03/12/2025
DidiMn Logo
Top

کورتەیەک دەربارەی فروغ فەروخزاد

لە لایەن دیدی من 3 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – پۆێتری فاوندەیشن
لە ئینگلیزییەوە: لانۆ ڕزگار

فروغ  فەروخزاد، شاعیر و سیناریۆنوس و وێنەکێش و فیلمسازێکی ئێرانی بوو. لە مازەندەرانی باکووری تاران لە خانەوادەیەکی گەورەوە چاوی بە دونیا هەڵهێنابوو. یەکێک بوو لە نوسەرە ئێرانییە نایابەکانی ناوەڕاستی سەدەی بیست. فروغ لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا هاوسەرگیری کردوو و کوڕێکی بوو،  لە ساڵی ١٩٥٤دا لە هاوسەرەکەی جیابووەوە.

هەر لەیەکەم کۆمەڵەی شیعرییەوە بە ناوی ئەسیر (دیل – ١٩٥٥) فروغ باسی لە هەوەس و هەستیاری ژن و ئەو نەریتە کلتوریانە دەکرد کە بەربەستێک بوون لەبەردەم ژناندا.

لە ماوەی دە ساڵی داهاتووی پیشەییدا سێ کۆمەڵەی شیعری بڵاوکردەوە بە ناوەکانی دیوار (١٩٥٦)، ئیسیان (یاخیبوون – ١٩٥٨)، و تولدی دیگر ( لەدایکبوونێکی دیکە – ١٩٦٤). 

هەروەها وەرگێڕانی بۆ بەرهەمەکانی جۆرج بێرنارد شۆو و هێنری میلەر کرد و دۆکیومێنتارییەکی داهێنەرانەی دەرهێنا بەناوی (ماڵەکە ڕەشە – ١٩٦٢) کە دەربارەی کۆمەڵگایەکی گول بوو لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران.

فیلمەکە بووە براوەی خەڵاتی یەکەمین لە فیستیڤاڵی فیلمی ئۆبەهاوسن. دوای مردنی فروغ بەرهەمی کۆمەڵە شیعری خەڵاتکراوی (گوناح: هەڵبژاردەی شیعرەکانی فروغ فەروخزاد – ٢٠١٠) کە لەلایەن شوعلە ولپییەوە کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە لەگەڵ (ڕێگە بدەن باوەڕ بە وەرزی سارد بهێنین – ٢٠١٤) کە لەلایەن ئلیزابێز ت. گرەییەوە وەرگێڕدراوە، بڵاوکرانەوە.

دوابەدوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩، کە بووە کۆتای هاتنی فەرمانڕەوای علمانی لە ئێراندا، کارەکانی فروغ فەروخزاد قەدەغەکران و بۆ ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵ بە قورسی سانسۆر کرابوون. مەرگە لەناکاوەکەی لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە بە تراژیدیایەکی نەتەوەیی بیندرا و لە مانشێتی ڕۆژنامەکانی تاراندا نوسرایەوە.

لە پاشەکی کتێبی شیعری ئەسیردا، فروغ پێشزانانە نوسیویەتی، “ڕەنگە ئەو مشتومڕەی لەسەر من دروستیان کردووە، هۆیەکەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە هیچ ژنێک پێش من هەنگاوی نەناوە بۆ بۆ تێکشکاندنی ئەو کۆت‌وبەندانەی دەست‌وپێی ژنانیان پێبەستووەتەوە، من یەکەم کەسم ئەم هەنگاوەم نابێت.”

بەهۆی کارە بێهاوتاکانیەوە لە بەرجەستەکردنی هەستە ناوەکی و هەوەسە جەستەییەکانی ژنان لە کلتورەکەیدا، وەک سیمبولێکی هونەری و تاکەکەسی و ئازادی سێکشوالی دەبیندرێت.

بەرهەمەکانی فروغ لەلایەن شوعلە ولپی و ئەلیزابێز ت. گرەی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی ئینگلیزی. ژیان و بەرهەمەکانی فروغ ئیلهامی چەندان کاری ژیاننامەی و لێکدانەوەی ڕەخنەگرانە و دۆکیومێنتاری بوون. لەوانەش: (کتێبەکەی مایکڵ هیڵمان بەناوی ژنێکی تەنها: فروغ فەرەخزاد و شیعرەکانی –ساڵی ١٩٨٧ لە بڵاوکراوەی چاپی مێگا)، (پەرییە دەریایە بچکۆلەکە، پێداچوونەوەی ڕەخنەگرانەی شیعرەکانی فروغ فرەخزاد لەلایەن عەبدالعلی دستغیب – ساڵی ٢٠٠٦)، و (دۆکیومێنتارییە سێ بەشیەکەی ناسر سەفاریان بەناوی سەرما سەوزەکە، ئاوێنەی ڕۆح، ترۆپکی شەپۆل – ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٤).

هاوبەشی بکە