دیدی من – چاوان ڕەحیم
گەڕان بە ناخودئاگادا پڕۆژەیەکی هونەرییە و لە لایەن چاوان ڕەحیمی خوێندکارەوە ئامادەکراوە. کارەکە پێکهاتووە لە ٢١ تابلۆ، هەریەک لەم تابلۆیانە فۆڕم بە میکانیزمێکی بەرگری دەروونی دەبەخشێت کە بریتین لە: ئینکاری ، خودپێچەوانە ، پێشبینیکردن، سەرکوتکردن ، بە عەقڵانی کردن ، فەنتازیا…هتد کارەکە لە دوو ڕوو پێکدێت ڕووی دەرەوە کە میکانیزمی بەرگری نیشاندەدات بە بەژداری پێ کردنی کەسی بەرامبەر، و دیوی ناوەوەی کارەکە میکانیزمی بەرگری نیشان دەدات کە تەنها لە ناخماندا ڕووبەڕووی دەبینەوە، لەگەڵ ساوندێکی تایبەت بە کارەکە.
ئەم میکانیزمانە تەنها چەمک نین ئامرازی مانەوەن کە لە قووڵایی نائاگادا نێژراون، ئەوە ئاشکرا دەکات کە چۆن ململانێی ناوەوە مانەوە و داهێنان لەقاڵب دەدەن, بە نزیک بوونەوە لە تابلۆکان تێکەڵبوونی ساوند لەگەل ڕۆح و قوڵبونەوە لەناو کارەکاندا، هونەر دەبێتە زیاتر لە خوڵقاندن، دەبێتە بەرگری، دەبێتە گۆڕانکاری ، دەبێتە چارەسەر و هەوڵدان بۆ مانەوە.
کارەکە رۆچوونێکی هونەرییە لە ناوەوەی مرۆڤدا، میکانیزمە بەرگریەکان دەخاتە ڕوو، بە ئاڕاستەی ئەو بەشە پەنهان و پەیپێنەبراوەی کە ئێمە تەنها لەکاتی بەرجەستەبوونیدا دەزانین هەیە، ئەو ستراتیژییە نائاگایانەی کە هەموومان بەکاریان دەهێنین ڕۆژانە بۆ پاراستنی خۆمان بەڵام نازانین لەکوێوە سەرچاوەیان گرتووە، بۆ خۆپاراستن لە سترێس و ئازار و دڵەڕاوکێ و ململانێ سۆزدارییەکان، وەک پردێکە لەنێوان دەروونناسی و هونەردا ،بەڵام نازانین چییە؟ چۆنە؟ وە لەکوێوە سەرچاوە دەگرێ؟جەستەش ماتریاڵە بۆ بەرجەستەکردنی ناوەڕۆکێک، جەستە شاشەیەکە کە هەموو پڕۆسێسە ناوەکیەکانی نەست و ناخودئاگا پەرچ دەکاتەوە.
میدیەم: پەینتینگ، ئینستەڵەیشن
ماتریاڵ: بۆیەی ڕۆنی، بۆیەی ئەکریلیک، خەڵووز
قەبارە: ٢٥٠سم – ١٤٠سم
زنجیرە: ٢١ تابلۆ
خاوەنی پڕۆژە ، خوێندکار: چاوان رحیم
مامۆستای سەرپەرشت: لەیلا قادر
ساوندی تایبەت بە کارەکە: شڤان سەگرمە
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.