02/05/2026
DidiMn Logo
Top

كورتەچیرۆك: داهێنانی مێشوولەکان

لە لایەن Savan Ako 48 خولەک پێش ئێستا

دیدی من – تۆما تێسیێ
له فەڕەنسییەوە: سەلیم جەمال

«ئەم چیرۆكە، چیرۆكێكی نەتەوەیی و كولتوری وڵاتی ڤیێتنامە. له نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە گوێزراوەتەوەو سەر بە میرات و كولتوری وڵاتەكەیه.»

ڕۆژێك له ڕۆژان، لەناو هەرێمێكی دووركەوتوی وڵاتی ڤیێتنام، كوڕەگەنجێكی ئازاو لێبووردە هەبوو بەناوی نیۆك تام كە لە لادێ دەژییا و خاوەن هاوسەرێكی شۆخ و تەڕپۆش بوو. ڕێك بە پێچەوانەی مێردەكەی كە كەسێكی تێكۆشەر بوو، وە دەستی بەسەر عانەو پارەدا دەگرت. ژنەكەیشی تەمەڵ و حەزلەخۆكەر بوو، سەرەڕای ئەم شتانەش نیۆك تام هاوسەرەكەی خۆی خۆشدەویست و له هەموو شتێكیی دەبووری . لێ مخابن ئەم پەیوەندییه كورتخایەن بوو، چونكە ژنەشۆخەكە له سپێدەیەكی قەشەنگدا لەپڕ كۆچی دوایی دەكات. نیۆك تامی بێ هیوایش نەیدەویست خۆی له تەرمی هاوسەرەكەی جیابكاتەوەو دژی ناشتنی بوو.

لەدوای فرۆشتنی ماڵ و موڵكی خۆی، لەگەڵ تابووتی ژنەكەی به بەلەمێكی بچووكی بادیی بەناوی سامپۆن كەوتە ڕێگەو خۆی له شەپۆلی ئاوەكاندا، بەبێ ئەوەی بزانێت مەبەستی چییەو ئاراستەكە بەرەو كوێ دەیبات. ڕۆژێكیان سامپۆنەكەی نیۆك تام ئەوی گەیاندە تەپۆڵكەیەكی سەرسەوزو لە شوێنێك داگیرسا، چاوی بە دیمەنێكی جوان و زەبەلاح كەوت، بە هەبوونی گوڵی دەگمەن و داری پڕ له میوەی جۆراوجۆر. لەناكاو پیرەمێردێكی بەڕیـش دەكەوێتە سەر ڕێگەی كە قژی درێژو سپی بوو. ئارامییەكی بێوێنەی لێ بەدی دەكردو بە كەسێكی بلیمەت دەهاتە پێشچاو. نیۆك تامیش لەوكاتەدا كڕنوشی بۆ بردوو تكای لێكرد كە هاوسەرەكەی بۆ زیندوو بكاتەوە.

بلیمەته بەبەزەییەكەش پێیگوت: خەونەكەت بۆ بەدیدەهێنم، چونكە عەشق و ئازارەكەت ڕاستەقینەو ڕاستگۆیانەیە، بەڵام ئەوە بزانه كە دواتر نابێت لێی پۆشمان ببیتەتەوە ! دواتر داوای له كوڕە-گوندنشینەكە كرد تاوەكو دارمەیتی ژنەكەی بۆ بكاتەوەو قامكی خۆی زامدار بكات و سێ دڵۆپە خوێن بپـرژێنێتە سەر جەستە مردووەكەی. له هەمان كاتدا ژنەكە چاوەكانی هەڵهێنان وەك ئەوەی له خەوێكی زۆر قوڵدا بەئاگا هاتبێتەوە. هەروەها بلیمەتەكە بەرلەوەی شوێنەكە جێبێڵێت بە ژنەكەی فەرموو؛ نەكەی ئەرك و واجباتەكانی خۆت لەبیر بكەی له هەمبەر مێردەكەت. وە بیر له جۆشوخرۆشی مێردەكەت بكەرەوە له بەرانبەر خۆت. هەردووكتان بەختەوەر بن.

نیۆك تام شەوو ڕۆژی لێكدابوونەوە تا هەرچی زووە بگەڕێتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆی. ئێوارەیەكیان بۆ كڕینی چەند پێداویستیەك دەبوو بەلەمەكەی لەنگەر بگرێت. لەماوەی غیابی ئەودا، كەشتیەكی پڕ مەزن بەدەردەكەوێت…كە دیاربوو خاوەنەكەی بازرگانێكی زەنگینه. بازرگانەكەش واقی وڕما بوو بەهۆی جوانی ئەو ژنه شۆخە، لەو دەمە لەگەڵیدا دەكەوێته گفتوگۆ كردن و له كۆتایی بەڵاڕێیدا دەبات و دەیڕفێنێت. لەكاتی گەڕانەوەی نیۆك تام بە تووڕەیی و هەڵچوونەوە بڕیاریدا بەدوای بازرگانە زەنگینەكەدا بگەڕێت.

لەدوای تێپەڕبوونی چەندین مانگ له گەڕان بەدوای هاوسەرەكەی خۆی، دواجار دەیدۆزێتەوەو پێشنیاری پێدەدات كە بچێتەوە هەمبێزی، كەچی ژنەكە پەیمانی ژیانێكی پـڕرەونەقتری پێدەدرێت لەلایەن بازرگانە گەورەكە، بەڵام ئەو ڕەتیدەكاتەوە. لەناكاو لادێ نشینەكە گەش دەبێتەوەو بە ژنەكەی دەڵێت؛ تۆ ئازادی لەوەی كە بەجێم بهێڵیت. بەڵام پێویسته سێ دڵۆپە خوێنەكەم بۆ بگەڕێنیتەوە، ئەوكاتەی كە بۆ زیندوو كردنەوەت پرژاندمانه سەر جەستەت.

ئەو ژنه خۆشحاڵبوو لەوەی كە وەكو خۆی دەڵێ؛ بە سانایی لەكۆڵ مێردە هێروهوڕەكەی دەبێتەوە. وە بەپەلەیش بوو تاوەكو هەرچی زووە قامكەكەی زامدار بكات. لێ لەوكاتەدا كە خوێنی لێدەچۆڕیی ئارام-ئارام بەرەو مەرگ هەنگاویـی دەنا. ئەگەرچی ئەو نەیدەتوانی وا بەئاسانی ئەم دنیایه جێبێڵێت. كەچی دواتر بوو به مێشوولەیەكی بچووك و گەڕایەوە، وە بەبەردەوامی چاودێری نیۆك تامی دەكرد، تاوەكو ئەو سێ دڵۆپە خوێنە دەستەمۆ بكاتەوە كە پێشتر لێی بردبوو. بۆ ئەوەی بتوانێت وەكو مرۆڤێكی ئاسایی بەردەوامی بداته ژیان. واته ئەمە هەمان ئەو زیندەوەرەیه كە ئێمە پێیدەڵێین «پێشكە».

هاوبەشی بکە