06/05/2024
DidiMn Logo
Top

داهێنەری ڕیالیزمی سیحری

لە لایەن دیدی من 10 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – زە نیویۆرک ڕیڤیو
نووسینی: لاری رۆهته‌ر
وه‌رگێڕانی: ئالان عه‌توف

تا ئێستاش نهێنییه‌ بۆچی ڕۆمانه‌ مه‌زنه‌كه‌ی میگێل ئانخێل ئه‌ستوریاس به‌ ناوی (جه‌نابی سه‌رۆك) له‌ جیهانی ئینگلیزی زماندا كه‌متر ناسراوه‌ به‌ به‌راورد به‌و رۆمانه‌ زۆرانه‌ی كه ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی ئه‌ستوریاس ئیلهام به‌خشییان بووه‌.

هێشتا گابرێل گارسیا مارکیز و ماریۆ ڤارگاس لۆسا نه‌هاتبوونه‌ دنیاوه‌ کاتێک میگێل ئانخێل ئه‌ستوریاسی گواتیمالایی لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٢٢دا دەستی بە نووسینی یەکەم ڕۆمانی خۆی کرد بە ناوی (جه‌نابی سه‌رۆك – El Señor Presidente).‌ کاتێک لە تاراوگه‌ی خۆسەپێندا لە پاریس دەژیا، بۆ ماوەی دە ساڵێك ئیشی لەسەر رۆمانه‌كه‌ی کرد، پاشان گەڕایەوە زێدی خۆی، له‌و كاته‌دا كه‌ داڕمانی ئابووری ساڵانی ١٩٣٠کان له‌ ڕووی داراییه‌وه‌ ته‌نگی پێ هه‌ڵچنی، به‌ڵام بۆی دەرکەوت کە کارەکانی له‌ زێدی خۆی ئه‌گه‌ری بڵاوبوونه‌وه‌یان نیە، چونکە ئەو دیکتاتۆرەی کە له‌ رۆمانه‌كه‌دا فه‌رمانڕاوه‌ییه‌كه‌ی وێنا دەکات، جێگەی خۆی بە یه‌كێكی دڕندەتر و ستەمکارتر پڕكردووه‌ته‌وه‌. کاتێک دواجار خۆی لە ساڵی ١٩٤٦دا ڕۆمانەکەی لە مەکسیک به‌ چاپ گه‌یاند، پڕ بوو لە هەڵەی تایپ و تا ساڵی ١٩٥٢ چاپێکی ته‌واوه‌تی نه‌هاته‌ ئاراوه‌.

بۆیه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕۆمانی (جه‌نابی سه‌رۆك) خاوه‌ن به‌ختێكی باش نه‌بوو. به‌ڵام به‌ یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ گرنگترین و كاریگه‌رترین بەرهەمەکانی ئەدەبیاتی مۆدێرن لە ئەمریکای لاتین ڕیزبەند دەکرێت، وه‌ك جۆرێك له‌ ده‌قی یه‌كه‌مینه‌ ‌بۆ  نه‌وه‌یەک‌ له‌ ڕۆماننووسی به‌ناوبانگ كه‌ له‌ دوای ئه‌ستوریاس ده‌ركه‌وتن و له‌ ساڵانی ١٩٦٠‌ كان و ١٩٧٠ كاندا وه‌ك ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌ی (El Boom) ناوبانگیان به‌ده‌ست هێنا كه‌ ئه‌وانیش بریتی بوون له‌: گارسیا ماركیز، ڤارگاس لۆسا، كارلۆس فوێنتێس، خۆسێ دۆنۆسۆ، گویێرمۆ كابرێرا ئینفانتێ، خولێۆ كۆرتازار، ئاگۆستۆ ڕۆوا باستۆس و چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌.  

تەنانەت خوێندنەوەیه‌كی وردی وەرگێڕانی نوێی ڕۆمانه‌كه‌ی ئەستوریاس كه‌ لەلایەن (دەیڤید ئونگەر)ەوە كراوه‌، ئەوە ڕووندەکاتەوە کە له‌به‌ر چییه‌ کاریگەرییەکی گەورەی داناوه‌. لەناو لاپەڕەکانیدا مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانی سەرچاوەی دوو دیاردە دەستنیشان بکات کە به‌هۆیانه‌وه‌ باقی جیهان په‌یوه‌ست بووه‌ بە ئەدەبیاتی سەدەی بیستەمی ئەمریکای لاتینەوە. یه‌كه‌م: ئەو ژانرەی كه‌ بە ڕۆمانی دیکتاتۆر ناسراوە و دووه‌م: ئه‌و شێوازە‌ش كه‌ پێی دەوترێت ڕیالیزمی سیحری. جیراڵد مارتن، كه لە دونیای ئینگلیزی زماندا‌ توێژه‌ری پێشەنگه‌ سه‌باره‌ت بە ئەستوریاس و به‌رهه‌مه‌كانی، لە پێشەکییەکەیدا بۆ (جه‌نابی سەرۆک) تا ئەو شوێنە دەڕوات کە بە “لاپەڕەی یەکەمی بزووتنه‌وه‌ی El Boom” ناوی دەبات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە “ئەوە گابرێل گارسیا مارکیز نەبووە کە ڕیالیزمی سیحری داهێناوه‌؛ به‌ڵكو ئەوە میگێل ئانخێل ئه‌ستوریاس بووه‌”. ڕەنگە ئەمە بۆ ئەوانەی بە ئه‌ستوریاس ئاشنا نین شتێکی نامۆ بێت، بەڵام ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ لە ئەمریکای لاتین زۆر کەم مشتومڕ ده‌ورووژێنێت.

رۆمانی (جەنابی سەرۆک) لە ووڵاتێکی بێناودا ڕوودەدات کە لەلایەن دیکتاتۆرێکی بێناوەوە ستەمی له‌ دژ به‌رپاكراوه‌، بەڵام هەر یەک لە شوێن و‌کات بێ كێشه‌ ده‌ناسرێنه‌وه‌‌: ئه‌وه‌ی لە دەقەکەدا حه‌شار دراوه‌ چه‌ند ئاماژەیه‌كی زوو تێپەڕه‌ بە (کوێتزاڵ)، باڵندەی نیشتمانی گواتیمالا، و به (ڤێردۆن)‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ شه‌ڕه‌كانی جەنگی جیهانی یەکەم.

ناسنامەی “سەرۆکی دەستووری کۆمار، خێرخوازی وڵاتەکەمان، سەرۆکی پارتی لیبڕاڵی گەورە، پارێزەره‌ دڵ لیبڕاڵه‌كه‌ی گەنجە زاناکانمان” بە هەمان شێوە بە ئاسانی ده‌مانگه‌یه‌ننه‌ ده‌ره‌نجامێك كه‌ ئەم كه‌سایه‌تیه به‌رمه‌بنای‌ مانوێل ئیسترادا کابرێرا داڕێژراوه‌‌ کە هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر گواتیمالادا  لە ساڵی ١٨٩٨ تا ١٩٢٠ لە ڕێگەی تۆقاندن و تیرۆر و گەندەڵی و هەڵبژاردنی ساخته‌وه‌ سه‌پاند.

لە توێكاری كردنێكدا بۆ دیکتاتۆر و دەسەڵاتە سته‌مكاره‌كه‌ی، ئه‌ستوریاس کە ساڵێک دوای هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كابرێرای دیكتاتۆر لەدایکبووە، لە پێگەیەکی ئیمتیازدارەوە ئه‌م رۆمانه‌ی نووسیووه‌. دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٢٠دا له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات لا ده‌برێت ئه‌ویش دوای دەنگدانێک له‌لایه‌ن کۆنگرێسی ووڵاته‌وه‌ کە بە ناكامڵی عه‌قڵی داده‌نێن، ئیسترادا کابرێرا دەستگیر ده‌كرێت و دادگایی ده‌كر‌ێت و سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا ده‌سه‌پێنرێت كه‌ هه‌ر لەوێ لە ساڵی ١٩٢٤دا کۆچی دوایی ده‌كات. ئه‌ستوریاس بەشداری لەو ڕاپەڕینه‌ جەماوەریه‌ ده‌كات کە ده‌بێته‌ هۆی ڕووخانی كابرێرا و بۆ ماوەیەکی کورت زیندانی ده‌كرێت؛ پاشان وەک خوێندکارێكی یاسا ده‌بێته‌ سکرتێری ئەو دادگایەی کە ئیسترادا کابرێرا مه‌حكه‌مه‌ ده‌كات. لەو پێگەیەدا، ئه‌ستوریاس بۆ یەکەمجار ئەو چیرۆکگەلە  ترسناک و نادادپەروەری و ئەشکەنجەدان و کوشتنانەی  تۆمار ده‌كردن کە زۆری نەخایاند بۆ ڕۆمانەکەی سوودی لێ وەرگرتن. مارتن دەڵێت‌ ئه‌ستوریاس خۆی شایه‌تیی كابرێرای دیکتاتۆریشی وه‌رگرتووه‌ كاتێك له‌ ژووری به‌ندیخانه‌ ماوه‌ی زیندانییه‌كەی به‌سه‌ر بردووه‌‌.

تەنانەت لەو چاوپێکەوتنانه‌دا كه لە کۆتاییەکانی ژیانیدا ئه‌نجامی داون، ئه‌ستوریاس ستایشی ئیسترادا کابرێرای دیكتاتۆر دەکات كه‌ كارای یاریده‌ده‌ر بووه‌ بۆ دۆزینەوەی پیشەکەی وەک نووسەرێك. لە چاوپێكه‌وتنێكی ساڵی ١٩٧٠دا ده‌ڵێت: “کاتژمێر ١٠:٢٥ی شەوی ٢٥ی کانوونی دووەمی ١٩١٧، بوومەلەرزەیەک شارەکەمی وێران کرد”.

“بیرمە شتێک وەک هەورێکی یه‌كجار گه‌وره‌م بینی کە مانگی داپۆشیبوو. لە ژێرزەمینێکدا بووم، کونێک بوو لە زەویدا یان ئەشکەوتێك بوو، یان شتێکی لەو جۆرە. هەر لەوێ و دواتر یەکەم شیعرم نووسی، گۆرانییەکی ماڵئاوایی لە گواتیمالا.”

دواتر، کاتێک پیتاكی فریاگوزاری کارەسات لە وڵاتانی دەرەوەوه‌ ده‌گات‌ و بەڵام ڕاستەوخۆ ده‌چێته‌ گیرفانی ئیسترادا کابرێرا و كه‌سه‌ نزیكه‌كانییه‌وه‌، “ئیدی بەڕاستی توڕە بووم لەو دۆخه‌ی كه‌ داروپه‌ردووی‌ شاره‌كه‌ی تێدا پاك ده‌كرایه‌وه‌ و له‌و نادادپەروەرییە کۆمەڵایەتییەی کە له‌و کاتەدا بەڕاستی سه‌ریهه‌ڵدا.” لە کۆتاییدا ئەو ڕووداوه‌ نووسەری ئاواته‌خوازی هاندا بۆ هەوڵدان بۆ نووسینی پارچەیەکی خەیاڵی، کە سەرەتا ناوی نا “سواڵکەرانی سیاسی”.

ئەو دەیەیی ئەستوریاس لە فەڕەنسا بەسەری برد، كه‌ دوای وەستانێکی کورت و ناڕه‌زامه‌ند بوو بۆ خوێندنی ئابووری لە لەندەن، سروشتی ئەو کتێبەی کە دەستی کردبوو به‌ نووسینی، بە شێوەیەکی ڕیشەیی گۆڕی. تێزه‌كه‌ی له‌ كۆلێژی یاسا بۆ “کێشەی کۆمەڵایەتی هیندیه‌ [ره‌سه‌نه‌كان]” تەرخان کرد، بەڵام دەستی کرد بە خوێندنی ئێتنۆلۆژی لە زانكۆی سۆربۆن لە ژێر دەستی (جۆرج ڕینۆد)ی توێژه‌ردا  کە هانیدا سه‌رنجی بخاته‌ سه‌ر کولتوور و ئەفسانەی (مایا)؛ کاتێک بەرهەمی ئەو هەوڵە ئەکادیمییە، كه‌ بریتی بوو له‌ دووباره‌ نووسینه‌وه‌ و گێڕانەوەی فۆلکلۆرەکانی پێش (كریستۆفه‌ر كۆڵۆمبس) بە ناوی (ئەفسانەكانی گواتیمالا)، لە ساڵی ١٩٣١ بە زمانی فەڕەنسی بڵاوکرایەوە و بە پێشەکییەکی درەوشاوەی (پۆڵ ڤالێری)یه‌وه هاته‌ ئاراوه‌‌.

لە پاریس، ئەستوریاس لەگەڵ خه‌ڵكه‌ ئەدەبییە ئاڤانگاردەکاندا هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌كرد له‌وانه‌ش شاعیرەکانی وه‌ك ئەندرێ بریتۆن، تریستان تزارا، سیزار ڤالیخۆ، لویس ئاراگۆن و ڕۆبەرت دێنسۆس و خۆشی بووه بە سوریالیستێکی پابەند؛ هەروەها سه‌رنجی بەرەو پیکاسۆ رۆیشت، کە به‌ یادی دێتەوە کاتێك لە کافێیەکی مۆنپارناسدا كۆڕی گه‌رم ده‌كرد و ڕایدەگەیاند: “من جیهان دەشێوێنم، چونکە حەزم لێی نییە.” بۆیە لەبری ئەوەی ئەو جۆرە ڕۆمانە کۆمەڵایەتییە ڕیالیستییە بنووسێت کە ئەوکات لە ئەمریکای لاتین مۆدی بوو، ئه‌ستوریاس شتێکی زۆر گەورەتر و ئاڵۆزتر و ناتەقلیدیتری داهێنا.

پڵۆتی رۆمانی (جەنابی سەرۆک) بە شێوەیەکی فریودەر سادەیە، زۆربەی چالاکییەکان لە ماوەی یەک هەفتەدا ڕوودەدەن. کاتێک سواڵکەرێکی نیوە شێت بە هەڵە لە توڕەییدا عەقیدێکی دڕندە دەکوژێت، سەرۆک بڕیار دەدات تاوانەکە بخاتە ئەستۆی ژەنەڕاڵێک و پارێزەرەکەی، کە بەجۆرێک بە گوومان بوو لە دڵسۆزی سیاسییان. ئەمەش زنجیرەیەک پیلان و فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌ی‌ پێكه‌وه‌ بەستراو دەخاتە گه‌ڕ کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی زیندانیکردن، ئەشکەنجەدان، مردن، کۆیله‌كردن و له‌ناوبردنی گشتی کەسانی باڵای حکومەت، کە ده‌ستیان كردووه‌ به‌ گومان كردن له‌وه‌ی کە خه‌ریكه‌ ڕوودەدات و  ئه‌و هاوڵاتییه‌ ئاساییانه‌شی کە هیچ گومانێكیان نه‌كردووه‌‌. زیندانییەک بە گریانەوە دەڵێت: “ئێمە وڵاتێکی نەفرەتیین.” ئاماژە بەوەش ده‌كات كه‌ “سەدان پیاو بە فیشەکه‌ مێشکیان‌ پژاوه‌ به‌سه‌ر دیواری زیندانەکاندا. مەڕمەڕه‌كانی کۆشک بە خوێنی مرۆڤی بێتاوان خوساون. ته‌ماشای كوێ بكه‌ین بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئازادی؟”

ئەوەی وایکردووە رۆمانی (جەنابی سەرۆک) هێند شۆڕشگێڕانه‌ بێت، ئه‌و شێوازه‌یه‌ كه تێیدا‌ ئه‌ستوریاس‌ چیرۆكێك پێشكه‌ش ده‌كات کە زۆرێک لە توخمەکانی میلۆدرامای کلاسیکی ئەمریکای لاتین لەخۆدەگرێت به‌ نموونه‌ خۆشەویستییەکی مەحکوم به‌ شكست له‌ نێوان نزیکترین ڕاوێژکاری سەرۆک و کچە جوانەکەی ژه‌نه‌ڕاڵی گومانلێكراو‌دا، كه “دوو چاوی سه‌وزی یه‌شمئاسا‌ی پێوه‌ بوو كه‌‌ له‌ توانایاندا هه‌بوو كه‌شتیه‌كان نوقمی ده‌ریا بكه‌ن.”

بەڵام له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌ستوریاس چه‌ندباره‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ كاڵكردنه‌وه‌ یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بەربەستی نێوان واقیع و فانتازیا، خەون و به‌ئاگاهاتنه‌وه‌، ڕه‌سه‌ن و ساخته‌، ڕابردوو و ئێستا، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ خوێنەران ده‌سپێرێت به‌ تێگه‌یشتنه ‌سەرلێشێواوەکان و ترس و  ئه‌ندێشه‌كانی گاله‌رییه‌كی به‌دبه‌ختان و خراپه‌كاران.

باڵندەیەکی به‌ جریوه‌ له‌ دار سنەوبەرێکەوە له‌ كاتی یه‌كێك له زیاده‌ڕۆیترین هه‌ڵوه‌سه‌كانی ‌سواڵكه‌رێكدا ده‌چڕێت: “نیوەی جەستەم درۆیە، نیوەکەی تریشی حه‌قیقه‌ت”.

“من هەم گوڵم و هەم سێو. چاوێکی شووشەیی و چاوێکی ڕاستەقینە پێشکەش بە هەمووان دەکەم. ئەوانەی چاوی شووشەیی من دەبینن، دەیبینن لەبەرئەوەی خەون دەبینن؛ ئەوانەی چاوی ڕاستەقینەی من دەبینن، ده‌یبینن چونکە بەڕاستی دەتوانن ببینن. من ژیانم، گوڵە سێوی باڵندەی بەهەشتم. من درۆم لە هەموو ڕاستییەکدا، ڕاستی‌ هەموو چیرۆکە خەیاڵییەکانم.”

وەک ئەم په‌ره‌گرافه‌ ئاماژەی پێدەکات، ئەو تێڕوانینە مه‌زنه‌ی کە ئه‌ستوریاس لەو ماوه‌یه‌دا له‌ فەرەنسا پێی گەیشت – و بۆ نووسینی (جەنابی سەرۆک) بەکاریهێنا –  پێمان ده‌ڵێت كه‌‌ سوریالیزمی ئەوروپی و ئەفسانەكانی (مایا) لە دوو جیهانی جیاوازەوە سەریان هەڵنەداوە. بەڵکو، وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێدا، هەردووکیان لە لایەن ناخودئاگا (نه‌ست)ەوە دروستکراون و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ ده‌كرێت له‌ یه‌ك یه‌كه‌دا بتوێنرێنه‌وه‌ و “تێکەڵه‌یه‌ك دروست بكه‌ن، وه‌ ئەمە ئەو بەشە سیحر‌ییەیە‌، کە لە چیرۆکەکانمدا به‌كارم هێناوه‌ و سوودم لێ وەرگرتووە.” لە کۆمەڵە چاوپێکەوتنێکدا کە دوای مردنی بڵاوکرایەوە، ئەو تێڕوانینەی فراوانتر کردووە:

“كاتێك [میلله‌ته‌] ره‌سه‌نه‌كان باس له‌ ناڕاسته‌قینه‌ ده‌كه‌ن، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ وورده‌كاری خه‌ونه‌كانیان و هه‌ڵوه‌سه‌كانیان هه‌مووی یه‌كانگیر ده‌بن تاكو خه‌ون و روئیاكه‌یان وا لێ ده‌كه‌ن كه‌ واقعی تر بێت له‌ واقع خۆی. ئه‌مه‌ش وه‌ك بڵێی كه‌ ناتوانیت باس له‌ “واقعی سیحری” بكه‌یت به‌ بێ بیركردنه‌وه له‌ عه‌قڵیه‌تی به‌رایی هیندی‌ ڕه‌سه‌ن، له‌ شێوازی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ده‌ركه‌وته‌كانی سروشت و له‌ بیروباوه‌ڕه‌ قووڵه‌كانی باووباپیرانی.”‌   

ئه‌ستوریاس لە بنەڕەتدا ده‌یویست ڕۆمانەکەی ناو بنێت (تۆهیل – Tohil) کە ناوی خوداوەندێکی بەهێز و بیانووگر و تۆڵەسێنی (مایا)یه‌. لە (پۆپۆل ڤوهدا) (Popol Vuh )، کە گێڕانەوەی پیرۆزی خه‌لیقه‌ته ‌لای‌ گەلی (كیش – K’iche’)،  تۆهیل ئاگر هێنه‌ کە لە بەرامبەر پێشکەشکردنی گەرمی و ڕزقدا، پێداگری لەسەر به‌ده‌ستهێنانی دڵسۆزی ڕەها لە شوێنکەوتووانی سوپاسگوزاری خۆی دەکات. پێیان دەڵێت “لە ڕاستیدا من خودای ئێوه‌م؛ هەرواش دەبێت،” … “من ئاغای ئێوه‌م؛ هەرواش دەبێت”.  بۆ ئارامکردنەوەی ئیگۆ پڕ ئیرەییه‌کەی، داوای قوربانیدانی مرۆڤیش دەکات و کاتێکیش ناڕازی دەبیت، شەڕ ده‌ورووژێنێت. بە کورتی تۆهیل هەم وەبیرهێنانەوەی ئیسترادا کابرێرای دیكتاتۆره‌ و هەم مێتافۆرێکە بۆ هەموو ئەو دیکتاتۆرە میزاجییانه‌ی کە گواتیمالا و باقی ئەمریکای لاتینیان ته‌نیوه‌ته‌وه‌‌، له‌و كاته‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆییان به‌ده‌ستهێناوه‌.

له‌ یه‌كێك له‌ دوا به‌شه‌كانی ڕۆمانی (جه‌نابی سه‌رۆك)دا به‌ ناوونیشانی “سەمای تۆهیل”، شاعیرێكی ماستاوچی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كی مۆدێرنتردا ده‌بات كاتێك، له‌ شه‌وێكی ئاهه‌نگ ئامێزدا له‌ باڕێك به‌ ئاماده‌بوونی هه‌موو كاسه‌لێسان و به‌رده‌سته‌كانی سه‌رۆك، ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌م سه‌رۆك-ده‌وڵه‌ته‌‌ی كه‌ هاوشێوه‌ی (تۆهیل)ە‌ له‌ ڕاستیدا “ئه‌و نموونه‌یه‌ كه‌ نیتشه‌ باسی ده‌کات، سوپه‌رمان” كه‌ بە جۆرێک شکڵێکی نوێ بە‌ حكومه‌ت ده‌به‌خشێت: سوپه‌ر دیموكراسی.” له‌ “گۆرانییه‌كی”‌ پێكه‌نیناوی بێمانادا له‌سه‌ر “سی مه‌یجه‌ر بۆ سوپه‌ر-دوپه‌رمان [ئاماژه‌یه‌ بۆ ماستاوكردن بۆ سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت]”‌،‌ كه‌ دوابه‌شی‌ درێژكراوه‌ی وتارێكه‌ و ئونگه‌ر له‌ وه‌رگێڕانه‌كه‌یدا یه‌كجار كورتی كردووه‌ته‌وه‌، شاعیره‌كه‌ ده‌ڵێت “نیچه‌ – Nitche” “هه‌ر به‌ڕاستی هه‌ستی به‌وه‌ كردبوو كه‌ یه‌كه‌م سوپه‌رمانێك كه‌ تائێستا بوونی هه‌بوو بێت له‌ هه‌ناوی ئه‌مریكاوه‌ له‌ باوكه‌ گه‌ردوون و دایكه‌ سروشته‌وه‌ له‌ دایك ده‌بێت.”

چه‌ن فۆڕمێكی جیاوازی ئه‌م قاڵبه‌ له‌ نووسین، كه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌ ناوخۆییه‌كاندا گونجێنراوه‌، به‌ نزیكه‌یی له‌ هه‌موو ئه‌و ڕۆمانانه‌ی ئه‌مریكای لاتیندا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر دیكتاتۆره‌كان نووسراون به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ دوای رۆمانی (جه‌نابی سه‌رۆك)ە‌وه‌ نووسراون و زۆر به‌ دیاریكراویش ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا بڵاوكراونه‌ته‌وه كه‌ بزووتنه‌وه‌ی (El Boom) له‌ لووتكه‌دا بووه‌ له‌وانه‌ش ڕۆمانه‌كانی وه‌ك: (هۆکارەکانی دەوڵەت – ئەلیخۆ کارپێنتێر – ١٩٧٤)، (باڵا – ڕۆوا باستۆس- 1974)، (پاییزی پاتریارک -1975 و ژەنەڕاڵ لە لولپێچی خۆیدا – 1989 لە نووسینی گارسیا مارکیز)، (کلکی کۆترەکە – لویزا ڤالێنزوێلا – 1983) و (جەژنی بزن – ڤارگاس لۆسا – 2000) و چەندانی دیکە. تەنانەت درەنگ داخڵ بوونی نووسەرێکی زۆر گەنجتری دوای بزووتنه‌وه‌ی (El Boom) كه‌ ئه‌ویش ڕۆبێرتۆ بۆلانۆی خاوه‌نی (ئەستێرەی دووری)ه‌ (١٩٩٦)، نكوڵی لە کاریگەریی ئەستوریاس ناکات و بە “نووسەرێکی زەبەلاحی ووڵاتێکی بچووک و به‌دبه‌خت” ده‌یشوبهێنێت.

سه‌رباری دره‌وشاوه‌یی و كاریگه‌رییه‌كه‌ی، هێشتا پرسیاره‌ بۆچی رۆمانی (جه‌نابی سه‌رۆك) له‌ دونیای ئینگلیزی زماندا كه‌متر ناسراوه‌ له‌چاو ئه‌و هه‌موو رۆمانه‌ی كه‌ ئیلهمابه‌خشیان بووه‌. ڕەنگە هۆکارێک ئەوە بێت کە زیاتر لە پانزە ساڵ تێپەڕیوە لە نێوان بڵاوبوونەوەی بە زمانی ئیسپانی و دەرکەوتنی بە زمانی ئینگلیزی، لە ساڵی ١٩٦٣دا بە هەمان ناونیشان کە بە زمانی ئیسپانی پێی بڵاوبووه‌وه‌. هەروەها ئونگەر ئاماژە بە کەموکوڕییەکانی ئەو وەرگێڕانەی یەکەم دەکات كه‌ لەلایەن نووسەری ئینگلیزی فرانسیز مارشال پارتریجەوە ئه‌نجامدراوه‌: “هەرچەندە [وه‌رگێڕانه‌كه‌ی] گۆرانیئامێز بوو بەڵام تا ڕادەیەک زمانێكی كۆنی به‌كارهێنابوو، پڕ بوو له‌ به ‌ئینگلیزاندنی ده‌ربڕینه‌كان و وەرگێڕانی هەڵە و ناوبەناو لابردنی پەرەگراف و زیاده‌ڕه‌وی كردن‌ لە دانانی پێكهاته‌ی ڕسته‌یی ئێجگار لاتینی کە ڕەنگە خوێنەر وا لێ بكات سه‌ری خۆی بۆ بخورێنێ.”

وه‌ك به‌رگرییه‌ك له‌ پاتریج، پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكرێت كه‌‌ چه‌نێك حه‌ماسه‌تی بۆ ئه‌و ڕۆمانه هه‌بووه‌‌ هێنده‌ش په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكای لاتین لاواز بوون. ئه‌و زیاتر وه‌ك به‌شێك له‌ گروپی بلومسبێری ناسراوه‌ (دوای ئه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ راڵف پاتریج ده‌كات پاش ئه‌وه‌ی دۆرا كارینگتن په‌یوه‌ندیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ [راڵف] و لیتۆن ستراچی [نووسه‌ریش] تێك ده‌چێت) و زیاتر به‌هۆی یاداشتنامه‌كانی و بیره‌وه‌رییه‌كانی ژیانی [نووسه‌رانی] ئه‌و بازنه‌یه‌ ده‌ناسرێته‌وه. وه‌ك وه‌رگێڕێك زیاتر سه‌رنجی له‌سه‌ر نووسه‌رانی به‌ناوبانگی ئیسپانیا بوو، وه‌ك رۆماننووسان ڤیسێنتی بلاسکۆ ئیبانێز و مێرسیدس بالێستیرۆس و فەیلەسوف خۆسێ لویس لۆپێز-ئارانگورێن. بۆیه‌ به‌ دڵنایی كه‌سێكی داهێنه‌ری وه‌ك ئه‌ستوریاسی له‌ خه‌یاڵدا بووه‌. هه‌رچییه‌ك بوو بێت كه‌ خه‌یاڵی له‌و كاته‌دا داگیركردبێت، به‌ نموونه‌، بۆ وه‌رگێڕانی (پێلێلێ) – كه‌ نازناوی سواڵكه‌رێكی شێته‌ -‌ بۆ (لێبووك) له‌ كاتێكدا وشه‌ی (بێ مێشك) بژارده‌یه‌كی زۆر  گونجاوتر ده‌بوو.   

ئونگەر خۆی- کە ئەو کارەکتەرە بە “ده‌به‌نگ – the Dimwit” ناودەبات – كه‌ زۆر گونجاوتره‌ بۆ ئەو ئەرکە قورسەی کە ئەستوریاس و وشەسازییە تایبەتەکەی و گۆڕینی تۆنەکانی زۆرجار له‌خۆی ده‌گرێت. هەرچەندە ئونگه‌ر بە زمانی ئینگلیزی دەنووسێت، بەڵام لە گواتیمالا لەدایکبووە و ڕۆمانەکانی خۆی کە بریتین لە (ژیان لە ناوچە گەرمە نەفرەتییەکاندا – ٢٠٠٢)، (نرخی هەڵهاتن – ٢٠١١) و  (ماستەرمایند – ٢٠١٦)، زۆرجار لەوێ له‌ گواتیمالا ڕوودەدەن.  

هەروەها ئونگەر وەرگێڕی (پۆپۆل ڤوه)‌ و لە (City College of New York) وانە دەڵێتەوە، لەوانه‌ش وانه‌ی وەرگێڕان. لە ساڵی ٢٠١٤دا خەڵاتی ئەدەبی نیشتمانی میگێل ئەنخێل ئەستوریاسی بەدەستهێنا كه‌ خەڵاتی سەرەکی کولتووری ئه‌و وڵاته‌یه‌. خۆشی دەنووسێت: “وەک گواتیگرینگۆیەک كه‌ خۆبەخۆ ئه‌م ناوه‌م له‌ خۆم ناوه‌‌، ئیشه‌كه‌م وەک وەرگێڕ و نووسەری ئه‌ده‌بی هەوڵێکی تەواوی ژیانم بووە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی خۆم، بۆ خاکی لەدایکبوونم.”

ئونگەر پێمان دەڵێت کە ئامانج له‌ وەرگێڕانی جەنابی سەرۆک:

“دامه‌زراندانی پەیوەندییەکی دروسته‌ لە نێوان وشە و ڕستە و پەرەگرافەکان له‌ناو زمانی گشتی ئەمریکیدا بۆ ئەوەی وێنە و مێتافۆر و وزەی گێڕانەوەی سەرسوڕهێنەری نووسەر، ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێنەری تاک-زماندا قسە بکات.”

بۆ نموونە، ئەستوریاس کە له‌و كاته‌دا ڕەنگە لە تاراوگه‌ نۆستالژیای هه‌بووبێت‌ بۆ ئاسوودەیی ژیانی ڕۆژانەی ناوچە گەرمە كه‌مه‌ره‌ییه‌كان، وەسفێکی تایبه‌تی و جوانی بۆ هەردوو دیمەنی گوندنشین و دەنگ و به‌رامه‌ی ژیانی شارەکان نووسیوە. ئونگەر ئەم ده‌ربڕینانه‌ بە شێوەیەکی شایستە بەرهەم دەهێنێتەوە، هه‌روەک لە سەرەتای چاپته‌رێكدا، کە پایتەخت بۆ ژیان له‌‌ دوای شەوێکی درێژ ئارامی لێ بڕاوه‌، پیشان دەدات:

“كازیوه‌ بوو‌، تیشكی تازه‌ی مانگی نیسانی ده‌دایه‌وه‌‌- سەقف و کێڵگەکانی بە ڕووناکی ده‌نه‌خشاند و شەقامە تاریکەکانی ده‌هێنایەوە بەرچاو. هێستره‌كان کە ته‌نه‌كه‌ شیری به‌ده‌نگوزه‌نگیان هەڵگرتبوو، وه‌خت بوو چوارناڵه‌ بۆی ده‌رچن بەهۆی هاوار و قامچیی خاوه‌نه‌كانیانه‌وه‌. تیشکی خۆر دەگەیشتە ئەو مانگایانەی کە لە ناو دەرگای ماڵە دەوڵەمەندەکان و لە گۆشەی ئەو  شەقامانەدا کە هەژاران تێیدا دەژیان، ده‌دۆشران. کڕیاران – كه‌ هه‌ندێك زۆر پڕ وزه‌ و هه‌ندێكیشیان وه‌خت بوو له‌هۆش خۆ بچن بە چاوه‌ خەواڵووه‌ شووشەییەکانیانه‌وه‌ – چاوەڕێی شیری مانگا دڵخوازەکانیان دەکرد، شووشەکانیان هونەریانه‌ وه‌رده‌چه‌رخاند بۆ ئەوەی شیری زیاتر و کەفی كه‌متریان به‌ربكه‌وێت. ئەو ژنانەی کە نانی گه‌رمیان لە سەبەتەدا هەڵگرتبوو، کەمەریان گوشراو و قاچەکانیان ڕەق هه‌ڵگه‌ڕابوو، سەریان لە سنگدا نوقم بوو، بەلارێدا تێدەپەڕین. پێی په‌تییان لە ژێر کێشی سەبەتەکانیاندا لە نێوان هەنگاوی جێگیر و خلیسکدا جێگۆڕكێیان ده‌كرد، وەک (باڵاخانه‌ی په‌رستگایه‌كی بوودایی) سه‌به‌ته‌كان یەک لەسەر یەک هه‌ڵچنرابوون. به‌رامه‌ی كولیچه‌ی کونجی شیرین به‌دوایانه‌وه‌ بوو.”

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ڕۆمانەکە ئه‌و شێوازه‌یه‌ كه‌ ئه‌ستوریاس ئەم ده‌ربڕینه‌ گۆرانیئامێزانه‌ تێكه‌ڵ به‌ زنجیره‌كانی هه‌ڵوه‌سه‌ و خه‌وبینین ده‌كات کە هەندێکیان لە ئەفسانەی (مایا)وه‌ وه‌رگیراون. ئونگەر بە سەرکەوتوویی ئەو دووانەیەش دەگەیەنێت، هەروەها تۆنی تەنزئامێزی هێمنانەی چاپته‌رێكیش بە ناوی “ڕاپۆرتی سەرۆک”ە‌وه‌ کە پێکهاتووە لە زنجیرەیەک یاداشت کە تێیدا هاوڵاتیانی ئاسایی بە زمانێکی بیرۆکراتیی تەخت ڕاپۆرت له‌یه‌ك ده‌ده‌ن و یەکتری سه‌ركۆنه‌ دەکەن. چه‌ند به‌شێكی نه‌گۆڕیش له‌خۆ ده‌گرێت له‌وانه‌ گەشتێکی پشووی کچەکەی ژەنەڕاڵ كه‌ لەگەڵ ئامۆزاکانیدا دەیکات بۆ کەنار دەریا و وەسفی سه‌فه‌رێكیش به‌ شەمەندەفەر بەناو جەنگەڵدا، كه‌ هێند زیندوو وه‌سفكراون کە لێت تێك ده‌چێت و وا ده‌زانی‌ ئه‌م وه‌سفانه‌ له‌ پرۆژێکتۆرێکی فیلمەوە هاوێژراونه‌ته‌‌ ده‌ره‌وه‌.

بەڵام ئونگەر هەندێک کێشەی لەگەڵ دیالۆگدا هەیە. بڕگەگەلێک هەن، [كه‌ زمانی وه‌گێڕانه‌كه‌یان] بە تایبەت ئەوانەی کە پەیوەندییان بە شه‌قاوه‌كانی سەرۆکەوە هەیە، له‌ دایه‌لۆگی نێو فیلمە چەتەگەرییەکانی ساڵانی ١٩٣٠ ده‌چێت. بۆ نموونە کاتێک ئەندامێکی پۆلیسی نهێنی یەکێک لە هاوڕێ بێ سومعه‌كانی نائومێد دەکات و ئاگاداری دەکاتەوە کە ئەو کارەی کە ئه‌م هاوڕێیه‌ی پێویستی پێ بووه‌ دراوه‌ به‌ (کوڕی ته‌عمیدیكراوی) مودیر. وەک دڵنەواییه‌ك بۆ ئه‌و هاوڕێ په‌سته‌ی، پێی ده‌ڵێت: “گوێ بگرە، ئه‌وه‌نه‌ ده‌مووچاو مه‌یه‌ به‌یه‌كا. كه‌ ئیشێكی تری بێ سه‌رئێشه‌ په‌یدا بوو ئاگادارت دەکەمەوە. سوێند به‌ گیانی دایکم، شتێکی نوێ په‌یدا ئه‌بێت. لە شاره‌مێرووله‌یه‌كدا، ئیش لە مێروولە زیاترە”. وە کاتێک هاوڕێکەی هێشتا ناڕازییه‌، پۆلیسەکە وەڵامی دەداتەوە: “هەی، برا، به‌ ڕاستی تۆ ئێجگار هه‌ستاریت.”

هەروەها هۆشدارییەكی ئونگە هه‌یه‌ كه‌ جێگەی مشتومڕه‌ كاتێك دەڵێت “هه‌موو خوێنەرێکی هاوچەرخی ئەم ڕۆمانە ته‌زوو به‌ له‌شیدا دێت کاتێک ڕووبەڕووی قسەی ناشرین دەبێتەوە دژی جولەکە، عەرەب، چینی، خه‌ڵكی ڕەسەنی گواتیمالا و هاوڕەخواز و ڕەگەزگۆڕەکان، کە جارجارە ده‌كرێن.” [به‌ڵام] دان بەوەدا دەنێم کە خۆم تەنانەت چاوم بۆ نەتروکاند، ئه‌وه ته‌زوو‌ هه‌ر زۆر كه‌متر، کاتێک ئەو بڕگانەم خوێندەوە کە قسەیان لەسەر دەکرێت و كه‌ خۆشم ئه‌ندامی یەکێک لەو گروپانەم کە بێڕێزییان پێدەکرێت. سووکایەتییەکان تەواو بێ وه‌یی و ناڕاستەوخۆن بە بەراورد بەو شتانەی کە ڕۆژانە لە شەقامەکانی شیکاگۆ دەمبیستن لەو ده‌مه‌دا كه‌ گه‌وره‌ ده‌بووم. وەک ئونگەر خۆشی دانی پێدا ده‌نێت: “ئەو ماوەیەی کە ئه‌ستوریاس وه‌سفی ده‌كات، [ئه‌و جۆره‌ قسانه‌] به‌ربڵاوبوون “. بەڕاستی پێویست ناکات داوای لێبوردن بکرێت یان هۆشدارییەک له‌ سه‌ره‌تادا دابنرێت: هیچ مانایه‌ك نادات به‌ ده‌سته‌وه‌ كه رۆمانێكی ‌وه‌ك (جه‌نابی سه‌رۆك) پاكسازی بۆ بكرێت له‌مباره‌یه‌وه‌ گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین به‌ ڕۆمانێكی وه‌ك (هه‌كلبێری فین). [هه‌كلبێری فین رۆمانێكی سه‌ركێشیئامێزی مارك توه‌ینه‌ كه‌ باس له‌ هه‌ك فین ده‌كات كه‌ هه‌رزه‌كارێكی به‌ ئه‌سته‌م خوێنده‌واره‌ و مه‌رگی خۆی ساخته‌ ده‌كات بۆ ڕاكردن له‌ ده‌ست باوكه‌ خراپه‌ توندوتیژه‌كه‌ی].

بەڵام سەبارەت بە دایه‌لۆگ، ڕەنگە کێشەکە تەنیا ئەوە بێت کە ڕۆمانی (جه‌نابی سه‌رۆك) به‌ چه‌ند بژارده‌یه‌كی مه‌حاڵه‌وه‌ ئاڵنگاری چارەسەرنەکراوه‌وه‌ ڕووبەڕووی هەر وەرگێڕێک دەبێتەوە. ڕۆمانەکە ئەوەندە پڕە لە ووشە و دەربڕینی تایبەتی گواتیمالا کە تەنانەت چاپەکانی زمانی ئیسپانیش فەرهەنگێکی دەیان زاراوەیی لەگەڵدایە کە لە شوێنەکانی دیکەی ئەمریکای لاتین بەکارنەهێنراون. سەرەڕای ئەوەش، ئه‌ستوریاس هەوڵی دەدا تاموبۆی ئه‌و زمانه‌ ئیسپانیه‌ بگوازێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌‌ زیاتر لە سەدەیەک لەوه‌وبەر لە سەردەمی گەنجیدا لە ووڵاتەکەی قسەی پێکراوه‌. بۆیه‌ سەختیی وەرگێڕانی ئەم ئیدیۆمانە بۆ زمانی ئینگلیزی بهێنە پێش چاوی خۆت لەكاتێكدا ده‌بێت‌ هەردوو تۆن و فرە ماناییش بپارێزیت.

به‌ نموونە، لە دوا به‌شه‌كانی ڕۆمانەکەدا، سەرۆکه‌ بێ ناوه‌كه‌، سەرخۆشە و دوای ئەوەی بەسه‌ر‌ هەموو ڕاوێژکارە نزیکه‌كانیدا ده‌ڕشێته‌وه‌، ئەو توڕەیی و زەلیلییەی بیرده‌كه‌وێته‌وه‌ کاتێك وەک پارێزەرێکی لاو لە “نوسینگەیه‌كی پارێزەریی پلە سێدا کاری كردووه‌ لە نێو سۆزانی و قومارچیاندا،” و له‌ناو ئه‌وانه‌ی کە ئه‌ستوریاس لە بنەڕەتدا ناوی لێنابوون (cholojeras). ئەمانە ژنانی بازاڕن، زۆرینه‌ی كات له‌ خه‌ڵكه‌ ڕەسەنه‌كانن، کە ڕیخۆڵەی مانگا و بەراز و بەرخ دەفرۆشن بۆ لێنان لەناو شۆربا یان له‌ناو‌ جۆره‌ چێشتێکی گواتیمالایی (چیتەرلینگ). پارتریج ئەم وشه‌یه‌ی بە “فرۆشیارانی ریخۆڵه‌” وه‌رگێڕاوه‌، لە کاتێکدا ئونگەر “فرۆشیارانی پیسایی”ی پێ باشترە، هەرچەندە “فرۆشیارانی ورگ” راست تره‌. بەڵام بیرمە ناسیاوه‌ گواتیمالاییه‌ مایاییه‌كانم‌ پێیان وتم کە (cholojeras) زاراوەیەکه‌ پڕه‌ له‌ سووکایەتی و زۆرجار ڕەگەزپەرستانەیە، کە به‌ نزیکەیی مانای (چین یان کاست)ی هه‌یه‌ كه‌ له‌ هیندستان بوونیان هەیە. چۆن بۆچۆنی ئه‌و هەموو لایه‌نانه‌ بە وەرگێڕانێکی سادەی یەک وشەیی بگه‌یه‌نین؟

دوای رۆمانی (جەنابی سەرۆک)، ئه‌ستوریاس پیشەیەکی بەرچاوی بۆخۆی دروستكرد، چ ئەدەبی و چ سیاسی، لە کۆنگرێسی گواتیمالا و وەک دیپلۆماتکارێکیش خزمەتی كرد. لە ساڵی ١٩٤٩دا (پیاوانی گەنمەشامی) بڵاوکردەوە، کە مارتن پێی وایه‌ له‌ تێکەڵکردنی سوریالیزم و فۆلکلۆری ڕەسەندا “تەنانەت بوێرانه‌تر و دیدەئامێزتر”ە و لە ماوەی دەیەیەکی دەگمەنی دیموکراسیدا له‌ (١٩٤٤-١٩٥٤) لە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکای لاتین و فەڕەنسا كاری كرد. بەڵام دوای ئەوەی کودەتایەکی ڕێکخراو لەلایەن ئەمریکاوە سوپای خستەوه‌ سەر دەسەڵات، ئەستوریاس مافی هاووڵاتیبوونی لێسەندرایەوە و ناچارکرا بگه‌ڕێته‌وه‌ تاراوگه‌ و لەوێ (سیانه‌ی مۆزەکە)ی تەواو کرد، کە زنجیره‌یه‌ك ڕۆمانە سەبارەت بە ئازاری کرێکارانی ڕەسەن لە کێڵگەکانی کۆمپانیای میوەی یەکگرتوو له‌ گواتیمالا. زیاتر لە دەرەوەی وڵات مایه‌وه‌ و بەردەوام بووە لە نووسینی ڕۆمان و شانۆنامە و شیعر تا لە ساڵی ١٩٧٤ لە مەدرید کۆچی دوایی کرد. لە ساڵی ١٩٦٧ بووە یەکەم ڕۆماننووسی ئەمریکای لاتین کە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی بەدەست بهێنێت.

بۆیە سەرەڕای ئه‌و ڕێگا دوور و سەختەی كه‌ ڕۆمانی (جه‌نابی سەرۆک) بڕی بۆ بڵاوکردنەوە، دواجار ئه‌ستوریاس سەرکەوتنی ڕەخنەیی و بازرگانی بۆ خۆی بەدەستهێنا. بەڵام هەرگیز درەنگ نییە بۆ ئەوەی ناوبانگەکەی بگه‌شێنرێته‌وه‌. وەک مارتن دەڵێت:

“گەڕاندنەوەی ڕۆمانی ئەستوریاس بۆ شوێنی شایستەی خۆی لە گەشەسەندنی کلتووری ئەمریکای لاتین و چڕکردنەوەی دەستکەوتەکانی زۆر دره‌نگ كه‌وتووه‌، چ وەک کردەوەیەکی دادپەروەری و چ وەک بەشداریکردنێک لە ڕاستی مێژوویی و ئەدەبیدا.”

بەهۆی وەرگێڕانه‌كه‌ی ئونگەرەوە، دواجار خوێنەری ئینگلیزی زمان دەتوانێت بچێتە ناو ئەو نهێنییەی کە ئەمریکییە لاتینییەکان، بە تایبەت نوخبەی ئەدیبان، هەمیشە زانیویانە كه‌: (جه‌نابی سه‌رۆك) بەرهەمێکی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌، مەحکومە بە هه‌نووكه‌یی بوون و په‌یوه‌ندیداربوونی‌ تا ئەو كاته‌ی ئه‌و بارودۆخەی کە بووه‌ته‌ مایه‌ی دروست بوونی دواجار نه‌مێنێت.

هاوبەشی بکە