18/04/2024
DidiMn Logo
Top

بەشی یەکەم: بۆچی دەبێت دەروونشیکاری لەگەڵ بایۆلۆجیدا ئاشتببێتەوە؟

لە لایەن دیدی من 11 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – نووسینی د. ئێریک ر. کاندڵ
وەرگێرانی: د. کۆیار شێرکۆ

“دەبێت گریمانەی ئەوە بکەین کە ڕەنگە بۆچوونە کاتییەکانمان دەربارەی دەروونناسی ڕۆژێک لە ڕۆژان پشت بە پێکهاتە جەستەییەکان ببەستێت.”

– سیگموند فرۆید، “دەربارەی نارسیسیزم”

“گەر ئێستا لە جێگایەکدا بووینایە کە بمانتوانیایە لە بری دەستەواژە دەروونییەکان، دەستەواژەی فیسیۆلۆجی و کیمیایی بەکاربهێنین، پێناسەکانمان بۆ چەمکەکان هێندە کەم و کورت نەدەبوون. ڕەنگە فیسیۆلۆجی و کیمیا زانیاری ئێجگار سەرسورهێنەریان پێبێت، ناتوانین پێشبینی ئەوە بکەین لە چەند ساڵی داهاتوودا چ وەڵامێکیان بۆ پرسیارەکانی ئێستای ئێمە پێدەبێت. ڕەنگە بە جۆرێک بن کە تەواوی ئەو بناغە دەستکردەی بۆ گریمانەکانمان پشتی پێدەبەستین، لەناوببات.”

– سیگموند فرۆید

لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا، دەروونشیکاری شۆڕشێکی گەورە بوو لە تێگەشتنماندا بۆ ژیانی دەروونی. ئەم قوتابخانەیە چەندین تێڕوانینی گرنگی دەربارەی پرۆسە دەروونییە نائاگەمەندانەکان هێنایە ئاراوە. تێگەشتنی نوێی بۆ حەتمییەتی دەروون، سێکشوالیتی منداڵ و لە هەمووی گرنگتر، ناعەقڵانیبوونی مۆتیڤە مرۆییەکان پێشخست. سەرەڕای ئەم بەرەوپێشچوونانە، دەستکەوتەکانی دەروونشیکاری لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا، هێندە سەرسورهێنەر نین. هەرچەندە بیرکردنەوەی دەروونشیکارانە هەر لە گەشەدا بووە، بەڵام لە بەرهەمهێنانی ئایدیای نوێدا سنووردار بووە، ئەوەی کە ڕوونە تەنها چەند ئایدیایەکی نوێی دەربارەی قۆناغەکانی گەشەی منداڵ سەرپێ خستووە. لە هەمووی گرنگتر، لە هەمووشی نائومێدکەرتر ئەوەیە کە دەروونشیکاری لە ڕووی زانستییەوە هیچ گەشەیەکی نەکردووە، بە تایبەتیش نەیتوانیوە گەشە بە هیچ ڕێگایەکی زانستی ئۆبجێکتیڤ بدات بۆ تاقیکردنەوەی ئەو بۆچوونە هەژێنەرانەی پێشتر دەیخستنە بەرباس. لە ئەنجامدا، لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا، ئاراستەی کاریگەرییەکانی دەروونشیکاری، بەرەو خوار دەڕوات.

ئەم سەرەولێژبوونەوەیە جێی داخە، چونکە دەروونشیکاری هێشتا هەڵگری ڕازاوەترین تێگەشتنی بیرمەندانەیە بۆ مێشک. گەر دەروونشیکاری بیەوێت کاریگەری و هێزە ڕۆشنبیرییەکەی بە دەستبهێنێتەوە، دەبێت لەو خاڵەوە دەستپێبکات کە هێندە بە توندی بە گژ ڕەخنەگرەکانیدا نەچێتەوە. ئەمەش دەبێت لەلایەن ئەو کەسانەوە بکرێت کە بەڕاستی گرنگی بە بابەتەکە دەدەن و دەیانەوێت تیۆرییەکی لێکدراوی ڕاستەقینەخواز دەربارەی هاندەرە دەروونییەکانی مرۆڤ پێشبخەن. ئامانجی من لەم وتارە خستنەسەرپێی یەکێک لەو ڕێگایانەیە کە دەروونشیکاری دەتوانێت لە ڕێیەوە خۆی پڕ وزە بکاتەوە، ئەویش لە ڕێی بنیاندانی پەیوەندییەکی نزیکتر لەگەڵ زانستی (بایۆلۆجی) زیندەوەرزانی و و بەتایبەتیش لەگەڵ زانستی دەمارناسیدا.

درووستکردنی پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ دەمارناسیدا، دوو ئامانجی گرنگی بۆ دەروونشیکاری پێیە، یەکێکیان پەیوەندی بە چەمکناسییەوە هەیە و ئەوی تریشیان پەیوەستە بە زانستی تاقیکردنەوەی گریمانەکانەوە. لە ڕوانگەی شیکردنەوەی چەمکەکانەوە، بایۆلۆژی دەتوانێت بناغەیەک بۆ گەشەکردنی دوورمەودای دەروونشیکاری دابنێت، بناغەیەک کە دەکرێت ئامانجدارتر بێت لەو بناغەیەی ئێستای، کە مێتاسایکۆلۆجییە. دابد ئۆڵدز، ئەم بەشداریکردنەی بایۆلۆجی ناودەنێت “نووسینەوەی مێتاسایکۆلۆجی [1]لەسەر بناغەیەکی زانستی.” لە ڕوانگەی تاقیکردنەوەی زانستییەوە، ئەم پاشخانە بایۆلۆجییە یارمەتیدەر دەبێت لە پێشخستنی توێژینەوەدا دەربارەی شێوازی کارکردنی مێشک.

بۆچوونێکی تر ئەوەیە کە دەروونشیکاری دەبێت بە دەرئەنجامی بێفیزی سادەتر قایل بێت، بۆ نموونە دەبێت هەوڵی نزیکبوونەوە لە دەروونزانیی مەعریفی (کۆگنیتیڤ) [2]بدات، کە ئەمەش قوتابخانەیەکی نوێتری دەروونناسییە و بەروارد بە دەروونشیکاری، کاریگەرییە کردارییەکانی زیاترن. من هیچ لاریم لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نییە، بەڵام ئەوەی کە دڵخۆشکەرتر دەردەکەوێت، کۆکردنەوەی دەروونزانیی مەعریفی و زانستی دەمارناسییە لە یەک دیسپلینی تێکهەڵکێشدا، کە ئێستا پێی دەوترێت، دەمارناسیی مەعریفی. هیوادارم بە نزیکبوونەوە لە دەمارناسیی مەعریفی، دەروونشیکاری بتوانێت تێڕوانینی نوێ بەرهەمبهێنێت و وزە بیرمەندانەکەی بەدەستبهێنێتەوە.

نزیکبوونەوەی ماناداری زانستی لە نێوان دەروونشیکاری و دەمارناسی مەعریفیدا، بەو جۆرەی کە دەمەوێت لێرەدا باسی بکەم، دەروونشیکاری دەباتە نێو ئاراستەیەکی نوێ و چەند بناغەیەکی دامەزراوتری بۆ بنیاد دەنێت. ئامانجیشم لەمە، باسکردنی ئەو خاڵە هاوبەشانەیە کە دەروونشیکاری و بایۆلۆجی دەتوانن کاری لەسەر بکەن تا بگەنە دەرئەنجامێکی مانادارتر.

شێوازی کارکردنی دەروونشیکاری و تێڕوانینی دەروونشیکاری بۆ مێشک
بەر لەوەی باس لەو خاڵانە بکەم کە دەروونشیکاری و بایۆلۆجی دەتوانن پێکەوە کاری لەسەر بکەن، باشترە کە باسێکی ئەو فاکتەرانە بکەم کە دەروونشیکارییان گەیاندۆتە ئەم قەیرانەی ئێستا تێیدایە، قەیرانێک کە دەروونشیکاری بە تەواوی لە شێوازناسی توێژینەوەیی دوورخستووەتەوە. سێ خاڵی گرنگ لێرەدا هەن.

یەکەم، لە سەرەتای سەدەی بیستدا، دەروونشیکاری شێوازێکی نوێی پشکنینی دەروونیی داهێنا، شێوازێک کە پشتبەستوو بوو بە بەشداریی ئازاد و لێکدانەوە. فرۆید فێریکردین بە وریایی و بە شێوازی تایبەت گوێ لە نەخۆش بگرین، چەند شێوازێک کە پێشتر هەرگیز بەکارنەهێنرابوون. هاوکات چەند ڕێگایەکی تایبەتیشی بۆ لێکدانەوە داهێنا، تا بتوانرێت لەو شتانە تێبگەین کە ڕەنگە لە سەرەتادا گرنگ دەرنەکەون. ئەم ڕێگایە هێندە نوێ و کاریگەر بوو کە بۆ چەندین ساڵ، نەک تەنها فرۆید، بەڵکو چەندین دەروونشیکاری مەزن و داهێنەر پێیان وابوو کە دانیشتنی نەخۆش و دەروونشیکار پێکەوە و قسەکردنی تایبەتیان باشترین ڕێگای زانستییە. لە ڕاستیدا، لە ساڵەکانی سەرەتای دەرکەوتنی ئەم شێوازەدا، دەروونشیکارەکان لە ڕێگای گوێگرتن لە نەخۆشەکانەوە، هاوکارییەکی گەورەی زانستییان کرد. ئەم ڕێگایە ڕەنگە هێشتا بە جۆرێک لە جۆرەکان سوودبەخشت بێت، چونکە وەک ئانتۆن کریس [3]دەڵێت، “ئێستا جیاوازتر گوێدەگرین.” لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوە ڕوونە کە ئەم ڕێگایە وەک شێوازێکی توێژینەوە ئێجگار ماندووە. سەد ساڵ بەسەر ناساندنیدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا هیچ شتێکی تازەی لە ڕێگای گوێگرتن لە نەخۆشەوە نەدۆزیوەتەوە. دەبێت ئێمە لەم قۆناغەدا، بتوانین بە ئاسانی ئەو دەرئەنجامگیرییە بکەین کە بەتەنها لە ڕێگای گوێگرتن لە نەخۆشەوە بە شێوازی دەروونشیکاری، کە بە تەواوی لە ژێر کاریگەی لایەنگری کەسیی دەروونشیکاردایە، چیتر ناتوانرێت وەک بناغەی زانستی تێگەشتن لە مێشک مامەڵە لەگەڵ دەروونشیکاریدا بکەین.

لە ئێستادا ئەم بۆچوونە تەنانەت لەلایەن ئەو کەسانەشەوە خاوەندارێتی لێدەکرێت کە لە ناو بازنەی دەروونشیکاریدا کار دەکەن. بۆ نموونە، کورت ئیزلەر [4]دەڵێت، “خاوبوونەوەی تەوژمی توێژینەوەی دەروونشیکاری بەتەنها پەیوەندی بە بابەتە خوودییەکانی دەروونشیکارەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیدارە بە کۆمەڵێک حەقیقەتی مێژووییەوە کە گرنگییەکی فراوانتریان هەیە، دۆخی ئێستای دەروونشیکاری ئەوەیە کە تەواوی ئەو شتانەی پێشکەشکرد کە لە هەگبەیدا بوو. گریمانە توێژینەوەییەکانی سنووردارن، بۆ نموونە لە توانایدا نییە گریمانەی پارادایمی نوێ سەرپێبخات.”

دووەم، لەگەڵ ئەوەی کە دەروونشیکاری لە ڕووی مێژووییەوە ئامانجێکی زانستی هەبووە، بەڵام لە ڕێگاکانی توێژینەوە و دەرئەنجامگیریدا، بە دەگمەن زانستی بووە. بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە، شکستی هێناوە لەوەی بتوانێت گریمانەیەکی زانستیی تاقیکراوە بەرهەمبهێنێت. دەروونشیکاری لە بەرهەمهێنانی بیرۆکەدا ئێجگار سەرکەووتربووە بەراورد بە تاقیکردنەوە و سەلماندنی بیرۆکەکانی. لە ئەنجامی ئەم شکستەشدا، هاوشانی ڕووبەرەکانی تری دەروونناسی و زانستی پزیشکی لە گەشەدا نەبووە.

ئەو زانستە مۆدێرنانەی لە ڕەفتاری مرۆڤ دەکۆڵنەوە، لە هەوڵی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لایەنگری و بۆچوونە کەسییەکانی ئەو کەسانەدان کە تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدەن تا دەرئەنجامی ئۆبجێکتیڤتر بهێننە بەرهەم. لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا نەبێت، سەرجەم ئەو داتایانەی چەندین ساڵە لە ژووری دەروونشیکارەکاندا کۆدەکرێتەوە نهێنی بوون. وتەی نەخۆشەکە، بەشداریکردنی ئازادیان، بێدەنگییەکانیان، جوڵە و ڕەفتارەکانیان بە هەند وەرگیراون. لە ڕاستیدا، بە نهێنی مانەوەی ئەم پەیوەندییە، لە دەروونشیکاریدا گرنگی زۆری پێدراوە و وەک چەق تەماشا دەکرێت. خراپی ئەمەش لەوەدایە، لە سەرجەم حاڵەتەکاندا، ئێمە تەنها لە بەردەم بۆچوونی زاتیی دەروونشیکاردا دەمێنینەوە، واتا تەنها ئەوە دەبینین کە دەروونشیکار پێیوایە ڕوویداوە. ئەمەش ناتوانرێت لە سیاقی زانستیدا، وەک داتا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. دەروونشیکارەکان خۆیان وا دەرناکەون کە گرنگی بە لاگرییە کەسییەکانی خۆیان و زاتیبوونی دانیشتنە دەروونییەکانیان بدەن.

لە ئەنجامدا، ئەوەی بۆرینگ [5]٥٠ ساڵ پێش ئێستا نووسیویەتی، بۆ ئێستاش ڕاستە، “بە بێ ئەوەی هیچ لە دەستکەوتەکانی کەم بکەینەوە، دەتوانین بڵێین دەروونشیکاری سەر بە قۆناغی پێش زانستە. هیچ تاقیکردنەوە و ئەزموونکردنێک لە ئارادا نییە و هیچ تەکنیکێکیش بۆ کۆنترۆڵکردن بوونی نییە. لە نەبوونی کۆنترۆڵیشدا، ئەستەمە بتوانرێت گریمانەی واتایی و حەقیقەت لە یەکتر جیابکرێتەوە.”

سێیەم، پێچەوانەی بازنە ئەکادیمییە پزیشکییەکانی تر، دەروونشیکاری کێشەی جدیی دامەزراوەییبوونی هەیە. دامەزراوە دەروونشیکارییە سەربەخۆکان کە ماونەتەوە و بەرگەی سەدەیەک کارکردنیان گرتووە، شێوازی تایبەتی توێژینەوە و ڕاهێنانی تایبەت بە خۆیانیان هەیە، ئەمانەش کۆمەڵێک ڕێگان کە ڕووپۆشکراون دژی ڕێگا باوەکانی تری توێژینەوە. جگە لە هەندێک حاڵەتی دیار، دامەزراوە دەروونشیکارییەکان نەیانتوانیوە دامەزراوەیەکی ئەکادیمی بۆ خوێندکارەکانیان بنیادبنێن تا بتوانن توێژینەوەی زانستی ئەنجام بدەن.

دەروونشیکاری بۆ ئەوەی بتوانێت وەک هێزێکی بیرکەرەوەی ناو کایەی زانستی پزیشکی و دەمارناسیی مەعریفی بمێنێتەوە و لە کۆمەڵگادا جێی ببێتەوە، دەبێت سەرچاوە و مێتۆدی نوێ بەکاربهێنێت و دامەزراوتر بێت لە ڕێگاکانی ئەنجامدانی توێژینەوەدا. چەندین دیسپلینی پزیشکی لە ڕێی پشتبەستن بە ڕێگاسازی توێژینەوەی زانستەکانی ترەوە توانیویانە سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنن، بەڵام دەروونشیکاری لەمەدا شکستی هێناوە. لەبەرئەوەی تا ئەم ساتە دەروونشیکاری خۆی وەک لقێکی بایۆلۆجی نەناساندووە و خاوەندارێتی لە کاریگەرییە بایۆلۆجییەکانی سەر مێشک و ڕەفتاری مرۆڤ ناکات کە لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا دۆزراونەتەوە، بۆیە ناتوانێت هیچی تر بەرهەم بهێنێت. ئەمەش ئەو پرسیارە درووست دەکات، بۆچی دەروونشیکاری گەرموگوڕتر نییە بە ڕووی بواری بایۆلۆجیدا؟


[1] Metapsychology : خوێندن و توێژینەوەیە دەربارەی بنەما ڕیشەییەکانی سایکۆلۆجی (دەروونناسی). هەر تیۆرییەکی سایکۆلۆجی دەگرێتەوە کە دەربارەی بونیادی خودی تیۆرییەکە بێت لەبری ئەو یەکەیەی تیۆرییەکە باسی دەکات. سەروکاری زیاتر لەگەڵ بابەتە دەروونییە خودییەکاندایە کە ناتوانرێت بە شێوازێکی بابەتی بسەلمێنرێت. بە کورتی: سایکۆلۆجی سەروکاری لەگەڵ دەرووندا هەیە و مێتاسایکۆلۆجی سەروکاری لەگەڵ خودی سایکۆلۆجیدا هەیە.

[2] Cognitive psychology: قوتابخانەیەکی دەروونزانییە کە لە شێوازی کارکردنی مێشک، بیرکردنەوە، هەستکردن، بڕیاردان و داهێنان دەکۆڵێتەوە، بە پشتبەستن بە زانستی ئەزموونکراو.

[3] ئانتۆن کریس، دەروونشیکارێکی بە ڕەگەز نەمساییە، دایک و باوکی هاوکارییەکی زۆری ئانا فرۆید دەکەن لە هەڵهاتنی فرۆیددا لە نەمسا. دواتر دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی دەروونشیکارانی بۆستن.

[4] کورت ئیزلەر: دەروونشیکاری نەمسایی. یەکێکە لەو کەسانەی بە شوێن پێی فرۆیددا ڕۆشتن و کاریان لەسەر دەروونشیکاری کرد. ساڵی ١٩٩٩ کۆچی دوایی کردووە.

[5] ئێدوین بۆرینگ (١٨٨٦-١٩٦٨) دەروونناسی ئەمریکی، پرۆفیسیۆر لە زانکۆی کلارک و هارڤارد.

هاوبەشی بکە