26/04/2024
DidiMn Logo
Top

بۆ دۆزه‌خ، ئه‌ی بێگوناهان: ”نووسینی شانۆنامە تێکەڵەیەکە لە نێوان تەختەسازی و وشەسازی”

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ڕاڤیار نه‌وزاد

کاتێک شاعیری بەناوبانگ (ت. س. ئەلیۆت) شانۆنامەی تاوانی کووشتن لە کاتدرای نووسی، زۆر لە ڕەخنەگرەکان شانۆنامەکەیان بە پێوەری شاعیربوونی ئەلیۆت خۆی پێوا و ڕەخنەکانیان لە دەوری ئەوە دەسووڕایەوە، کە شیعر لەناو ئەم شانۆنامەدا سادە بووەتەوە و ئەو واتا قووڵەی خۆی لەدەست داوە.

بۆ ئەلیۆت نووسینی ئەو شانۆنامەیە و شانۆنامەی ئاهەنگی کۆکتێلی وەک نموونەیەکی پراکتیکی بۆ ڕەخنەکانی خۆی لە شیعری ڕۆمانسی و پێشنیارەکانی بۆ شیعری درامی خستە ڕوو، ڕەنگە لە هەردوو شانۆنامەکەدا ئەلیۆت زۆر بە شارەزایانە ئەو وەڵامەی لە ڕوانگەی درامییەوە دابێتەوە، بەڵام وەک ڕەخنەگرەکانی دەیانگوت ”ئەو شیعرەکەی ئەو واتا قووڵەی لەدەست داوە!”

ئەزموونی کاری ئەدیب و شاعیرە باشەکان لە شانۆدا کەمترین سەرکەوتنی بەدەست هێناوە لە دنیادا، ڕەنگە شانۆنامەنووسی باش ببێتە شاعیرێکی باش، بەڵام ناتوانێت ببێتە ڕۆماننووسێکی باش.

جیاوازی لە نێوان ژانری ڕۆمان و ژانری دراما لە سێرڤانتس تا بگاتە بەختیار عەلی، زۆر خاڵی جەوهەرییە، کە تەنانەت شاعیرێکی مەزنی وەک ئەلیۆت بڕستی ئەو تایبەتمەندییە زۆر وردانەی دنیای شانۆنامەنووسین نەهاتووە.

لە کتێبی ”هونەری نووسینی شانۆنامە”ی نووسەر و لێکۆڵەری جیهانی ڕایمۆند هاڵ، ڕستەیەکی زۆر جوانی تێدایە دەربارەی شانۆنامەنووسین کە دەڵێت ”نووسینی شانۆنامە تێکەڵەیەکە لە نێوان تەختەسازی و وشەسازی.” ئەوەی هاڵ مەبەستییەتی لەو ڕستەیە ئەوەیە کە نووسەری شانۆنامە بۆ چرکەیەکیش لە کاتی نووسینی شانۆ، نابێت ئەوەی لەیاد بچێت ئەو بۆ تەختەی شانۆ دەنووسێت و بگرە ئەو تەختەی شانۆ دەنووسێتەوە.

دروست ئەو دوو خاڵەی سەرەوەیە کە بەختیار عەلی لە نووسینی دەقی ”بۆ دۆزەخ ئەی بێگوناهان” لەیادی کردووە.

ئەگەر ئێمە بە چاوێکی ئەدەبی و لە ڕوانگەی ڕۆماننووسێکەوە لە دەقەکە بڕوانین، ئەوا بێگومان ئێمە لە حزوری دەقێکی تەواو واتادار و قووڵداین، دەقێک کە تێیدا نووسەر زۆر بە زیرەکانە جیهانێکی ”کافکا”ی تەواو قووڵی خوڵقاندووە لە ڕێگەی سەفەری کارەکتەرێک ”مستەفا ناوێک” بەناو خۆیدا بۆ گەڕان بە دوای گوناهێکدا کە نەیکردووە و وردە وردە لەم سەفەرەی مستەفاوە تێدەگەین لە جیهانێکی وەهاداین کە هەموان دەبێت هەست بە گوناهـ بکەن، ئەگەر نەشیان کردبێت.

فۆڕمی ئەدەبی ئەم دەقەی بەختیار تەواو کافکاییە، زیندان و لێپرسینەوە و قووڵبوونەوە بە ناخی مرۆڤدا و ئازاردانی مرۆڤ بە مرۆڤی دەوروبەری و نامۆبوون بە جیهان و ڕوداوەکانی ڕۆحیەتێکی تەواو کافکاییان بە فۆڕمی ئەم شانۆنامەیە بەخشیوە ”کە دەکرێت بڵێین مستەفا وێنەیەکی تەواو کوردیی گریگۆری سامارسایە، بەڵام ئەم نەبووە بە قالۆنچە بەڵکو بووە بە گوناهبار.” هەمان شێواز کارەکتەری کۆمیسیارەکان و جەمیلە و جەلیل و لێپرسینەوەکان تەواو هاوتای ڕۆمانی ”دادگای”ی کافکان.

لە ڕۆمانی هەورەکانی دانیاڵەوە بەختیار زۆر لەژێر کاریگەیی تێزەکانی ”میشێل فۆکۆ” بۆ زیندان بە تایبەت کتێبە ناوازەکەی ”چاودێریکردن و سزا” کار دەکات، دەکرێت بڵێین بیرۆکەی قووڵی ئەم دەقەیش ”بۆ دۆزەخ ئەی بێگوناهان” لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، لەوێوە کە چۆن فۆکۆ باسی قۆناغەکانی گواستنەوەی زیندان لە دیوارەوە بۆ ناخ دەکات، ئەم لە تاوان لە سزاوە بۆ ناخ ”یان دروستتر بڵێم بێگوناهی، کە خۆی گوناهە و وات لێ دەکات هەست بکەیت جیاوازی لە خەڵکی تر.” لە لای میشێل فۆکۆ دەسەڵات مرۆڤ بە چاودێریکردن دیسپلین دەکات و لەم دەقەی بەختیار عەلیدا دەسەڵات مرۆڤ بە خۆی دیسپلین دەکات، ”تۆ بڕۆ بۆ تاوانێک بگەڕێ بۆ خۆت، دڵنیابە دەیدۆزیتەوە، نزیکە لەو تیۆرە دەروونییەی کارڵ یۆنگەوە کە دەیگوت لە تاریکیدا ڕا بکە خۆت دەترسیت و گوێشت لە دەنگی سەگ دەبێت کە دوات دەکەوێت.”

ئەم دەقە دەیان ئاماژەی سیمبووڵی زۆر قووڵ و جیاوازی تێدایە و ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بەختیار عەلی جیاواز لە ڕۆمانەکانی سیمبووڵی ئاشکرای ”ناوچەی و سیاسی”ی بەکار نەهێناوە، هۆکاری ئەمەش ڕوون دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فۆڕمە کافکاییەی کە دەقەکە وەریگرتووە و وای لێ کردووە لە دەقێکی لۆکاڵی دەربچێت کە باس لە کێشەی مرۆڤ لە سلێمانی بکات (چۆن لە زۆربەی ڕۆمانەکانیدا وایە) بەڵکو باس لە کێشەی مرۆڤ لە هەر جێیەک دەکات لەناو سیستمێکی تەواو جیاوازدا!

بەڵام ئەگەر بمانەوێت وەک شانۆنامەیەک ئەم دەقە بخوێنینەوە ئەوا بێگومان دەیان خاڵ هەن کە دەبوو تێیدا نەبێت تا ئەم دەقە ببێتە دەقێکی تەواو درامی.

لەناو دەقەکەدا نووسەر زۆر هەوڵی داوە تەختەی شانۆ بنووسێتەوە ”تەختەسازیی بکات” بەڵام جیا لەو دیمەنەی کە لەناو کتێبە سووتاوەکان دەبێت، هیچ جێیەکی تری تەختەی شانۆ نابینیت.

بەختیار عەلی ئەوەی لەیاد کردووە کە توانای شانۆ بۆ گۆڕانکاریکردن زۆر دیاریکراوە، بۆ نموونە نووسەرێکی وەک چێخۆف لە دەقی نەورەسدا، لە دیمەنی کۆتاییدا دروست لە خۆکووشتنی تریبلیفدا، باش زانیویەتی گواستنەوە لە دیمەنی یاریی و پێکەنینەکانی دایک و هاوڕێکانی بۆ سەر خۆکووشتنەکە کاری نەکردەیە لە شانۆدا و ئەو گۆڕانکاییە ناکرێت، بۆیە تەنها بە دەنگ ئەو کارە دەکات، بەڵام بەختیار عەلی گۆڕانکاریی نێوان هەر هەژدە دیمەنەکەی بە جۆرێک کردووە کە هەرگیز بەو تەختەسازییەی ئەو دایناوە ناکرێت و جێی نابێتەوە ”لە کتێبی سووتاوەوە بۆ قەروێڵەی زیندان و لە زیندانەوە بۆ ژووری نووستن و لە نووستنەوە بۆ مێزی لێکۆڵینەوە و هتد…” ئەمە بە دڵنیایەوە لە هەژاری ئاشنای نووسەر بە توانای تەختەی شانۆ سەرچاوەی گرتووە.

”پیتر ڤایس لە مارا ساددا بۆ ئەوەی ئەو جیهانە فراوانە جێ بکاتەوە میتاتیاترۆ، یان شانۆی دۆکۆمێنتاری بەکار هێناوە، بەڵام بەختیار علی هەر نووسیویەتی و بۆ چرکەیەکیش یادی ئەوەی نەبووە ئەرێ ئەم هەمووە شتە چلۆن لەسەر تەختەی شانۆ جێی دەبێتەوە؟”

لە شتەوە بۆ کات و کارەکتەرناساندن هەمان نموونە دەگونجێت، ئێمە کۆمەڵێک کارەکتەرمان هەیە لەناو دەقەکەدا بەناو ناسراون، بە تایبەت لە دیمەنی دوانزە و سیانزەدا (کە بە لای منەوە جوانترین دیمەنی شانۆنامەکەن) کارەکتەرەکان لەسەر دەقەکە ناسراون ”زیندانی یەکەم، زیندانی هاوسێ، زیندانی دووەم و… هتد” بەڵام لە کاتی بە شانۆبوونی دیمەنەکە ئەم ناوانە نالکێت بە کراسی ئەو ئەکتەرانەوە کە ڕۆڵەکان دەگێڕن ”مەگەر دەرهێنەرێکی بلیمەت فۆڕمێکی تایبەتی پێ ببەخشێت. دواتر دێمە سەر ئەوە”

بە هەمان شێواز کات هەمان کێشەی هەیە و لە دەقدا ڕوونە و بە حیوارێک ڕوون کراوەتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە نووسەر حسابی بۆ ئەوە نەکردووە کە شانۆ بەرکەوتنێکی ڕاستەوخۆ و زیندووە و ئەگەر بینەرێک لەو چرکەیە گوێی لەو حیوارە نەبێت کە ئاماژەیە بۆ تێپەڕبونی کات، یان ئەکتەر لەیادی بکات ئەوا دیمەنەکە تەواوی واتای دەمرێت، بە تایبەت ئەو دیمەنانەی کە وابەستەن بە تپەڕبوونی کاتەوە.

ئەوەی کە لێی دەترسام ئەوە بوو کە لەم دەقەدا حیوار و وشەسازی زاڵ ببێت بەسەر درامادا و زۆر بە ڕوونیش دیارە نووسەر ئەو جەنگەی لەگەڵ خۆیدا کردووە، بەڵام بەداخەوە کەمترین جوڵەی درامی لەناو دەقەکەدایە و لە چەند حاڵەتێکی کەمدا نەبێت بە تایبەت لە دیمەنەکانی یانزە و دوانزە و دیمەنی پێش کۆتایی لە هیچ جێیەکی دیکەدا تۆ مۆنۆلۆگێک نابینیت ئاماژە بێت بۆ کردار یان وێنەیەکی درامی هەبێت ”بەڵکو تەنها وشەی جوان و ڕستەی جوان لەپێناوی واتادا دەبیستی.”

دیمەنی دادگاییەکی ناو زیندانەکە جوانترین و درامیترین دیمەنی شانۆنامەکەیە، بەڵام بەداخەوە زۆر بە کورتی و زۆر بە خێرایی کۆتایی پێ دێت.

ئەگەر لە دیمەنی پێش کۆتاییدا کە دیمەنی دەرمانخواردکردنی پاڵەوانە، بەختیار عەلی لەبری ئەوەی وەک ئەدیبێک بیری بکردایەتەوە وەک شانۆکارێک بیری بکردایەتەوە دەیتوانی جوانترین داهێنان بکات، لەبری ئەوەی کارەکتەری دیکە بهێنێتە ناو دەقەکەیەوە تا بەشدار بن لە هەستکردن بە گوناهـ بینەرانی بەشداری پێ بکردایە و ئەوان لە ڕێگەی جەمیلە و سەعیدەوە بە کامێرا و پەرداخێکەوە بگەڕانایە بەناو بینەراندا و داوایان لە بینەران بکردایە حەب بکەنە ناو پەرداخەکەوە ”ئەگەر دەپرسیت ئەی حەبیان لەکوێ بهێنایە بینەران، ئەوا من بوومایە لە جێی بەختیار لە دیمەنی یەکەم دەمنووسی: کاتێک بینەران دێنە ژورەوە یەکی حەبێکیان پێ دەدرێت و لە جێی خۆیان دادەنیشن.” ئەوکات دوو ئامانجی واتایی و درامی زۆر قووڵتری دەپێکا لەوەی کە هەیە.

دیمەنی هەژدەیەم دیمەنێکی تەواو دراماکوژە وەک زۆربەی دیمەنەکان ”شانۆ دوو بەرکەوتنە بۆ بینەر، سەرەتا و کۆتایی لە هەڵبژاردنی دوو دیمەنی زۆر باش و درامی سەرکەوتوو بیت بۆ ئەو دوانە ئەوا بە دڵنیاییەوە ئیشێکی باش پێشکەش دەکەیت.”

بە بڕوای من کارێکی زۆر ئاسایی بوو نووسەر پێش بڵاوکردنەوەی ئەم دەقەی، لە ڕێگەی چەند وەرگێڕ و شانۆکار و دەرهێنەرێکەوە کاری لە دەقەکەیدا بکردایە و ئەو لاوازییەی خۆی پڕ بکردایەتەوە، بەڵام تا ئەو جێیەی ئاگادارم ئەو کاری خۆی تا پاش بڵاوبوونەوە نیشانی کەس نادات، بەڵام دیسانەوە دەڵێم دەبوو ئەم جارە ئەو کارەی بکردایە. (چونکە من بڕوام وایە بەختیار عەلی بۆ کورد زۆر گرنگە.)

چارەسەر چییە؟

بە دڵنیاییەوە مەرج نییە هەموو دەقێکی شانۆیی کامڵ بێت و کاری دەرهێنەر و شانۆکار لە کاتی کارکردن لە دەق و شانۆنامەدا تەنها نقڵکردنی وشە نییە بۆ سەر شانۆ بەڵکو زۆر جار دەشبێت ئەو بۆشاییانەی ناو ئەو دەقە پڕ بکەنەوە و پڕۆڤە بۆ ئەوە دەکرێت کە ڕۆح ببەخشرێت بە شانۆنامە. ”ئێمە ناکرێت چاوەڕوانی ئەوە بووبین کە هەموو دەقێک وەک هاملێت یان چاوەروانیی گۆدۆ یان باخی گێلاس، ئامادە و ڕێک بێت.”

بە بڕوای من هەر کەس بیەوێت ئیش لەم دەقەی بەختیار عه‌لیدا بکات دەبێت پێش هەموو شتێک، چەند خاڵێکی زۆر گرنگ جێبەجێ بکات ئەوانیش کە گرنگترینیان ”فۆڕمە” کە دەڵێم فۆڕم مەبەستم لە فۆڕمی شانۆییە، باشترین خاڵی ئەم دەقە لە ڕوانگەی شانۆییەوە ئەوەیە کە فۆڕمێکی شانۆی چەق و دیاری نییە.

ڕەنگە زۆر کەس بە خراپە بیبینن، بەڵام من بە خاڵێکی زۆر باشی دەبینم و بڕوام وایە جۆرێک لە ئازادی بە دەرهێنەر و شانۆکار دەدات لە دیاریکردنی فۆڕمی شانۆییدا بۆی.

”بە نموونە من ئەگەر ڕۆژێک کار لەم دەقەدا بکەم ئەوا دڵنیام دەتوانم بە پێنج ئەکتەر و کۆمەڵێک قوماش و چەند تەکنیکێکی شانۆیی، کە وەک فۆڕمێکی درامی لە مێشکمدایە کۆی ئەو خاڵانەی سەرەوە چارەسەر بکەم.” ئەمە دەکەوێتەوە سەر بلیمەتی و لێهاتوویی ئەو دەرهێنەرەی کە کاری تێدا دەکات و ئەوەش بۆ من ئەوپەڕی مایەی خۆشحاڵییە کە دیسانەوە ئەوە دەسەلمێتەوە کە وشەی جوان و ناوی گەورە نابێتە پێوەری شانۆی باش، لێهاتوویی و پڕۆڤە خاڵی یەکلاکەرەوەن لە شانۆدا و سوپاسی بەختیار عەلی دەکەم کە ئەم بۆچوونەمی سەلماندەوە.

هاوبەشی بکە

bakhtyar ali, Ravyar Nawzad, Theatre,