26/04/2024
DidiMn Logo
Top

دەربارەی فیلمی “فڕین بەسەر هێلانەی قومرییەوە” لە دەرهێنانی میلۆش فۆرمەن

لە لایەن دیدی من 2 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – چرۆ عیزەت

فڕین بەسەر هێلانەی قومرییەوە، هەژدەیەمین باشترین فیلمی مێژوو بەپێی ماڵپەڕی (ئای ئێم دی بی) و دووەم فیلمی براوەی پێنجینەی فەخری ئۆسکارە بۆ (باشترین فیلم، باشترین سیناریۆ، باشترین دەرهێنەر، باشترین نواندنکاری پیاو و باشترین خانمە نواندنکار) لە پاش فیلمی (It Happened One Night/1934) و لە پێش فیلمی (The Silence of the Lambs/1991)ەوە.

فیلمەکە فیلمێکی درامی هەستبزوێنە کە لە بەرزیی ئاستی تراژیدیاکەیدا کۆمێدیانە دێتە بەرچاو، سیناریۆی فیلمەکە لە لایەن هەریەکە لە سیناریۆنووسان (لاورێنس هۆوبین) و (بۆ گۆڵدمان) لە یەکێك لە پڕ فرۆشترین ڕۆمانەکانی نووسەری ئەمریکی (کین کیسی) بە هەمان ناوی (One Flew Over The Cuckoo’s Nest/1962)ەوە وەرگیراوە و دەرهێنەری چیکی (میڵۆش فۆرمەن) کە کۆچبەرێك بوو ڕووی لە وڵاتی ئەمریکا کردبوو، کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.

(کین کێسی) هاتووچۆی نەخۆشخانەیەکی دەروونی دەکرد، بە ویستی خۆیشی مادەی هۆشبەریان لەسەر تاقی دەکردەوە، پاشان لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە بریندارانی جەنگدا کار دەکات؛ لێرەوە و لەژێر کاریگەری ئەو شتانەی لە نەخۆشخانەکەدا دەیبینی بیرۆکەی نووسینی ڕۆمانەکە لە مێشکیدا گەڵاڵە دەکات، (کێسی) زۆرجار لەگەڵ نەخۆشەکاندا دادەنیشت و لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی دەروونی نەخۆشەکان بوو، کە چۆن بە مەبەست مێشکیان تێکدەدرێت و شێت دەکرێن.

خوێنەران و ڕەخنەگران بە گووشادێکی زۆرەوە پێشوازییان لە ڕۆمانەکە کرد و سەرکەوتنێکی زۆری بەدەستهێنا، پاشان بەهۆی ئەو کاریگەرییە زۆرەی چیرۆکی ڕۆمانەکە درووستی  دەکرد وایکرد بڵاوکردنەوەی لە چەندین شوێن و ناوچەدا قەدەغە بکرێت، بەتایبەتیش چونکە بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵانی دەربڕینی ناڕەزایی و ڕەخنەگرتن دژی پزیشکە دەروونییەکان و تەکنیکەکانی چارەسەرە دەروونییەکان.

ساڵێك دوای بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە واتا ساڵی ١٩٦٣ (دەیڵ واسەرمان) شانۆگەرییەکی سەرکەوتووی لێ درووست دەکات و  ساڵی ١٩٧٥یش (میڵۆش فۆرمەن) یەکێك لە باشترین فیلمەکانی مێژووی سینەمای لێ دەهێنێتە بەرهەم. ئەم چیرۆکە چیرۆکی پاڵەوانێکی تاوانبارە کە ژیانی جگە لە کەمتەرخەمی و بێبایەخی و خواردنەوە و ڕابواردن و مێبازی هیچی دیکە نییە، پاڵەوانێکە کە دژی سیستم دەجەنگێت و بیرۆکەی شۆڕش بڵاودەکاتەوە.

چیرۆکی بێدەنگکردنی میللەت و کپکردن و خەساندنیانە لە لایەن سیستم و دەسەڵاتەوە.

بە نزیکەیی پەنجا ساڵ بەسەر فیلمەکەدا تێدەپەڕێت بەڵام بۆ هەموو قۆناغ و سەردەمێك گونجاوە، بەتایبەتی بۆ ئێستامان کە حکومەت میلەتی بێدەنگ کردووە و هەموویانی وەکوو ڕۆبۆتێك لێ کردووە کە بە هەموو شتێک قایل و بێدەنگ بن.

بە هەڵبژاردنی باڵندەی قومری بۆ ناولێنانی ڕۆمانەکە  نووسەر ویستوویەتی گوزارشت لە دەسەڵات و سیستم و دۆخی نەخۆشەکان بکات، ئەمەش هەم بەهۆی واتای ناوەکەی و هەمیش بەهۆی شێوازی ژیان و ڕەفتارەکانی باڵندەکەوە. ناوەڕۆکەکەشی لە هەڵبەستێکی پەروەردەیی مناڵانەوە وەرگرتووە.

لە زمانی بازاڕی (Slang) ئەمریکادا (Cuckoo) بە واتای (کەسێکی شێت) و (Nest) بە واتای (ماڵ، خانە، نەخۆشخانە) دێت، هەربۆیە (Cuckoo’s nest) بە واتای (نەخۆشخانەی شێتان) دێت و (The One) ئاماژەیە بۆ یەکێك لەو نەخۆشانەی کە نەخۆشخانەکە بەجێدەهێڵێت.

باڵندەی قومری باڵندەیەکی زۆردار و داگیرکارە، بێ هەست و کەمتەرخەمە، هێلانەی باڵندەکانی دیکە داگیردەکات و هێلکە و بێچووەکانیان فڕێ دەداتە خوارەوە و هێلکەکانی خۆی دەخاتە شوێنیان، بەو جۆرە دەستبەرداری بێچووەکانی دەبێت و بێچووەکانی لەسەر حسابی بێچووی باڵندەکانی دیکە دەژین. بێگومان شەڕ و ئاژاوە و نەگونجان لەنێو بێچووکاندا ڕوودەدات.

ئەم شێوازە هەمان شێوازی دەسەڵات و حکومەتێکی کەمتەرخەم و بێ هەستە بەرامبەر گەلەکەی، گوزارشتە لە سیاسەتێکی فاشل بەرامبەر خەڵکێکی ئیشکەر.

بەرەبەیانێکی زوو، مۆسیقایەکی نەرم و نەگۆڕ تێکەڵ بە دیمەنێکی سرووشتی و کەش و هەوایەکی ئارام، وردە وردە کامێراکە بەرەو نەخۆشخانەیەکی دەروونی دەگوازرێتەوە، پەرستارێکی ڕووگرژ، ڕۆبۆتئاسا، خوێنسارد و سارد و سڕ، وەکوو هەر ڕۆژێکی دیکە بۆ بەجێهێنانی ئەرکەکەی لە دەرگای نەخۆشخانەکەوە دەردەکەوێت، لەکاتێکدا (ڕاندڵ پاتریك ماکمۆرفی) تەمەن ٣٨ ساڵ لە یەکەکانی زیندانەوە بەرەو هەمان نەخۆشخانە دەگوازرێتەوە.

بەشێك لە گۆرانییەکە:-

یەکێکیان بەرەوە ڕۆژهەڵات فڕی.
یەکێکیان بەرەو ڕۆژئاوا فڕی.
یەکێکیشان لە هێلانەی قومرییەوە هەڵفڕی.

هەرسێ کاراکتەری سەرەکی فیلمەکە کاراکتەری دژبەیەکی نێو هەڵبەستەکەن، (ڕاچێد)ی پەرستار و (مەکمۆرفی) ئاژاوە سیاسییەکانی ساڵانی ١٩٦٠ەکانی ئەمریکا وێنا دەکەن، هەربۆیە ئەو باڵندەیەی بەرەوە ڕۆژهەڵات دەفڕێت (مەکمۆرفی) شۆڕشگێڕ و ئەوەیان کە بەرەو ڕۆژئاوا دەفڕێت (ڕاچێد)ی زۆردار و (چێف برۆدمەن)یش ئەو باڵندە بێدەنگەیە کە نەخۆشخانەکە بەجێدەهێڵێت.

(جاك نیکڵسن) بە ڕۆڵگێڕانە ناوازەکەی لە کەسایەتی (ڕاندڵ پاتریك مەکمۆرفی)دا خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین نواندنکاری پیاو بردەوە و هەتاکوو ڕۆژگاری ئەمڕۆش لە ماڵپەڕی (ئای ئێم دی بی)دا لە نێو باشترین نواندنکارەکانی جیهاندا پلەی یەکەمی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە، ئاماژەیە بۆ تاکێکی بەئاگا و یاخی و شۆڕشگێڕ دژی ڕژێمی خۆسەپێنەر و زۆردار.

(ڕاندڵ پاتریك مەکمۆرفی) کە لە کێلگەیەکی کارەوە بۆ زیندان و لەوێشەوە بەرەو نەخۆشخانەیەکی دەروونی ڕاپێچ کراوە زیاتر لە پێنج جار بە تاوانی شەڕ و ئاژاوەنانەوە و دەستدرێژی سێکسی ڕاپێچی زیندان کراوە، بۆ دەربازبوون لە سزای زیندان زیرەکانە و لێهاتووانە وا خۆی پیشان دەدات کە دۆخی دەروونی تەواو نییە، هەربۆیە بۆ لێکۆڵینەوە لەم بابەتە لە قاوشێکی پیاوانی نەخۆشخانەیەکی دەروونی و لەگەڵ هەژدە نەخۆشی دیکەدا کە هەریەکەیان تێکچوونێکی دەروونییان هەیە بەجێدەهێڵدرێت.

پاش ئەوەی دەخرێتە قاوشەکەوە دەبینێت نەخۆشەکان قومار دەکەن و دەخۆنەوە و جگەرە دەکێشن، هەتاکوو بێدەنگ و ملکەچی نەخۆشخانەکە بن، هەموو ڕۆژێك بەزۆر دەرمانیان دەرخوارد دەدرێت کە کەسیان نازانن بۆ چی دەردێکە، هەربۆیە  ئاژاوەکانی لە نەخۆشخانەکەدا درێژەپێدەدات، لە ڕێگەی زنجیرەیەك قومارکردنەوە بیرۆکەی شکاندنی سیستم و ئازادی لە گوێی هاوڕێکانیدا دەخوێنێت و نەخشە و هەنگاوەکانی هەڵهاتنیان بۆ ڕوون دەکاتەوە، چونکە پێی وایە نەخۆشەکان بەزۆر نەخۆشدەخرێن و سیستم و دەسەڵات ناچاری و زۆرلێکردنیان لەگەڵدا پەیڕەو دەکەن هەتاکوو خۆیان ژیانێکی لەبارتریان هەبێت، هەربۆیە هەوڵی گۆڕینی ڕۆتینەکانی نەخۆشخانەکە و یاسا سەپێنراوەکان و سەرکەوتن بەسەر (ڕاچێد)دا دەدات. لەگەڵ (تەیبەر)دا لەبەرامبەر ئەم ئامانجەدا لەسەر دۆلارێك گرەو دەکات، یەکەم هەنگاویشی بە گۆڕینی پلانەکانی سەیرکردنی تەلەفزیۆن دەستپێدەکات.

(لویس فلێچەر) لە ڕۆڵی (پەرستار ڕاچێد)دا کە خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین خانمە نواندنکار بردەوە خۆیشی قوربانی سیستمە و لە هەموو هەستێکی مرۆڤانە داماڵراوە، سەرۆکی قاوشە دەروونییەکەیە و قاوشەکە بە ڕۆتینێکی توند و بێزارکەر بەڕێوەدەبات و ڕۆڵی هەیە لە ئەشکەنجەدان و زیاتر شێتکردنی نەخۆشەکاندا و بە شۆکی کارەبایی و لۆبۆتۆمی نەخۆشەکان دەمبەست دەکات، لەگەڵ (مەکمۆرفی)دا دەکەوێتە ڕکابەرییەوە.

بەشێك لە کەسایەتییەکان و تێکچوونەکانیان:-

١- ڕاندڵ پاتریك مەکمۆرفی، زیندانییەکی خۆشێتکردوو، شێتێکی ژیری یاخی، خۆدوورگرتوو لە کۆمەڵ و کۆمەڵگە، (anti social personality) هەیە، کەسێکی سەرەڕۆ و ئاژاوەگێڕ و کەمتەرخەم، کە ڕۆڵی شۆڕشگێڕێك دەگێڕێت و دەشبێتە قوربانی سیستم.

٢- پەرستار ڕاتچێد، پەرستارێکی ڕۆبۆتئاسای بێ هەست و ڕەفتار تووند و ئەشکەنجەدەر (sadistic sociopath)، ڕۆڵی سیستم دەگێڕێت، سەرۆکی کارمەندەکانی نەخۆشخانەکەیە، قسەی کەس قبووڵ ناکات، نەخۆشەکان دەشکێنێتەوە و هێندەی تر دەروونیان ئازار دەدات.

٣- چێف بڕۆدمەن/سەرۆك:- پیاوێکی چوارشانەی هیندی-ئەمریکی، زیاتر لە ماوەی ١٠ ساڵە لە نەخۆشخانەکەدایە، پارانۆید شیزۆفرینیا (Paranoid Schizophrenia)ی هەیە، پێشتر باوکی بەهۆی شۆکی کارەباییەوە لە نەخۆشخانەیەکی دەروونیدا گیان لەدەستدەدات و پاش ئەو ڕووداوە (چێف) دەروونی تێکدەچێت و وا پیشان دەدات کە کەڕ و لاڵە، بەمەش دەتوانێت هەموو ئەو شتانەی لە نەخۆشخانەکەدا دەگوزەرێت بە نهێنی بیانزانێت.

٤- بێڵی بیبیت، کوڕێکی شەرمن کە لە قسەکردندا زمان دەگرێت (stuttering)، هەوڵی خۆکوشتنی داوە، ترسێکی زۆری لە ژن هەیە، لە مردن زیاتر لە دایکی دەترسێت، دایکی و پەرستارەکە دوو هاوڕێی گیانی بە گیانین، ئەم ترسە زۆرەش وایکردووە تینووی خۆشەویستی بێت، بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم ترسەدا (مەکمۆرفی) لەشفرۆشێکی بۆ دەهێنێت.

٥- دەیڵ هاردینگ، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا کێشەی هەبوو چونکە سەیری پیاوی دیکەی دەکرد، پەیوەندی سێکسی لەگەڵ خەڵکی دیکەدا دادەنا و ناپاکی لە (هاردینگ) دەکرد، بەڵام بە گوێرەی ڕۆمانەکە [نەك فیلمەکە] هۆکاری ئەم ڕەفتارانەی هاوژینەکەی ئەوە بوو کە لەڕاستیدا (هاردینگ) هاوڕەگەزباز بوو.

٦- چاڕڵی چێزویكی هاوار بەدەم، یەکەم کەس کە پشتگیری (مەکمۆرفی) کرد، بەرگری لە نەخۆشەکانی تر دەکات و لە دانیشتنەکاندا تەداخول دەکات، حەز دەکات گۆڕانکاری لە ڕۆتینەکانی قاوشەکەدا بکەن بۆیە هەمیشە هاوڕای (مەکمۆرفی)یە. [بەپێی ڕۆمانەکە لە ئاوی حەوزی  قاوشەکەدا خۆی دەخنکێنێت].

٧- جۆرج، کەسێکی عەمەلییە و هیوایەتی پاکوخاوێنییە، (Germaphobia)ی هەیە و [لە بەکتریا و ڤایرۆس دەترسێت، بەپێی ڕۆمانەکە؛ بەردەوام خەریکی دەست شوشتنە]، پێشتر دەریاوان بووە هەربۆیە لە دەرچوونێکی بەکۆمەڵیاندا کە (مەکمۆرفی) یاوەریانە ئەرکی کاپتنی کەشتییەکەی لە لایەن (مەکمۆرفی)یەوە پێ دەسپێردرێت و ماسی پێ ڕاو دەکرێت، بەم کارە و بەرگریکردنی لە (جۆرج)؛ (مەکمۆرفی) یەکەم شۆکی کارەبایی لێ دەدرێت.

٨- پیتی بێنچینی، لەوەتەی لەدایکبووە مێشکی تەواو نەبووە، بەردەوام و بەبێ وەستان لەبەرخۆیەوە دەڵێت کە هیلاکە.

٩- مارتینی، تەنها وڕێنە دەکات، تووشبووی (Delusion)ە، لە دنیای وەهم و خەیاڵدا دەژی.

١٠- ماکس تەیبەر،  نەخۆشێکی یاخی کە پەرستارەکە دەمبەستی کردووە و شۆکی کارەبایی لێ داوە. [بەپێی ڕۆمانەکە دوای شۆکی کارەبایی چاك دەبێتەوە و نەخۆشخانەکە بەجێدەهێڵێت].

١١- جیم سیفێڵت، پەرکەم (epileptic) هەیە، دەرمانەکانی ناخوات و بەدزییەوە دەیاندات بە (بڕووس فرێدریکسن).

٢١- بڕووس فرێدریکسن، پەرکەم (epileptic)ی هەیە، دەرمانەکانی جیم دەخوات، چونکە لە پەرکەم لێهاتن دەترسێت و بەهۆی زیادەڕۆیی کردن لە خواردنی دەرماندا ددانی دەکەوێت [بەپێی ڕۆمانەکە].

١٣- سکانڵۆنی ڕیشن، شێتێکی ژیر، ڕۆشنبیرێك کە قسەی هەلەقوبەلەق دەکات، حەزی لە گەورەکردنی بارودۆخ و ڕووداوەکانە.

١٤- کۆلۆنێڵ، بەتەمەنترین نەخۆشی قاوشەکەیە، زوو تێکچوونی پیری (Senile Dementia)ی هەیە، کە بەبێ کورسی جووڵاو ناتوانێت بستێك هەنگاو بنێت.

لۆبۆتۆمی وەکوو سزای یاخیبوون:-

لە سەد ساڵی ڕابردوودا یەکێك لە سەرنجڕاکێشترین پێشکەوتنەکانی لێکۆڵینەوە؛ لێکۆڵینەوە بووە لە بواری مێشک و دەماردا، چەندین نەشتەرگەری دەرماری و دەروونی (Psychosurgery) بۆ چارەسەری تێکچوونە دەروونییەکان ئەنجام دەدران، یەکێك لەو تەکنیکانەی بەرکاهێنانێکی بەربڵاوی هەبووە تەکنیکی لۆبۆتۆمی بوو.

(Lobo) لە زمانی یۆنانی کۆندا بە واتای مێشك و (tomy) بە واتای هەڵدڕین دێت، هەربۆیە لۆبۆتۆمی بریتییە لە جیاکردنەوەی پلی پێشەوەی مێشك لە تەواوی مێشك، بۆ چارەسەری تێکچوونە دەروونییەکانی وەکوو شیزۆفرینیا و خەمۆکی بەکاردێت، لەسەرەتادا کونێك دەکرایە کاسەی سەر و ئیثانۆڵ داخلی مێشك دەکرا، بەم جۆرە فایبەرەکانی نێوان پلی پێشەوەی مێشك و مێشك دەپچڕان و ئەمەش بە ڕادەی یەکەم کار دەکاتە سەر یادگە (Memory) و هەست و نەستەکان.

سەرەتای بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٨٨٠کان، کە فیزیازان (گۆتالیب بەرخارد) توێکڵی مێشکی ئەو نەخۆشانەی لادەبرد کە شیزۆفرینیایان هەبوو، ساڵی ١٩٣٥ پزیشکی دەمار (ئەنتۆنیۆ ئێگاس مۆنیز) پەرەی پێدا و توڵێکی داهێنا بۆ ئاسانترکردنی پڕۆسەکە، کە وایەر بوون و بە مێشکەوە پەیوەست دەکران، و ساڵی ١٩٤٩ خەڵاتی نۆبڵی بۆ کارە لۆبۆتۆمییەکانی وەرگرت.

 تەکنیکەکە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاو بووەوە و لەنێوان ساڵانی ١٩٤٥ تا ١٩٥٥ لۆبۆتۆمی گەیشتە لوتکە و نزیکەی پەنجا هەزار لۆبۆتۆمی و بیست هەزاریان لە ئەمریکادا کرا، هەندێکیان چاك دەبوونەوە، یانیش کەمێك ئێش و ئازاریان نەدەما، ئەگەرچی پزیشکەکان پێیان وابوو ئەگەر بە شتێکی تیژ و ڕەق پاژەی پێشەوەی مێشك ببڕن ئەوا نەخۆشەکە چاك دەبێتەوە و وەکوو ئەوەڵی لێ دێتەوە بەڵام بەشێکیان مردن، بەشێکیان بێ هەست و نەست دەست بە ئەژنۆ لێی دانیشتن و هەندێکی دیکەشیان خۆیان کوشت.

بەڵام دواتر یەکێتی سۆڤیەت ڕەخنەیەکی زۆری لێ گرتن و ساڵی ١٩٧٥یش خۆپیشاندان کرا و خۆپیشاندەرەکان بە جلی پزیشکییەوە بۆناڕەزایی دژی ئەم تەکنیکانە ڕژانە سەر شەقامەکان و ئیدی قەدەغە کرا و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا دەرمان جێگەی ئەو تەکنیکەی گرتووەتەوە.

یەکێك لە جۆرەکانی لۆبۆتۆمی (Transorbital Lobotomy) بوو، کە بۆ یەکەم جار لە لایەن پزیشکی دەمار (ئامارۆ فێمبێرتی) ئیتاڵییەوە ئەنجامدرا، لەم جۆرەیاندا لە جیاتی کونکردنی کاسەی سەر، تووڵێکی تەنك و باریك دەخرایە نێو چاوەوە و لە ڕێگەیەوە ئەلکهول دەکرایە ژوورەوە و نەخۆشە تەواوی ئاگایی دنیای و ڕۆحی لەدەست دەدا.[ ئەم جۆرەی لۆبۆتۆمی بۆ (مەکمۆرفی) دەکرێت]

(مەکمۆرفی) هەر لەگەڵ هاتنی بۆ نێو قاوشەکە سەرسام دەبێت بەوەی دەبینێت نەخۆشەکان قومار دەکەن و ملکەچانە لە کاتێکی دیاریکراودا دەرمان دەخۆن، دەبینێت لەژێر ناوی “دانیشتنی هەفتانە”دا لەپێش چاوی نەخۆشەکانی دیکەدا (ڕاچێد) پرسیاری شەخسییان لێ دەکات و پەردە لەسەر هەستیارترین بابەتەکانی ژیانی نەخۆشەکان لادەدات.

(مەکمۆرفی) هەر لەسەرەتاوە دەیتوانی بەتەنیا ڕابکات، کاتێك بەسەر شانی (چێف)دا خۆی دەهاوێتە ئەودیوی نەخۆشخانەکەوە دەیتوانی نەگەڕێتەوە و بۆ هەمیشە ئازاد بێت، بەڵام ئامانجی ئەو شکاندنی سیستم و ڕزگارکردنی ئەو کەسانە بوو کە بەزۆر شێت کراون، هەربۆیە دەگەڕێتەوە هەتاکوو پلانەکانی بە هەرەوەزی لەگەڵ نەخۆشەکاندا جێبەجێ بکات، بەڵام ئەوان ناتوانن لە هەنگاوەکانی گۆڕانکاری لە قاوشەکەدا یارمەتی (مەکمۆرفی) بدەن، چونکە لە لایەن (ڕاچێد)ەوە هێندە ترسێنراون کە ناوێرن دەنگێکی سادەش بدەن بۆ سەیرکردنی یارییەك لەسەر تەلەفزیۆن، تەنانەت لە یەکێك لە دانیشتە هەفتانەییەکاندا دانی پێدا دەنێن کە بە ویستی خۆیان لە شێتخانەکەدا ماونەتەوە، بێگومان چونکە ترسێنراون و جار لە دوای جار شۆکی کارەباییان لێ دراوە و لە دەرەوە هێندە دەروونیان ماندوو دەکرێت کە مانەوەیان لە نەخۆشخانەکەدا پێ باشترە.

هەربۆیە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی، (مەکمۆرفی) چەند ڕێگەیەکی هەڵهاتنیان بۆ ڕووندەکاتەوە، یاری باسکەیان لەگەڵدا دەکات و لە یارییەکەدا بە نۆرە بەشدارییان پێ دەکات هەتاکوو مکوڕ و جددی بابەتی ژێردەستەیی وەربگرن و بەئاگابێنەوە تا ئازاد بن، (مەکفۆرفی) دەیانبات بۆ گەشتێکی کورتخایەنی دەریایی و ڕاوە ماسی، ئەرکیان پێ دەسپێرێت، چێژی بینینی کیژۆڵەیەکی جوان و کەشی دڵڕفێنی دەریا و قاقای بەکۆمەڵ دەهێنێتەوە بیریان، بە ڕاوکردنی ماسییەکی گەورە هەستی سەرکەوتنیان پێدەبەخشێت، ئەم کارەش وایان لێ دەکات ملکەچی (مەکمۆرفی) بن و بەرگریشی لێ بکەن!

(ڕاچێد)ی پەرستار هەمیشە ئامادەیی هەبووە بۆ جار لەدوای جار سزادانی نەخۆشەکانی نێو قاوشەکە بە شۆکی کارەبایی و لۆبۆتۆمی، هەر نەخۆشێك بە هەر تێکچوونێکی دەروونییەوە لە بەرامبەر هەر دەنگهەڵبڕینێك لۆبۆتۆمییەك  بۆ خۆی مسۆگەر دەکات.

پاش ئەوەی (مەکمۆرفی) نەخۆشەکان دەبات بۆ گەشتێکی دەریایی و لەگەڵ هاتنەوەیاندا بەرگری لە (جۆرج) دەکات و ڕووبەڕووی (ڕاچێد) دەبێتەوە و لەگەڵ (واشنتۆن)دا دەست دەدەنە یەخەی یەکدی، لەو ساتەدا (چێف) بۆئەوەی بەرگری لە هاوڕێکەی بکات بەرپەرچی (واشنتۆن) دەداتەوە، بەمەش (مەکمۆرفی) وەکوو یەکەم سزا و ئاگادارکردنەوەی شۆکێکی کارەبایی بۆ خۆی و (چێف) مسۆگەر دەکات.

بەڵام (مەکمۆرفی) بەردەوام دەبێت لە ئاژاوە و جێبەجێکردنی پلانەکانی، لە شەوێکی مات و تاریکدا بە خەڵەتاندنی (تێڕکڵ)ی پاسەوانی قاوشەکە کچە هاوڕێ لەشفرۆشەکانی بە بوتڵی شامپانیاوە دەهێنێتە نەخۆشخانەکەوە و لە ڕێگەی ڕابواردن و پێکهەڵدانەوە نەخۆشەکان ڕووبەڕووی ترس و حەزەکانیان دەکاتەوە.

بەڵام ئەو شەوە نەگریسە پەرستارەکە زۆر توڕە دەکات و توڕەییەکەی چارەنووسی نەخۆشەکان و ڕابەرەکەیان دەگۆڕێت، هەڕەشەی ئەوە لە (بێڵی بێبیت)ی تینووی خۆشەویستی دەکات کە دایکی لە ڕەفتارەکانی کوڕەکەی ئاگادار دەکاتەوە کە سەرجێی لەگەڵ لەشفرۆشێکدا کردووە، بۆیە (بێڵی) خۆی دەکوژێت و بەمەش هێندە داخ دەچێتە دڵی (مەکمۆرفی)یەوە کە وا دەکات دەست بنێتە بینە قاقای (ڕاچێد)ی پەرستارەوە و هەوڵی کوشتنی دەدات و بەمەش یەکەم و دواین لۆبۆتۆمی مسۆگەر دەکات، (تێڕکڵ) لە کارەکەی دووردەخرێتەوە و (چاڕڵی) خۆی دەخنکێنێت و (چێف) بە شکاندنی پەنجەرەی قاوشەکە بۆ هەمیشە نەخۆشخانە و هاوڕێکانی بەجێدەهێڵێت.

(بێڵی بیبێت)، گەنجێك کە لە سییەکانی تەمەنیدایە، بەردەوام بیری خۆکوژی لە مێشکیدایە، مەچەکی شوێنی بڕین و دەستی شوێنی سووتاوی جگەرەی پێوەیە، چەندین جار هەوڵی خۆکوشتنی داوە، بەدرێژایی ژیانی بەتەواوی لە لایەن دایکییەوە کۆنترۆڵ کراوە و تاکە دوو ژن لە ژیانیدا دایکی و (ڕاچێد)ن کە دوو هاوڕێی گیانی بە گیانی یەکدین. ئەم زاڵبوونەی دایکی بەسەریدا وایکردووە لە تەمەنی هەرزەکاریدا بمێنێتەوە و گەورە نەبێت، بۆشاییەکی زۆری سۆزداری لە ژیانی و لە دەروونیدا درووست ببێت، هەربۆیە تینووی خۆشەویستییە.

دوای ئەوەی (مەکمۆرفی) بەمە دەزانێت بەردەوام هەوڵ دەدات لەگەڵ ژنێکدا بیخاتە پەیوەندییەوە، بەمەش یەکێك لە هاوڕێ لەشفرۆشەکانی دەهێنێت و شەوێکیان بۆ ڕێکدەخات.

لە دوای هاتنی (مەکمۆرفی)یەوە (بێڵی) وردە وردە متمانەبەخۆبوون تێیدا سەر هەڵدەدات و ڕووبەڕووی ترسەکانی دەبێتەوە و بڕیار دەدات لە (کاندی) نزیك ببێتەوە، بەڵام دوای ئاشکرابوونی دەترسێت کارمەندانی قاوشەکە سزای (مەکمۆرفی) بدەن و دووەم شۆکی کارەبایی بۆ بکەن، هەروەها (ڕاچێد) پێی ڕادەگەیەنێت کە کە دایکی لەم کارەی ئاگاداردەکاتەوە کە (بێڵی) بەم کارەی دایکی دووچاری نائومێدییەکی زۆر دەکات و لە ترسی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا زەندەقی دەچێت. هەربۆیە سەرئەنجامی ئەم نزیکبوونەوەیەی بە خۆکوشتنی کۆتایی پێ دێت.

(چێف بڕۆدمەن)، کوڕی باوکێکی هیندی و دایکێکی ئەمریکی سپی پێست، چەندین جار شۆکی کارەبایی لێدراوە، بە خۆی و گسکەکەیەوە بە کون و قوژبنی قاوشەکەدا دەسوڕێتەوە و هەموویان وا دەزانن کەڕ و لاڵە، بەڵام پاش ئەوەی بە منداڵی باوکی لە خراپترین دۆخی دەروونیدا دەبینێت و بە هەتیووی گەورە دەبێت، ئیدی بێدەنگی هەڵدەبژێرێت.

بەڵام کاتێك لەگەڵ (مەکمۆرفی)دا شۆکی کارەباییان لێ دەدرێت دوای ١٠ ساڵ دێتە قسە و نهێنییەکانی خۆی و ژیانی بۆ (مەکمۆرفی) ئاشکرا دەکات، دڵی بۆ ئازارەکانی (مکمۆرفی) لێدەدات و بەڵێن بە یەکدی دەدەن پێکەوە نەخۆشخانەکە بەجێبهێڵن. هەر زوو بەبێدەنگی سەرسامی (مەکمۆرفی) و ڕەفتار و بیرۆکەکانی بوو، هەمیشە ڕۆڵی ڕزگاریکاری بینیووە، شانی خۆی دەکاتە پەیژەی سەرکەوتن بۆ (مەکمۆرفی) هەتاکوو لە نەخۆشخانەکە ڕابکات، لە یاری باسکەدا یەکەم گۆڵیان بۆ تۆمار دەکات، لە دەنگدانەکەدا دەنگی یەکلاکەرەوە دەدات بۆ بردنەوەی (مەکمۆرفی) لە (ڕاتچێد) و سەرگرتنی پلانەکەی، کاتێکیش (واشنتۆن) پەلاماری (مەکمۆرفی) دەدات (چێف) لەسەری دەکاتەوە و هێرش دەکاتە سەر (واشنتۆن).

لە کۆتاییشدا هەڵدەستێت بە خنکاندنی (مەکمۆرفی) و لەڕاستیدا بەم کارەی یارمەتی داوە و ئازادی کردووە و بەڵێنەکەی جێبەجێ دەکات، چونکە پاش ئەوەی لۆبۆتۆمی بۆ دەکرێت (مەکمۆرفی) تەواو بێ ئاگا و بێ هەست و نەست، شەکەت و ماندوو لە پێخەفەکەیدا دەمێنێتەوە، پێی باشترە هاوڕێکەی بمرێت، نەك بەو بارودۆخەوە لە قاوشەکەدا بمێنێتەوە و تاهەتایە ئازار بچێژێت.

ڕۆمانەکە و فیلمەکە لێدان و ڕەخنەیەکی تووند بوون بەرامبەر حکوومەت و دەسەڵات و سیستمی پزیشکیی دەروونی وڵات و لە هەمان کاتدا میلەتی بێدەنگ و قایلبوو بە هەموو قسە و یاسایەکی سەپێنراو.

لە بەرەبەیانێکی زوودا باڵندەیەك چووە نێو هێلانەی قومرییەوە و هەر لە بەرەبەیانێکی زوودا بوو کە باڵندەیەکی تر لە هەمان هێلانەوە هەڵفڕی.

هاوبەشی بکە