10/01/2025
DidiMn Logo
Top

فیکر لە نێوان کوازیمۆدۆ و گرامشیدا

لە لایەن دیدی من 4 ڕۆژ پێش ئێستا

دیدی من – سەلیم بەرەکات
لە عەرەبییەوە: زاموا محەمەد

لە تەمەنی پازدە ساڵیمدا، نۆ جار -یان زیاتر- “قەموورەکەی نۆتردام”ـم خوێندەوە. هەر خوێندنەوەیەکیان، بۆ ئەوە بوو بگەمە دوایین دێڕەکانی ئەو ڕۆمانەی ڤیکتۆر هوگۆ. پاش یەکەم خوێندنەوە، بۆچی ئەو ئاسانکارییەم بۆ خۆم نەکرد، کە ڕاستەوخۆ لاپەڕەکان تا دوایین پەڕە هەڵبدەمەوە؟ ئەمە شتێکە دەبێت بخرێتە بەردەم شیکارییەک، کە لە خورپەوە وەرگیرابێت: لە گۆڕی ئیزمیرالدای قەرەجدا، پەیکەرەئێسکینەیەکی قەموور دەدۆزرێتەوە، کە بە تەنیشت ئەوەوە خۆی گڕمۆڵە کردووە.

هەیبەتی ئەو گۆڕە، بە ئێسکوپروسکی دوو کەسەوە، شتێکی خستە ناخی منەوە. دڵتەنگییەک، کە خوێندنەوەی چەندجارەی ڕۆمانەکە نۆژەنی نەکردەوە، هەر خەیاڵمی بە پاڵ دەنا، بەرەو ئەوەی بە خەمۆکییەوە لە کوازیمۆدۆ بپاڕێمەوە، تا بزانم چۆن خۆیی لە گۆڕی ئیزمیرالدادا ناشتووە؟

ئەمەم بە درێژایی “چەندین تەمەنی زۆر”، لە تەمەنەکانی سەرەتام، لە ناخمدا هەڵگرت، تا جەنگی لوبنان، کە تێیدا ناوی ئەنتۆنیۆ گرامشی بەردەوام دەگوترایەوە؛ بۆ تۆمارکردنی بارودۆخی شەڕەکە، لەسەر بنەماکانی تێگەیشتنی تیۆری لە فیشەکاکان و مووشەکەکانی جەنگەکە.

“ڕۆشنبیری ئەندامی”، واتە ئەوەی بە بڕبڕەی پشت و گۆشتی لەشیەوە، بە لەشی ئەوانی ترەوە بەستراوەتەوە. بەستنەوەی ڕۆشنبیر بە جیوەی بەها گشتییەکانەوە، ئەو بەهایانەی بە پۆلێنێکی “لەرزۆک”ـی وەک پۆلێنی چینەکان و هۆشیارییان، ناتوانرێت دەورە بدرێت. جگە لە ڕۆشنبیرییە فراوانەکەی، ئەوەی سەرنجی منی بە لای گرامشیدا ڕاکێشا و ئەوەی لە لقی پڕ لە چڵوپۆپی درەختی خەیاڵی منی نزیک خستەوە، ئەو هاوتاییە “ئەندامییە” بوو لە نێوان قەمووریی پشتی ئەو و قەمووریی پشتی کوازیمۆدۆدا- لێبوکی زەنگی گەرناڵەکان لە کڵێسای نۆتردام.

“لاهووتی هەبوون”، کە گوزارشتێکی جاک دێریدایە، پێم خۆشە بیچەمێنمەوە بە لای بەراوردی نێوان خەڵقەتەکاندا. لێرەوە، من لە پێگەی “مەرگی نووسەر” و لەدایکبوونی خوێنەردام، کە منە؛ ئەمەش بە پێی لاهووتە نوێکراوەکەی دڵدارییەکانی “هەڵوەشاندنەوە” و خورپەی بونیادگەرەکان، کاتی کارکردنیان بۆ سازکردنی داڕشتەی بەلاغیی ئەدەبی. جەستەی کوازیمۆدۆ “هەڵوەشێندراوەتەوە”. جەستەی گرامشی “هەڵوەشێندراوەتەوە”. بە هەڵوەشێنراوەیی ژیان، لە پای یاریکردنی شێوە بە لەشی ئەوان، لە ڕێگەی دانانی چەند زیادەیەکی “ئەندامییەوە”، کە بەشێکی “لاهووتی هەبوون”ـیانی داتەپاند.

هەرگیز نامەوێت ڕەخنەگری شێوەکان بم لە زانستی بەراوردکارانەیاندا، بەو پێیەی دەزانم “ڕەخنەگر تەنیا ئەوە ناڵێت کە دەق دەیڵێت، بەڵکو ئەوەش دەڵێت کە خودی خۆی مەبەستی نییە” (پۆڵ دی مان). ئەدەبێک و فیکرێک (مەبەستم لە ڕۆمانەکەی هوگۆ و بەرهەمەکانی گرامشییە)، خستیانمە سەر ڕەخنەیەکی سۆزیاری، کە شیکاریی تێدا نییە؛ هیچ جێگیرکردنێکی ماناکانیان تێدا نییە لە ڕێگەی نەفیکردنیانەوە؛ هیچ نەفیکردنێکی ماناکانیان تێدا نییە لە ڕێگەی جێگیرکردنیانەوە. دڵتەنگییەکە و بە تەنیشت ئەوانەوە، تێیدا ژیام. “دڵتەنگییەکی ئەندامی” بە تەنیشت هەموو گەرناڵێکی ناو کڵێساکانی ئەم جیهانەوە.

هاوبەشی بکە