23/07/2024
DidiMn Logo
Top

بێسێبەرەکان

لە لایەن دیدی من 2 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – گۆران ڕەسووڵ

سەت ساڵە
ئیمپریالیزم
سێبەرەکانیانی بەسەر چوار سنووردا دابەشکردووە

نیو سەدەیە
بە سێبەری شکاوەوە
شەڕی زمان و خاک و ناسنامە دەکەن

سێبەرەکانیان ئەنفال کران
سێبەرەکانیان کیمیاباران کران
سێبەرەکانیان ئاوارەبوون

سی ساڵە
لەناو شەڕی براکوژیدا
سێبەرەکانیان دەدرێنە بەر گوللـە

بیست ساڵە
سێبەرەکانیان شەڕی نان و ئاو و گان دەکەن

دە ساڵە
بەناوی دێمۆکراسی و ناسیۆنالیزم و سەربەخۆییەوە
سێبەرەکانیان ڕۆژ و شەویان پێ دەکرێت

سێبەرەکانیان فرۆشران
سێبەرەکانیان زیندانیکران
سێبەرەکانیان بەر شەق دران

یەک ساڵە
بێ کارەبا
بێ ئازادی
بێ کار
سێبەرەکانیان دەلاوێننەوە

سێبەرەکانیان تۆران
سێبەرەکانیان کۆچیان کرد
سێبەرەکانیان ون بوون

دوو مانگە
بە پێ
لەسەر زگ
بە خەیاڵ
بە ڕێگەوەن بگەن بە سێبەرەکانیان

سێ هەفتەیە
نانی ڕەش
گەڵای درەخت
زووخاو دەخۆن، تا سێبەرەکانیان لە باوەش بگرن

دوو ڕۆژە
بە چووپێکی بێسەر 
لەم دوورگە بۆ ئەو دوورگە
هاواری سێبەرەکانیان دەکەن

یەک کاتژمێرە
بێ پاسپۆرت 
بێ هیوا
سەر مەستانە
لەگەڵ ماسییەکان
لەناو قووڵایی زەریادا
بە دوای سێبەرەکانیان دەگەڕێن.

_________
ئەم تێکستە پێشکەشە بە بەنگین پیرۆت کە بۆ گەڕان بە دوای سێبەرەکەیدا ڕوحی خۆی بەخشییە قووڵایی زەریا.

هاوبەشی بکە