18/05/2024
DidiMn Logo
Top

سینەڵایز بۆ؟

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – شه‌هرام رسول

سینەما چییە؟ چیرۆکی وێنەییە؟ داستانە؟ ئەفسانەیە؟ شعرە؟ بەگشتی ئەدەبیاتە؟ شێوەکاریە؟ پەیکەر تاشینە؟ ڕیتم و مۆسیقایە؟ شانۆیە؟ زانستە و تەکنەلۆژیایە؟ یان نا وەک ئەوەی دۆڵۆز (ژیل دۆڵۆز فەیلەسوفێکی فەرەنساییە و لە پەنجایەکانی سەدەی ڕابردووەوە بەهۆی کتێبەکانیەوە دەردەکەوێت یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی کە زۆرگرنگی بە سینەما داوە و بۆچوونەکانی لەمەڕ سینەماوە تا ئێشتاش گرنگیەکی زۆریان هەیە.) دەیلێت پەیوەندی نێوان وێنە و جولە، وێنە و کاتە؟!

ئەو پێناسانەی کە بۆ سینەما هەن بە پێی ژمارەی پێناسەکەرەکان زۆرن و لە یەکتریش جیاوازن، سەر بە هەر فەرهەنگێکدا بکەین بە جۆرێک پێناسەی سینەمای کردووە کە تەواوو لە پێناسەی سینەما لە فەرهەنگێکیتردا جیاوازە و ناچنەوە سەر یەک، تەنانەت زۆرجار لە چاپە جیاوازەکانی یەک فەرهەنگی دیاریکراویشدا پێناسەی سینەما گۆراوە! ئێمە ئەم پرسیارانەی سەرەوەمان بۆ وەڵامدانەوە نەوروژاندووە. بە پێچەوەناوە ویستوومانە قورسی تێگەیشتن لە سینەما دەربخەین و بلێین ئێمە ناتوانین بە پێناسەیەک لە بارەی سینەماوە بدوێین و لە ناو یەکێک لە قالبەکاندا جێی بکەینەوە، وە ئەمە سوود بە تێگەیشتنی ئێمە ناگەیەنێ لە مەڕ سینەما، بەڵکی واباشترە ئەو پرسیارانە و ئەم تێگەیشتنانە بەشێوەیەکی کراوە بە جێبیڵین و تێگەیشتنە فراوانەکەی کە بۆ سینەما هەمانە و لای هەر کامێکمان بە شێوازی جیاواز هەیە، بمێنێتەوە و خوێنەران لە یەک ڕەنگی و یەک تێگەیشتنی بەر تەسک و بچووک بۆ سینەمە بپارێزین.

بێگومان جگە لە سەختی هەڵبژاردنی پێناسەیەکی دیار بۆ سینەما و فیلم و زنجیرەکان بەڵام هیشتا هیچ لەوە ناگۆرێت کە ئەو شتە واتا سینەما پەیوەندیەکی زۆت پتەوی هەیە بە فەلسەفە و خوێندنگا و گروپە فەلسەفیەکانەوە. کە ئەگەر سینەما دیالۆگ بێت، ئەگەر داستان یا ئەفسانە یا تەنانەت رۆمان و چیرۆک بێت، ناتوانێ لە جیهانبینینە فەلسەفیەکان بێتەدەرەوە و کاریگەری فەلسەفە بەسەر ئەکتەر و سیناریۆ و مونتاژ و گۆشەکانی کامیرا و تۆارکردن و چی و چیتر نایەتە ئینکاری کردن. هەر بۆیە بە بڕوای پەتی و خێرای ئێمە ناکرێ بێ تەیگەیشتن یا بێ هەڵدانەوەی پەردە لەسەر پەیوەندی نێوان فەلسەفە بە فیلم و زنجیرە و سینەماوە بەگشتی تێگەیشتن لە سنەما کورت دەهێنێت و دواجاریش ئەمە لە چیژی سینەما کام دەکاتەوە.

ئێستا ماوەتەوە بڵێین ئەوەی وایکرد بەشێک لەو ئاڵۆزیەی کە لە ناو سینەمادا هەیە باس بکەم ئەوەیە تا پێتان بڵێم بۆچی ئەم گۆشەیەمان داناوە و گرنگیەکەی بۆ بینەر و خوێنەری کوردی زمان چیە. فیلمەکان کە پێک دێن لە دەق و دیالۆگەکان، جولە و نیشانەکان، ڕوناکی و گۆشەکان، کەسایەتی و هەستەکانیان، کات و شوێن و …هتد وا دەکات کە ئاستی تێگەیشتنی هەر بینەرێک لە بینەرێکیتر  جیاواز بێت، ڕەنگە بینەرێک بتوانێت چەند پەردەیەکی نهێنی لەسەر چەند فیلمێک لابدات بەڵام لە چەند فیلمێکیتر ئەو توانایەی نەبێت، بێگومان دەکرێ چەندین تێگەیشتن و چەندین کرانەوە و دیدگای جیاواز بۆ یەک فیلم لە لای چەندین بینەر دروست بکات. کەوایە ئەم گۆشەیە بۆ ئەوەیە تا هەموومان ئەو خوێندننەوانە ئەو شیکاریانەی بۆ هەر فیلمێک هەمانە بیانخەینە ڕوو، وە بیانخوێنینەوە، منیش لە ژێر ناوی ”سینەڵایز” هەرجارێک تێگەیشتن و شیکاریەکانی خۆم هەروەها ئەوە پەیوەندیەی کە لە نێوان فەلسەفە و  فیلم و سینەما بە گشتی هەیە  و دەیخەمە بەرچاوی خوێنەرانم.

بیرم نەچێ ناوی سینەڵایز-م بە واتای شیکاری سینەمایی داناوە و لە هەردوو وشەی سینەما و ئەنەڵایزی ئینگلیزیەوە وەرگرتووە.

هاوبەشی بکە