڵساند. هەر کە بیستى دەرگەکە داخراوە یەک دووى لێ نەکرد ڕایکرد بەرەو باڵکۆنەکە. بەدوایدا ڕامکرد. لەو ماوەیەدا باوکم ژەمى دەرمانەکانى ببوو بە سی ژەم. بێدەنگییەکى بێکۆتایی هەبوو. دەرکى بە پێویستییەکانى خۆى نەدەکرد. هەموومانى لە دۆخێکى ناجێگردا کەنارکردبوو. بوار بەر لە من گەیشتە وێرێ. زیڕاندى، تا من ئەو دوو هەنگاوەم نا، خوشکەکەم بووراببوویەوە. ئاخر هیچ نەما بۆى نەکەین، ئەوەندە بارى تێکچووبوو نەیدەتوانى سوود لە شتاقمان وەربگرێت.

چ ئەزموونێکى تەلیسماوییە، وامان لێ دەکات قێز بکەینەوە لەم سەرزەمینە و حەوداڵى شوێنێکى دیکە بین لە دەروەى زەوی، بۆ سەرنانەوە. ئەو سپێدەیییە لەوە دەچوو باوکم چاوەنۆڕی خەوتنى ئێمەى کردبێت، پشتەدەستەى ڕنینەوەیى قووڵى پێوە دیار بوو. پەرداخە ئاوەکەى خواردبووییەوە و پەتەکەى لە ملیدا گیرکردبوو. سەرى بەلایەکدا و ورگى نیوە ڕووت. ئۆڤ تۆ چووزانى مرۆڤ چەند ناشرینە بە هەڵواسراوى.


[1] دەستنووسەکان ناسووتێن، جی ئەی ئی کریست، یاداشتی بۆلگاکۆف، سەردەم،٢٠١٦.

هاوبەشی بکە