24/04/2024
DidiMn Logo
Top

بینەر و فیلم: دووبارەبوونەوەی بابەت لە سینەمادا و خاتوونە بێ کامیلیاکە

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
فیلمی: خاتوونە بێ کامیلیاکە The Lady Without Camelias
نووسینی: ژیر دانا

لە فیلمەکانی ئەنتۆنیۆنیدا، خاتوونە بێ کامیلیاکە بە یەکێک لە فیلمە خراپەکانی دادەنرێت. تەنانەت خۆیشی لە چەند شوێنێکدا ئاماژەی بە خراپی ئەم فیلمەی خۆی کردووە، (هەرچەندە بیروڕای خۆی لەسەر فیلمەکانی جێگیر نییە و بەردەوام گۆڕاوە.) بەڵام هێشتایش بۆ من فیلمێکی تایبەت بوو. بە ئاسانی توانیم چێژی لێ وەربگرم و جێپەنجەی ئەنتۆنیۆنی تێیدا ببینم. دواجاریش پرسیارێکی زۆری دروست کرد، لەسەر هەموو ئەو فیلمانەی کە هاوشێوەی بابەتەکەی ناو ئەم فیلمە دروست کراون.

فیلمەکە لەسەر ڕۆڵی ئافرەتە لە ناو سینەمادا. لە ڕاستیدا ڕۆڵی ئافرەت خۆی لە خۆیدا بابەتێکی سەربەخۆیە، کە سەرەتا پەیوەندیی بە چییەتی ئافرەتەوە هەیە و دواتریش گۆڕانی ئەو چییەتییە لە ناو چوارچێوە جیاوازەکاندا. سینەما و کارکردن لە ناو سینەمایش بە هەمان شێوە بابەتێکی جیاوازە و خوێندنەوەی تایبەتی خۆی دەوێت، بەڵام کە هەردووکیانت لێک دا، پرسێکی ئاڵۆزت بۆ دروست دەبێت کە هەتاوەکو ئەمڕۆیش بە بابەتێکی هەستیار و نەبڕاوە دادەنرێت، بەردەوامیش فیلمی نوێی لەسەر دروست دەکرێت.

ژمارەی ئەو فیلمانەی کە باس لە ڕۆڵی ئافرەت دەکەن لە سینەمادا، ئێجگار زۆرن، هەر لە سەنسێت بولیڤاردی بیلی وایڵدەرەوە تا دەگات بە شەقامی مەڵهۆڵاندی دەیڤد لینچ. لێرەوە پرسیارێکمان بۆ دروست دەبێت، پرسیاری ئەوەی کە بۆچی بەردەوام فیلم لەسەر بابەتی چەندبارە دروست دەکرێت؟ لە هەموو سەردەمێکدا دەکرێت بابەتی فیلمەکان دووبارە ببنەوە؟ بە تایبەت دوای ئەوەی کە دەکرێت هەمان خوێندەوە بۆ بابەتەکان بکرێت؟ بۆ نموونە لە سەنسێت بولیڤارد کە فیلمێکی ساڵی ١٩٥٠یە، کارەکتەرە ئافرەتەکە بە دەست پیربوونی تەمەنییەوە دەناڵێنێت، بەردەوام بە میکیاجکردن و گرینگیدان بە شێوەی دەیەوێت خۆی گەنج بکاتەوە، تا دەریبخات کە جوانییەکەی جارانی لە دەست نەداوە، هیشتا دەتوانێت سەرنجی بینەر ڕا بکێشێت. شەقامی مەڵهۆڵاند دوای نزیکەی ٥٢ ساڵ لە سەنسێت بولیڤارد بڵاو بووەتەوە، بەڵام کارەکتەرەکەی ئەویش هەمان کێشەی هەیە، لە سەرەتادا جوانی و گەنجی دەکات بە چەکی خۆی بۆ گەیشتن بە هۆڵیوود، دواتر کە ئەکتەری جوانتر شوێنی دەگرنەوە ئەو جوانییەکەی خۆی لەدەست دەدات، تا لە کۆتاییدا سەرەڕای گەنجییەکەی، وەک گەنجێکی پیر و ناشرین و بۆگەن دەردەکەوێت. لێرەدا دەتوانین یەک خوێندنەوە بۆ هەردوو فیلمەکە بکەین و ناونیشانی خوێندنەوەکەیشمان بکەین بە ”بەکارهێنانی ئافرەت، وەک کاڵایەکی سێکسی لە ناو سینەمادا.”

ئەگەر ئێمە بەردەوام خەریکی ئەم جۆرە خوێندنەوەیە بین لەسەر فیلم، نەک هەر کارەساتە، بەڵکو پوچکردنەوەی هونەری سینەمایە و دەبێت وەک بابەتێکی فکری لە سینەما بڕوانین. بێگومان ئەمەیش دەبێت بکرێت، بەڵام بە شێوەیەکی هێندە سنووردار کە بە هیچ جۆرێک ڕێگری نەکات لە خوێندنەوەی جیاوازتر بۆ فیلمەکان. بێگومان بیڵی وایڵدەر و دەیڤد لینچیش هەرگیز نەیانویستووە لە کاتی باسکردنی فیلمەکانیان، تەنها ئەم خوێندنەوە فکری و بابەتییە بۆ فیلمەکانیان بکرێت. بەڵکو ویستوویانە تۆ لە ڕێگەی فیلمەکانیانەوە خۆیان و دنیابینی خۆیان بناسیت. بە خوێندنەوە و تێگەیشتنی دووبارەیش، کە ڕیشەکەی لە دەرەوەی فیلمەکە بێت لە بری ناو فیلمەکە، ئەم ویستەی ئەوان هەرگیز سەر ناگرێت. ئەوان موئەلیفن. ئەرکی تۆی بینەر لەگەڵیاندا، زۆر لەوە قورسترە کە بە خوێندنەوەیەکی بابەتی و فکری، بتوانیت ویستی ئەوان بەدی بهێنیت. لێرەوە با بچینە سەر ئەنتۆنیۆنی و خاتوونە بێ کامیلیاکە، چونکە یارمەتیدەرێکی باشن بۆ تێگەیشتن لەو ئەرکە و پیشاندانیشی.

خاتوونە بێ کامیلیاکە، چەندین بابەتی تیایە کە دەکرێت لە دەرەوەی فیلمەکەوە خوێندنەوەیان بۆ بکرێت. بە کاڵاکردن و بەکارهێنانی ئافرەت، گۆڕینی ئافرەت لە ئامانجەوە بۆ ئامڕازی گەیشتن بە بەرژەوەندی، ئافرەت لە بەرامبەر پیاوسالاریدا، ئافرەت لە بەرامبەر سەرمایەداریدا، ئافرەت لە بیرۆکراسیای سینەمادا و یەک دنیا شتی تریش. هەموو ئەمانە دەتوانرێت خوێندنەوەی فکری و بابەتییان بۆ بکرێت. ئەو خوێندنەوانە چەندێکیش ورد بن و چەندێکیش پشتیان بە فەلسەفەی قووڵ بەستبێت، هێشتا ناتوانن ویستی ڕاستەقینەی ئەنتۆنیۆنی دەربخەن بۆ فیلمەکە. چونکە بۆ نموونە ئەگەر یەکێک شارەزایی پێشوەختی لەم بابەتانەدا هەبێت، ئەوا فیلمەکە تەنها بیرکردنەوەی ڕێک دەخاتەوە و هیچ شتێکی زیادەی پێ نابەخشێت. ئەی کەواتە بۆچی سەیری فیلم بکەین؟ خوێندەوە کارەکەمان بۆ ئاسانتر دەکات و وامان لێ دەکات لە هەموو بابەتەکان تێ بگەین. لێرەوە کلارا دێتە پێشەوە، کلارا لە خاتوونە بێ کامیلیاکە کەسایەتی سەرەکییە، واتە کلارا خاتوونە بێ کامیلیاکەیە.

ئەنتۆنیۆنی دەرهێنەرێکە کە جێپەنجەی خۆی لە هەست و کاردانەوەی کەسایەتییەکانیدا جێ دەهێڵێت، واتە ئەوەی وا دەکات کە خاتوونە بێ کامیلیاکە فیلمی ئەنتۆنیۆنی بێت و جێپەنجەی ئەنتۆنیۆنی بەسەرەوە بێت. سەرەڕای هاوشێوەبوونی بابەتەکانی ناوی لەگەڵ چەندین فیلمی تردا، هەستی کەسایەتییەکانیەتی کە لێرەدا مەبەستمان لە کلارایە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە خاتوونە بێ کامیلیاکە فیلمێک نییە لەسەر بەکاڵاکردنی ئافرەت و تێنەگەیشتن لێی، بەڵکو پیش ئەوە فیلمێکە لەسەر بەکاڵاکردنی کلارا و تێنەگەیشتن لە کلارا. هەروەها ئەوەندەی کلارا و هەستەکانی کلارا بەرامبەر بە بەکاڵاکردن و تێنەگەیشتنەکان لە پێشن، ئەوەندە بەکاڵاکردن و تێنگەیشتنەکان خۆیان گرنگ نین! بێدەنگبوونی کلارا، زۆر لەو قسەی مێردەکەی کە پێی دەڵێت ”من تۆ دەکوژم” لە پێشترە. سەرەڕای ئەوەی کە تەنها بێدەنگیشە!

بە درێژایی فیلمەکە تۆ کلارات لە بەرچاوە کە لە پاڵ ئەم کێشانەدایە. هەندێک جار کاردانەوەی توندی دەبێت و قسە دەکات یان هاوار دەکات، هەندێک جاریش کاردانەوەکانی تەنها بێدەنگبوون و ڕۆیشتنن. تۆیش وەکو بینەرێک هەست بە کلارا دەکەیت، ئەگەر بتەوێت تێ بگەیت ئەوا لەوانەیە تەنها لە بابەتە گشتییەکان تێ بگەیت، بەڵام کاتێک سەیری کلارا دەکەیت، پێش ئەوەی بتوانیت لە هیچ شتێک تێ بگەیت، هەست دەکەیت. ئەنتۆنیۆنی خۆی بە دەرهێنەرێک دەزانێت، کە هەستەکان پیشان دەدات. نەک ئەوەی کە تێگەیشتن دروست بکات.

لە شوێنێکدا ئەوە بە بیر کلارا دەهێنرێتەوە کە خاوەنی هەموو شتێکی باش و باڵایە، ناوبانگ و پارە، توانا و بەهرە، ڕووخسارێکی جوان و خۆشەویستیی خەڵک، لە سەروو هەمووشیانەوە مێردێکی باش. کەچی کلارا دەڵێت من ئێستایش وەک هەمیشە بێبەخت بووم، کە کلارا ئەم قسەیە دەکات هیچ شتێک لەو شتانەی کە پیشتر باسمان کرد مانای پێشوویان نامێنێت. ناوبانگی کلارا دەبینین، بەڵام چیتر هەمان ئەو ناوبانگە نییە کە لە مێشکماندا بە شتێکی پۆزەتیڤ چەسپیوە، بەڵکو ناوبانگێکە کە تایبەتە بە کلارا، کە خاوەنیەتی و کەچی هێشتا خۆی بە بێبەخت دەزانێت. دواتر دەچێتە سەر سامان و ئینجا توانا و بەهرەکەی و دواتریش مێردە باشەکەی. لەکۆتایی فیلمەکەدا دەردەکەوێت کە کلارا نە بە هەبوونی ئەم شتانە دڵخۆشە، نە بە نەبوونیشیان. ئەمەیش کلارا دەکات بە خاتوونێکی بێ کامیلیا کە ئەنتۆنیۆنی ڕێک لە پێچەوانەکردنەوەی ناونیشانی ڕۆمانەکەی ئەلیکزاندەر دوماس وەریگرتووە. لە ڕۆمانەکەی دوماسدا کەسایەتیی سەرەکی کە ئافرەتێکە، حەزێکی زۆری هەیە بۆ گوڵی کامیلیا. بەجۆرێک کە هەمیشە بە گوڵەکانیدا دەناسرێتەوە، تەنانەت خەڵکەکان هەستەکانی بەوە جیا دەکەنەوە کە کامیلیای چ ڕەنگێکی هەڵگرتووە. هەر بۆیە ناوی دەنێن ”خاتوونە بە کامیلیاکە” کامیلیا لای دوماس، دەبێت بە سومبولی خۆشەویستی و دۆزینەوەی خۆشەویستی لە لایەن کەسایەتییە سەرەکییەکەیەوە، بەڵام لای ئەنتۆنیۆنی کلارا هەرگیز کامیلیای نەبووە. کەواتە کلارا کەسێکی بێ سیمبوڵە. هەر بۆیە خاوەنی هیچ شتێکیش نییە، نە خۆشەویستی، نە دڵخۆشی. ئەو هەموو شتانەیشی کە پێشتر باسمان کردن و گوایە خاوەنیانە، بۆ کلارا لە کۆمەڵێک بۆشایی گەورە زیاتر هیچی تر دروست ناکەن. ئێستا خەریکم بیر لەوە دەکەمەوە، ناونیشانی چ فیلمێک هێندەی ناونیشانی ئەم فیلمەی ئەنتۆنیۆنی گونجاو و بەهێزە؟

ئەنتۆنیۆنی لە شوێنێکی فیلمەکەدا، دەروازەیەکت بۆ دەکاتەوە کە لە فیلمەکە دەربچیت و گەڕانەوەیەکی خێرا بکەیت بەرەو مێژوو. ئەویش ئەو کاتەی کە سووکایەتی بە ژان دارک دەکرێت. ئەوە کاتێک ڕوو دەدات کە مێردەکەی کلارا ناڕازیبوونی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بە بەشداریکردنی کلارا لە فیلمی ڕۆمانسیدا (بەو بیانووەی کە گونجاو نییە ئافرەتێکی بە مێرد، لە فیلمێکدا بەژدار بێت کە تیایدا ماچ و سێکس و خۆشەویستی بکرێت.) ئەو وەک کەسێکی بەهێز، کەسێکی خاوەن بڕیار، کەسێکی خاوەن پارە ئەم قسەیە دەکات. کەسێک کە بەرهەمهێنەرێکی گەورەی ئیتاڵیایە و سەرکەوتنی فیلمەکان لە دەستی ئەودایە، دواجاریش کەسێک کە خاوەنی کلارایە. ئەم پیاوە دەڵێت کە کلارا پێویستە لە فیلمی شاکاردا بەشدار بێت، بۆ نموونە فیلمێک لەسەر ژان دارک، چونکە ژان دارک خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێز و خۆشەویستە لای خەڵک و گونجاو دەبێت بۆ کلارا ڕۆڵی ئەو وەربگرێت. لەم کاتەدا دەرهێنەرەکە لێی دەپرسێت ”دەزانیت ژیانی ژان دارک چۆن بووە؟ دەزانیت چۆن مردووە، ئەگەر ئێمە فیلمێکی لەسەر دروست بکەین، پێویستە کلارا چۆن دەربخەین؟” مێردەکەی کلارا بێدەنگ دەبێت. لێردا دەردەکەوێت کە ئەو ئەسڵەن ژان دارکی نەناسیوە و ئاگادار نییە لێی. ژان دارک، ئافرەتێک کە سیمبوڵی قوربانیدانە بۆ شۆڕش. لە ناو ماڵی دوو سینەماکاری گەورەی ئیتاڵیا سووکایەتی پێ کرا و وەکو هەر شتێکی تر کرا بە ئامڕازی گەیشتن بە بەرژەوەندییەکان. لێرەوە دەکرێت ئەم سووکایەتیکردنە بە ژان دارک، بکرێت بە بابەتی سەرەکی فیلمەکە و لە ڕێگەیەوە دەست بۆ کۆمەڵێک پرسی مێژوویی و فەلسەفی ببرێت، بەڵام ئەنتۆنیۆنی نایەوێت ئەمە بکەیت و لە کاتی ڕوودانی هەموو ئەم شتانەدا، بێدەنگبوونی کلارات پیشان دەدات. بێدەنگبوونێک کە دواتر بە بەشداریکردنی لە فیلمەکەی ژان دارک کۆتایی دێت. لێرەوە ئەو پرسیارە دروست دەبێت کە ئایا کلارایش بە هەمان شێوەی مێردەکەی، بێئاگا بووە لە ژان دارک؟ سەرەڕای ئەمەیش لە فیلمێکدا ڕۆڵی ئەوی گێڕاوە؟ ئێمە وەڵاممان دەست ناکەوێت، چونکە کلارا بێدەنگە. ئەم بێدەنگبوونەیش ئەوەندەی هەستی پێ دەکرێت، تێگەیشتن دروست ناکات. ئەمە ڕێک جێپەنجەی ئەنتۆنیۆنییە، جێپەنجەیەک کە بێدەنگبوونی کەسایەتییەکی خۆی دەخاتە پێش سووکایەتی بە سیمبوڵێکی گەورەی مێژوو.

سینەما پڕیەتی لەو فیلمانەی کە لەسەر هەمان بابەتی گشتین، بەڵام دەرهێنەرە موئەلیفەکان، هەرگیز نەیانهێشتووە بینەر تەنها ئەو بابەتە گشتییانە ببینێت و دواتریش تەنها لە ڕێگای خوێندنەوەی ئەوان، خوێندنەوە بۆ فیلمەکە بکات. بەڵکو هەریەکە و جێپەنجەیەکی هونەرییانەی خۆیان جێ هێشتووە. سەنسێت بولیڤارد، خاتوونە بێ کامیلیاکە و شەقامی مەلهۆڵاند هەر سێ فیلمەکە باسی ڕۆڵی ئافرەت دەکەن لە سینەمادا. بەڵام  کلارا، هەرگیز هاوشێوەی نۆرما لە سەنسێت بولیڤارد و بێتی لە شەقامی مەلهۆڵاند نییە. ئەوان سێ مرۆڤی جیان و سێ دروستکەری جیاوازیان هەیە. لای ئەنتۆنیۆنی، فیلمەکە ئەوەندەی لەسەر بێدەنگبوونێکی کلارایە کە بینەر ناتوانێت لێی تێ بگات، ئەوەندە لەسەر سووکایەتیکردنێک بە ژان دارک نییە کە بینەر دەتوانێت لێی تێ بگات.

هاوبەشی بکە

michelangelo antonioni, The Lady Without Camelias,