13/02/2025
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی هەسارەکەی ڕۆژهەڵات: ئوم کەلسوم لە چیرۆکێکدا

لە لایەن دیدی من 1 حەفتە پێش ئێستا

نووسینەوەی ڕەشید مەحمود
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان

پێشبینی وامان لە دکتۆرێکی ڕیش سپی نەدەکرد، هەرچەندە پێشدەچوو لە قۆناغی دووەم دابێت. لە ئەسانسۆرەکە دابەزی. عودێکی بە دەستەوە بوو. یەکسەر بەرەو دەرگەی کافێکە ڕۆیشت. لەسەر نزیکترین کورسی لە دەرگەکە دانیشت. دەستێکی بە ڕیشی داهێنا، داوای چایەکی کرد، جگەرەیەکی داگیرساند. دوای ئەوەی کۆتا مژی لە جگەرەکەی دا، دەستی کرد بە ژەنینی عود. هەر زوو ئاوازەکەم ناسییەوە، بەڵێ “انت عمری” بوو. عودی دەژەنی و گۆرانیەکەی دەگوتەوە. ئەو پیاوەی لە شوێنی پێشوازی ڕاوەستابوو، لێی ڕوانیم، بە زەردەخەنەوە گوتی(یا الله)، سەریشی لەگەڵ دەهەژاند. دواتر بە عەڕەبی گوتی:
ـ دەزانی ئەو کابرایە وێنەی لەگەڵ سەید مەکاویدا هەیە.
من کە هێشتان بە سەرسامییەوە گوێم بۆ پیرەپیاوەکە ڕادێرابوو، گوتم:
ـ نا.
ـ منیش لە فەیسبووک بینیم. لە دڵم ببووە مەراق. دەبوایە پرسیارگەلێکی زۆر لەو پیرەپیاوە بکەم. کاتێکیش لە بارەی ئوم کەلسومەوە لێیم پرسی، بە شێوەیەکی سەیر خۆی لە پرسیارەکانم دەدزیەوە، وەک بڵێی لە یادەوەریەکانی ڕابکات. بەڵام دەستی کرد بە گێڕانەوەی چیڕۆکێک: (دەستی بۆ تەکسییەکە بەرز کردەوە، سواری تەکسییەکە بوو. ” رجعوني عنيك لأيامي اللي راحوا علموني أندم على الماضي وجراحه” شۆفێرەکە گۆرانیەکەی لەبەر خۆیەوە لەگەڵ ئوم کەلسوم دەگوتەوە. مەلایەکە کە بۆ یەکەم جاری بوو گوێبیستی بێت، قووڵ ڕۆیشتە نێو گۆرانیەکە، بە جۆرێک تەکسییەکە لەو شوێنە تێپەڕی کە دەیویست لێی دابەزی.
تەکسییەکە دوور ڕۆیشت… دوور… دوور.
لەگەڵ تەواو بوونی میوزیکی گۆرانیەکە و گۆرانیەکە، بینی زۆر دوور کەوتۆتەوە… دوور… زۆر دوور.
بۆ گەڕانەوە بۆ شوێنی مەبەست، لەگەڵ هەمان تەکسی… هەمان گۆرانی، ئەمجارە کەمێک ڕووکەشیانەتر ڕۆیشتە نێو گۆرانیەکە. تۆزێک دەنگەکەی کز کرد، ڕووی وەرگێڕایە لای شۆفێرەکە:
ئەمە کێ یە؟
ـ ئوم کەلسوم.
ـ شیعرەکە هی کێییە؟
ـ ئەحمەد شەفیق.
دوای تەواو بوونی نوێژی شێوان، دوای تەسبیحات، دوای کردنی دوو رکاعەت نوێژی سونەت. پیرە پیاوێک، کە هیچ شتێکی وای تێدا بەدی نەدەکرا سەرەنجی بەرامبەر ڕابکێشێت، جگە لە درەنگ ڕۆیشتنەوەی لە مزگەوت؛ خەریکی نزا و پاڕانەوە بوو… مەلایەکە پرسی ” ئەمە کێ یە؟” یەکێک لەو گەنجە لە خوا ترسانەی لە مزگەوتەکە هەمیشە لە ڕیزی یەکەمی نوێژکردندا دەوەستا وەڵامی دایەوە: ناوی ئەحمەد شەفیقە. بۆ چەند ساتێک دۆشداماو وەستا، بێ ئەوەی نقەی لێوەبێ. کوڕە گەنجەکە هەندێ قسەی تری کرد، مەلایەکە ئەوەی بە نێو مێشکیدا هاموشۆی بوو تەنیا “.رجعوني عنيك لأيامي اللي راحو….. خدني لحنانك خدني… بعید… بعید.. انا و انت…” بوو. لەبەر خۆیەوە چەندین جار “ئەحمەد شەفیق”ی دووبارە کردەوە. هەر هێندە زانی هەنگاوەکانی خەریکن هێواش هێواش لە وی نزیکی دەکەنەوە. ترپەی دڵی خێراتر و خێراتر لێی دەدا. ئەحمەد سەری بەرز کردەوە، لە چاوەکانی مەلاکەی ڕوانی. تروسکایی چاوەکانی مەلا، وەک تروسکایی چاوی منداڵێک وابوون کە بۆ یەکەمجار پایسکلە دڵخوازەکەی بۆ کردرابێت، پرسی:
ـ تۆ ئەحمەد شەفیقیت؟
ـ بەڵێ
ـ تۆ… تۆ “انت عمری”ـت نووسیووە؟
ـ بەڵێ، ئەو کاتەی ئەو شیعرەشم نووسی لە عەمرە بووم.

هاوبەشی بکە