28/11/2022
DidiMn Logo
Top

بایۆلۆژیای خۆشەویستی

لە لایەن دیدی من 4 هەفتە پێش ئێستا

دیدی من – د. بروس لیپتن
وەرگێڕانی: داڤان فاتیح

خانەکانی جەستەت پەیوەندییان چییە بە خۆشەویستییە؟ بایۆلۆژیای گەردیلەیی و ڕۆمانسییەت زۆر نزیک نین لە یەکترییەوە، بەڵام بەپێی دکتۆر بروس لیپتن بێت تەواو پەیوەندییان پێکەوە هەیە و پێشی دەڵێت: ”کاریگەری مانگی هەنگوینی.” دکتۆر بروس لیپتن کە زانایەکی بایۆلۆژی ناودارە و خاوەنی خەڵاتی ئاشتی گۆیە (Goi Peace Award) بۆ ساڵی ٢٠٠٩ و هەروەها نووسەری کتێبی (The Biology of Belief)ە.

هەمووان دەتوانن ساتی ”عاشقبوون”ی خۆیان بەبیربێتەوە، کە بەگوێرەی دکتۆر بروس لیپتن لەم ماوە پڕ جۆش و خرۆشەی ژیاندا ڕوانینمان بۆ جیهان فراوان دەبێت و چاوەکانمان لە دڵخۆشیدا دەگەشێتەوە. سۆز و خۆشەویستیمان تەنها بۆ دڵبەرەکەمان نییە، بەڵکو لەم ساتەدا عاشقی تەواوی ژیان ئەبین و ئەمەش بە ئاشکرا دەرئەکەوێت. لەگەڵ عاشقبوونماندا ئێمە پڕکێشی ئەکەین تاوەکو خواردن و چالاکی و جلوبەرگی نوێ تاقیبکەینەوە. زیاتر گوێ بۆ چواردەورمان دەگرین و زیاتر دەرئەبڕین و هەروەها کاتی زیاتر بۆ چێژبینین لە شتەکان تەرخان ئەکەین. دکتۆر بروس دەڵێ ئەو شتانەی ڕۆژێک بەر لە عاشقبوونمان ناخۆش و دژوار بوون لەوە بەدوا ئیتر دەگۆڕێن و وەک بەهەشتی سەر زەویان لێدێت، تەنانەت چیدیکە سەرنجمان ناچێتە سەر ئەو شۆفێرە شەڕانییانەی کە ڕۆژێک لەوەوبەر وەڕس و تووڕەیان ئەکردین، لەبەرئەوەی لەگەڵ عاشقبوونماندا لەنێو خەیاڵ و گۆرانی عاشقانەدا نوقم دەبین.

ڕەنگە ئەمە سەرنجڕاکێش دەربکەوێت، بەڵام بەگوێرەی بروس لیپتن هەر یەکێک لە خانەکانی جەستەمان وەک مرۆڤێکی بچکۆلە ڕەفتار دەکات. ئەو دەڵێ کە لەناو مرۆڤدا پەنجا تریلیۆن خانە بوونیان هەیە کە وەک مرۆڤن و پێکەوە کار دەکەن. خانەکان دەست لەناو دەست یارمەتی یەکتری ئەدەن تاوەکو پەمپی دڵ بدەن و سییەکان هەناسە هەڵمژن و گەشت ئەو کارانەی تر بەڕێوەبچێت کە پێویستە لەناو مرۆڤدا ڕووبدەن. کاتێک هەست ئەکەین ”عاشقبووین” لەناو خانەکانی جەستەشماندا لەرەی خۆشەویستییەکە بوونی هەیە. ئەمە زۆر نایابە!

هەموو ئەمە لەگەڵ ژیان دەست پێدەکات، کە دکتۆر بروس لیپتن بە جووڵە پێناسەی ئەکات. پڕۆتینەکان کە توخمی بنچینەیی ژیانن هاوشێوەی تەلی هونەری پەیکەرسازی خۆیان لە یەکترییەوە دەپێچن و جوڵەیان بەگوێرەی ئاماژەکانی ژینگەی دەوروبەریانەوەیە. لەسەر ڕووی هەر خانەیەک پڕۆتینە وەرگرەکان ئاماژەکانی ژینگەی چواردەور وەردەگرن، ئەمە لەکاتێکدا پڕۆتینە کارتێکەرەکان دەگۆڕێن بۆ لەرەلەر و دەیگوازنەوە بۆ مێشک کە هەر لەوێدا لێکدەدرێنەوە. وێناکردنی ئەوە زۆر قورس نییە کە جیاوازی جوڵەی پڕۆتینەکان ببینین کاتێک بەتەواوی ”عاشقبوون” بەبەراورد لەگەڵ کاتێک کە هەست بە تووڕەیی و وەڕسبوون ئەکەن. هەموومان ئەزموونی ئەوەمان کردووە!

لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بروس لیپتن ئەوەی دۆزییەوە کە پەردەی خانە لەهەمان کاتدا مێشکی خانەکەشە. بروس لەم دۆزینەوە گرنگەدا ئاماژەی بەوە دەکرد کە هێما و ئاماژە ژینگەییەکان ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە دروستکردنی نەخۆشیدا، ئیتر هێما ژینگەییەکان لە هەستی خۆشەویستییەوە سەرچاوەیان گرتبێت یان هەر هەستێکی دیکە. ئەو لەوکاتەدا پێشبینی پەیدابوونی گرنگترین بواری خوێندن و توێژینەوەی ڕۆژگاری ئیمڕۆی کردبوو کە زانستی ئێپی-جێنەتیکە. ئەم زانستە لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن کارلێکی کیمیایی خانەکان کار لە چالاکبوون یان ناچالاکبوونی جینەکان دەکات.

توێژینەوەکان لەم بوارەدا دەریان خستووە کە فشاری دەروونی، پرۆگرامی خۆراک، ڕەفتارکردن، ژەهرەکانی ناو لەش و هۆکارەکانی تر چالاککەرە کیمیاییەکان دەخەنە کار کە بەرپرسن لە ڕێکخستنەوەی دەربڕینی جینەکان.

بروس لیپتن ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە کە ئەم بوارە نوێیەی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە ئاشکرای دەکات کە کاریگەرییە ژینگەییەکان ڕۆڵێکی بەرچاو و گرنگیان هەیە لە تووشبوون بە نەخۆشییەکان بەبەراورد لەگەڵ جینەکاندا. بروس لیپتن دەڵێ توێژینەوە نوێیەکان دەربارەی شێرپەنجە دەریانخستووە کە هۆکارە بۆماوەییەکان لە 10% کاریگەرییان لەسەر دروستبوونی نەخۆشی هەیە، ئەمەش واتە ژینگە و چواردەورمان لە 90% بەرپرسە لە تەندروستی جەستەمان و پشکی شێری بەرکەوتووە. لیپتن دەڵێ تەنانەت لەوەش سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە ئێستا توێژینەوەکان دەری دەخەن چۆن هێما و ئاماژە نا-فیزیکییەکان زۆر زیاتر پێکهاتەی پڕۆتینەکانی جەستەمان چالاک دەکەن بەبەراورد لەگەڵ ئاماژە کیمیاییەکان. بە مانایەکی تر، تێڕوانینە ژینگەییەکەمان کاریگەرییەکی زۆر بەهێزتری هەیە لەسەر تەندروستیمان لەچاو دەرمانە کیماییەکان. بەمجۆرە زانست پێمان دەڵێ ئێمە لە ناخماندا و بە سروشت خاوەنی توانایەکی فراوانترین بۆ چاککردنەوەی نەخۆشییەکانمان بەبەراورد لەگەڵ دەرمانە کیمیاییەکاندا.

بروس لیپتن بە سەرسوڕمانێکەوە دەڵێ: ”سەرسوڕهێنەرە! ئەمە مانای وایە خەڵکی قوربانی دەستی جینەکان و بۆماوەییان نین بەوجۆرەی بیرمان لێ کردبووەوە. ئەوان دەتوانن تێڕوانینیان بگۆڕن و بەهۆی ئەمەشەوە گۆڕانکاری لە تەندروستییاندا دروست بکەن. ئەمە زۆر دڵخۆشکەرە! بایۆلۆژیای کۆن بژاردەی لە کەسەکە دووردەخستەوە و کۆنترۆڵی دەرئەنجامەکەشی دەکرد. کاتێک بە خەڵکی ئەڵێی ئەوان قوربانین دەستبەجێ هێزیان کەمدەبێتەوە. ئێستا کارەکە ئەوەیە یارمەتی خەڵکی بدەین تێڕوانینیان بگۆڕن تاوەکو بتوانن دەرئەنجامەکەشیان بگۆڕن.”

ڕەنگە بپرسیت ئەمە چۆن ڕووئەدات؟ بروس لیپتن پێمان دەڵێ خانە لەخۆیدا زانیارییەکە. باوەڕ و یادەوەرییە هەستپێکراوەکانمان لەناو پەردەی خانەدا هەڵگیراون و بەردەوام دەگوازرێنەوە بەرەو مێشک بەمەبەستی ئەوەی لێکبدرێنەوە.

مێشک لەڕێگەی پێکەوەلکانی باوەڕ و واقیع وەڵامدانەوەی بۆ ئەو نامانە دەبێت کە بە لەرەلەر پێی دەگات. بە مانایەکی تر، کاتێک خانەکانت نامە دەنێرن بۆ مێشکت، ئەوکات مێشکت زۆر تێکۆشەرانە کار دەکات بۆئەوەی هەمان واقیعی کیمیایی لەناو جەستەتدا بخولقێنێت. بەم شێوەیە ئەگەر باوەڕت وابێ کەوا نەخۆش ئەکەویت، ئەوکات مێشکت لەگەڵ خانەکانی لەشتدا یەکدەگرن تاوەکو باوەڕەکەت بکەن بە ڕاست. هەروەها ئەگەر خانەکانت ئاماژەی ئەوەیان بۆ مێشکت نارد کەوا تۆ چالاک و تەندروستی، ئەوا دیسانەوە مێشکت کار دەکات بۆ ئەوەی ئەمەیان وە ڕاست بگەڕێت.

بروس لیپتن ئەڵێ هێزی تێڕوانینە لەو توێژینەوانەدا ڕوونبووەتەوە کە دەریانخستووە ئەو منداڵانەی لەلایەن یەک خێزان هەڵگیراونەتەوە بەهەمان ئەگەری خوشک و برای هاوخوێنییان تووشی شێرپەنجە ئەبن، ئەمە لەکاتێکدا هەردووکیان لەهەمان خێزاندا گەورە بوون، بەڵام جینەکانیان جیاوازە.

لەڕاستیدا بروست لیپتن پێمان دەڵێ: ”زانستی پزیشکی دانی بەو ڕاستییەدا ناوە کە تۆوی نەخۆشییەکان لە شەش ساڵی سەرەتادا لەنێو منداڵدا دەچێنرێت کاتێک خێزانەکەی بیروباوەڕەکان دەخەنە نێو بەشی مێشکی نا-ئاگای منداڵەکەوە.” مێشکی منداڵ لەماوەی ئەم شەش ساڵەدا بەزۆری لەسەر شێوەی شەپۆلی ثێتایە، کە ئەمەش وای لێ دەکات مێشکی لە دۆخی خەواندنی موگناتیسیدا بێت. ئەم دۆخی سەرسامبوونە بۆمان ڕووندەکاتەوە کە بۆچی لەلای منداڵەکان بەئاسانی سنووری نێوان خەیاڵ و فۆڕم نامێنێت. منداڵەکان لەکاتێکدا بەم دۆخەوە دێن و دەچن، بەبێ ئەوەی هیچ پرسیارێک بکەن یاخود زیرەکی خۆیان بەکاربهێنن، بیروباوەڕی دایک و باوکیان داخڵی یادەوەری بەشی مێشکی نا-ئاگایان دەکەن.

بروس لیپتن بۆمان باس دەکات چۆن ئەم داخڵکردنەی نێو مێشکی نا-ئاگا ڕووئەدات، ئەمەش لەڕێگەی بەراوردکردنی بە ئای-پۆدێک. دەڵێ کاتێک ئای-پۆدێکی نوێ دەکڕی هیچ گۆرانییەکی تۆمارکراوی تێدا نییە، لەبەرئەوە ناتوانی هیچ لێبدەیت. کاتێک گۆرانی دادەبەزێنیتە نێو میمۆری ئای-پۆدەکەوە، ئەوکات دەتوانی ئەو گۆرانییانە لێبدەیت و گوێیان لێ بگریت. لەڕاستیدا تەنها دەتوانی ئەو گۆرانییانە لێبدەی کە داتبەزاندوون. چەندین گۆرانی تر هەن بەڵام ناتوانی لە ئای-پۆدەکەتدا لێیان بدەی هەتاوەکو دایاننەبەزێنیت. بەهەمان شێوە هەموو ئەو شتانەی داخڵی میمۆری مێشکی نا-ئاگامان بوون و لەنێو خانەکانی لەشماندا هەڵگیراون تەنها بژاردەی بەردەستن بۆئەوەی ببیسترێن و لەنێو جەستەماندا دەربکەون. بژاردەکانی تر مومکین نین هەتا ئەو کاتەی وەک بیروباوەڕ و تێڕوانین داخڵی نێو مێشکی نا-ئاگامان دەبن. بۆیە ئێمە بە شێوەیەکی خۆکارانە بەگوێرەی بیروباوەڕی دایک و باوکمان هەڵسوکەوت ئەکەین هەتا ئەو ساتەی بە ڕووی بیروباوەڕی تردا دەکرێینەوە یاخود خۆمان بەمەبەست بیروباوەڕی نوێ لە بەشی مێشکی نا-ئاگاماندا دەچێنین.

بروس لیپتن ئاماژە بەوە دەکات کە گەورەترین کێشەی خەڵکی ئەوەیە باوەڕیان بەوە نییە کە دەتوانن بەئاسانی تێڕوانین و بیروباوەڕیان بگۆڕن. ئەو پێشنیاری ئەوە ئەکات کە ئەگەر لە شەش ساڵی سەرەتادا منداڵەکانمان فێربکەین کە دەتوانن عەقڵییەت و شێوازی بیرکردنەوەیان بگۆڕن و بەهۆی ئەمەشەوە گۆڕانکاری لە جەستەیاندا دروست بکەن، ئەوکات دەکرێ بەئاسانی وەرچەرخانێکی بەهێز بەرەو خۆشەویستی و گەشەکردن ڕووبدات.

بروس لیپتن پێمان ڕادەگەیەنێت کە بایۆلۆژیای خانەیی تەنها زانیاری گرنگمان دەربارەی خۆشەویستی ناداتێ لە جەستەماندا، بەڵکو شتی گرنگ لەبارەی سروشتی پەیوەندی مرۆییش ئاشکرا دەکات. ئەمە پێی دەگوترێ بایۆمیمیکری(Biomimicry) و بوارێکی نوێی بایۆلۆژییە کە نایابترین بیرۆکەکان لە سروشتەوە وەردەگرێ و لە چارەسەکردنی کێشەکاندا بەکاریدێنێت. ئاژەڵان و ڕووەکەکان و زیندەوەرە بچووکەکان دۆزیویانەتەوە کە چی شتێک چارەسەرە و ئێمەش دەتوانین لێیانەوە فێرببین. ئەمانە هەموویان شێوازگەلێکی چالاکی و کارکردنمان نیشان ئەدەن کە ماوەی زیاد لە (3.8) ملیار ساڵە ماوەتەوە و بوونی هەیە.

بروس لیپتن لە کتێبە نوێکەیدا بەناوی ”پەرەسەندنی خۆڕسک” (Spontaneous Evolution) کە بەهاوبەشی لەگەڵ ستیڤ بهایرمان نووسیویەتی، تیایدا ئاماژە بەوە دەکەن خانەکان لە ئێمە زیرەکترن لە دروستکردنی کۆمەڵگەی سەرکەوتوودا. هەردووکیان بە وردی بۆمان ڕوون ئەکەنەوە چۆن خانەکان خۆیان ڕێک ئەخەن بۆئەوەی سیستمێکی داراییان هەبێت کە بەشێوەیەک شت دەبەخشێت بە خانەکان بەگوێرەی گرنگی ئەو کارەی دەیکەن و قازانجی زیادەش لە بانکەکانی کۆمەڵگەکەدا هەڵدەگیرێت. خانەکان سیستمێکی لێکۆڵینەوە و گەشەپێدەریان هەیە کە تەکنەلۆژیا و کیمیای زیندەیی دروست دەکەن کە هاوتای تۆڕە فراوانەکانی کۆمپیوتەرن. سیستمە ژینگەییە کارامەکان شێوازگەلی پاککردنەوەی هەوا و ئاوی وەها دابین دەکەن کە لەڕووی تەکنەلۆژییەوە زۆر پێشکەوتووترە لەوەی مرۆڤەکان بیریان لێ کردۆتەوە. هەمان شتیش بۆ سیستمەکانی گەرمکەر و ساردکەرەوە ڕاستە. سیستمی پەیوەندی بەستنی نێوان خانەکان وەک ئینتەرنێتێک وایە کە ڕاستەوخۆ ئەو نامانە دەنێرێت بۆ خانەکان کە ژمارەی پۆستەکەیان لەسەرە. خانەکان تەنانەت سیستمێکی یاسایی تایبەت بە تاوانیان هەیە کە تاوانبار گلدەداتەوە و زیندانی دەکات و بۆ چارەسەر دەیهێڵێتەوە، هەروەها ئەم سیستمە لەو بارەشدا یارمەتیدەرە کە خانە ڕووخێنەرەکان کردەی خۆکوژی ئەنجام دەدەن. بەپێچەوانەی ئێمەوە، خانەکان چاودێرییەکی تەندروستی هێندە ڕێک و تەواویان هەیە کە بەردەوام دڵنیایی ئەوە ئەدا لەوەی هەر خانەیەک ئەوە وەرئەگرێ کە پێویستییەتی بۆئەوەی تەندروست و سەلامەت بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سیستمی بەرگری لەش هەیە کە هاوشێوەی پاسەوانێکی دڵسۆز پارێزگاری لە خانەکان و لەش دەکات.

بروس لیپتن لێرەدا ئاماژە بە لێکچوونێکی سەرنجڕاکێش دەدات لەنێوان ئەوەی چۆن پەنجا تریلیۆن خانە لەناو لەشی مرۆڤدا پێکەوە کار دەکەن بەمەبەستی سەرکەوتوویی یەک مرۆڤ لەگەڵ ئەوەی چۆن حەوت ملیار مرۆڤ دەتوانن بە یەکگرتوویی کار بکەن تاوەکو هەسارەی زەوی زیندوو و سەرکەوتوو بمێنێتەوە. بروس دەشڵێ کە ئێمەی مرۆڤ هێندەی خانەکان ئەو کارەمان بەباشی ئەنجام نەداوە.

بروس دووپاتیدەکاتەوە کە مێشکی تاکەکەسیمان هاوشێوەی یەک خانە هۆشیاری زۆر کەمترە بەبەراورد لەگەڵ ئاگایی تەواوی گروپەکە. کاتێک خانەیەک پڕۆسەی گەشەکردنەکەی تەواو دەکات، لەگەڵ خانە گەشەکردووەکانی تردا پێکەوە کۆدەبنەوە و کۆمەڵێک دروست دەکەن تاوەکو زیاتر ببەخشن و توانستی ئاگایی فراوان بکەن. هیچ خانەیەک بەتەنها نامێنێتەوە و هەروەها سەرچاوەی پێویست تەرخانکراوە بۆ پشتگیریکردنی تەواوی گروپەکە. بروس دەڵێ ئێمەش بەکۆمەڵ زۆر بەباشی گەشە دەکەین و دەگەین بە ئاستێکی بەرزی ئاگایی هاوشێوەی خانەکانی لەشمان. ئەو پێمان ڕادەگەیەنێت: ”زانست ئاماژە بەوە دەدات کە قۆناغی داهاتووی گەشەکردنی مرۆڤ لەڕێگەی هۆشیارییەوە دەبێ و دەردەکەوێت کەوا هەموومان کۆمەڵێک خانەی هاوبەند و پێکەوەبەستراوین لەناو زیندەوەرێکی ئێجگار گەورەدا کە پێی دەوترێت مرۆڤایەتی!”

بروس پێمان دەڵێ سەرەتا دەبێ لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین. بەمجۆرە زیاتر بۆمان ڕووندەکاتەوە و پێمان ڕادەگەیەنێت: ”دەبێ گەشەسەندنی خودی خۆمان بگۆڕین تاوەکو ئاگایی بەکۆمەڵ بەرەوپێش بچێت.” ئەو داوامان لێ دەکات لەڕێگەی دووبارە نووسینەوەی تێڕوانینمانەوە ژیانی خۆمانمان دەستبکەوێتەوە بۆئەوەی دووبارە ئەو دۆخە نایابە بخوڵقێنینەوە کە لەکاتی ”عاشقبوون” تێی دەکەوین. بروس هانمان دەدا باوەڕی نوێی هێز و خۆشەویستی داببەزێنینە نێو یادەوەری خانەکانمانەوە، تاوەکو ئاوازی نوێی عاشقانە بێتە نێو خانەکانمان و لەگەڵ هۆنراوەی وەهادا لێ بدرێن کە خۆشەویستیمان دووپاتبکاتەوە.

بروس بەو گەڕانە بەردەوامە دەڵێ ”زانستی دروستکردنی بەهەشت لەسەر زەوی” کە دەمانەوێ بەشێوەیەکی هەمیشەیی لەنێو هەستی ”عاشقبوون”دا بمێنینەوە. هەروەها بروس دەڵێ زانست دەربارەی ئەم شتانە قسەی کردووە. بۆ نموونە، توێژەرانی کۆمپانیای هارتماث (HeartMath) بۆیان دەرکەوتووە کاریگەری خۆشەویستی ڕاستەقینەیە و لەڕووی کیمیای جەستەییەوە دەتوانرێ پێوانە بکرێت. کاتێک کەسانی بەشداربوو لە توێژینەوەکەدا سەرنجیان دەخەنە سەر دڵ و هەستێکی وەک خۆشەویستی، سوپاسگوزاری یاخود گرنگیپێدان چالاک دەکەن، ئەوا دەستبەجێ ئەم هەستانە لێدانی دڵی کەسەکان بەرەو شێوازێکی یەکگرتوو و ڕێکتر دەگۆڕێت. ڕێکبوون و یەکگرتوویی لێدانی دڵ زنجیرەک ڕووداو لە دەمارەخانەکان و کیمیای لەشدا چالاک دەکات کە بەشێوەیەکی کرداری کاریگەری لەسەر هەموو ئەندامێکی جەستە هەیە.

توێژینەوەکان ئاشکرای دەکەن کە ڕێکبوونی لێدانی دڵ زیرەکی زیاتر دەکات لەڕێگەی کەمکردنەوەی چالاکی کۆئەندامی دەمار- بەتایبەت ئەو میکانیزمەی کە پێی دەوترێ شەڕکردن یان ڕاکردن و لەکاتی مەترسیدا دەکەوێتە کار- و لەهەمان کاتدا زیادکردنی ئەو چالاکییانەی کۆئەندامی دەمار کە پڕۆسەی گەشەکردن بەرەوپێش دەبەن. لە ئەنجامدا هۆڕمۆنەکانی فشاری دەروونی کەم دەبنەوە و هۆڕمۆنی دژە پیربوون (DHEA) بەرهەم دێت. لەڕاستیدا خۆشەویستی وامان لێ دەکات تەندروستتر و دڵخۆشتر بین و هەروەها زیاتر بژین. دەرکەوت کە بایۆلۆژیای گەردیلەیی و خۆشەویستی دوانەیەکی تەواو ڕێک و گونجاون بۆ یەکتر. دکتۆر بروس لیپتن هانمان دەدا تاوەکو لێبکۆڵینەوە و تێبگەین لەوەی چۆن بەبەردەوامی ئەزموونی بەهەشت بکەین لەسەر زەوی، لەگەڵ ئەو پڕۆتینانەی نێو لەشمان کە سەما ئەکەن و لەگەڵ خۆشەویستیدا دەشەکێنەوە.   

لینکی سەرچاوە: https://www.brucelipton.com/the-biology-love/                   

ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌یر بكه‌