دیدی من – دەریا سەلاح
دوو وێنا- Zwei Darstellungen لەو پرسیارە سەرەکییە دەکۆڵێتەوە، کە چۆن دوو لە گرنگترین نووسەرانی ئەدەبیاتی جیهانی چەمکە بوونگەراییەکانی وەک تاوان، تۆبە و پاکبوونەوە و سزا لە بەرهەمەکانیاندا بەشێوەیەکی ئەدەبی دادەڕێژن. لەسەر بنەمای واتای مێژوویی، ئایینی، فەلسەفی و دەروونیی ئەم چەمکانە توێژینەوەکە شیکاری بۆ وێناکردنی کافکا لە ڕۆمانی “دادگایی” و لە چیرۆکەکانی “حوکمدان” و “لە کۆلۆنی سزادا” دەکات، هەروەها شیکاری بۆ بەکارهێنانی ئەم چەمکانە لەلای دۆستۆیڤسکی لە بەرهەمەکانی “تاوان و سزا” و “برایانی کارامازۆڤ”دا دەکات.
لە کاتێکدا پاڵەوانەکانی کافکا لە تاوان دەڕوانن وەک تێوەگلانێکی بوونگەرایی ئەبسورد و لێ تێنەگەشتوو و زۆرجار بێ هۆکار، لەبەرانبەردا دۆستۆیڤسکی لەڕێگەی کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکانییەوە وێنەیەک بۆ تاوان وەک سەرپێچییەکی ئاگاییانەی مۆراڵی و ئایینی دەکێشێت، کە لە ئەنجامدا ئازاری ناوەوە و ئەزموونی هەستکردنێکی بەهێزی بەرپرسیارێتی و قبوڵکردنی تۆبە و پاکبوونەوەی لێدەکەوێتەوە. ئەم توێژینەوەیە میتۆدی هێرمێنۆیەتیکی بەکاردەهێنێت، کە پێسپێکتیڤە فەلسەفی، دەروونی و ئەدەبییەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەم تویژینەوەیە ئەوە دەردەخات، کە چۆن هەردوو نووسەر کۆنتێکستی کولتووری و ئایینی و مێژوویی خۆیان دەگۆڕن بۆ فۆرمی ئەدەبی، کە تا ئەمڕۆش کاریگەرییەکی قووڵ بەجێدەهێڵن.
لەڕێگەی تێڕوانینی تیۆریی ئەدەبی بەراوردکارییەوە لێکچوون و جیاوازییەکان دەستنیشان دەکرێن، کە بەر پرسیارە سەرەکییەکانی بوونی مرۆڤ دەکەون وەک دادپەروەری، بەرپرسیارێتی، ویژدان، پێکهاتەکانی دەسەڵات و پێگەی تاک لەبەرانبەر دەسەڵاتە ناڕوون و نەبینراوەکاندا. هەروەها بەوردی بەشێوەیەکی شیکاری و نێوان زانستەکان لە جیهانە جیاوازەکانی هەردوو نووسەرەکە نزیک دەبێتەوە، کە تێیدا تاوان و سزا مانایەکی یەکلاکەرەوەی لە ژیانی پاڵەوانەکاندا هەیە.
بەشی یەکەمی کتێبی دوو وێنا بە شێوەی پی دی ئێف لە دیدی من دابگرە:
ئەمە بەشی یەکەمی کتێبی دوو وێنا- Zwei Darstellungen کە نووسەر بەزمانی ئەڵمانی نووسیویەتی، کتێبی دوو وێنا لە شەش بەش پێک دێت و سەد و چل لاپەڕەیە. لەلایەن دوو پرۆفیسۆری فاکەڵتیی فەلسەفەی زانکۆی کوێلن لە ئەڵمانیا هەڵسەندگاندنی بۆ کراوە، نووسەر لە داهاتوودا بەشەکانی تری کتێبەکە دەکاتە کوردی. کتێبی دوو وێنا بەشێوەی کیندڵ KDP بە ئۆنلاین و بەشێوەی کتێبی چاپکراو لە ئەمازۆن بڵابووەتەوە و بەردەستە، بۆ ئەوانەی زمانی ئەڵمانی دەزانن وخوازیارن ئەم کتێبەکە بخوێننەوە لێرە بەستەرەکان دادەنێین:
بەستەری کتێبی دوو وێنا بە زمانی ئەڵمانی (چاپکراو)
بەستەری کتێبی دوو وێنا بە زمانی ئەڵمانی بە شێوەی کتێبی کیندڵ
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.