30/11/2024
DidiMn Logo
Top

فیلمی “باڵەكانی ئارەزوو” یاخود “بەھەشتێك بەسەر بەرلینەوە”

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

ئامادەکردن و وەرگێڕان: چرۆ عیزەت

فیلم: (Wings Of Desire 1987)
Dir: Wim Wenders

“کات هەموو شتێك چارەسەر ئەکات، ئەی ئەگەر نەخۆشییەکە کات بوو؟”

“باڵەكانی ئارەزوو” یاخود “بەھەشتێك بەسەر بەرلینەوە”؛ فیلمێكی ھۆنراوەیی، ڕۆمانسی، خەیاڵییە لە بارەی ژیانی فریشتە و مرۆڤەكانەوە، لە بارەی ئارەزووی ژیان و خۆشەویستی و مەرگەوە.

ئەگەرچی فریشتەكانی نێو ئەم فیلمە لە فریشتە ئاسمانییەكان نین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پاكی و ھاوەڵییان لەگەڵ خودادا پیشان دەدات، ئاگاداربوونیان لە یەكەم ساتەكانی ئافراندنی زەوی و ئاسمانەكان و مرۆڤ پیشان دەدات، ھەستكردن بە ئازار و ناڕەحەتی مرۆڤەكان و خەمگینی بۆیان كاریانە.

“ڤیم ڤێندەرس”ی فیلمساز لەسەرەتادا چەند ساڵێك خوێندكاری كۆلێژی پزیشكی بوو، پاشان واز دەھێنێت و ڕوو لە خوێندنی فەلسەفە دەكات، دواتریش بەرەو پاریس گەشت دەكات بۆئەوەی وەكوو نیگاركێش و وێنەگر دەستبەكار بێت. سەرجەم ئەم ئەزموون و زانیاری و ئارەزووانەی لە بەرھەمھێنانی ئەم فیلمەدا بەكاردەھێنێت، بەتایبەتی لە تەكنیكی وێنەگرتنی فیلمەكە و بەكارھێنانی كامێرای گوازراوە و ھەڵگەڕاوە و سینەماتۆگرافی فیلمەكەدا، كە دوو لە بەھێزترین خاڵەكانی فیلمەكەن لە پاڵ چیرۆكەكەدا. لە دوای ڕووخانی دیوارە گەورەكەی بەرلینەوە بیرۆكەی بەرھەم ھێنانی ئەم فیلمە لە مێشكیدا گەڵاڵە  دەبێت و بە ھاوكاری “پیتەر ھاندیكە”ی شانۆنووس چیرۆكی فیلمەكە دادەڕێژن.

چیرۆكی فیلمەكە باس لە دوو فریشتە دەكات، بەڵام ئەم فریشتانە لەو فریشتانە نیین كە بەسەر شانی ڕاست و چەپی مرۆڤەكانەوە وەستاون و چاكە و خراپەكانیان دەنووسنەوە.

“دامێڵ” و “كاسێڵ” دوو فریشتەی ھەستەوەرن بەسەر ئاسمان و شەقامەكانی بەرلینەوە، چاودێری مرۆڤەكان دەكەن، دەتوانن گوێیان لە ئارەزوو و لە بیركردنەوەكانیان بێت، گرنگی بە حەز و بۆچوون و توانا و ترسەكانیان دەدەن، بەڵام جگە لە منداڵەكان ھیچ كەسێكی تر ناتوانێت بیانبینێت وھیچ كەسێك ھەست بە بوونیان ناكات، چونكە منداڵ و فریشتەكان لە پاكی و بێتاوانیدا ھاوشێوەی یەكدین، پاشان “دامێڵ” لە گۆڕەپانێكی سێركدا دەكەوێتە داوی خۆشەویستی  خانمێکی تەنافبازەوە و دەیەوێت دەستبەرداری پاكی و بێتاوانییەكەی خۆی [وەكو فریشتەیەك] ببێت و ئیتر وەكو مرۆڤ بژی، ھەتاكوو بتوانێت بە خۆشەویستی  خانمەکە بگات و لەگەڵیدا بژی. ھەروەھا یەكێكی تر لە ھۆكارەكان كە ھانی دەدات واز لە فریشتەبوونی خۆی بھێنێت ئەو كاتەیە كە چاوی بە ئەكتەری ئەمێریكی “پیتەر فاڵك” دەكەوێت كە سەرقاڵی بەرھەمھێنانی فیلمێكە لەبارەی نازییەكانەوە و لە بارەی ھەستی |مرۆڤبوون|ەوە بۆ “دامێڵ” دەدوێت.

لە سەرەتادا دیمەنەكانی فیلمەكە ڕەش و سپین، كامێراكە بە شەقام و ماڵ و باڵەخانەكانی بەرلیندا دەسوڕێتەوە و دیمەنی خەڵكی بەرلین و خەم و كێشە و ناڕەحەتییەكانیان دەگوازێتەوە. وردە وردە دیمەنەكان لە ڕەش و سپییەوە دەگۆڕێن بۆ ڕەنگاوڕەنگ و  دیالۆگەکان دەبن بە ھۆنراوە، ھەریەكە لە زمانەكانی (ئەڵمانی و ئینگلیزی و ئیسپانی و ژاپۆنی و فەڕەنسی و توركی و عیبریی) لە فیلمەكەدا بەكارھاتووە، بە “ڕەنگ گۆڕان”ی فیلمەكەشدا بۆمان دەردەكەوێت كە فریشتەكان دنیا بە ڕەنگی ڕەش و سپی دەبینن و لە چاوی ئەوانەوە دنیا تەنیا دوو ڕەنگە، بەڵام لە چاوی مرۆڤەكانەوە دنیا ڕەنگاوڕەنگە و پاش گۆڕانی “دامێل” لە فریشتەوە بۆ مرۆڤ فیلمەكە دابەش دەبێت بۆ دوو لایەنی جیا، دنیای “كاسێڵ” بە ڕەش و سپی و ” دنیای “دامێڵ” بە ڕەنگاوڕەنگ.

“كاسێل” واقعبینە، كاتەكانی بەفیڕۆ نادات، نایەوێت بگۆڕێت بۆ مرۆڤ و بیركردنەوەش لەو بابەتە خەمباری دەكات، زۆر بە وردی گرنگی بە ئارەزوو و ئێشی مرۆڤەكان دەدات، گوێیان لێ ڕادەگرێت و ھەست بە ئازارەكانیان دەكات، خۆی وەكو تاوانبارێك دەبینێت كاتێك مرۆڤەكان لە ئازاردا دەبینێت و ناتوانێت ھیچیان بۆ بكات.

بەڵام “دامێل” ھەستیارە، دەیەوێت وەكو مرۆڤ بژی، یاری كاغەز بكات و قاوە بخواتەوە و جگەرە بكێشێت، بریندار بێت و كڵاو لەسەر بكات و پۆشاك بگۆڕێت. ھەرچەندی زیاتر چاودێری خەڵك بكات زیاتر حەز دەكات لێیان نزیك بێتەوە [وەكوو مرۆڤ]. ھەرچەندی زیاتر گوێبیستی بۆچوون و ئارەزووەكانیان بێت زیاتر حەز دەكات ببێت بە مرۆڤ، بە ئارەزوو و جووڵە و قسەی مرۆڤەكان كاریگەر دەبێت، كاتێكیش “پیتەر فاڵك” باسی خواردنەوەی قاوە لە بەیانیاندا و ھەستكردن بە سەرما و تا لێھاتنی بۆ دەكات، حەزی “گۆڕان لە فریشتەوە بۆ مرۆڤ” زیاتر لە ناخیدا دەچەسپێت.

“ماریۆن” خانمێكی تەنیا و بیر ئاڵۆزە، لە گۆڕەپانێكی سێركدا وەكوو تەنافباز كار دەكات، “دامێل” لە نمایشێكدا چاوی پێی دەكەوێت و عاشقی دەبێت، ھەربۆیە دەیەوێت بگۆڕێت بۆ مرۆڤ و بە “ماریۆن” بگات.

پاش ئەوەی سێركەكە بەھۆی مایەپووچبوونیانەوە دادەخرێت وەكوو شاگردی قاوەخانەیەك كاردەكات و چاوی بە “دامێل” دەكەوێت كە چیتر مرۆڤە و فریشتە نییە و دەبنە خۆشەویستی یەكتریی.

“ڤیم ڤێندەرس” بەم فیلمە ویستی پێمان بڵێت مرۆڤ ھەر بە زیندوویی مردووە، خاوەنی شتانێكە كە فریشتە و ئاژەڵەكان نیانە، كەچی ھێشتاش دڵخۆش نین. بە شتانێكەوە سەرقاڵن كە دڵخۆشی خۆیانی تێدا نابیننەوە. گرنگی بە وردەكارییەكانی ژیان نادەن و لە یەكەم شكستدا وازدەهێنن. بەبێ ئومێد و بەبێ متمانە و بەبێ خۆشەویستی ژیان دەگوزەرێنن.  بەبێ ئەوەی وەكوو مرۆڤێك چیرۆكێكیان ھەبێت بیگێڕنەوە.

لەم بەستەرەی خوارەوە بینەری فیلمەکە بن بە ژێرنووسی کوردی:

https://kfilmone.com/view/m?id=2146581651&fbclid=IwAR32iExSuyvrML8A7J0l5Xb3fF7ow5cq8Ua96woXV8x-9-yoYTQMYyStD2E
هاوبەشی بکە

wings of desire,