دیدی من
وەرگێڕان و ئامادەکردنی: سەرهەند خالید
لەم دایەلۆگەدا یوتیفرۆن دانیشتووی دەرەوەی شاری ئەسینایە، ئەو ڕێیەکی دوور دەبرێت بۆ ئەوی بگاتە ئەسینا بۆ دادگا، دایەلۆگەکە تیشک دەخاتە سەر ئەو پرسیارەی کە دینداری چییە؟ هەروەها کۆتایییەکی سەرلێشێوێنەری هەیە، بە و پرسیارە دەست پێدەکات و بە کۆتایی هاتنیشی هێشتا پرسیارەکە جواب نەدراوەتەوە. زیاتر لەوەی وەڵامان بداتێ، پرسیارمان لەلا درووست دەکات.
ساڵی ٣٩٩ی پێش زاین، سۆکرات و یوتیفرۆن بە ڕێکەوت یەک دەبینین لە دەرەوەی دادگای ئەسینا، کاتێک سۆکرات تاوانبار کراوە بە بەلاڕێدا بردنی گەنجەکان و بێدینی (یان باشتر بڵێین بە بێباوەڕی بەرامبەر خوداکانی شار و ناساندنی خوداوەندی دیکە).
ڕوونە کە سۆکرات بەو تاوانەنەی لە ئەستۆنراوە، سزای مەرگی بۆ دەرچووە، ئەم بارودۆخە سێبەرێکی هەیە بەسەر دایەلۆگەکەوە، چونکە یوتیفرۆن لەوێیە بۆ تاوانبارکردنی باوکی، چون یەکێک لە خزمەتکارەکانیان لە کاتی مەستیدا کۆیلەیەکی کوشتووە، و باوکی یوتیفرۆنیش خزمەتکارەکەی بەستووەتەوە و فڕێی داوەتە ناو چاڵێکەوە، پاشان کەسێکی ناردووە بۆ ئەسینا تاکو پرس و ڕا بە کاهینێک بکات کە چی بکەن، بەڵام کاتێک گەڕاوەتەوە خزمەتکارەکە مردووە. زۆرێک لە خەڵکی بە بێ بڕوایی دەبینن بەوەی کورێک باوکی بەو شێوەیە تاوانبار بکات، بەڵام یوتیفرۆن بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو باشتر دەزانێت، دیارە کە یوتیفرۆن لە دەرەوەی شار بووە و تێگەشتنی ئەو سەبارەت دینداری لەلای خەڵکی ئەسینا جێی پێکەنین بووە، وەک لە شوێنێکدا ئاماژەی بۆ دەکات کاتێک لە ئەنجومەن دەربارەی شتە یەزدانییەکان دەدوێم و پێشبینی ئایندەیان بۆ دەکەم، ئەوان پێم پێدەکەنن و بە شێتم دادەنێن، خۆ هەر وشەیەک کە دەیڵێم ڕاستە، ئەوان ئیرەیی بە هەموومان دەبەن، پێویستە ئێمە ئازابین و ئامبازیان بینەوە، دەکرێت ئەم جۆرە لە تاوانبار کردنی باوکیشی بە ڕای ئەو پاکردنەوەی باوکی بێت، ئەو پێی وابووە تاوانەکەی کە باوکی کردوویەتی، جیاوازی نییە گەر هەر کەسێکی دیکە کردبێتی.
ئەم باوک تاوانبارکردنەش توێژێکی گرنگ پێکدەهێنێت لەم دایەلۆگەدا، هەوەها بە جۆرێک دەدوێت وەک بڵێی خوداکان لەگەڵیدا بن، کاتێک دەڵێت ئەگەر کورێك باوکی خۆی تاوانبار بکات، بێدینە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە زۆر کەم دەزانن دەربارەی کاروباری خودایی و دینداری و بێدینی، ئەو زانینەی دەربارەی دینداری باسی دەکات ئاماژەیەکە بۆ چیرۆکی خوداکان کە دژ بە باوکیان جەنگاون، گەر لە ئەفسانەی یۆنانی بڕوانین، زووس باوکی خۆی کوشتووە، و باوکی زووس (کۆرۆناس) باوکی خۆی (ئێرەنست) ی کوشتووە، هێلێکی بە گژداچوونەوەی خوداکان دژی باوکەکانیان دەبینرێت. ئەمەش دەبێتە سەرەتایەکی بنچینەیی بۆ دایەلۆگەکە، چونکە یەکێک لەو تاوانانەی دراوەتە ئەستۆی سۆکرات بێدینییە، یوتیفرۆنیش دڵنیایە لەوەی زانینێکی بێخەوشی هەیە دەربارەی ئەم جۆرە مەسەلانە، لە کاتێکدا سۆکرات وا خۆی دەردەخات بەهۆی نەزانینی لەو جۆرە مەسەلانەدا تاوانبار کراوە. بەوەش گەر بزانێت دینداری یاخود بێدینی چییە، ئەوا دەتوانێت بەباشی لە دادگا بەرگری لە خۆی بکات، بۆیە داوا لە یوتیفرۆن دەکات فێری بکات. لێرەدا جۆرە داینامیکێک هەیە لە نێوان سۆکرات و یوتیفرۆن، کە لەوانێیە ئایرۆنیک بێت، بە جۆرێکە کە یوتیفرۆن داواکارە، و سۆکرات تۆمەتبارە، یوتیفرۆن بە ڕواڵەت مامۆستایە و سۆکراتیش خوێندکارەکەیەتی. هەروەها پەیوەندی نیوان باوک و کوڕ، مامۆستا و خوێندکار، کە لە دایەلۆگەدا دەیبینین دەکرێت مێتافۆرێک بێت بۆ پەیوەندی نیوان مرۆڤ وخودا.
یەکەم پێناسەی یوتیفررۆن:
”دینداری بریتییە لەوەی کە من دەیکەم ئێستا، مەبەستم لەوەیە، شکات لە هەر کەسێک بکەیت کە بە کوشتن یان بە سووکایەتیکردن بە پەرستگاکان یان هەر تاوانێکی تری هاوشێوە تاوانبار کرابێت. چ ئەگەر باوکت بێت یان دایکت یان هەر کەسێكی تر.”
هەڵویستی سۆکرات: ئەوە تەنها نموونەیەکە بۆ دینداری، نەک پێناسەیەکی گشتی دینداری.
دیارە لێرەدا ئەم وەڵامەی یوتیفرۆن یارمەتیدەر نابێت بۆ سۆکرات، چونکە سۆکرات لێرەدا تۆمەتبارەکەیە، بۆیە بۆ سۆکرات دەست نادات، دیارە ڕەخنەکەشی بە جۆرێکە کە ئەو هیچ لەسەر دینداری شارەزا نەبێت، لە حاڵەتێکدا گەر بیوتایە (ئەوە پێناسەی دینداری نییە)، خۆی دەخستە دژایەتییەکەوە بەوەی لە سەرەتادا دەڵێت کە هیچ لە دینداری نازانێت.
دووەم پێناسەی یوتیفرۆن:
”کەواتە دینداری ئەوەیە کە لای خوداوەندەکان خۆشەویستە و بێدینیش ئەوەیە لای ئەوان وا نییە.”
هەڵوێستی سۆکرات: بەپێی یوتیفرۆن، خوداکان هەندێجار لە نێو خۆیاندا ناڕازین سەبارەت بەوەی دادپەروەری چییە. بۆ هەندێکیان خۆشەویستیە و بۆ هەندێکیان ڕق لێبووەوەیە. بەپێی ئەم پێناسەیە کردنی شتەکانیش بۆ هەندێک لە خوداکان دیندارییە و بۆ هەندێکیان بێدینییە، بەمەش پێناسەکە گشتگیر نابێت و ناتوانرێت پشتی پێببەسترێت.
پێناسەی سێیەمی یوتیفرۆن:
”بەڵام سۆکرات لەو باوەڕەدام هەموو خوداوەندەکان سزادانی پیاوکوژێکیان پێ باش بێت، لەسەر ئەمە، جیاوازی لە بۆچوونیاندا نابێت.”
بەپێی ئەم پێناسەیەی یوتیفرۆن، ئەوە دەردەخات سەرەڕای ناڕازی بوونی خوداکان لەسەر شتەلان، بەڵام هەموویان لەسەر ئەو شتانە هاوڕان و ئەو شتانەی ئەوان خۆشیان دەوێن بریتین لە دینداری و ئەوانەی ڕقیان لێیانە بێدینین و ئەوانەشی هەندێکیان خۆشیان دەوێن و هەندێکیان ڕقیان لێیەتی بریتین لەو شتانەی نە دینداریین نە بێدینی.
هەڵوێستی سۆکرات: ئەو شێوازە ئارگومێنتەی سۆکرات لێرەدا بەکاری دەهێنێت بیرتییە لە دڵی دایەلۆگەکە، هەروەها لە ناسراوە بە کێشەی یوتیفرۆن، سۆکرات دەڵێت: ”ئایا دینداری و پیرۆزی لەبەر ئەوە لای خوداکان خۆشەویستە چونکە پیرۆزە؟ یان پیرۆزە لەبەر ئەوەی لای خوداوەندەکان خۆشەوسیتە؟”
بۆ تێگەشتن لە پرسیارەکە، بۆ نموونە فیلمێکی کۆمیدی بهێنە بەرچاوت، کە بینەران پێی پێدەکەنن، پرسیارەکە بەم شێوەیە دەبێت: ئایا فیلمەکە پێکەنیناوییە بۆیە خەڵک پێی پێدەکەنن یاخود خەڵک پێی پێدەکەنن چونکە پێکەنیناوییە؟ گەر بڵێین پێکەنیناوییە بۆیە خەڵک پێی پێدەکەنن، ئەوا ئێمە دەڵێین فیلمەکە تەنها تەیبەتمەندێتی کۆمیدی بوونی هەیە چونکە کۆمەڵێک کەس هەڵوێستیان هەیە بۆ تایبەتمەندییەکان و پێدەکەنن.
نموونەیەکی دیکە: وای دابنێ کەسێک هەیە و زۆرت خۆش دەوێت، ئایا تۆ ئەو کەسەت خۆش دەوێت چونکە خۆشویستراوە؟ یان ئەو کەسە خۆشویستراوە بۆیە خۆشت دەوێت؟ دەتوانی بڵێیت ئەو خۆشویستراو نەبووە تا ئەو کاتەی کەسێک خۆشیویستووە؟ یاخود دەبێت شتێکی هەبێت کە شایستەی خۆشویستن بێت بۆتۆ کە خۆشت بوێت؟ ئایا خاوەنی تایبەتمەندی ڕەسەنی خۆشویستنە، بۆیە تۆ خۆشت دەوێت؟
یوتیفرۆن لە وەڵامدا دەڵێت: ”خواوەندەکان دینداری یاخود پیرۆزییان خۆش دەوێت، چونکە پیرۆزە.” واتە بەشی یەکەم، ئەم پێناسەیەش وەک ئەوە وایە، سۆکرات بڵێت ئاگرکوژێنەوە چۆنن، یوتیفرۆنیش بڵێت سوورن، بەڵام پێمان ناڵێت ئاگرکوژێنەوە چین. لە حاڵەتێکیشدا گەر وەڵامی دووەمی هەڵبژاردایە، واتا دینداری یاخود پیرۆزی پیرۆزە لەبەر ئەوەی خوداکان خۆشیان دەوێت، ئەوا وەڵامەکە بۆ یوتیفرۆن ئەستەمتر دەبوو، لێرەدا هیچ هۆکارێک نییە بۆ (پیرۆز، دیندار) بوونی شتەکان، چونکە خوداکان بڕیاریان لەسەرداوە، ئەمەش بەرەو بیردۆزی ”Divine Command” دەمانبات.
لێرەدا یوتیفرۆن دەگاتە شوێنێک کە دەڵێت: ”لە ڕاستیدا نازانم چۆن ئەوەی مەبەستمە دەری ببڕم، چونکە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە بەڵگەکانمان، لەسەر هەر زەمینەیەک دایانبنێم، پێچ دەکەنەوە و لەدەستمان دەردەچن.” هەروەها دواتر ئاماژە بەوە دەکات کە سۆکرات وەک دیدالیۆسە وایە، کە لە ئەفسانی یۆنانیدا پەیکەرتاشێکی بەناوبانگ بووە بە جۆرێک پەیکەرەکانی زیندوو بوون، لە دایەلۆگی مینۆشدا باس دەکرێت. لێرەشدا سۆکرات دەوری ئەو دیدالیۆسە دەبینێت، کە نەک تەنها وشەکانی خۆی درووست دەکات و بڵاویان دەکاتەوە،بگرە وشەکانی یوتیفرۆنیش بڵاودەکاتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا سۆکرات نایەوێت وشەکانی ئەو بڵاو ببنەوە، ئەو تەنها دەیەوێت وەڵامی پرسیارەکەی بداتەوە.
پێناسەی چوارەمی یوتیفرۆن:
”دینداری و پیرۆزی بەلامی منەوە ئەو بەشەی دادپەروەرییە، کە خزمەتی خوداوەندی پێدەکەین، هەر وەک بەشێکی تری دادپەروەرییش هەیە کە خزمەتی خەڵکی پێدەکەین.”
ڕەخنەی سۆکرات: لێرەدا ئەو خزمەتەی کە باس کراوە ڕوون نییە، ناکرێت جۆرە خزمەتێک بێت کە خاوەن سەگێک خزمەتی سەگەکەی دەکات، کاتێک ئامانجەکەی باشتربوونی سەگەکەی بێت. بەڵام ئێمە ناتوانین خوداکان باشتر بکەین. ئەگەر وەکو خزمەتکردنی کۆیلەیەکیش بێت بۆ خاوەنەکەی، دەبێت ئامانجێک هەبێت لەو خزمەتەدا. بەڵام یوتیفرۆن ناتوانێت بڵێت ئامانجەکە چییە.
پێناسەی پێنجەمی یوتیفرۆن:
”دینداری یان پیرۆزی بریتییە لە فێربوونی ئەوەی چۆن خوداکان شاد بکەین بە وتە و کردەوە، بە نوێژ و قوربانی بەخشین.”
لێرەدا سۆکرات دەڵێ: ”بەپێی ئەم تێڕوانینە، دینداری بریتییە لە زانستی بەخشین و داواکردن.” چونکە یوتیفرۆ پێی وایە ”قوربانی پێشکەش بە خوداکان دەکرێت، نوێژیش بریتییە لە داواکردن لە خوداکان”. لێرەدا سۆکرات ئەوە دەپرسێت کە ئایا قوربانییەکانی ئێمە سود بە خوداکان دەگەینێت؟ لێرەدایە کە یوتیفرۆن دەڵێت: ”من هەر ئێستا وتم، شادیان دەکات.” بە جۆرێک کە خوداکان سود لە قوربانییەکانمان وەرناگرن، بەڵام کەیفیان پێدێت، و دواجار یوتیفرۆن دەڵێت: ”دینداری لای خوداوەندەکان خۆشەویستییە.” بەمەش یوتیفرۆن دەگەڕێتەوە بۆ وەڵامەکەی پێشووتری کە وتی: ”دینداری و پیرۆزی لای خوداکان خۆشەویستە چونکە پیرۆزە.” هەروەها باسی ئەوەشیان کرد کە کێشەی ئەو پرسیارە لە چیدایە (بڕوانە پێناسەی سێیەم).
لێرەدا دایەلۆگەکە کۆتایی پێدیێت، وەڵامی پرسیارەکەی سۆکرات، ”دینداری چییە؟” هیشتا دیار نییە، هەروەها کێشەکەی یوتیفرۆن، ”ئایا خوداکان دینداری یان پیرۆزیان خۆشدەوێت چونکە پیرۆزە یان دینداری یان پیرۆزی پیرۆزە لەبەر ئەوەی خوداکان خۆشیان دەوێت”، یەکێکە لە پرسیارە گەورەکان لە مێژووی فەلسەفەدا. گۆشەنیگای جیاوازی زاتخوازەکان و ڕێکەوتگەراکانیش (Conventionalist) دەخاتە ڕوو. زاتخوازەکان پێیان وایە شتەکان خاوەنی تایبەتمەنی ڕەسەنایەتی خۆیانن، ئەوەشە وایان لێدەکات بەو شێوەیە بن، ڕیکەوتگەراکانیش پێیان وایە چۆن بیر لە شتەکان دەکەینەوە، وایان لێدەکات بەو شێوەیە بن کە هەن.
ئەم پرسیارە بەم شێوەیە لێک بدەرەوە: ئیشە هونەرییەکان لە مۆزەخانەن لەبەر ئەوەی ئیشی هونەرین، یاخود ئێمە پێیان دەڵێین ئیشی هونەری چونکە لە مۆزەخانەن؟ زاتخوازەکان سوورن لەسەر حاڵەتی یەکەم و ڕیکەوتگەراکان سوورن لەسەر حاڵەتی دووەم.
کتێب: دواڕۆژەکانی سۆکرات (و. ئاوات ئەحمەد، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، ٢٠١٥)
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.