دیدی من – ڕێژەن جەمال
ساڵی 1937 کیمیاگەرێکی ئەڵمانی بە ناوی (فریتز هاوشێڵد) ماددەی مێتامفیتامینی بە ناوی بازرگانیی (پێرڤیتین) بەرهەمهێنا، کەس نەیدەزانی ئەو ماددەیە دواتر دەبێتە ئامرازێک بۆ سەردەرهێنانێکی جیاوازی بوونەوەرە دڕندەکەی ناو مرۆڤ. هەموو شتێک تا ساڵی 1937 ئاسایی بوو، تا ئەو کاتەی دکتۆر ئۆتۆ ڕانکە ماددەکەی لە تاقیگەوە گواستەوە بۆ بەکارهێنانی لە ڕیزەکانی سوپادا، ئەو پێی وابوو کە پێرڤیتین چەکێکی کیمیایی ناوازەیە و دەتوانێت سەربازەکان بکاتە “مرۆڤی باڵا”.
ڕانکە تاقیکردنەوەی لەسەر خوێندکارەکانی کرد و بۆی دەرکەوت؛ ئەو خوێندکارانەی حەبەکە دەخۆن، دەتوانن بۆ ماوەیەکی زۆرتر کار بکەن و بجەنگن کە مرۆڤی ئاسایی ناتوانێت هەمان شت بکات. لێرەوەی دەرمانەکە ڕەوتە ترسناکەکەی خۆی وەرگرت و بەشێک لە تاریکترین ساتەکانی مێژووی سەدەی 20ی دروستکرد. لێرەوە بوو غەریزەی پەلاماردان وەک ئەوەی فرۆید باسیکردووە؛ کە دەبێت بە جۆرێک لە جۆرەکان خاڵی بکرێتەوە، حەبەکە بووە خاڵی بەتاڵکردنەوەی دیوە شەڕانگێز و پەلاماردەرەکەی مرۆڤ، دەرمانەکە لێرەوە لەگەڵ بۆچوونەکانی فرۆید بۆ خاڵیکردنەوەی غەریزەکە جیادەبێتەوە، فرۆید پێیوابوو ئەگەر مرۆڤ نەتوانێت لە دەرەوەی خۆی خاڵیی بکاتەوە، وزەکە بەرەو ناوەوەی مرۆڤەکە دەگەڕێتەوە و دەبێتە هۆی خۆکوژی یان خەمۆک. پێرڤیتین وایکرد وزەکە نەگەڕێتەوە ناو مرۆڤ، بەهەموو هێزی خۆیەوە، بەرەو دەرەوە ڕابکات، پەلاماردان-یش کۆتا وێستگەی خاڵیبوونەوەی شەڕانگێزییەکە بوو.
نۆرمان ئۆلەر لە کتێبەکەی دا (سڕبووەکان: ماددە هۆشبەرەکان لە ڕایخی سێیەمدا) تەواو بە پێچەوانەی فرۆید-ەوە بیردەکاتەوە. ئەگەر لای فرۆید غەریزەی پەلاماردان بابەتێکی (بایۆلۆژی و سروشتی) بێت، بەڵام ئۆلەر پێیوایە لە سەردەمی نازییەکان دا دەبێتە شتێکی (دەستکرد و پیشەسازیی).
ئۆلەر لە کتێبەکەی دا دیالۆگێکی کارەکتەری (ئەنتۆنیۆ) لە شانۆنامەی (گەردەلول)ی شێکسپیر بەنمونە دەهێنێتەوە کە دەڵێت؛ ئەوەی ڕابردوو، تەنها سەرەتایە.
لە سەردەمی نازییەکان بۆ ئەوەی سەربازێک شەڕانگێز و پەلاماردەر بێت، ئەگەر لە ڕێگەی حەب و ماددەی (پێرڤیتین)ەوە غەزیزەکەی چالاک بکرایە، ئەمڕۆ سۆشیەڵمیدیا هەمان کار دەکات؛ دۆپامینی دیجیتاڵیی.
ئەگەر سەربازێکی نازیی دوای خواردنی حەبەکە غەریزەکەی لە کوشتنی سەربازە فەرەنسی یان پۆلەندییەکان دا بەتاڵ بکردایەتەوە، لە سەردەمی ئەمڕۆدا کاتێک کەسێک جنێو دەدات، یان هێرش دەکاتە سەر کەسایەتییەک و دەبینێت خەڵک (بەشدارییەکی چالاکانەیان هەیە لەگەڵی دا)، مێشکی کەسەکە بڕێکی زۆر دۆپامین دەردەدات، ئەمە وادەکات پەلاماردان ببێتە جۆرێک لە ئالوودەبوون، دواتریش پەلاماردانەکە دەخرێتە نێو چوارچێوەیەکەوە (پەلاماردان لە پێناوی خودا، لەپێناوی ئاین، لەپێناوی حزب، لەبەر دەسەڵات، لەپێناوی سەرۆک، لەبەر مەرجەعی باڵا……تاد).
نزیک بە سەدەیەک لەمەوبەر کیمیا وای کرد سوپا (نازییەکان) وەک یەک جەستە پەلامار بدەن، ئەمڕۆ لە سۆشیەڵمیدیا دا (ئەلگۆریتم) ڕۆڵی ئەو کیمیایە دەبینێت. ئەلگۆریتمەکە ئەو کەسانە کۆدەکاتەوە کە ڕقیان لە بابەتێکە و پێکەوە ئاراستەیان دەکات بۆ (پەلاماردانی بەکۆمەڵ)ی کەسەکە.
وەک چۆن ئەنتۆنیۆ لە شانۆگەریی گەردەلوول دا دەڵێت: ئەوەی ڕابردوو تەنها پێشەکییە. دەکرێت بڵێین ئەو پەلاماردانە کیمیاییەی ئۆلەر لە مێژووی نازییەکاندا باسیکردووە، تەنها پێشەکییەک بووە بۆ ئەو پەلاماردانە دیجیتاڵییەی ئەمڕۆ لە سۆشیەڵمیدیا دا دەیبینین.
بیۆنگ چول هان لە (تۆپۆلۆژیای توندوتیژی)دا بەڕوونی باسی ئەوە دەکات لە سەردەمی ئەمڕۆماندا شەڕانگێزیی (شتێکی نەبینراوە)، لە پەلاماردانی جەستەییەوە گۆڕاوە بۆ پەلاماردانی دەروونیی و میدیایی.
ڕاپۆرتی دادگایکردنەکەی ئەدۆلف ئایخمان کە دواتر بووە سەرچاوەی کتێبە گرنگەکەی هانا ئارێنت (ئایخمان لە ئۆرشەلیم) چەمکێکی گرنگ باس دەکات و ناوی لێناوە (سادەیی شەڕ). لە دیدی ئارێنت-ەوە توندوتیژیی نازییەکان بەرامبەر بە مرۆڤەکان هەمیشە لە ڕقێکی گەورە-وە نەدەهات، بەڵکو زۆرجار کارێکی ڕۆتینیی بوو، ئەرکێک بوو ڕۆژانە کەسەکە دەبوو جێبەجێی بکات. ئەگەر چەمکەکەی ئارێنت بۆ سەردەمی ئەمڕۆ بگوازینەوە تێدەگەین ئەو (کۆمەڵە خەڵکە شەڕانگێزەی) لە نێو سۆشیەڵمیدیاوە غەریزەی شەڕانگێزیی خۆیان بەتاڵ دەکەنەوە، ئەگەر وەک ئایخمان دادگایی بکرێن، ئاسان تێدەگەین غەریزەی شەڕانگێزییەکەیان زۆر سادەیە، بەڵام لەگەڵ سادەییەکەشیدا ترسناکە، زۆر ترسناک.
ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان لە قۆناغی یەکەمی (حەبی پێرڤیتین-دۆپامینی دیجیتاڵیی)داین، قۆناغێک کە تێیدا کۆمەڵە شەڕەنگێزەکە “وێنەی” نوسەر- هونەرمەندەکە تیرۆر دەکەن، ئەگەر نەتوانین بەر بە فراوانبوونی قۆناغی یەکەم بگرین، لە قۆناغی دووەمدا حەبەکە دۆخێکی ترسناکتر وەردەگرێت و بەرەو تیرۆری جەستەیی (نوسەر- هونەرمەندەکە) پەلدەهاوێت. ئیتر ئەوەی ژان بۆدریار پێی دەگوت (تەرمێکی زیندوو) لە قۆناغی دووەم دا هەر بە ڕاستی دەبێتە (تەرمێکی نێژراو).
وەک چۆن نازییەکان سەربازی (سڕکراو)یان بەکاردەهێنا، لێرەش (دەسەڵات-ئۆپۆزسیۆن) لەرێگەی میدیای سێبەر و سۆشیەڵمیدیای بێ خاوەنەوە، جۆرێک لە سەربازی دیجیتاڵیی دروست کردووە. ئەرکی ئەم سوپایە یەک شتە: پەلاماردان. ئەمڕۆ (دەسەڵات-ئۆپۆزسیۆن)ی ئێمە ڕۆڵی پزیشکەکەی هیتلەر (تیۆدۆر مۆرێل) دەبینێت.
مۆرێل یەکێکە لە سەیروسەمەرەترین پزیشکەکانی مێژوو بوو، هیتلەر بەدەست کێشەی هەرس و ماندوێتییەکی زۆرەوە دەیناڵاند، بەڵام مۆرێل لە جیاتی ئەوەی چارەسەری ڕاستەقینەی بۆ بکات، دەستی کرد بە دەرزی لێدانی ڕۆژانە لە هیتلەر، دەرزییەکان لە ڤیتامین، هۆرمۆنی ئاژەڵ و دواتر ماددەی هۆشبەری زۆر مەترسیداری وەک (ئۆپیۆیدەکان) پێکهاتبوون. ئەمڕۆ (دەسەڵات-ئۆپۆزسیۆن) بەبێ ئەو دەرزییە ناژی کە بۆ هیتلەر دەکرا، بەڵام دەرزییەکە بەشێوەی بایۆلۆژی لە جەستەی (دەسەڵات- ئۆپۆزسیۆن) نادرێت، بەڵکو ئەو دۆخەیە کە مێگەلەکانیان بە تیرۆری کارەکتەرەکانی کۆمەڵگە دروستی دەکەن، (دەسەڵات-ئۆپۆزسیۆن)یش بە تەماشاکردنی ئەو هێزە شەڕانگێز و پەلاماردەرە ئاسوودە و ئارام دەبێتەوە و بەبەرخۆیەوە دەڵێت؛ چەند باشە دەتوانین بێ ئەوەی بیکوژین، دەتوانین ئەم (نوسەر-هونەرمەند- ڕەخنەگرە)ە لە ژیان دا بسڕینەوە.
مۆرێل هیتلەر-ی سڕ دەکرد بۆ ئەوەی هەست بە شکستەکانی نەکات، “لەشکری جنێودەران”یش لێرە ئەرکیان ئەوەیە شکستی (دەسەڵات-ئۆپۆزسیۆن) بە هاتوهاوار و تیرۆری کەسایەتییە ڕەخنەگرەکان پەردەپۆش بکەن.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.