19/03/2024
DidiMn Logo
Top

چاوەڕوانیی زریان: دیمانەی گابریێل گارسییا مارکێز لەگەڵ ئاکیرا کورۆساوا

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر

ئەم دەقە بەشێکە لە دوو دیمانەی تێروتەسەلی گابریێل گارسییا مارکێز[1] لەگەڵ دەرهێنەری ژاپۆنی ئاکیرا کورۆساوا[2] لە ئۆکتۆبەری ١٩٩٠ لە تۆکیۆ. مژاری جۆراوجۆریان لە ماوەی پتر لە شەش کاتژمێردا تاووتوێ کردووە و هاوڕێیەکی هەردووکیان تۆماری کردووە. مژارێکیان فیلمی ڕاپسۆدیا لە ئۆگەستدایە، کورۆساوا لەو کاتەدا وێنەی دەگرت و پاشان لە فیستیڤاڵی کان پەخش کرا، سەرکەوتنێکی گەورەی ڕای گشتی و ڕەخنەگرانی بەدەست هێنا، هەندێک ڕۆژنامەوانی ئەمریکییشی گرژ کرد، گوایە پەلاماردان و ڕقەبەرایەتیی وڵاتەکەیانە. ئەو بەشەی لێرەدا بڵاو دەبێتەوە، گرێدراوی ئەو وتووێژەیە.

گابۆ: بەڕێزتان خەریکن فیلمی ژمارە ٣٠ تۆمار دەکەن. ئێستا لە چ قۆناغێکیدان؟

ئاکیرا: تەنێ ماومانە زریانێک تۆمار بکەین، لە دوێنێوە ڕاگەیەندراوە کەچی هێشتا هەڵینەکردووە. حەفتەی ڕابوردوو دانەیەکی تریان ڕاگەیاند، سێ ڕۆژی ڕەبەق چاوەڕێمان کرد، کەچی هەڵینەکرد.

گابۆ: ڕەنگە ئەمە ناوێکی گونجاو بێت: چاوەڕوانیی زریان.[3]

ئاکیرا: نەخێر! ناوی ڕاپسۆدیا لە ئۆگەستدا[4] دەبێت. دەی، گەر ئەو زریانەیش هەڵنەکات، دەبێت بە پانکەی گەورە و ئامێری سامناکی تر زریانێکی دەستکرد تۆمار بکەین.

گابۆ: ڕەنگە ئاوها ڕاستەقینەتر دەربکەوێت. چل ساڵێک لەمەوبەر، کاتێک بۆ یەکەمین جار ڕاشۆمۆنـم[5] دیت، بارانەکەی دیمەنی یەکەمی زۆر سەرسامی کردم و لە دڵی خۆمدا گوتم: ”ئا بەم لێزمەیە بێت، دەبێت فیلمێکی زۆر چاک بێت.” ئێ، بارانەکە ڕاستی بوو؟

ئاکیرا: نا، دەستکرد بوو.

گابۆ: چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کاتێک دوایین فیلمتانم بە ناوی خەونەکان[6] بینی هەر وای بۆ چووم، چونکە ئەویش لێزمەیەکی تری تێدایە و سەرسامی کردم، بەڵام ئەمجارە خوڕەکەی. کاتێک ڕاشۆمۆنـم بینی نەمزانی شەیدای دەنگەکانی بووم.

ئاکیرا: خوڕەی باران توخمێکی دراماتیکیی گرنگە.

گابۆ: نامەوێت ئەم وتووێژە هاوڕێیانەیەمان وەک دیمانەی ڕۆژنامەوانیی لێ بێت، بەڵام چییە کەفوکوڵێکی زۆرم تێدایە تا زۆر شت سەبارەت بە خۆتان و بەرهەمەکانتان بزانم.

ئاکیرا: خەمتان نەبێت. تا زریانەکە هەڵدەکات کاتی پێویستم هەیە.

گابۆ: سەرەتا حەز دەکەم بزانم چۆن سیناریۆکانتان دەنووسن. یەکەم، چونکە خۆیشم سیناریۆنووسم. دووەم، چونکە بەڕێزتان دەقئاوێزانی دڵڕفێنتان لە بەرهەمە وێژەیییە مەزنەکانەوە کردووە، زۆر تامەزرۆ و دوودڵیشم سەبارەت بەوەی دەقئاوێزانی بەرهەمەکانی من بکەن.

ئاکیرا: کاتێک بیرۆکەیەکی نوێم لا گەڵاڵە دەبێت و دەمەوێت بیخەمە چوارچێوەی سیناریۆوە، دەچم لە هۆتێلێک خۆم بە پەڕە و پێنووس گەمارۆ دەدەم. سا بە گشتی مژارەکەم لە هزردایە، کەم تا زۆرێکیش دەزانم چۆن دەبڕێتەوە. کاتێکیش نازانم بە کام دیمەنە دەست پێ بکەم، شوێنپێی ئەو بیرۆکانە هەڵدەگرم کە بە سرووشتی بۆم دێن.

گابۆ: ئەوەی سەرەتا بە مێشکتاندا دێت، بیرۆکەیە یان وێنە؟

ئاکیرا: ناتوانم جوان ڕوونی بکەمەوە، بەڵام پێم وایە هەمووی بە چەند وێنەیەکی پەرشوبڵاو دەست پێ دەکات. لە بەرامبەردا، دەزانم لێرە لە ژاپۆن، سیناریۆنووسەکان سەرەتا وێنەیەکی گشتگیری سیناریۆکە دەئافرێنن، دیمەنەکان پۆلێن دەکەن، پاش ڕێکخستنی مژارەکەیش، دەست بە نووسینەوەی دەکەن. بەڵام پێم وایە ئەوە شێوازە ڕاستەکە نییە، خۆ ئێمە خوا نین.

* * *

گابۆ: تەنانەت کاتێک لە شکسپیر[7] یان گۆرگی[8] یان دۆستۆیێڤسکیتان[9] وەرگرتووە، شێوازەکەتان زۆر لەبار بووە؟

ئاکیرا: ئەو دەرهێنەرانەی بە نیوەناچڵی فیلم دەردەهێنن، ڕەنگە نەزانن گواستنەوەی وێنەی وێژەیی بۆ وێنەی سینەمایی و چاوی بینەر چەند دژوارە. بۆ نموونە، با باسی دەقئاوێزانی ڕۆمانێکی پۆلیسیتان بۆ بگێڕمەوە: لە پەڕتووکەکەدا تەرمێک لە تەنیشت هێڵی ئاسنەوە دەدۆزرێتەوە، دەرهێنەرێکی لاو دڵنیا بوو لەوەی شوێنێکی دەقاودەقی چەشنی ڕۆمانەکە هەیە. پێم گوت: ”هەڵەیت. هەڵە! تۆ خۆت ڕۆمانەکەت خوێندووەتەوە و دەزانیت لای هێڵی ئاسنەکەوە تەرمێک دۆزراوەتەوە. بەڵام بۆ ئەوانەی نەیانخوێندووەتەوە، هەر شوێنێکە و گرنگییەکی ئەوتۆی نییە.” ئەو دەرهێنەرە لاوە سەرسامی توانستی جادووییی وێژە بوو، بێئاگا لەوەی دەبێت وێنە سینەمایییەکان بە شێوازێکی دیکە دەرببڕدرێن.

گابۆ: هیچ وێنەیەکی ڕاستەقینەتان بە بیردا دێت کە دەربڕینی بە سینەما ئەستەم بێت؟

ئاکیرا: بەڵێ. بیرمە زۆر لاو بووم، لە ناوچەیەکی کانزاکاری بە ناوی هیداچی[10] یاریدەدەری دەرهێنەر بووم. دەرهێنەر هەر بە یەکەمین ڕوانین دڵنیای کردینەوە کەشەکەی زۆر لەبار و نامۆیە. بۆیە وێنەمان گرت. کەچی وێنەکان تەنێ شارۆچکەیەکی سادەوساکاریان دەنواند، چونکە شتێک هەبوو ئێمە نەماندەزانی: هەلومەرجی ئیش‌وکار لە هیداچی زۆر مەترسیدارە، ژن و منداڵی کرێکارەکان هەمیشە ترس و دڵەڕاوکێیانە نەکا شتێکیان بەسەردا بێت. کاتێک سرووشتی شارۆچکەکە دەبینیت و لەگەڵ ئەو هەستەدا تێکهەڵکێشی دەکەیت، لەوە سەیر و سەمەرەتریش دەنوێنێت. بەڵام ئیدی کامێرا بە هەمان چاو نابینێت.

گابۆ: ڕاستییەکەی دەزانم ڕۆماننووسی زۆر کەم هەن بە دەقئاوێزانی پەڕتووکەکانیان بۆ سینەما خۆشحاڵ بووبن. چ ئەزموونێکتان لەگەڵ دەقئاوێزانەکانتانەوە هەبووە؟

ئاکیرا: سەرەتا بواری پرسیارێکم بدەنێ: فیلمی ڕیشسوورتان[11] دیتووە؟

گابۆ: لەم ٢٠ ساڵەدا شەش جار بینیوومە، نزیکەی هەموو ڕۆژێکیش منداڵەکانم هان دەدا تا سەیریان کرد. ئەوە تاکە فیلمی ئێوە نییە خۆم و خێزانەکەم حەزمان لێ بێت، بەڵکوو لە هەموو مێژووی سینەمادا یەکێکە لە دڵخوازەکانم.

ئاکیرا: ڕیشسوور کۆڵەکەیەکی بنچینەییی شۆڕشەکەمە. هەموو فیلمەکانی پێش وی جیاوازن لە ئەوانەی دوای. کۆتاییی قۆناغێک و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بوو.

گابۆ: دیارە. سەرەڕای ئەوەیش، هەمان فیلم دوو دیمەنی هەژێنەری تێدایە، گرێدراوی تێکڕای بەرهەمەکەتانە، هەردووکیشیان ئەستەمە لە بیر بچنەوە: یەکێکیان دیمەنی ناوازەی کوللەکە و ئەوەی تریان مستەکۆڵەی کاراتی لە حەوشەی نەخۆشخانەکە.

ئاکیرا: بەڵێ. بەڵام دەمویست بۆتان بگێڕمەوە کە نووسەری ڕۆمانەکە، شوگۆرۆ یامامۆتۆ[12]، هەمیشە دژایەتیی ئەوەی دەکرد ڕۆمانەکانی بکرێن بە فیلم. بەڵام بۆ ڕیشسوور بەرهەڵستیی نەنواند چونکە من شێلگیر و قیرسچمە بووم تا سەرکەوتوو بووم. دەی، دوای سەیرکردنی فیلمەکە ئاوڕی لێ دامەوە و پێی گوتم: ”خۆ لە ڕۆمانەکەم سەرنجڕاکێشترە!”

گابۆ: بۆ چی زۆر بەدڵی بوو؟

ئاکیرا: چونکە ئاگایییەکی ڕوونی سەبارەت بە ئەدگارە تایبەتییەکانی سینەما هەبوو. تەنێ داواکارییەکی لێم هەبوو: زۆر وریای شاکەسایەتییەکەی بم؛ خۆی دەیگوت ژنێکی تەواو تێکشکاو و داڕووخاوە. بەڵام خۆشییەکەی لەوەدا بوو مژاری ژنە تێکشکاوەکە لە ڕۆمانەکەیدا بەرچاو نەبوو!

گابۆ: ڕەنگە وای بۆ چووبێت. ئەمە شتێکە بەسەر ئێمەی ڕۆماننووسدا دێت.

ئاکیرا: هەر وایە. تەنانەت هەندێک نووسەر دوای بینینی ئەو فیلمانەی لە کتێبەکانیانەوە وەرگیراوە، دەڵێن: ”ئەم بەشەی ڕۆمانەکەم باش ڕەنگی داوەتەوە!” بەڵام ڕاستییەکەی مەبەستیان شتێکە دەرهێنەر بۆی زیاد کردووە. لەوە تێدەگەم، چونکە دەبینن ئەوەی لەسەر شاشە و لە چاوی ڕوونی دەرهێنەرەوە باش دەربڕدراوە؛ خۆیان ویستوویانە بینووسن کەچی نەیانزانیوە چۆن بینووسنەوە.

گابۆ: وەک ئاشکرایە: ”شاعیران تێکەڵکەری ژەهرن”. بەڵام با بگەڕێینەوە سەر فیلمەکەی ئێستاتان: وێنەگرتنی زریانەکە دژوارترینە؟

ئاکیرا: نا. کارکردن لەگەڵ ئاژەڵەکان قورسترین بوو؛ مارماسییەکان، مێروولە گوڵخۆرەکان[13]. کوڵەوەیبابە ماڵییەکان زۆر هۆگری خەڵکن، بە زگماک هەڵنایەن، ئاکاریشیان وەک مارماسییە. چارەسەرەکەی گرتنی کوڵەوەیبابێکی گەورەی کێویی بوو کە بە هەموو هێزی پەلەقاژەی هەڵهاتنی بوو و بە ڕاستی تۆقێنەر بوو. ڕۆڵەکەی خۆی زۆر باش گێڕا. سەبارەت بە مێروولەکان، وەک هندییەکان ڕیزیان بەستبوو و بۆ گەیشتن بە گوڵێک هەوڵیان دەدا بە دەوەنەگوڵێکدا هەڵبگەڕێن. مێروولەکان بۆ ماوەیەکی زۆر سست بوون تا کاتێک شیلەی هەنگوینمان لەسەر لقەکەی دانا و پێیدا هەڵزنان. ڕاستییەکەی زۆر تەنگوچەڵەمەمان هاتە ڕێ، بەڵام ئەوەی دەهێنا، چونکە زۆریان لێوە فێر بووم.

گابۆ: بەڵێ، سەرنجم دا. بەڵام ئەمە چ جۆرە فیلمێکە کە لە هەمان کاتدا کێشەی مێروولە و زریانیشی لە خۆ گرتووە؟ خۆی مژارەکەی لەسەر چییە؟

ئاکیرا: پوختەکردنەوەی لە چەند وشەیەکدا ئەستەمە.

گابۆ: کەسێک کەسێکی دی دەکوژێت؟

ئاکیرا: نا. بە سادەیی سەبارەت بە پیرەژنێکی ناگاساکییە[14] کە لە بۆمببارانەکە قوتاری بووە، هاوینی پێشوو نەوەکانی سەریان لێ داوە. وێنەی دیمەنی زۆر هەژێنەر و دڵتەزێنم نەگرتووە، نەوەکا ترس و دڵەڕاوکێی ڕووداوەکەیان پێ ڕوون نەکرێتەوە. ئەوەی دەمویست بیگوازمەوە ئەو سوێ و برینانە بوو کە بۆمببارانەکە لە دڵی خەڵکەکەماندا چاندوویەتی و چۆن ساڕێژ کراون. ڕۆژی تەقینەوەکەم باش لە بیر ماوە و تەنانەت تا ئەمڕۆیش ناتوانم بڕوا بکەم ئەوە لە دنیای ڕاستەقینەدا ڕووی داوە. بەڵام لە هەمووی ناخۆشتر ئەوەیە ژاپۆنییەکان لە بیریان چووەتەوە.

گابۆ: بۆ داهاتووی ژاپۆن، بۆ ناسنامەی ژاپۆنییەکان، ئەم نەخۆشیی لەبیرچوونەوە مێژوویییە چ واتایەک دەگەیەنێت؟

ئاکیرا: ژاپۆنییەکان بە ڕاشکاویی لێی نادوێن. بە تایبەتی سیاسەتمەدارەکانمان لە ترسی ئەمریکا قڕوقەپیان لێ کردووە. ڕەنگە پشتڕاستی لێدوانەکەی تروومان[15] بکەنەوە: گوایە هەر بۆ خێراکردنی کۆتاییی جەنگی جیهانی پەنایان بردووەتە بەر چەکی ئەتۆمی. لەگەڵ ئەوەیشدا، جەنگەکە بۆ ئێمە بەردەوامە. تێکڕای ژمارەی مردووەکانی هیرۆشیما و ناگاساکی بە ٢٣٠٠٠٠ کەس خەمڵێنراوە. بەڵام ڕاستییەکەی لە نیو میلیۆنیش زیاترە. هێشتا لەم ساتەدا، ٢٧٠٠ کەس دوای ٤٥ ساڵ لە ئاویلکە، بە هۆی کاریگەریی تیشکدانەوەکە لە نەخۆشخانەی بۆمبی ئەتۆمی چاوەڕێی مردنن. بە کورتی: بۆمبە ئەتۆمییەکە لە کوشتنی ژاپۆنییەکان بەردەوامە.

گابۆ: سەرنجێکی گونجاوترم بۆ هات: دیارە ئەمریکا لە ترسی ئەوەی نەکا سۆڤێت بەر لەوان ژاپۆن داگیر بکات، خۆی فەرمانەکەی بە بۆمب خێراتر کرد.

ئاکیرا: بەڵێ. بەڵام بۆ چی لە شارێکدا وایان کرد کە خەڵکی مەدەنیی تێدا بوو و هیچ پەیوەندییەکان بە جەنگەوە نەبوو؟ بە ڕاستی جڤینە سەربازییەکان هۆکار بوون.

گابۆ: هەڵیشیاننەدایە کۆشکی ئیمپڕاتۆریی ژاپۆن، خۆ کەوتووەتە چەقی تۆکیۆ، دەبوو بە ئەگەری زۆرەوە ئەوێ بکرابایەتە ئامانج. لام وایە ئەمە هەمووی ڕوون بووەتەوە؛ دەیانویست بە پەڵەپڕووسکێ هێزی سیاسی و سەربازی وەگەڕ نەخەن و بەبێ دابەشکردنی دەستکەوت لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان دانوستان بکەن. ئەم ئەزموونە هیچ وڵاتێکی دی لە هەموو مێژووی مرۆڤایەتیدا نەیبووە. ئێ باشە، گەر ژاپۆن بەبێ بۆمبە ئەتۆمییەکە خۆی ڕادەست بکردایە، داخۆ هەمان ژاپۆنی ئەمڕۆ لە ئارادا دەبوو؟

ئاکیرا: زانینی دژوارە. ڕزگاربووانی ناگاساکی نایانەوێ ئەو ئەزموونەیان وەبیر بهێننەوە، چونکە زۆرینەیان، لە پێناو ڕزگاربوون و نەمردن، ناچار بوون دایباب و منداڵ و خوشک و براکانیان جێ بهێڵن. هێشتاکە هەستی تاوان بەربینگی بەر نەداون. پاشان، هێزەکانی ئەمریکا وڵاتەکەیان بۆ ماوەی شەش ساڵ داگیر کرد، بۆ خێراکردنی لەبیرچوونەوەکە کاریگەریی زۆریان لەسەر میدیاکان داناوە و حوکومەتی ژاپۆنیش دەستگیرۆییی کردوون. دەتوانم بە تێکڕایی لە هەمووی تێبگەم وەک بەشێک لەو نەهامەتییەی جەنگ ئافراندوویەتی. بەڵام پێم وایە، ئەو وڵاتەی بۆمببارانی کردووە، دەبێت لانی کەم داوای لێبوردن لە ژاپۆنییەکان بکات. تا ئەوە ڕوو نەدات، ئەو مەرگەساتە تەواو نابێت.

گابۆ: جاتا کەی؟ داخۆ ناکرێت ناخۆشییەکە بە خۆشییەکی درێژمەودا قەرەبوو بکرێتەوە؟

ئاکیرا: بۆمببارانەکە بەردی بناغەی جەنگی سارد و چەکبڕکێی[16] دانا، بووە دەستپێکی ڕەوتی پیتاندن و بەکارهێنانی وزەی ناوەکی. خۆشی و شت ئاوا نالوێ.

گابۆ: بەڵێ. وزەی ناوەکی وەک هێزێکی بێزراو هاتووەتەوە ئاراوە، هێزێکیش بە بێزراویی بێتە ئاراوە بۆ کورۆساوا بابەتێکی پڕبایەخە. بەڵام ئەوەی پەژارەم دەداتێ ئەوەیە ئێوە خودی وزەی ناوەکی تۆمەتبار ناکەن و دژی ناوەستنەوە، بەڵکوو دژی بەکارهێنانە چەوتەکەین لە سەرەتاوە. کارەبا خۆی شتێکی باشە، بەڵام کورسیی کارەبایی نا.

ئاکیرا: وەک یەک نییە. بە ڕای من گریمانەی ئەوە ناکرێت مرۆڤ وزەى ناوەکیی پێ جڵەو بکرێت. سا ئەگەر بێت و وزەی ناوەکی بە هەڵە بەکار بهێنرێت، دەستبەجێ لێکەوتەکانی کارەساتەکە تەشەنە دەسەنێت و تیشکدانەوەکەی بۆ سەدان نەوە دەمێنێتەوە. لە لایەکی ترەوە، کاتێک ئاو دەکوڵێت، ئەوەندە بەسە لێی بگەڕێیت تا سارد دەبێتەوە، ئیدی مەترسییەکەی نامێنێت. کەواتە با واز بهێنین لە بەکارهێنانی ئەو توخمانەی سەدان هەزار ساڵە هەر دەکوڵێن.

گابۆ: بۆ بەشێکی زۆری تێگەیشتنم لە مرۆڤ و مرۆڤایەتی، خۆم بە قەرزارباری فیلمەکانی کورۆساو دەزانم. بەڵام لەو هەڵوێستەی ئێوەیش سەبارەت بەو ستەمە جەرگبڕەی بۆمبی ئەتۆمییان تەنێ دژی خەڵکی بێتاوان بەکار هێناوە باش تێدەگەم، ئەمریکییەکان و ژاپۆنییەکان دەستیان تێکەڵاو کردووە تا ژاپۆن لە بیری بچێتەوە. بەڵام ئەوەیشم لا پەسەند نییە وزەی ناوەکی بۆ هەمیشە بە بێزراو دابنرێت بێ بیرکردنەوە لەوەی دەکرێت خزمەتێکی مەزن بە مرۆڤایەتی بگەیەنێت. دیارە ئەو هەڵچوونەی بەڕێزتان بەهۆی تێکەڵبوونی هەستەکانەوەیە، چونکە دەزانن ژاپۆن بیری چووەتەوە و تاوانبارەکان، کە ویلایە یەکگرتووەکانن، هێشتا بە تاوانەکەی خۆیان نەزانیوە و پۆزشیان بۆ نەتەوەی ژاپۆن نەهێناوەتەوە.

ئاکیرا: مرۆڤ دەبێتە مرۆڤتر کاتێک بزانێت هەقیقەت چەند ڕەهەندێکی هەیە و ناتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت. پێم وایە ئەو مافەمان نییە نە منداڵی بێ‌کۆم بخەینەوە نە ئەسپی هەشت‌پەل، وەک ئەوەی لە چێرنۆبڵ[17] ڕوو دەدات. بەڵام ئێستا لام وایە ڕێچکەی ئەم وتووێژەمان بە ئاقارێکی زۆر جدیدا ڕۆیشتووە، ئەوەیش ویستی من نییە.

* * *

گابۆ: باشمان هێنا. کاتێک مژارێک وەک ئەمە زۆر جدی بێت، جدییەتی لێ بترازێ هیچ بژاردەیەکی ترمان بۆ نامێنێتەوە. ئەو فیلمەی خەریکن تەواوی دەکەن، سەبارەت بەم مژارە هزرتانی ڕووناک کردووەتەوە؟  

ئاکیرا: بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نا. کاتی بۆمببارانەکە من لاوێکی ڕۆژنامەنووس بووم و دەمویست وتار لەسەر ڕووداوەکە بنووسم، بەڵام تا تەواوبوونی تەواو ڕێبەند بووم. ئەمێستا، بۆ بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە، دەستم بە توێژینەوە و بنجکۆڵکاریی ئەو پرسە کردووە، لەوسایش زیاتری لێ دەزانم. بەڵام گەر بێ ‌پێچوپەنا بیروبۆچوونم لە فیلمەکەدا بخەمە ڕوو، نە دەکرێ لە ژاپۆن پەخش بکرێ، نە لە هیچ جێیەکی دی.

گابۆ: دەکرێ دەقی ئەم وتووێژەمان بڵاو بکەینەوە؟

ئاکیرا: وەک خۆم لاریم لێ نییە. بە پێچەوانەوە. مژارێکە دەبێت زۆربەی خەڵکی دنیا بەبێ هیچ ئاستەنگ و لەمپەڕێک بۆچوونی خۆیانی لەبارەوە دەرببڕن.

گابۆ: زۆر سوپاس. سەرباری هەموو شتێک، پێم وایە گەر من ژاپۆنی بوومایە، وەک ئێوە لە هەمبەر ئەم مژارە توند دەبووم. بەهەرحاڵ، چاک تێدەگەم لەوەی هیچ جەنگێک بۆ کەس باش نییە.  

ئاکیرا: هەر وایە. بەڵام خراپییەکەی ئەوەیە کاتێک دەقڵیشێتەوە، تەنانەت مەسیح و فریشتەکانیش ئاگری جەنگ خۆش دەکەن.

سەرچاوە:

Esperando el tifón, Gabriel García Márquez entrevista al director de cine Akira Kurosawa, 9 Jun 1991, El País (Traducido al kurdo por Jiyar Homer)

تێبینی: ئەم وەرگێڕانە پێشتر لە ژمارە چواری گۆڤاری سینەماییی تەماشە (Temaşe) لە باکووری کوردستان بڵاو بووەتەوە.


[1] Gabriel García Márquez

[2] Akira Kurosawa

[3] Esperando el tifón

[4] Rapsodia en Agosto

[5] Rashomon

[6] Sueños

[7] Shakespeare

[8] Gorki

[9] Dostoievski

[10] Hidachi

[11] Barba Roja

[12] Shugoro Yamamoto

[13] Hormigas que comían rosas

[14] Nagasaki

[15] Harry S. Truman

[16] Carrera armamentista, Arms Race

[17] Chernobil

هاوبەشی بکە

KOROSAWA, MARQUEZ,