دیدی من – عەکانێت
نووسینی: حەمزە بەشتاوی
لە عەرەبییەوە: هەژان هادی
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان
مەحمود دەروێش لەبارەی هەسارەی ڕۆژهەڵات ئوم کەلسومەوە بەمجۆرە دواوە “دەسڕەکەی وەک ڕێکخەری ڕیتمێکە کە بریسکە دەدات بۆ فەیلەقێک لەو عاشقانەی کێبڕکێ لەسەر خۆشەویستی نەناسراوێک دەکەن، بەڵام دڵی پەیوەندی بە ئێمەوە نییە چونکە هێندەی گوێزێکی کوێر ڕەق و داخراوە”. ئەو لە ئاهەنگەکانیدا دەسڕێکی بە دەستەوە بوو، پێش ئەوەش کاتێک دەچووە سەر شانۆ هەستی ترس، دڵەڕاوکێی و شەرم لە سامی جەماوەر دایدەگرت، ئەمەش لە سەرەتاکانییەوە هەر وابوو. ئەو کچە ڕۆشنبیرە کە لە ژینگەیەکی پارێزگارانە و پابەند بە نەریتە کۆمەڵایەتیەکانەوە هاتبوو، زۆر بە وریایی هاتە نێو دونیای هونەر.
دوای گەیشتنی بە قاهیرە، کە دونیای هونەر و ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن بوو، هەستی ترس، شەرم و دڵەڕاوکێ زیادیان کرد. لەو سەردەمەدا ئوم کەلسوم قەسیدە و موەشەحاتی دەگوت و دەچڕی، شێخ ئیبراهیمی باوکی و براکەی شێخ خالید لەگەڵ ژمارەیەک لە خزمانی پشتگیریان دەکرد، هێزیان دەدایێ و ئارامیان دەکردەوە تاوەکو زاڵ بێت بەسەر ترسەکەیدا و بە تەنیا بێ موزیک گۆرانی بڵێت.
دوای ماوەیەکی درێژ لە مانەوەی لە قاهیرە و بڵاوبوونەوەی ناوی ئوم کەلسوم، پشتگیری گەورە مۆزسیان و شاعیرەکانی بەدەستهێنا، لە دیارترینیان شاعیر ئەحمەد ڕامی، ئاوازدانەر محەممەد قەسەبجی و بیرمەندی ئەزهەری مستەفا پاشا عەبدولڕازق کە خۆبەخشانە بوونە ڕاوێژکاری ئوم کەلسوم و ئامۆژگاریان دەکرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەربەرستەکانی بەردەم گۆرانی گوتن و ترسی چوونە سەر شانۆ.
ئوم کەلسوم ئامۆژگارییەکانی بەهەند وەرگرت و لە ڕادیۆ و لەسەر دیسکەکانی گرامافۆن ژمارەیەک قەسیدەی لەگەڵ گرووپێکی تەختی موزیکی (ئۆرکێسترای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) تۆمار کرد و لەسەر شانۆ لە بەردەم جەماوەر دەرکەوت، سەرەتا بەبێ گرووپی موزیکی، دواتر لەگەڵ گرووپێکی موزیکی کە پێکهاتبوو لە ئاوازدانەر محەممەد قەسەبجی کە هاوکات ژەنیاری عود بوو، محەمەد ئەفەندی عەققاد، ژەنیاری قانوون و سامی شەوا ژەنیاری کەمانچە و مەحموود ڕەحمی لەسەر ئامێری ڕەق.
لە یەکەم ئاهەنگیدا لەگەڵ گرووپەکە کاتێک پەردەی شانۆ هەڵدرایەوە، هۆڵی شانۆکە پڕ بوو لە جەماوەر. ئوم کەلسوم بەپێوە وەستا بۆ گۆرانی گوتن، بەڵام ئەو دەترسا و دەستی دەلەرزی، پاشان چاوەکانی نووقاند و بە دڵەڕاوکێیەکی زۆرەوە گۆرانی گوت. دوای تەواوبوونی ئاهەنگەکە، ترس و دڵەڕاوکێ ئوم کەلسومی خەفەتبار کرد.
ئەم حاڵەتە بەردەوام بوو هەتا ناسینی یاریدەدەرە فەڵەستینییەکەی مەریەم داود، مەریەم ئوم کەلسومی لەم حاڵەتە ڕزگار کرد. پێی گوت: “لە وڵاتە جوانەکەمان و بە تایبەتی لە شاری عەککای دەریایی، کە شوورا بەهێز و پاڵەوانەکانی بەناوبانگ بوون بۆ خۆڕاگری لەبەردەم داگیرکەراندا. پیاوان و ژنانی عەککا دەسڕی ئاوریشمیان دروست دەکرد کە بە ڕەنگی ئەرخەوانی بۆیە کرابوون، دەیانکرد بە پەت و بە شووراکەدا هەڵدەگەڕان بۆ چاودێریکردنی دوژمن، لەوانەش ناپلیۆن و سەربازەکانی کە لە بەردەم شوورای شارەکەدا شکستیان خوارد. هەروەها دانیشتوانی عەککا ئەم دەسڕیانەیان بەکاردەهێنا بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکانیان و شکاندنی بەربەستی ترس کاتێک لە شووراکەوە بازیان دەدا بۆ نێو دەریا، بەتایبەتی لەو خاڵەی کە بە “الطاقة” ناسراوە، کە کراوەیەکە لە شووراکەدا بە بەرزی ١٠ مەتر، بوێرانە لێیەوە خۆیان هەڵدەدایە نێو ئاوەکە.
مەریەم داود بە ئوم کەلسومی گوت پەندێکی میللی هەیە دەڵێت “ئەگەر عەککا لە دەریا بترسایە لە کەنار نەدەژیا” و تۆش دەنگت لە دڵی خەڵکدا نیشتەجێیە و لە قوڕگتدا کۆڕی گۆرانی و ئۆرکێسترایەکی سیحراوی هەیە و خۆرت دەدرەوشێتەوە وەک خۆری عەککا کە چەتر نایشارێتەوە. بۆ ئەوەی لە حاڵەتی ترس و دڵەڕاوکێی زۆر ڕزگارت بێت، ئامۆژگاریت دەکەم کاتێک لەسەر شانۆ دەوەستیت دەسڕێک بە دەستتەوە بگرە، هەرچی دڵەڕاوکێت هەیە پێی بڕێژە و ئارەقی دەستەکانتی پێ وشک بکەرەوە.
ئوم کەلسوم گوێی لە ئامۆژگاری یاریدەدەرەکەی گرت و دەسڕەکەی هەڵگرت کە لە هەموو ئاهەنگە گۆرانییەکانیدا لێی جیا نەدەبووەوە. دەسڕەکە لەگەڵ نەرمی و جوانی دەنگ و موزیکی گۆرانییەکانی وەک “أطلال” و “انت عمري”، “فكروني”، “دارت الأيام” و “غداً ألقاك” دەجووڵایەوە.
کاتێک ئوم کەلسوم سەردانی حەیفا، یافا و قودسی کرد، داوای لە یاریدەدەرەکەی کرد بیبات بۆ بینینی شوورای عەککا. لەوێ هەستی بە موزیکی ناو کۆڵانەکان کرد و لە پەنجەرەکانەوە گۆرانی بینی. کاتێک لە خاڵی “الطاقة” وەستا، کچێکی تەمەن هەشت ساڵانی بینی کە لە شووراکەوە خۆی هەڵدایە خوارەوە، پێدەکەنی و چێژێکی زۆری دەبینی. دوای هاتنەدەرەوەی لە دەریاکە، ئوم کولسوم سەرسام بوو پێی و لێی پرسی: نەترسایت؟ کچەکە وەڵامی دایەوە: باوکم فڕێی دام و خوا پاراستمی.
پاشان ئوم کەلسوم دیارییەکی پێدا. کچەکە دیارییەکەی وەرگرت و بە ڕاکردن ڕۆیشتەوە ماڵەوە، دواتر گەڕایەوە و دیارییەکی بۆ ئوم کەلسوم هێنا – دەسڕێکی ئاوریشمی عەککاوی بەدەست نەخشێنراو. ئوم کەلسوم لە ئاهەنگەکانیدا ئەم دەسڕەی بەکارنەهێنا، بەڵام دەسڕی زۆری لە ئاوریشم و شیفۆنی ناوازە و ڕەنگی گونجاو لەگەڵ جلوبەرگ و ئێکسسواراتەکانی بەکاردەهێنا.
سەرەڕای کۆچی دوایی خەمناکانەی لە سێی شوباتی ١٩٧٥، دەسڕەکەی ئوم کەلسوم لە یادەوەریدا مایەوە و شوورای عەککاش بەردەوام بوو لە خۆڕاگری و وەک شوێنێکی جێ متمانەی ئەوینداران، شاعیران و گۆرانیبێژان مایەوە، کە دەیانوت: “هەموو ئاوی دەریاش بخۆنەوە یان شووراش بڕوخێنن، ئەگەر هەواش بدزن یان ڕووناکیش بخنکێنن، عەککا بە هەموو دنیا ناگۆڕمەوە و گەڕەکەکەم بە هیچ کۆشکێک نادەم.”
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.