نووسەر: ئێرنست هەمنگوەی[1]
وەرگێڕ: شانۆ بەکر
لەوە درەنگتری کردبوو کە کەسێک لە مەیخانەکە بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا پیرەپیاوێك لە ژێر سێبەری گەڵاکاندا دانیشتبوو. بە ڕۆژدا شەقامەکە تەژی بوو لە تەپوتۆز، شەوان نا، بە شەودا تەپوتۆزەکە دەنیشتەوە و ڕەوتێکی ئارامی وەردەگرت. پیاوە بەتەمەنەکەیش حەزی دەکرد تا درەنگان لەوێ دابنیشێت. هەرچەندە هەستی بیستنی لەدەستدابوو، بەڵام درکی بەو خامۆشییە دەکرد کە ئەو دەمانەی شەو باڵی دەکێشا بەسەر ناوچەکەدا، دوو خزمەتکارەکە چاویان ئەبڵەق بووبوو بە دیارییەوە.
“هەفتەی پێشوو دەیویست خۆی بکوژێت.”
“بۆ؟!”
“بێهیوا بووە.”
“لە چی؟!”
“لە هیچ…”
“چۆن دەزانی لە هیچ؟!”
“ئاخر پارەدارە.”
لە تەنیشت یەکترییەوە و لەسەر ئەو مێزەی کە نزیک بوو لە دیواری دەرگای کافێکەوە دانیشتبوون. دەیانڕوانییە ئەو هەیوانەی کە تەواوی مێزەکانی بەتاڵ بوون تەنێ ئەو مێزە نەبێت کە پیرەپیاوەکە لە ژێر سێبەری ئەو گەڵایانەی کە لەگەڵ شنەی “با”دا دەجوڵان، لێی دانیشتبوو. کچێک و سەربازێک بە شەقامەکەدا تێپەڕین. ڕوناکی شەقامەکە ژمارە فسفۆڕییەکەی یەخەی سەربازەکەی ڕۆشن کرد. کچەکە هیچی لەسەردا نەبوو و لە تەنیشتییەوە بەپەلە دەڕۆیشت.
یەکێک لە مەیگێڕەکان گوتی: “پاسەوانەکان دەیگرن.”
“جا دوای چی؟ ئەوەی بەدەست هێنا کە دەیویست، سوودی نییە تازە.”
“من دەڵێم باشترە چیتر وەدەر نەکەوێت، پاسەوانەکان دەستگیری دەکەن، پێنج خولەک پێشتر لێرەوە تێپەڕین!”
پیرەپیاوەکە لە سیبەرەکەدا دانیشتبوو، بە فنجانەکەی چەند جارێک لە قاپەکەی بەردەستی دا. مەیگێڕە گەنجەکەیان چوو بەلایەوە.
“چیت دەوێت؟!”
پیرەپیاوەکە بە دەم ڕوانینێکەوە گوتی: “پێکێکی تر”
مەیگێڕەکە گوتی: “مەست دەبیت”.
پیرەپیاوەکە تەماشایەکی کرد و مەیگێڕەکە ڕۆیشت.
بە هاوکارەکەیی گوت: “خەیاڵی وایە تا سپێدە لێرە بمێنێتەوە. ئاخر خەوم دێت، قەت بەر لە کاتژمێر سێ ناچمە جێگەوە، دەبوو هەفتەی پێشوو خۆی کوشتبا.”
مەیگێڕەکە قاپێک مەیی لەگەڵ دەفرێکی بەتاڵ لەسەر مێزی باڕەکە هەڵگرت و بەرەو مێزی پیرەپیاوەکە ڕۆیی. دەفرەکەی خستە سەر مێزەکە و فنجانەکەیشی پڕ کرد لە مەی. بە پیرەپیاوی کەڕی گوت: دەبوو هەفتەی ڕابردوو خۆتت بکوشتایە. پیرەپیاوەکە بە پەنجەی ئاماژەی کرد و گوتی: “کەمێکی تر.”
مەیگێڕەکە هێندەی خواردنەوە لە فنجانەکە کرد کە لەسەری ڕژا و بە لێواری فنجانەکەدا هاتە خوارێ، پیرەپیاوەکە گوتی :” زۆر سوپاس.”؛ مەیگێڕەکە قاپە مەیەکەی بردەوە بۆ ژوورەوە و لەسەر مێزەکە، لەپاڵ هاوکارەکەیدا، دانیشت و گوتی:
“ئێستا سەرخۆشە”
“هەموو شەوێک سەرخۆشە”
“چی دەویست وا ویستی خۆیی بۆ بکوژێت ؟!”
“من چوزانم!”
“دەیویست چۆن خۆی بکوژێ؟”
“دەیویست بە پەتێک خۆی بخنکێنێت.”
“کێ ڕزگاری کرد”
“خوشکەزاکەی”
“بۆ کردی؟”
“لە ترسی گیانی[2]“
“چەندە پارەی هەیە؟”
” بێژومار”
“هەشتا ساڵێک دەبێت”
“هەرچۆنێک بێت، باشترە بڵێین هەشتا بوو، ئێستا زیادترە.”
“بریا هەڵدەستا و دەڕۆیشتەوە ماڵەکەی خۆی، چی دەبوو جارێک زووتر لە کاتژمێر سێ لەنێو جێگەدا بم. تخوا ئەوە کاتی خەوە؟”
” بە بێداری دەمێنێتەوە، چونکە حەزی لێیە .”
“جا ئەو تەنیایە خۆ من تەنیا نیم، ژنەکەم لە نێو جێگەدا چاوەڕێی منە.”
“ئەویش ڕۆژێک لە ڕۆژان ژنی هەبووە.”
“تازە ژن سوودی نییە بۆ ئەو.”
“تۆ چوزانی لەوانەیە لەگەڵ ژنێکدا باشتر بێت.”
” خوشکەزاکەی ئاگاداری دەبێت، خۆت وتت کە ڕزگاری کردووە.”
“دەزانم”
“من وەک خۆم قەت نامەوێ ئەوەندە پیر ببم. مرۆڤی پیر شتێکی قێزەونە”
“هەموو کات وانییە. ئەمە پیرەپیاوێکی خاوێنە، کە دەخواتەوە نایڕێژێت. تەنانەت ئێستاش کە مەستە، تەماشای بکە.”
“نامەوێ تەماشای بکەم. بریا دەچووەوە ماڵەکەی خۆی، هیچ بیر لەوە ناکاتەوە کەسانێک لێرە ژیانێکیان هەیە.”
پیرەپیاوەکە لە فنجانەکەی دەستتیەوە تەماشای ئەو ناوە دەکات و پاشان تەماشای مەیگێڕەکان دەکات. ئاماژە بۆ فنجانەکە دەکات و دەڵێت:” یەک پێکی تر” .
ئەو مەیگێڕەی کە زۆر پەلەی بوو، خۆی گەیاندە سەری، وەک ئەوخەڵکەی بەشێوەیەکی گەمژانە و بازاڕی لەگەڵ خەڵکانی بیانی و سەرخۆشاندا دەدوێن گوتی: “نییە، بۆ ئەمشەو تەواو، شوێنەکە دادەخرێت”.
پیرەپیاوەکە گوتی:” پێکێکی تر”.
مەیگێڕەکە لەو کاتەدا بە خاولی قەراغی مێزەکەی پاک دەکردەوە، سەری ڕاوەشاند و گوتی : نییە، تەواو بوو.
پیرەپیاوەکە هەڵستا، بە هێواشی دەفرە بەتاڵەکانی ژماردن. جزدانێکی چەرمی لە باخەڵی دەرهێنا، پارەکەی دا و نیو پیزیتا[3] بەخشیشی دا.
مەیگێڕەکە دەیبینی کە چۆن پیرەپیاوەکە بەرەو خوارەوەی شەقامەکە مل دەنێت. پیاوەکە گەلێک پیر بوو، بە ناڕێکی بەڵام بە شکۆوە هەنگاوی دەنا.
مەیگێڕەکان پەردەی پشت دەرگاکانیان دادایەوە، ئەو مەیگێڕەیان کە پەلەی نەبوو گوتی: “بۆ نەتهێشت کەمێکی تریش بمێنێتەوە هێشتا دوو نیویش نەبووە.”
“دەمەوێ بڕۆمەوە ماڵێ و بنووم.”
“جا کاتژمێرێک چییە؟”
“بۆ من زۆر شتە .”
“یەک کاتژمێر هیچ جیاوازییەک دروست ناکات.”
“تۆش وەک پیرەپیاوان قسان دەکەی، دەیتوانی بوتڵێک بکڕێت و لە ماڵەوە بخواتەوە.”
” ماڵەوە وەک ئێرە نییە”
“نا، نابێتە ئێرە!” وای وت چونکە نەیدەویست خراپەکار دەرکەوێت.
“باشە تۆ ناترسی وا زووتر لە کاتی دیاریکراو دەچییەوە ماڵێ؟!”
” دەتەوێت بمشکێنی؟”
“نا پیاوی باش، بە گاڵتەم بوو.”
ئەو خزمەتکارەی کە بەپەلە بوو دەرگا ئاسنەکەی هێنایە خوارەوە و گوتی:” نا، خۆ من دڵنیام، بە تەواوی متمانەم هەیە.”
ئەو مەیگێڕەیان کە بەتەمەنتر بوو گوتی:” تۆ گەنجییت هەیە، متمانەت هەیە، کار و کاسبیت هەیە، هەموو شتێکت هەیە.”
“ئەی تۆ لە چییت کەمە؟!”
“لە هەموو شتێک جگە لە ئیش.”
” ئەوەی من هەمە تۆش هەتە.”
” من هیچ کات متمانەم نەبووە، گەنجیش نیم.”
“دەی ئەوەندە بۆی دامەچۆ، دەرگاکە قوفڵ بدە.”
مەیگێڕە بەتەمەنەکە گوتی: “من لەو مرۆڤانەم کە حەزدەکەن تا درەنگانێک لە باڕەکاندا بێدار بن، لەگەڵ ئەوانەی کە نایانەوێت بخەون، لەگەڵ مرۆڤانێک کە بە شەودا پێویستیان بە ڕووناکییە.”
“من دەمەوێ بچمەوە ماڵێ و بنووم”
مەیگێڕە بەتەمەنەکە خۆی ئامادە کردبوو تا بگەڕێتەوە ماڵەوە، گوتی:” ئێمە دوو مرۆڤی جیاوازین، بابەتەکە هەر گەنجی و متمانە نییە، ئەم شتانە زۆر جوانن، بابەتەکە ئەوەیە من هەر شەو بە دوودڵییەوە ئێرە دادەخەم، بەردەوام بیرم لای ئەوەیە نەبادا کەسێک هەبێت و پێویستی بە مەیخانە بێت.”
“پیاوی باش قسەی سەیر ئەکەیت، چەندین باڕی تر هەیە شەوانە کراوە بن”
“جا تۆ تێناگەیت، ئێرە باڕێکی پاک و دڵگیرە و بە تەواوی ڕووناکە، ڕووناکییەکەی زۆر باشە، لەگەڵ ئەمانەیشدا سێبەری گەڵاکان سەرنجڕاکێشن.”
مەیگێڕە گەنجەکە گوتی: ” شەوێکی شاد”
ئەوی تریش گوتی: “شەوت شاد”
ئیتر ڕوناکییەکانی خامۆش کرد و گفتوگۆکەی لەگەڵ خۆیدا درێژە پێدا! “ڕوناکییش بەهەرحاڵ، بەلام خۆ دەبێت شوێنەکە پاک و دڵگیر بێت. ئەی گەر مۆسیقات نەوێ، بێگومان لێی نابێت. تەنانەت پێویست ناکات کەسێک فشەفش لەپێش باڕەکە بوەستێت بۆ چەند کاتژمێرێک، وەک ئەوەی هیچی تر نەبێت بیکات. لەچی دەترسا؟! خۆ هیچ مەترسییەک لە گۆڕێدا نەبوو، خۆشی باش دەیزانی هیچە. هەمووی هیچ بوو، پیاوێکیش کە هیچ بوو.هەر ئەوەندە بوو کە پێویستی بە ڕووناکی بوو لەگەڵ جێیەکی ئارام و خاوێن. مرۆڤانێک پێوەی ژیاون و درکیان پێ نەکردووە وەلێ ئەو دەیزانی هەموو شتێک هیچە. هیچ و دیسانەوەش هەر هیچ! ئەی هیچی ئێمە کە لە هیچیدا هونەر دەکەیت، هیچ ببێتە ناوت، ببێتە شانشینت، ببێتە هیچ لە هیچدا. لەم هیچەدا، هیچی ڕۆژانەی خۆمانمان پێ ببەخشە و هیچیی ئێمە هیچ مەکە. وەک چۆن ئێمە هیچەکانی خۆمان هیچ دەکەین ئێمە لە ناو هیچیدا هیچ لێ مەکە، لە شەڕی هیچ بمانپارێزە و دیسانەوە هیچ. هەر بژی؛ هیچیی سەرشار لە هیچی و پوچی، لەگەڵ تۆدایە!
ئێستا ئیتربەدەم ئەم قسانەوە لە بەردەم مێزی باڕێکدا بوو کە ئامێرێکی قاوەی لەسەر بوو! بزەیەکی کرد.
پێشخزمەتەکە گوتی:” چی داوا دەکەن؟”
“هیچ”
پێشخزمەتەکە گوتی:” دیسان شێتێکی تر!”
مەیگێڕەکە گوتی: “فنجانێکی بچوک”
پێشخزمەتەکە فنجانەکەی بۆ پڕ کرد
مەیگێڕەکە گوتی: “شەوقی گڵۆپەکە چاکە، وەلێ باڕەکەتان پاک نییە.”
پێشخزمەتی باڕەکە تەماشایەکی کابرای کرد بەڵام وەڵامی نەدایەوە. شەو هێند درەنگی کردبوو کە دەرفەتی گفتوگۆی نەهێشتبووەوە.
پێشخزمەتی باڕەکە گوتی:” فنجانێکی بچوکی ترت دەوێت؟”
مەیگێڕەکە گوتی : “نا سوپاس.” و چووە دەرەوە.
حەزی لە فرۆشگای مەیی و باڕەکان نەدەکرد، باڕێکی پاک و پڕ ڕووناکی شتێکی تر بوو، ئێستا بێئەوەی بیر بکاتەوە بەرەو ماڵەوە و ژوورەکەی دەگەڕایەوە. لە نێو جێگەدا ڕادەکشا و لەگەڵ بەرەبەیاندا خەوی لێ دەکەوت. بە خۆی دەگوت:” لەوانەیە بەهۆی خەوزڕانەوە بێت، زۆر کەس توشی کەمخەوین.”
[1] ئێرنست میڵەر هەمنگوەی ڕۆماننووس و چیرۆکنووسێکی ئەمریکییە لە ٢١ی تەموزی ساڵی ١٨٩٩ لە ئۆوک پاکی ئەمریکا لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٥٤ توانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ وێژە بباتەوە. لە ساڵی ١٩٦١ لە ئایداهۆ خۆی کوشتووە.
[2] Soul, ڕوح
[3] Peseta یەکەی دراوی ئیسپانییە – وەرگێڕ
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.