08/12/2024
DidiMn Logo
Top

ئێمەی منداڵانی سۆشیاڵ میدیا: چۆن لۆگۆسمان توڕ هەڵدا و بووین بە بوونەوەری پاسۆسی؟

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – هەرێم هادی

یان بۆ گرنگە جاروبار لە سۆشیاڵ میدیا دوور بکەوینەوە؟
یەکەم: خۆناسین و جیهانناسین ئەرکی زۆرە، ڕێزی لێ دەگرم!

 بۆ ئەوەی بتوانین چاو ببڕینە ناو چاوی بوون و لە پەیامەکانی تێ بگەین، دەبێت لە تەنیایی نەترسین. وەک چۆن ڕوبەرێکی خۆناسین و جیهانناسین لای ئەوانی دیکەیە و دەبێت پەیوەندییان لەگەڵدا ببەستین تا دەستمان ڕا بگات بە زانین، ئاواش ڕووبەرێکی تری خۆناسین و جیهانناسین لە تەنیایدایە و دەبێت لەوان دوور بکەوینەوە تا دەستمان بگات بە زانین. مەبەست لە تەنیاییەکە کە لە هێرشی بەردەوامی ئەوان و پەیامە بێکۆتاییەکانیان پەنامان بدات.

لێرەوەیە دوورکەوتنەوەی جارەجارە لە سۆشیال میدیا مانا پەیدا دەکات. سۆشیاڵ میدیا مەکینەی بۆمبارانکردنی مرۆڤە بە پەیام، ڕۆژانە و کاتژمێر لە دوای کاتژمێر، خولەک لە دوای خولەک لە ژێر هێرشی پەیامەکانی ئەوداین. بەڕاست ئەو هەموو نۆتیفیکەیشن، وێنە، ڤیدۆ، پۆست، نامە و کۆمێنتانە بۆ؟ ئەم ڕۆحە، ئەم ئەقڵە، ئەم هەستانەم بۆ ئاوا بێحەسار و بێکەس و دەستەپاچە بخەمە بەردەم ئەم هەموو تیرەی سۆشیاڵ میدیا؟ تۆ دەزانێت وەکو چۆن ناکرێت هەرچیت دەستکەوت لە ڕێگەی دەمتەوە حەپەلوشی بکەیت و بەناوەکی بکەیت، ئاواش نابێت لە ڕێگەی هەستەکانی بینین و بیستنەوە، ئەو هەموو زبڵە بەناوەکی بکەیت. بەناوەکیکردن واتە بەخۆکردن. ئەوەی لە ڕێگەی هەستەکانتەوە وەری دەگریت درەنگ یان زوو دەبێت بە تۆ. ئەقڵی بەستەزمان کە خۆی هەنوکە ماندووە و وتوانای بیرکردنەوەی نەماوە (بگرە لە پەروەردەی کوردیدا فێر کراوە کە بیر نەکاتەوە) بەڵام کە بڕیاری بیرکردنەوەی دا بەچی بیر بکاتەوە؟ بەو داتا و زانیارییانەی کە تۆ لە ڕێگەی هەستەکانتەوە دەرخواردت داوە؟ کام زانیاری، کام داتا: پۆخڵەوات و زبڵی سۆشیاڵ میدیا.  

 هەرگیز لە خۆت پرسییەوە، بۆ نامەی کاغەزی دۆستێک، هەزار هێندەی نامەکانی سۆشیاڵ میدیا هونەریتر و گەرمتر و ڕاستگۆتر بووە؟ لە خۆت پرسییەوە بۆ هەواڵپرسینێکی دۆستانەی گەرمی  ڕووبەڕوو بە  تەوقە و باوەشێکی گەرمەوە، هەزار هێندەی کۆمێنتە مۆجامیل و لایلۆنییەکانی ئێستا زیاتر بەر ڕۆح و دڵمان دەکەوت؟ لە خۆت پرسییەوە سەرەڕای ئەو دەیان و سەدان هاوڕێیەی سۆشیاڵ میدیا، بەڵام تەنهاین، بەڵی، خراپ تەنهاین؟ لە خۆت پرسییەوە بۆ خوێندنەوەی ڕۆمانێک لە بەردەم چرا و پەنجەرەدا بۆ چەندان کاتژمێر، هەزار ئەوەندەی خوێندنەوەی پۆستە پۆپۆلیست و سادەلۆح و فیچقەییەکانی (بەڵێ، مرۆڤ لە سۆشیاڵ میدیا توشی فیچەقە و سکچوونی قسەکردن بووە) باڵ و ئاسۆی خەیاڵ و بیرکردنەوەمانی فراوان دەکرد؟ بەراوردەکان زۆرن و درێژەی پێ نادەم. وەڵامێکی باشی ئەو پرسیارانە بریتییە لە دوو وشە: ”پەرتنەبوونی تەرکیز.” پێش ئەوەی مەبەستی خۆم لە ”پەرتنەبوونی تەرکیز” ڕوون بکەمەوە، دەبێت ئەوە بڵێم کە من ئەڤینێکی نۆستالیژیای بەتاڵم نییە تا داوای ئەوە بکەم هەموو بچینە ناو تایم تراڤڵ مەشینێکەوە و بگەڕیینەوە بۆ سەردەمە کۆنەکان، نا، بەڵکو وەکو دواتر ڕوون دەبێتەوە، من پێشنیاری ئەوە دەکەم جارجارە لە سۆشیاڵ میدیا دوور بکەوینەوە تا دەرفەتێک بدەین بە ئەقڵ بیر بکاتەوە، دەرفەتێک بدەین بە ڕۆح تا ئەزموونی قوڵی ڕۆحانییەت و جوانی بکات و پشوویەک بدات، تا دەرفەتێک بە جیهانی واقعی و ڕۆژانە بدەین کە بە ڕووماندا بکرێتەوە، تا دەرفەتێک بە خۆمان و مرۆڤە ئازیزەکانی نزیکمان بدەین، بەر یەکدی بکەوین و یادەوەری تۆمار بکەین…

 مرۆڤ بۆ ئەوەی ئەزموونی مانادار بکات دەبێت تەرکیز بکات. ئەزموونی مانادار بێئاگایانە حەپەلوشکردنی ئەو هەموو زانیارییە نییە وەکو ئاژەڵێکی دابەستە، بەڵکو بە ناوەکیکردنی هێواش هێواشی زانیارییەکە، پەیامێکە، وێنەیەکە، دێڕێکە. تۆ بۆ ئەوەی مرۆڤبوونی خۆت لەدەست نەدەیت (کە توانای بیرکردنەوە و ئەزموونکردنی قووڵە) پێویستت بەو هەموو گوایە زانیاری و پەیامە نییە، نا، بەڵکو پێویستت بە بیرکردنەوەیەکی زۆرە لە زانیارییەکی کەم. بۆ ئەوەی توشی سکچوونی قسەکردن نەبێت، دەبێت بێئاگایانە لە ڕێگەی هەستەکانتەوە زانیاری و پەیام دەرخواردی ئەقڵ و ڕۆحت نەدەیت. بۆ ئەوەی دووبارە بتوانیت ئەزمونی مانادار بکەیت، پێویستت بە کەمترین پەیام و زانیاری مانادار هەیە و پاشان هێوش هێواش بە ناوەکیکردنی ئەو زانیاری و پەیامانە لە ڕێگەی بیرکردنەوەوە. لە باتی خوێندنەوە و چاوخشاندن بە هەموو پۆستە بەناو ”جوان و ئەدەبییانە” مانگی یەک ڕۆمانی باش بخوێنییتەوە باشتر نییە؟ لە باتی شپرزەکردنی ڕۆح بەو هەموو هەواڵە بەپەلانە، ڕۆژانە تەنها بۆ دە خولەک چاوێک بە ماڵپەڕێکدا بخشێنیت باشتر نییە؟ لە باتی ئەو هەموو پۆستە سادەلۆحانەی کە گوایە ”لێکدانەوەی سیاسین” مانگی یەک کتێب لەسەر فەلسەفە یان زانستی سیاسی بخوێنیتەوە باشتر نییە؟ لە باتی نووسینی ئەو هەموو کۆمێنتە موجامیل و لایلۆنییە، بۆ هاوڕێکانت، مانگی دوو دیداری گەرم و پڕیادەوەریتان هەبێت، باشتر نییە؟ لە باتی ئەو هەموو پۆست و خۆخاڵیکردنەوە بێ تێڕامان و سەرپێییە، مانگی دوو لاپەڕەی مانادار لە دەفتەری یاداشتەکانتدا بنووسیت باشتر نییە؟ تۆ کە شتێکی مانادارت نییە بۆ وتن، بۆ بێدەنگ نابیت؟ باشتر نییە لە باتی توشبوون بە پەتای سکچوونی قسەکردن، سەرقاڵی خوێندنەوەی ئەوانە بێت کە پاش بیرکردنەوە و خۆپەروەردەکردن ڕێ بە خۆیان دەدەن، بنووسن و قسە بکەن؟  

دووەم: درۆکانتان ڕاگرن، من فاشلم!

دەردێکی گەورەی سۆشیاڵ میدیا بریتییە لە وەهمی سەرکەوتن. مەیلێكی سروشتی لە مرۆڤدا هەیە بۆ ئەوەی جێی سەرنج بێت، خاوەن و پێگە و سەرسامی و مەدح و سەنای ئەوانی دیکە بێت. ئەمەش ڕەگوڕیشەیەکی ئیڤۆڵیوشن و بایلۆجی لە پشتەوەیە: کەسی خاوەن پێگە و ناوبانگ دەستڕاگەشتووترە بە سەرچاوەکانی مانەوە… بەهەرحاڵ، جاران بۆ ئەوەی کەسێک ببوایەتە جێی سەرنج و بەناوبانگ بێت بە جیدی دەبوایە بە ڕۆحی خۆیدا گەشت بکات و بەرهەمێکی هەبێت کە شیاوی خوێندنەوە و گوێلێگرتن و بینین بێت. قورسایی داهێنەرانەی بەرهەمەکە پێشمەرج بوو بۆ ئەوەی خاوەن بەرهەم پێگەی کۆمەڵایەتی پەیدا بکات و بەناوبانگ بێت. ئەی ئێستا؟ تۆ سەرنجت داوە بە نزیکەیی هەموومان بەناوبانگین؟ هەموومان قسە دەکەین؟ هەموومان بە ڕاست و چەپدا پەیام و نووسین و وێنە و ڤیدۆ بڵاو دەکەینەوە؟ ئەوە بەڕاست چی دەڵێن؟ گەمژە گەمژە ئەو مەیلە سرووشتییەی کە ئاماژەم پێ دا، کە دەکرێت سەرچاوی کاری ناوازە بێت، دەخەسێنین بەوەی لە ڕێگەی سکچوونی قسەکردنەوە، یان بڵاوکردنەوەی ڕەسمی وروژێنەرەوە (ڕەسمێک کە ڕووی لە بەشی خوارەوەی ئینسانە و سۆشیاڵ میدیایان گۆڕیوە بۆ پۆرنۆگرافیای نەرم)  زۆرترین لایک و کۆمێنت و دڵ و شت کۆ بکەینەوە، ئیتر پێمان وا بێت، کاریكی گەورەمان کردەوە؟ نەخێر کاری گەورەمان نەکردووە! من نووسەر دەناسم بە ساڵ لە خۆپەروەردەکردن وەستاوە ئەوەندە مەست و حەیرانی پیاهەڵدانەکانی سۆشیاڵ میدیا بووە… گوێبگرە با هەواڵە ڕاستەکە بە خۆم و تۆش بڵێم: من و تۆ یەک لە یەک فاشلترین! سۆشیاڵ میدیا مرۆڤێکی بەرهەم هێناوە کە بە خۆی دەڵێت ”من شیاوی پیاهەڵدانم، کەواتە من هەم.” ”من شیاوی پیاهەڵدانم کەواتە من ئەرکی خۆم بەرامبەر بە بوون جێبەجێ کردووە.” من پێت دەڵێم ”تۆ گەمژەیت، کەواتە تۆ هەیت!” ”تۆ ئەرکەکانت بەرامبەر بە خۆت و بوونیش فەرامۆش کردووە، تۆ قەرزاری خۆت و جیهانیت.”

سێیەم: درۆیە ئەم هەموو هاوڕێ و دۆستە، ئێمە تەنیاین!

کوا پیاسەی ئێوارانمان؟ کوا گفتوگۆی سەرمێزەکانمان؟ کوا دەستگرتن و ماچی ناو باخەکانمان؟ قەت لە چاتدا نوسیوتە ”هههههه” لە کاتێکدا دەموچاوت لە خواردنی ترشاو دەچێت کە بۆنی ڕۆژەڕێیەک دەڕوات؟! مرۆڤ چوار هاوڕێ و یارێکی هەبێت باشترە لە سەدان گوایە هاوڕێ و دەیان گوایە دۆست. هەندێک کات ئەوەندە دڵم دەشێکێت لەم هەموو تەزویر و ناڕەسەنێتییەی سۆشیاڵ میدیا (کە خۆشم هەندێک کات بەشدارم لە دروستکردنیدا) حەز دەکەم، بوخچەکەم ببێچمەوە و وەکو غەزالی ڕوو لە بیابان بکەم!

ئێمەی منداڵانی سۆشیاڵ میدیا کرمی سەر قولاپی ئاترفیشەڵ ئینتەلەجینسین AI و بە خۆشمان نەزانیوە. لە خۆڕا نییە، پشت دەکەینە ئازیزەکانمان و ڕوو لە شاشەی مۆبیلەکانمان دەکەین لە کاتی نانخواردندا. ئەگەر پێت وا بێت تۆ بێبەرامبەر ئاپەکانی سۆشیاڵ میدیا بەکار دەهێنیت، زۆر خەڵەفاویت! ڕستەیەکی سەرنجڕاکێش هەیە دەڵێت ”ئەگەر کاڵایەکت بێبەرامبەر بەردەست کەوت، ئەوا بزانە کاڵاکە خۆتی کە کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت.” هەموو کلیکێک کە ئێمە دەیکەین لە ئاپەکانی سۆشیاڵ میدیادا، کۆمپویتەرە هەرە زەبەلاحەکانی AI،  کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکات، هەتا ئێمە زیاتر سۆشیاڵ میدیا بەکار بهێنین و زیاتر بە قوڵاپەکەوە بمێنینەوە، زیاتر کڕین و فرۆشتنمان پێوە دەکرێت. ئەوەی کە ئێمەی منداڵانی سۆشیاڵ میدیا توشی ئیدمان و ئاڵودەبووین بووین و بۆ تەوالێتیش مۆبایلەکە لەگەڵ خۆماندا دەبەین، بەڵگەی ئەوەیە کە زۆر بە وردی و شارەزاییەوە ئیش لە سەر سایکۆلۆژیامان کراوە. ئازیزم، من و تۆ دوو مشکی تاقیگەین و بە خۆشمان نەزانیوە. بۆ ئەو خوێنەرانەی دەیانەوێت لەم پارچەیەی نووسینەکەی من باشتر تێ بگەن، پێشنیاری دۆکۆمێنتارییەکتان بۆ دەکەم بە ناوی The Social Dilemma.

چوارەم: لە فەیسبوکەکەی ئەرستۆتالیسەوە: چۆن لۆگۆسمان توڕ هەڵدا و بووین بە بوونەری پاسۆسی؟

لای ئەرستۆتالیس قسەکەر خاوەن پەیام (گوتاربێژ، نووسەر، ستاسنووس!) بە سێ شێوە قەناعەتپێکەرانە پەیام دەگەیەنێتە وەرگرەکانی. یەکەم: لە ڕێگەی دواندنی ئەقڵیانەوە؛ دووەم: لە ڕێگەی هێزی کاریزمایی خۆیەوە؛ سێیەم: لە ڕێگەی ختوکەدانی هەست و سۆز و غەریزەی وەرگرەکانییەوە. بەوەی یەکەمیان دەگوترێت ئارگۆمێنت لە ڕێگەی لۆگۆسەوە؛ دووەم، ئارگۆمێنت لە ڕێگەی ئیسۆسەوە؛ سێیەم، ئارگۆمێنت لە ڕێگەی پاسۆسەوە. سۆشیاڵ میدیا لەبەر ئەوەی ناوەندێکە بەردەوام پەیام و زانیارییەکان دەگۆڕێن و تازە دەبنەوە، بەردەوام پۆست و کۆمێنت و گۆرانی و وێنە و نامەی نوێ هەن تا بیانخوێنینەوە و بیانبینین و وەڵامیان بدەینەوە، وردەوردە ئاراستەمان دەکات بۆ ئەوەی ببینە بونەوەرێکی پاسۆسی، واتە بونەوەرێک کە ختوکەی هەست و سۆزی دەدرێت وەکو وەرگر، ختوکەی هەست و سۆزی ئەوانیتر دەداتەوە، وەکو نێنەر. ئەمە چۆن ڕوو دەدات؟

وەکو نێرەر (پەیامدەر، قسەکەر، پۆستکەر) بۆ ئەوەی زۆرترین نوتیفیکەیشن بۆ بڵاوکراوە و پۆستەکانمان کۆ بکەینەوە، دەبێت زۆرترین وەرگر بجوڵێنین تا وەڵامیان هەبێت بۆ پۆستەکانمان و بەمەش زیاتر و زیاتر فو بە ئیگۆی خۆماندا بکەین بەو هەموو نۆتیفیکەیشن و کارداناوانەی وەری دەگرینەوە. ختوکەدانی ئیگۆی خۆمان و بوون بە جێ مەدح و سەرنجی ئەوانی دیکە، مەیلێکی بایلۆجی و سرووشتییە و لە هەمووماندا هەیە. لۆژیکی ئیڤۆڵیوشن وەکو لە سەرەوە بە کورتی ئاماژەم پێدا بەم شێوەیە ئیش دەکات: تۆ هەتا جێی سەرنج و پێاهەڵدانی ئەوانی تر بیت، زیاتر دەستت دەگات بە سەرچاوەکان (لەوانەش مرۆڤ!) بەمەشە زیاتر ئەگەری نەوەخستنەوە و پاراستنی جیناتی خۆت هەیە لە قڕان و فەوتان. بەهەرحاڵ، ئەم مەیلە سرووشتییە بۆ هەستکردن بەوەی گرنگ و جێی سەرنجین لە سۆشیاڵ میدیادا، جار لە داوی جار زیاتر پەلکێشمان دەکات تا کەمتر و کەمتر لە ڕێگەی لۆگۆس و ئیسۆسەوە ببینە جێی سەرنج و دانپێدانانی ئەوانی تر، بەڵکو زیاتر و زیاتر لە ڕێگەی پاسۆسەوە (ختوکەدانی هەست و سۆزەوە) سەرنج و کاردانەوەی ئەوانی تر بەدەست بهێنین. ئەگەر وا نەکەین، واتە لە بری پاسۆس، بڵاوکراوەکانمان سەر بە لۆگۆس و ئیسۆس بێت، کەمترین نۆتیفیکەیشن و مەدح و سەنا بەدەست دەهێنین، بەمەش هەست دەکەین جێی سەرنج و پێزانین نین و بوونمان لە خەتەردایە! لات سەیر نەبێت لە ژورە تاریکەکانی دەروونیدا، مرۆڤ ئاوا لنگاوقوچ شتەکان ببینێت! گەشەدان بەم لۆژیکە سەرلێشێواوە، ئەرک و مەهامی یەکەمی سۆشیاڵ میدیایە. بە ئەندازەیەک بەیانیان یەکەم شت دەیکەین ئەوەیە لە ڕێگەی هانابردن بۆ مۆبایلەکەمان دڵنیابینەوە لەوەی کە هێشتا هەین و جێی سەرنجین و فەرامۆش نەکراوین. بۆ ئەوەی زۆترین دڵنیایی کۆ بکەینەوە لە ڕێگەی زۆرترین دانپێدانان و سەرنجەوە ”نۆتیفیکەیشنەوە” وەکو مرۆڤی سۆشیاڵ میدیای دەبێت پاسۆسیانە زیاتر و زیار پۆستی کورت و سادە و پڕ کەفوکوڵ بڵاو بکەینەوە بە ئەندازەیەک زۆربەمان جوێن دەدەین، خۆمان ڕووت دەکەینەوە، یان خۆمان دەکەین و بە کڵاون و فیلم!

 کاتێک کە وەرگرین، بۆ ئەوەی فریای ئەو هەموو بڵاوکراوە لە پۆست و ڤیدۆ و کۆمێنت و نامانە بکەوین، لە باتی ئەوەی لە ڕێگەی لۆگۆسەوە (ئەقڵەوە) ئەو پۆست و بڵاوکراوانە بخوێنینەوە کە درێژ و ئاڵۆز و جییدین، دەچینە سەر پۆست و بڵاوکراوە کورت و سادەلۆح و بازاڕاییەکان (ئاخر ئەگەر وا نەکەین فریا ناکەوین!) ئەم بڵاوکراوانەش خۆراکێکی باشن بۆ ختوکەدانی هەست و سۆزمان. ئێمەی مرۆڤی پاسۆسی ئەوەندەی بوونەوەرێکی پەرچەکردارین، ئەوەندە بوونەوەرێکی تێڕامێن نین. کە ئێمە بەردەوام دەستێکمان بە مۆبایلەکەمانەوە بێت و خولەک لە دوای خولەک پەیام و زانییاری و بڵاوکراوەکان تازە ببنەوە، لە کوێ کاتی ئەوەمان دەبێت تێڕابمێنین؟ نا، بەڵکو لە بری ڕامان خێرا پەرچەکردارێک (لایکێک، دڵێک، کۆمێنتێک) دەفیچقێنین و دەچینە سەر پۆستێکی دیکە. هەموو ئەم پڕۆسەیەیش توڕهەڵدانی لۆگۆسە و بە پاسۆسکردنی تەواوی مرۆڤ تەواو دەبێت.

لە بری دەرەنجام:

هاوڕێم، با دانی پێدا بنێین: ئێمە هەم تەنیاین، هەم فاشلین هەم توشی سکچوونی قسەکردن بووین! ئێمە تاجی مرۆڤبوونمان کە لۆگۆسە توڕ هەڵداوە و بووین بە خزمەتکاری هەست و سۆز و غەریزەکانمان. ئێمەی منداڵە پاسۆسییەکانی سۆشیاڵ میدیا دەبێت چی بکەین؟ بۆ ئەوەی کەمێک بەر خۆمان و جیهان بکەوین، بۆ ئەوەی کەمێک جیدی بین و کارێکی مانادار بکەین، بۆ ئەوەی کەمێک زیاتر بیر بکەینەوە کەمتر قسە بکەین، بۆ ئەوەی قونمان لە قولاپی AI بترازێنین، پێویستە جاروبار لە سۆشیاڵ میدیا دوور بکەوینەوە. ئەمە چۆن ڕوو دەدات؟

ئەگەر هاتوو ئەو کات و وزە زۆرەی لە سۆشیاڵ میدیا خەساری دەکەین بیخەینە خزمەت خۆپەروەردەکردنەوە لە ڕێگەی بەرکەوتنمان بە کارە باڵا فکری و ئەدەبی و هونەرییەکان؛ لە ڕێگەی وەرزش و گفتوگۆ و پیاسە لەگەڵ هاوڕێ و دۆستە ڕاستەقینەکانمان؛ لە رێگەی خۆتەنهاکردن و میدیتەیشن و ڕامانەوە: ئەو کات بەڵی ئەو کات لە مرۆڤێکەوە کە توشی پەتای سکوچوونی قسەکردن بووە و جێی مەدحی مرۆڤە زەوقنزمەکانە، دەبینە مرۆڤێک کە زیاتر خۆی و جیهان دەناسێت و جێێ سەرنج و سەرسامی مرۆڤە ناوازە و زەوق سەلیمەکانە. ئەو کات گەردوون بە خۆی دەڵێت ”شوکر ڕەنجی ملیارەها ساڵم لە بەرهەمهێنانی خدر و خەجێدا بە فیڕۆ نەچووە!

تێبینییەکی گرنگ بە خاتری ئەوەی هەڵەتێگەیشتن ڕوو نەدات:

من لەگەڵ سەندنەوە یان سنوردارکردنی مافی قسەکردن و ڕادەبڕیندا نیم لە سۆشیاڵ میدیادا، نا، بە پێچەوانە باڵاترین بەها لەلام ئازادی ڕادەربڕینە (دەیان ئارگۆمێنتیشم هەن بۆ ئەم بوچوونە کە لێرەدا کاتی نییە بەسەرییان بکەمەوە)، ئەوەی من لێرەدا قسەی لەسەر دەکەم فەراهەمبوونی ئاسان و دەستبەجێی ئازادی ڕادەبرینە لە سۆشیاڵ میدیادا، لەسەر ئەرکی خۆپەروەردەکردن وەستاوە، لەسەر بەلاوەنانی بیرکردنەوە وەستاوە. کە باسی خۆپەروەردەکردن و بیرکردنەوەش دەکەم، مەبەستم ئەوە نییە هەموو کۆمەڵگە دەبێت فەیلەسوف و هونەرمەند و عارف بن، نا، ڕەنگە ئەگەر هێندەی ژمارەکانی پەنجەکانی دوو دەست مرۆڤی گەورەمان هەبێت، بەسمان بێت…

ئەوەی خەمی منە لێرەدا ئەوەیە کە تاک ئەوەندە لە بیرکردنەوە و خۆپەروەردەکردن دوور بکەوێتە و مەست ببێت بە پیاهەڵدانەکانی سۆشیاڵ میدیا و وڕ و کاس بەو هەموو پەیامانەی رۆژانە سەری خۆی پێ دەخنێ، چیدی توانای ئەزموونی قووڵی نەمێنێت، چیدی توانای هەڵسەنگاندی ئەکتەرە سیاسی و دینی و کۆمەڵایەتییەکانی نەمێنێت. گەمژەیەکی لێ دەربچێت کە پێی وا بێت کەڵەکەکردنی زانیاری کەڵکەکردنی مەعریفەیە، کە وابزانێت مادەم خاوەن ڕا و بۆچوونە کەواتە خاوەن ئارگۆمێنتە. ئەوەی من لێی دەترسم ئەوەیە کە سۆشیاڵ میدیا حەشامات و گاڕان و ”جەماوەرێکی بەشەرەف” دروست بکات، کە کەمترین توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هەبێت و بە ئاسانی ببێتە برغوی ماکینەی حیزب و ئایین و دابونەرێت. لە هەمووشی ئازاربەخشتر ببێتە بوونەوەرێکی پاسۆسی و ژیانێك بژی کە بە مردنی هەموو توانا و ئەگەرە خەوتوەکانی لەگەڵ خۆیدا بباتە ژێر گڵ، لە باتی مرۆڤایەتی، دەرخواردی کرم و مێروەکانی بدات.

هاوبەشی بکە

logos, pasos, social media,