13/02/2025
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی هەسارەکەی ڕۆژهەڵات: هاوڕێیەتیی فەیروز و ئوم کەلسوم 

لە لایەن دیدی من 1 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من – خەبەر ئەبیەز – یەوم سابع
وەرگێڕان و ئامادەکردنی: دەڤەر حەسەن
سەرپەشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان

دوو ئەفسانەی هونەری گۆرانیی لە جیهانی عەرەبیدا، هەر یەکەیان میلیۆنان هەواداریان هەیە کە زۆربەیان لە عەشقیان بۆ ئەو دوو ئەفسانەیە هاوبەشن، ئەوانیش ئوم کەلسوم“هەسارەکەی ڕۆژهەڵات” و فەیروز “دراوسێکەی مانگ”ن. سەرەڕای تێپەڕبوونی زەمەن، گوێگرەکانیان هێشتا بەسۆز و تامەزرۆییەوە گوێیان بۆ ڕادەدێرن.

مشتومڕێکی هەمیشەیی دەربارەی ئەوەی کامیان باشترینن و خانمەگۆرانیبێژی یەکەمی عەرەبن؟ هەیە، بەڵام چۆن دەکرێت بەراوردێک لە ئارادا هەبێت و هەر یەکێکیشیان ڕەنگێکیان هەیە کە لە هی کەسی دیکە ناچێت. تەنانەت گوێگریش ناتوانێت جیاکاری لەنێوانیاندا بکات، ئایا ناسکیی و دەنگی فریشتەیی یاخود گەرووی زێڕین، کە خاوەنەکەی کرد بە ئەفسانەیەکی ڕاستەقینە هەڵبژێرێت؟.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەر وێنەیەکیشیان پێکەوە لە پێگەکانی سۆشیاڵ میدیا، پرسیارگەلێکی زۆر لەبارەی پەیوەندی نێوانیان دێنە ئاراوە. ئایا پەیوەندییەکی کێبڕکێکارانە بووە و چاوی کامێراکان ناچاری کردوون زەردەخەنە بۆ یەکتر بکەن یاخود خەندەکانیان هەڵقوڵاوی سۆز و خۆشەویستی ناخی دڵ بوون. چونکە وێنەگەلێکی زۆر هەن کە هەردوو جەمسەری گۆرانیی عەرەبی پێکەوە کۆدەکەنەوە.

لەنێوان هەسارەکەی ڕۆژهەڵات و دراوسێکەی مانگدا، لەپشت پەردەوە پەیوەندییەکی هاوڕێیەتی بەهێز لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش و سەرسام بوون بە دەنگی یەکتر هەبوو. سەرەڕای دەنگخۆشییەکەیان، هەر یەکەیان خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز و  عەقڵیەتێکی باڵادەست بوون. ئەو عەقڵانیبوونەش، هۆکاری سەرەکی پاراستنی هاوڕێتییەکەیان بوو ئەگەر نا، ڕەنگە گوێگرەکانیان بیانتوانیایە لەناوی ببەن، ئەگەر یەکێک لەوان دەستبەرداری عەقڵانیبوون ببوایە.

سەبارەت بە پەیوەندی نێوانیان فەیروز دەڵێت؛ کە دۆستایەتییەکی بەتین لەنێوانیاندا هەبووە، و یەکەمین جار ئوم کەلثومی لە بەعلەبەک([1]) بینیووە کاتێک سترانی چڕیووە، و دواتریش کاتێک خۆی سەردانی میصری کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ئوم کەلسومجگە لە دەنگە جادووییە دووبارەنەبووەکەی، ئامادەییەکی باڵادەستی لەسەر تەختەی شانۆ هەبووە. جەختیشیکردەوە لەوەی کە هەردووکیان ڕەنگی هونەری تایبەت بە خۆیان هەیە، کە بە هیچ شێوەیەک هاوشێوەی یەکتر نین. و ئەوەی بۆ ئوم کەلسومدەگونجێت بۆ ئەو ناگونجێت وە بە پێچەوانەشەوە. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو کە خۆشەویستی ئەو بۆ ئوم کەلسومخۆشەویستی گوێگرێک بووە کە بە تەواوی سەرسامی دەنگییەتی.

هەر کەسێک پێی وایە، کە پەیوەندی نێوان هەسارەکەی ڕۆژهەڵات و دراوسێی مانگ کێبڕکێکارانە بووە بە هەڵەدا چووە. بە پێچەوانەوەی هەموو پێشبینییەکانەوە دۆستایەتی نێوانیان لەسەر بنەمای ڕێز و خۆشەویستی و هونەری ئامانجدار  پتەوبوو.

وەک چۆن میوزیسیانی گەورەی عەرەب موحەممەد عەبدولوەهاب کێبڕکێی نێوانیانی بە کێبڕکێی نێوان دەنگی زەوی و ئاسمان پێناسەکردووە. کاتێک لە گفتوگۆیەکی ڕۆژنامەوانیدا پرسیاریان سەبارەت بەوەی ئەوەی کێ خانمەگۆرانیبێژی یەکەمی عەرەبە لێکرد، بەبێ دوودڵی گوتی؛ ئوم کەلثوم، ڕۆژنامەنووسەکەش پرسی؛ ئەی چی دەربارەی فەیروز؟ وەڵامێکی زۆر زیرەکانەی دایەوە و گوتی؛ تۆ دەربارەی مرۆڤ پرسیارت کرد، بەڵام فەیروز فریشتەیە.

ئوم کەلسوملە گفتوگۆیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە فەیروز گوتویەتی؛ “دەنگی دەگمەنە و خۆشەویستی خەڵکی میصرە، وەک چۆن گوێگران لە لوبنان و تەواوی وڵاتانی عەرەبی خۆشیاندەوێت”.

هەروەها فەیروزیش لە چەندین چاوپێکەوتندا ڕایگەیاندووە کە ئوم کەلثومی خۆشدەوێت و عاشقی دەنگە نایابەکەیەتی و زۆر شتی لێ فێردەبێت، بەتایبەت کە ئوم کەلسومهەمیشە پاڵپشتی بووە.

کۆمەڵە وێنەیەکی زۆر هەن کە هەردوو ئەفسانەکە پێکەوە کۆدەکەنەوە، لەکاتی گفتوگۆدا و خەندە لەسەر ڕوویانە. بەڵام بەناوبانگترینیان ئەوە وێنەیەیە کاتێک خانمی هەمووان “ئوم کەلثوم” لە هۆڵی سەرەکی هۆتێل هیڵتۆن چاوی بە فەیروز دەکەوێت، کە لەو کاتەدا سەردانی میصری کردبوو بە مەبەستی ئەنجامدانی کۆنسێرت و لەو هۆتێلە دەمایەوە. لەو کاتەدا ئەو دیدارە خۆڕسکە دۆستانە گرنگە ڕوویدا، و لەپاش دیدارەکە فەیروز گوتی؛ “ئوم کەلسومکەسایەتییەکی بەهێز و سەرنجڕاکێشی هەیە و خاوەنی دەنگ و بەرزەچڕییەکی تایبەت بە خۆیەتی”.

ڕاگەیاندنکاری بەناوبانگی لوبنانی ڕیما نەجیم دەڵێت؛ “پەیوەندی نێوان هەردوو جەمسەری هونەری سترانبێژیی عەرەب ئوم کەلسومو فەیروز زۆر بەهێز بووە و هەردووکیان دڵیان بە یەکتر دەکرایەوە. یەکتریان وەک دایک و کچ خۆشدەویست، ئوم کەلسومهەمیشە ئامۆژگاری فەیروزی دەکرد”. کەسە نزیکەکانی هەردوو ئەفسانەکەش هەمان شتیان دووپاتکردوەتەوە، بەڵام تاکو ئێستاش کەسانێک هەن کە پێچەوانەی ئەم بۆچوونە بیردەکەنەوە.


[1] بەعلەبەک: شارێکە لە دۆڵی بیقاع، دەکەوێتە دووریی (٦٧ کم) لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بەیروت.

هاوبەشی بکە