20/04/2024
DidiMn Logo
Top

فیلمی ٠٩: سینەما یاخود سیاسەت و میدیا؟

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – شاهۆ عارف
مامۆستای شیکاری فیلم، زانکۆی سلێمانی/ بەشی فیلمسازی

کۆمپانیای کام پڕۆدەکشن دووەم فیلمی درێژی دروست کرد. جیاواز لە شوان عەتوف، بەختیار فەتاح لە یەکەم تاقیکردنەوەی فیلمی درێژدا، توانی بە هاوکاری دەستەیەک گەنجی چاوکراوە، سەرکەوتنێکی ڕێژەیی بەدەست بهێنێت لە گێڕانەوەی چیرۆکێکی تاوانکاریدا. ڕەنگە ئەمە یەکەمین جار بێت فیلمسازێکی شاری سلێمانی بە سودوەرگرتن لە ڕەگەزەکانی سینەما فیلمێکی کۆکراوە، [بەڵام کوشندە!] بە پێوەرەکانی سینەمای باو دروست بکات. جیاواز لە پەیکەری دڵ، فیلمی ٠٩ توانی وەکو فیلمێکی بازرگانی ڕەنگڕێژی سینەمایەک بکات، کە ڕوونتر و تۆختر خزمەت بە ئەجێندای سیاسی و ستراتیژی کام پڕۆدەکشن بکات. بەم شێوەیە ”کام” بەردەوامە لە بەکارهێنانی سینەما وەکو کەرەستەیەکی میدیایی سیاسی و بازرگانی.

ئەگەرچی یەکەم فیلمی کۆمپانیاکە لە چەندین ڕووەوە کێشەی گێڕانەوەی هەبوو (١) لەم فیلمەدا هەتا ئەندازەیەک هەموو ڕەگەزەکانی گێڕانەوەی وێنەیی پێکەوە کاریان کردبوو. گێڕانەوە لە ڕێگەی ئیشکردن بە کڵێشەی ئەنجام و هۆ، بەرەوپێشبردنی هەنگاوبەهەنگاوی ڕووداوەکان، کارەکتەرسازی، چنینی لۆژیکیانەی کارەکتەر و ڕووداوەکان توانیبووی چێوەیەکی ستاندار و نەریتی دروست بکات، کە فیلمێکی تاوان و نهێنیئامێز پێویستی پێی بوو. دروستکردنی قەلەقی و گومان، بە ڕێکخستنی شاردنەوە و ئاشکراکردنی زانیاریەکان لەگەڵ ژانەر و سەبژانەری فیلمەکەدا تەبا بوون. خاڵی بەهێزی فیلمەکە دروستکردنی ئەو کەش و فەزاسازییە بوو کە چیرۆکەکە پێویستی بوو لە ڕێگەی؛ وێنەسازی، بەکارهێنانی میوزیک، کاریگەرییە دەنگییەکان، کەرتکردنی خێرا بە تایبەت لە دیمەنەکانی ترۆپکدا. سەرباری ئەوانە فیلمەکە کێشە و کەموکورتی زۆریشی لە چەندین ئاستدا تێدا بوو. کورت و پوخت؛ ئەم جارە کۆمپانیای کام توانیبووی باشتر لە پێوەرەکانی سینەمای باو نزیک بێتەوە و بە زمانی سینەما بدوێت و بڵێت، بەڵام ”چی” دەڵێت؟ و چۆن دەیڵێت؟ و بۆچی بەو جۆرە دەیڵێت؟ ئەمە ئەو پرسیارانەیە کە دەشێت ڕووبەڕووی هەموو فیلمێکی بکەینەوە کە زیاتر بەرهەمی کۆمپانیا بێت نەک هونەرمەندێکی فیلمساز!

بەختیار فەتاح، بەرهەمهێنەر و دەرهێنەری فیلمەکە، لە چاوپێکەوتنی کەناڵی تەرفیهیی NRT2 دا (٢) داوای کرد کە کارەکەیان بەراورد نەکەین بە سینەمای هۆڵیوود و بۆڵیوود، بەڵکو بەراوردی بکەین بە توانای سنورداری کۆمپانیاکە! ئەم قسەیە دەربڕی ئەو ڕاستیەیە کە فیلمەکە لەو کڵێشە باوانەی سینەماوە سەرچاوەی گرتووە. نەک تەنیا ئەوە، بەڵکو زۆر بە ئەمانەتەوە، فیلمەکە لە زۆر ڕووەوە ژینگەی دروستبوونەکەی خۆی فەرامۆش کردووە لەپێناو ئەوەی کە لەو نەریتە تەقلیدییانەی فیلمسازی بچێت. سەرباری ئەوەی کە لەوەشدا سەرکەوتوو نەبووە، ئەگەر ستافی ئەم فیلمە، ئەم لێکچوونە وەکو دەستکەوت دەبینن، مژدەیان لێ بێت. بەڵام ئاگاداربن یاخود نا، سینەمای هۆڵیوود و بۆڵیوود و بازاڕی و حەشامات هیچ کات نەیانتوانیوە و ناتوانن سینەما بە مانا هونەرییەکەی دروست بکەن. خەونی سەرپێخستنی سینەمای کوردییش زۆر دوورە لەوەی کە ئەم تەرزە لە سینەما بتوانێت بیهێنێتە دی!

ناساندنی ٠٩ وەکو فیلمێکی ژانەر-سەنتەر؛ تاوان، نهێنی، لێکۆڵینەوە[؟] ئاکشن، یەکێکە لە خاسیەتە دیارەکانی سینەمای بازاڕی. ژانەر لە سینەمادا، بە گشتی پێوەر نییە بۆ هەڵسەنگاندنی فیلم، بەڵکو ڕێگەیەکە بۆ باسکردن و شیکردنەوەی فیلم، بەڵام ناساندن و بیناکردنی فیلم بەسەر ژانەرێک یان چەند ژانەرێکی دیاریکراودا، جۆرێکە لە سیاسەتی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بەرهەمهێنان بۆ دروستکردنی بینەر و بازاڕگەرمی بە فیلمەوە، چونکە بینەر لە ڕێگەی ئەزموونی پێشوەختەی لەگەڵ ژانەردا، پێشبینی کڵێشەی گێڕانەوەکە دەکات. کەواتە لە ڕووی بازاڕی سینەماییەوە، ژانەر دەتوانێت ڕایەڵی نێوان بەرهەمهێنان-ساغکردنەوە ڕێک بخات. هەر بۆیە دەبینین ژانەر لە کۆی ستراکچەری فیلمە بازرگانییەکاندا ڕەنگ دەداتەوە و لە کاتی بانگەشەی فیلمیشدا سەرنجێکی زۆر دەخەنە سەر ژانەرەکان، بەڵام ئایا ژانەرەکانی فیلمی ٠٩ ڕەنگی دابووەوە لە گێڕانەوەی فیلمەکەدا؟ ئایا کڵێشەی گێڕانەوە ڕەنگدانەوەی پێکهاتەکانی بوو؟

پلۆتی فیلمەکە بە دۆزینەوەی قوربانییەک دەست پێ دەکات لە لایەن دەستەیەکی لێکۆڵینەوە کە تەنیا میکایل (ماهیر حەسەن) و ئارام (بێساران جاسم) تێیدا دیارن. لە پاش تێپەڕینی چارەکی یەکەمەوە، جەمسەری دووەمی چیرۆکەکە کە تاوانکارەکانن دەردەکەون، دکتۆر ئالان (شوان عەتوف) و جان (سیروان جەمال) سەری ئەو باندە تاوانکارەن کە بە هۆی نەزانییانەوە خەریکە ڕووبەڕووی باجی کارەکانیان دەبنەوە. جان و ئالان بڕیار دەدەن شوێنەواری تاوانەکەیان بسوتێنن. لێرەوە فیلمەکە هەردوو جەمسەرەکە لێک نزیک دەکاتەوە؛ سادە و ئاسان دەیاندا بە یەکدا و دکتۆر و جان سووک و باریک قوتار دەبن! ئەم هەوڵە ناکامە، پلۆتەکە ناچار دەکات پەنا بۆ هێزی ژن بەرێت و درامای نێوان جەمسەرەکان گەرم بکاتەوە و بیانخاتە ناو کۆتاییەکی یەکلاکەرەوەوە.

میکایل، ئەفسەرێکی لێکۆڵەری پابەندە، بە هۆی پابەندبوونییەوە بە کارەکەی، کچەکەی فەرامۆش دەکات و تەنانەت لە ڕۆژی مردنی ژنەکەیشیدا ئامادە نابێت. هەر وەک لە سەرەتاوە دەردەکەوێت، میکایل بە دەست ئیشوکارەکەیەوە بێزارە، نەک هەر بێزارە بەڵکو بێتوانایشە لە پیشەکەیدا، چونکە هەتا کۆتایی نە خۆی و نە ئارام توانای دۆزینەوەی سەرەداوەکانیان نییە! هەردووکیان وەکو بەشێک لە یەکەی لێکۆڵینەوەی گێڕانەوەکە، سەرکەوتوو نابن لەوەی شوێنپێی تاوانبارەکان هەڵبگرن و هیچ لێکدانەوە و ئەنجامگیرییەکیشیان نییە. لە دوو جاری پێکدادانی هەردوو جەمسەرەکەدا؛ جاری یەکەم، ئالان و جان بەرەو ڕوویان دەڕۆن و جاری دووەمیش ئەم تیمە شکستخواردووە لە ڕێگەی ڕفاندنی لیزا (ژاڵە ڕەسوڵ)ی هاوڕێی سارا (چریکە عەبەڕەش) و سارای کچی میکایلەوە دەکەون بەسەر دۆزینەوەی تاوانبارەکاندا، نەک بە ئەزموون و ئەنجامگیری پیشەیی خۆیان! ئەم جۆرە بژاردەیەی نارەیشن، نەیهێشتووە ژانەری لێکۆڵینەوە بە باشی لە پێکهاتەی گێڕانەوەکەدا شێوە بگرێت، لە کاتێکدا زەمینەی دەرکەوتن و شێوەگرتنی ئەو ژانەرە زۆر بەهێزە لە بەرامبەر ژانەری تاواندا. میکایل، بە یاوەریی ئارام دەبێتە پاڵەوانی گێڕانەوەکە؛ تەرمێک کە لە سەرەتاوە دەدۆزرێتەوە لە کۆتاییدا بکوژەکەیشی دەستگیر دەکرێت؟!

ئەگەرچی کارەکتەرەکان هەتا ئەندازەیەک بە یەکترەوە بەسترابوونەوە بەڵام گێڕانەوەکە پاڵنەرەکانی دکتۆر ئالانی بە نادیاری هێشتبووەوە. دکتۆر ترسنۆک و ناسک تەبیعەتە، بەشدارە لە ئەنجامدانی تاواندا، لە پشتی ژنەکەیشییەوە خەریکی سێکسکردنە. هەوڵدانی بۆ ڕزگاربوون نیشانی دەدات کە دەیەوێت لەو دۆخی تاوانە دەرچێت کە وا دیارە لە ناچاریدا تێی کەوتووە. شاردنەوەی پاڵنەرەکانی دکتۆر و بە سەنتەربوونی، زیانی بە گێڕانەوەکە گەیاندبوو، چونکە دکتۆر جگە لەوەی بەشداری تاوانەکانە، بە هۆی پەیوەندییە نهێنییەکەیەوە لەگەڵ لیزا ڕایەڵی جەمسەری تاوان و یاسای فیلمەکەیە. لە کاتێکدا چەند جارێک گێڕانەوەکە هەلی دەرخستنی پاڵنەرەکانی ئەم کارەکتەرە دروست دەکات، بەڵام هیچ وەڵامێکمان بۆ ترس و گریان و ڕاڕای و وەفاداری دکتۆر پیشان نادات! نازانین بۆچی بەشێکە لە باندەکە ئەگەر نایەوێت تاوان بکات؟ نازانین پەیوەندییە ژێربەژێرەکەی و وەفادارییەکەی چۆنچۆنی لەگەڵ فەرامۆشکردنی خێزانەکەی و دواتر خەمخۆرییەکەی بۆیان یەکدەگرێتەوە؟ ئەی ئەگەر کارەکتەرێکی لە تاوانگلاوە و ڕۆڵی گەیاندن و پێکدادانی جەمسەرەکانی هەیە، بۆچی کەوتووەتە سەنتەری گێڕانەوەکەوە و وەزیفەی کارەکتەری دژەپاڵەوان دەگێڕێت؟ دکتۆر کارەکتەرێکی ئاڵۆسکاو و فرەڕەهەندە، بەڵام بێڕیشەیە. ئەم بێڕیشەییەی لەگەڵ ئەو ڕۆڵە سەنتەریەیدا وەکو لاوازی دەکەوێتەوە. لە کاتێکدا دکتۆر تاقە بەجێماوی تاوانکارەکانە کە لە کۆتاییدا تەسلیم بە پاڵەوان دەبێت، کەچی خۆی تاوانکار نییە! بەرەی تاوانکارەکانیش هیچ نوێنەرێکی ڕوونیان هەتا نزیک بە کۆتایی فیلمەکە نییە! ئا لێرەوە، ئەگەرچی وا دیارە پێکهاتەی گێڕانەوە بە سێکوچکەی سێکردە لەسەر بنەمای سێ کارەکتەر (پاڵەوان، دژەپاڵەوان، کارەکتەری ناوبەند) کاری کردبێت، بەڵام نەیتوانیوە وەزیفەکان جیا بکاتەوە بەو شێوەیەی کە لە سینەمای باودا دەیان بینین. لە بنەمادا میکایل و جان پاڵەوان و دژەپاڵەوانن و دکتۆر ئالانیش کارەکتەری ناوبەندە، کەچی جان وەکو کارەکتەری یاریدەدەر دەردەکەوێت و دکتۆر پێگەکەی ئەوی داگیر کردووە!

سەرباری ئەم نەنگییە لە کڵێشەی گێڕانەوەدا، ئەم فیلمە لە ڕووی وێنەسازی و فەزاسازییەوە نەیتوانیوە ڕەنگدانەوەی کولتوور و ژینگەی خۆی بێت! ئەمە وەڵامی ئەو ڕستەیە دەداتەوە کە بەردەوام لە لایەن ستافی ئەم فیلمەوە بە شانازییەوە دەگوترێتەوە: ”دروستکردنی فیلمی کوردی بە ستافی کوردی.” هەڵبەت ئەوانەی کە ئەلفوبێی هونەریان ناسیبێت، دەزانن کە نە گێڕانەوەی چیرۆکی کوردی شانازییە، نە فیلمی بانکولتوور و باننەتەوەیش نەنگییە. زمانی هونەر زمانێکی گەردوونییە، بەڵام هونەرمەندەکان جیاوازن و لە کولتوور و کۆمەڵگەی جیاوازەوە مومارەسەی دەکەن، ڕەنگدانەوەی جیاوازییەکان خەسڵەتی بنەڕەتیی هونەرە. بە ئیمتیازکردنی خاک و نەتەوە لە لایەن ستافی ئەم فیلمە و زۆرێک لە فیلمسازانی کوردییەوە، جۆرێکە لە بەدحاڵیبوون. ئەگەر شانازییەک لە سینەمادا هەبێت تەنیا بە خودی هونەربوونییەوە دەردەکەوێت، نەک بەو شەڕە ناسیۆنالیستی و ئایدۆلۆژیانەی کە بە سینەماوە دەکرێت. لە کولتووری فیلمسازی دونیادا، دەبینین کە زۆر جار فیلمسازەکان لە دەرەوەی شوێنی ژیانیان فیلم دروست دەکەن، هەندێک جار ئەزموونی ژیانکردنیان لە کۆمەڵگەکەی خۆیان، یان تێگەیشتنیان بۆ چیرۆکێک دەکەن بە فیلم کە سەر بە دونیای خۆیشیان نییە، چیرۆک یان تێمای کارەکانیان ناوخۆیی بێت یان جیهانی، لە هەر بارێکدا فیلمسازەکە بە ڕوانگە و زمانی تایبەت بە خۆی فیلم دروست دەکات. نموونەی کیاڕۆستەمی، فەرهادی، هیچکۆک، بێرتۆلۆچی و مالیک و زۆر دەرهێنەری تر، کە فیلمەکانیان بە زمان و نەتەوەیەکەوە نەبەستراونەتەوە، ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوە کە شەڕی زمان و نەتەوە شەڕێکی مۆنۆپۆڵخوازی بازرگانی و سیاسییە و لە دەرەوەی سینەما، بە سینەما دەکرێت. ئەم بابەتە لەوە فراوانترە لێرەدا کورتی بکەینەوە، بەڵام لە پەیوەندیدا بەم باسەوە دەتوانین بڵێین؛ دروستکردنی فیلمی کوردی بە ستافی کوردی نابێتە ئیمتیاز و سینەمای کوردیش بەم شێوەیە دروست نابێت، لە کاتێکدا چیرۆکەکەت، وێنەکانت و فەزای فیلمەکەت دووربن لە ژینگەی کوردییەوە و خاڵی بن لە هەر ڕوانین و دونیابینییەک کە مرۆڤێک لەم پارچەیەدا بۆ سینەما هەیەتی.

تاوانی گورچیلەدەرهێنان، تاوانێکە بە گوتەی دەرهێنەر و وێنەگرەکەی ”لە دونیا” و ”ئەورووپای شەرقی”دا ڕوو دەدات. پیشاندانی تیمێکی لێکۆڵینەوە کە لە دوو کەس پێک هاتبێت بۆ تاوانێکی چەندبارە، بە جلوبەرگ و نووسینگە و شوێنی کارکردنی ڕۆژئاواییانە، دروستکردنی باڕ بۆ لیزا و سارا، ونبوونی ڕەگەزی شوێن؛ ئەو جوگرافیا گشتییەی کە ڕووداوەکانی تێدا ڕوو دەدات. هەروەها میوزیک و  تایتڵی ئینگلیزی فیلمەکەش، هەموو ئەمانە فەرامۆشکردن، یاخود ونکردنی ئەو ژینگەیەیە کە ئەم فیلمەی تێدا دروست بووە و هەوڵدانێکی بێفلتەرە بۆ لەبەرگرتنەوەی ئەو سیفەتە زاڵانەی کە لە فیلمە پۆلیسی و دیتێکتیڤەکانی هۆڵیووددا هەن. بەم پێوەرە، فیلمی ٠٩ زۆر نامۆترە بە بینەرەکەی بە بەراورد بەو فیلمە کوردییانەی کە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بە ژانەری تاوان و ئەکشن لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان دروست کراون.

زەحمەتە لە مەودای ئەم نووسینەدا بەوردی بەراورد لە نێوان هەموو ڕوویەکی ئەم فیلمە و ئەو نەریتە لە فیلمسازیدا بکەین کە ئەم فیلمەی لێوە هاتووەتە دەرەوە، بەڵام سەرباری ئەو کێشانەی کە لە پێکهاتەی گێڕانەوەدا باسمان کردن دەتوانین ئاماژە بە چەند خاڵێکی تر بدەین؛ ڕەنگە یەکێک لە خاڵە باشەکانی ئەم فیلمە وێنەسازییەکەی بێت؛ دیارە کە وێنە بە تەواوی لە لایەن ژانەرەکانی فیلمەکەوە کۆنتڕۆڵ کراوە. ژانەر کارئاسانی کردووە کە زۆربەی دیمەنەکان لە ناوەوە بگیرێت و یارمەتی دەستبەسەرداگرتنی پێکهاتەکانی میزانسین بدات بە تایبەت ڕووناکی و ڕێکخستن (هەروەکو سەردەمی ستۆدیۆی هۆڵیوود.) دەرئەنجام، ئەم فیلمە لە ڕووی وێنەییەوە هەتا ئەندازەیەک سەرکەتوو بووە لەوەی خواستویەتی، بەڵام مۆنتاژ لە زۆر جێگەدا زیانی بە وێنە، ڕیتم و گێڕانەوە گەیاندووە، بۆ نموونە بەستنەوەی هاواری دکتۆر ئالان، لە یەکێک لە نیمچە ترۆپکەکانی فیلمەکەدا، بە ڕاستبوونەوەی سارا لە خەو، بە هەڵەدابردنێکی ناپێویستی دروست کرد، یاخود ماوەی هەندێک لە گرتەکان لە دیمەنەکانی کۆتاییدا؛ کە خێرا و تێپەڕبوون. سەرباری ئەوەی میوزیک و کاریگەرییە دەنگییەکان بە باشی بەکار هاتبوون، بەڵام دەرهێنان لە چەندین جێگەدا لاوازی زۆری پێوە دیار بوو، زەقترینیان ترۆپکی یەکەمی فیلمەکە بوو؛ کاتێک جان و دکتۆر کە کەس نازانێت بە چ شێوەیەک گەیشتنە شوێنی قوربانییەکان، بەبێ ئەوەی کە لە چاوی ئەم تاوانبارانەوە هەستپێکردنی ستافەکەی میکایل ببینین، دوایان دەکەون! زۆر کۆمیدیانە، جان و دکتۆر لە چنگ مەودای بینینی کۆپتەر و بەلەمی تیژڕەو قوتار دەبن و نارەیشن باز بەسەر چۆنێتیی دەربازبوونی جاندا دەدات! دیمەنەکانی کۆتاییش نموونەی زۆری تێدایە کە بە گوێرەی لۆژیکی فیلمەکە کەموکورتیی دەرهێنان پشتڕاست دەکەنەوە.

زۆر یان کەم، فیلمی ٠٩ باشتر لە پەیکەری دڵ، لە ڕووی فۆرم و ستایل و کڵێشەی گێڕانەوەوە خۆی بەستووەتەوە بە سینەمای باو و بازاڕییەوە، کاتێک باسی ناوەڕۆک و مانا و دەرئەنجامەکانی تری ئەم فیلمە دەکەین، ئاسان، زۆر ئاسان دەتوانین بڕیار بدەین کە ئەم فیلمە بە چەندین شێوە زەلکاوی ئایدۆلۆژیا باوەکانی دروست کردووەتەوە. ئێوە دیقەت بدەن کە سەرەتا پلۆتەکە چۆن لیزا و سارامان پێ دەناسێنێت. بە جۆرێک دەریان دەخات وەکو دوو کچ کە توانیویانە لە دەرەوەی خێزان بە ئازادانە بژین، بەڵام  نا، نەخێر، سارا بە هۆی لیزاوە دەتوانێت لە شوقەدا بژی، لیزا کچێکی بوێر نییە کە توانیبێتی ژیانی خۆی لە دەرەوەی خێزانەکەیدا دروست کردبێت، بەڵکو ئەوە دۆخێکی ناچارییە کە ڕووبەری ئەو ئازادییە مەترسیدارەی بۆ دروست کردووە. مەترسیدار؛ چونکە ئەم فیلمە نیشانی دەدات کە ئازادبوونی ژن و ژیان لە دەرەوەی خێزان چەند بە مەترسی و ئاستەنگی پیاو و کۆمەڵگە دەورە دراوە. ئەوە تەنیا لیزا نییە کە بە هۆی ئازادییەکەیەوە نزیکە ببێتە قوربانی، بەڵکو سارایشە کە بە هۆی ژیانی لەگەڵ لیزادا هەمان چارەنووسی دەبێت.

پەیوەندیی سارا و باوکی، پەیوەندییەکە زۆر شتی ترمان دەربارەی دونیابینی ئەم فیلمە پێ دەڵێت. میکایل لە پاش گەڕانەوەی بۆ لای کچەکەی و عوزرخواییەکی زۆر، بەر لە چوونەدەرەوە بە سارا دەڵێت کە تۆ ناتوانیت بەم جۆرە بەبێ من هەڵبکەیت. سارا کە لە سەختترین ساتی ژیانیدا بێناز و فەرامۆش کراوە لە لایەن باوکیەوە، دیسانەوە پێویستییەکی تر ناچاری دەکات پەنا بۆ باوکی بەرێتەوە. باوک لێرەدا تەنیا باوکێکی بایەلۆژی نییە، بەڵکو سیستمێکی چاودێر و پارێزەرە کە لە ئاستی خێزان و کۆمەڵگەدا ئامادەیی هەیە! ئەمە یەکێکە لە بەهێزترین و کوشندەترین وێنەی باوک کە هەتا ئێستا فیلمی کوردی بەخۆیەوە دیوە! سارا سەرباری ئەوەی کە گرینۆک و هەستناسکە، ناتوانێت خاوەن بڕیاری خۆی بێت، دواتریش کە دەکەوێتە مەترسییەوە، دەمانچە هەڵدەگرێت و شانازی بەوەوە دەکات کە ”کچی باوکی خۆیەتی” لە دیدی ئەم فیلمەوە، جورئەتێکی بەو شێوەیە دەبێت بدرێتەوە پاڵ پیاو، کاتێکیش سارا بە پێکراوی و تاساوی بە دەست ئارامەوە دەبینین: دەبینین کە ئەو ئیرادە ژنانەیە چەند بێئاوەز و جەستەیە!

تەنیا لیزا و سارا نین کە دەیانەوێت خاوەن بڕیار و چالاک بن و شکست دێنن، بەڵکو کۆی ژنەکانی ئەم فیلمە ڕۆڵێکی نەرێنی و لاوەکیان هەیە؛ لاواز و نەخۆش و گێل؛ وەکو ژنەکەی دکتۆر ئالان. سیخوڕ؛ ئەو ژنەی ئالان و لیزا دەدات بە گرت. یاخود مردووی فەرامۆشکراوە؛ ژنەکەی میکایل. تەنانەت ئەگەر زۆریش زرنگ بن وەکو لیزا و سارا، دەبینین توانای پێکەوەهەڵکردن و گونجانیان نییە! بەکارهێنانی کچ و ژن وەکو بوونەوەرێکی زەعیفە و لەرزۆک و پاسیڤ، تۆخکردنەوەی ئەو بیروباوەڕە باوانەیە کە خێزان وەکو پارێزەر و شورای مرۆڤ سەیر دەکات. بێگومان ئەرکی ئەم نووسینە نییە کە نیشانی بدات ئەم تێگەیشتنە چەند کورتبینانەیە، بەڵام مەبەستمانە ئەوە بخەینە ڕوو کە ئەم تێگەیشتنە نێرسالارانە و بەکارهێنانی ژن بۆ بەدرامیکردنی گێڕانەوە، مێژوویەکی زۆر دوورودرێژی لە سینەمای باو و بازاڕیدا هەیە و فیلمی ٠٩ زۆر سەرکەوتوانە تەبەنی ئەم سیفەتەی کردووە.

بێگومان فیلمێک کە بۆ پەیداکردنی بینەر دروست کرابێت، یاخود ڕاستتر بڵێین، فیلمێک بینەر دروستی کردبێت، پێویستە خواست و بەها و نۆرمەکانی ئەوانیشی لەبەرچاو گرتبێت. بۆ نموونە، لەبەر ئەوەی ماچکردن لە فیلمی کوردیدا هەتا ئێستایش وەکو تابۆ سەیری دەکرێت، دکتۆر ناتوانێت ماچی لیزا بکات لە کاتێکدا بە لۆژیکی پەیوەندییەکەیان و جۆری بەرکەوتنیان ئاساییە ئەوە ڕوو بدات، بەڵام لە لایەکی ترەوە لەو کاتەی سارا و لیزا دەکەونە بەردەستی دکتۆر، سارا پرسیاری بڕیاردان لە دکتۆر دەکات، دکتۆر ئالان وەکو باوکێک هەڵدەچێت و ماچی سەری سارا دەکات، لە کاتێکدا ئەو کاردانەوەیە زیاتر بوو لەوەی کە پەیوەندیی ئەو دوو کارەکتەرە بیخوازێت. بینینەوەی ماچکردن یاخود هەر سنورشکێنییەکی تر لە فیلمدا، گوزارشت لە کواڵێتی هونەری فیلم ناکات، بەڵکو ئەوە جۆر و شێوە و مەبەستی پیشاندانیەتی، دەریدەخات یاخیبوونی فیلمەکە لەو نۆرمە چەقبەستوانەی کۆمەڵگە پشتبەستوو بە چ تێگەیشتنێکە. هەڵبەت چاوەڕوانییەکی لەم شێوەیەیش لەم فیلمە ناکرێت.

فیلمی ٠٩ لەگەڵ ئەوەی ملکەچی ئایدۆلۆژیا کۆمەڵایەتییەکانە، لە لایەکی ترەوە، زۆر بە وریایی و مەبەستەوە، ئاڕاستەی بیرکردنەوەی بینەرەکەی کردووە و هەوڵی بە پاڵەوانکردنی هێزە ئەمنی و هەواڵگریەکانی داوە. وەک دیارە ئەمە ستراتیژی کۆمپانیای کام پڕۆدەکشنە کە لینکێکی بەهێزی لەگەڵ دژە تیرۆر و هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی ”لاهور شێخ جەنگی” هەیە. ڕەنگە هەر ئەم هۆکارەیش بێت نمایشی فیلمەکەی لە شارەکانی هەولێر و دهۆک پەک خست! کۆمپانیای کام، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە یەکێک لە کارەکانی دروستکردنی سپۆت و ڤیدیۆی هاندان بووە بۆ هێزی دژەتیرۆر، ئەم فیلمەیش [درێژکراوە] و باشتر لە هەموو کارەکانی پێشتریان توانیویەتی پڕوپاگەندە بۆ هێزە ئەمنییەکان بکات. هەر بۆیە بەختیار فەتاح زۆر پێزانانە ستایشی هاوکاری ئەو هێزانەی کرد و وتی ”لێمان تێگەیشتوون!” ئەم تێگەیشتنە بەرئەنجامی تێگەیشتنی ئەو هێزانەیە لە دەسەڵات و توانای وێنە (میکایل بە هۆی وێنەیەکی دووکەرتبووەوە توانی سەرەداوی پەیوەندییەکان بدۆزێتەوە!)

لە واقیعدا، تەنیا ٠٩ نییە کە سەرنجی بینەرەکەی ڕادەکێشێت بۆ زەروورەتی ئەو هێزانە، لە ماوەی ڕابردوویشدا ”درامای بەختەباران” هەمان ستراتیژی وردتر و چڕتر پیادە کرد! ئەم تەوژمە لە فیلم و دراما هیچ پەیوەندییەکیان بە هونەرەوە نییە، بەڵکو بەشێکن لە سیاسەتکردن لە ڕێی میدیاوە. هەڵبەت ئەوانەی کە شارەزای تیۆرەکانی پەیوەندین، ئاگاداری ئەوەیشن کە دەسەڵاتی میدیا چەند فراوان و بەهێزە، میدیا زۆر لە مێژە توانای ئەوەی هەیە فیلم لە میدیۆمێکی هونەری و یاخییەوە بگۆڕێت بۆ کەرەستەی خۆی و پڕوپاگەندەی بۆ ئایدۆلۆژیایەکی زاڵی دیاریکراو پێ بکات. لە سەردەمێکدا کە فەزای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە گشتی شوێنی سەرجادەیان گرتووەتەوە، لە سەردەمێکدا کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داڕێژەر، درێژەپێدەر، سەرکوتکەری ڕووداوەکان و دەتوانن شێوە بە واقیع بدەن. لە سەردەمێکدا کە لە هەر کات و ساتێکی تر هەر سێ جۆرە باوەکەی میدیا؛ نەریتی، دیجیتاڵ و سۆشیاڵ زۆر بە نەرمی لەگەڵ یەکتر و بە تەنیشت یەکەوە کار دەکەن و دەتوانن حیزب و لایەن دروست بکەن و بیتەپێنن. لە سەردەمێکدا کە دەزگا و تۆڕ و کۆمپانیا میدیاییەکان توانیویانە شوێنی مەقەڕ و بارەگا حیزبیەکان بگرنەوە، ئاسانتر بچنە ناو ژیانی تاکەکانەوە. لە کاتێکدا کە جەمسەرگیری سیاسی لە سۆشیاڵ میدیای کوردیدا، ڕۆژانە دابەش و توند دەبێتەوە بۆ سەر ئاستی شەخس، فیلمی ٠٩ کە دەتوانێت هەرای گەورە لەم فەزایەدا دروست بکات و ڕوخسارەکانی سۆشیاڵ میدیا بەکار بهێنێتەوە چۆن دەتوانێت بێلایەن بێت؟ بێگومان، ئەم فیلمە درێژکراوەی هەموو ئەو بەرنامە و دراما تەرفیهی و گاڵتەجاڕی و کۆمیدیانەیە کە ئامانج لێیان دروستکردنی بینەرە، بینەرێک کە بتوانێت بەشداربێت لە بونیادنانی قەڵەمڕەوی سیاسی و بازرگانیی کۆمپانیاکە!

بە کەرەستەبوونی فیلم لە لایەن کایەی سیاسییەوە ڕەگێکی قووڵی لە مێژووی سینەمادا هەیە. بەکارهێنانەکانی ستالین و مۆسۆلۆنی و هیتلەر، لە سەردەمی نوێیشدا، پڕوپاگەندەکانی دەزگا هەواڵگریەکانی ئەمەریکا، هەزاران هەزار فیلمی لێکەوتووەتەوە کە ڕەنگە دیارترینیان فیلمی ئارگۆ بێت کە خەڵاتی باشترین فیلمی ئۆسکاریشیان کرد بە بەردا. لە دونیای کوردیشدا، لە ساڵەکانی نەوەدەکانەوە و لەگەڵ پەیدابوونی تەلەفیزیۆندا، کاری دراما و فیلم و بەرنامەی کۆمیدی و تەنزئامێز بە زەقی دەرکەوتوون. قسەکردن لەسەر ئەو کارانە لەژێر چەتری هونەردا، دیاردەیەکی میدیایی فرەڕەهەندە و لێرەدا ناتوانین بە وردی باسی بکەین، بەڵام ئەوەی جێی بایەخمانە ئەوەیە کە سەرجەم ئەو کارانەی کە لە دامێنی میدیاکانی حیزبەوە بە ناوی هونەر کەوتوونەتەوە تەژیبوون بە ئایدیای سیاسی، یاخود جۆرێک لە گەمەی دەسەڵات و کۆنترۆڵ بەردەوام لە هەناویاندا کاری کردووە. لە ڕاستیدا هەر ئەم تێگەیشتنەیە بۆ ڕۆڵی دراما و فیلم و تەرفیهییات کە وای کردووە حیزبەکان هەموو هەوڵێک بدەن میدیاکانیانی لێ پڕ بکەن! چونکە هونەر باشترین ڕێگەیە بۆ دروستکردن و هێشتنەوەی بینەر یاخود دەقیقتر بڵێین بۆ دەستبەسەرداگرتنی خەڵک.

ئا لێرەوە و زۆر بە ئاسانی، دەتوانین بڵێین کە فیلمی ٠٩ وەکو کەرەستەیەکی میدیایی دەچێتەوە ناو ئەو کارگە ئایدۆلۆژیەی کە ئامانجی هێشتنەوەی مرۆڤە لەو واقیعەدا کە لە لایەن ئەوانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە. وەکو بەختیار فەتاح دەڵێت: ”ویستومانە حکومەت و ژیان و خەڵک بە جوانی پیشان بدەین. ئەم وڵاتە، وڵاتێکی جوان و خۆش و ڕێکوپێکە. سیستم تیایدا کار دەکات.” ئەم دانپێدانانە پێمان دەڵێت کە بە چ جۆرێک سەیری ئەم فیلمە بکەین! مرۆڤ نازانێت بە کوێی ئەم تێگەیشتنە بڵێ هونەرمەندانە؟ ئایا ئەم خۆشباوەڕییە دەربڕی ڕوونی ئەو ڕاستییە نییە کە ستراتیژی ئەم کۆمپانیایە چییە؟ فیلمێک هەوڵی دابێت [پاش دووساڵ] بەسەر کارەساتی کەرکووک و شنگالدا، وڵاتمان ”بە جوان” پیشان بدات. بەسەر جەستەی لە خوێنهەڵکشاوی دوو هەزار پێشمەرگەی شەڕی داعشدا، ژیان و خەڵک بە ”خۆش و ڕێکوپێک” وێنا بکات. حوکمەتی دز و داڕزیو و کارتۆنی بە خاوەن سیستم دەربخات، ئایا ئەمە شیاوی ئەوەیە وەکو هونەر لێی بڕوانین؟ ئایا وەزیفەی هونەر ستایش و پیاهەڵدانی وڵات و سیستمە؟ کوشندەیە! ئەوە تەنیا دەرهێنەر و بەڕێوبەری کۆمپانیای کام نییە کە ئەم تێگەیشتنەیان بۆ فیلم و کاری هونەری هەیە، بەڵکو هەردوو ئەکتەری دیاری فیلمەکەیش: ماهیر حەسەن و شوان عەتوف ساڵانێکە بە ناوی هونەرەوە دروستکەر و بەشداری دروستکردنەوەی هەمان زەلکاون. بە پێی بەرژوەندی و ڕۆژگار، لە ئەملا و ئەولا کار دەکەن و کارەکانیشیان بۆ ڕازیکردنی ”بینەری جوان!” و دروستکردنی قەڵەمڕەوە بۆ کەس و لایەنی سیاسی. گوتنەوەی حیکمەتی ”بینەری جوان” پاش ٣٠ ساڵ کارکردن، نیشانی دەدات کە ئەم کارەکتەرانە چەند دوورن لە سروشتی هونەرەوە!

بە بۆچوونی من، ئەوە ئیشی هونەر نییە ستایشی هیچ هێز و ئایدۆلۆژیایەکی زاڵ بکات، هەر وەک چۆن وەزیفەی هونەر نییە خۆی بۆ لێدان و پەلاماردانیشیان تەرخان بکات. لە هەردوو بارەکەدا هونەر دەبێتەوە بە کەرەستە و بەرهەمهێنەرەوەی ئەو واقیعە دەستکردە. ڕەنگە زەحمەت بێت بڵێین وەزیفەی هونەر دەبێت چۆن بێت، بەڵام ئاسانە کە بڵێین چۆن نەبێت، بە گشتی پێم وایە هونەر دەکەوێتە دەرەوەی ئەم جیهانەوە کە سیستم و نەریت تێیدا حاکمە. دۆڵۆز گوتەنی ئەشێت هونەر و بە تایبەت سینەما ئەو جێگەیە بێت کە مرۆڤ تێیدا بە ڕووتی بەرگری لە خۆی دەکات؛ لە خەونەکانی، لە خەیاڵەکانی، لە بیرکردنەوە و ئارەزووەکانی… بەڵام فیلمی ٠٩ نەک بەرهەمی خەیاڵ و بیرکردنەوەی ئازاد نییە، بەڵکو [کار دەکات، کاریکردووە و دەبێت کار بکات] بۆ ئەجێندایەکی سیاسی دیاریکراو کە ڕۆژبەڕۆژ پەلوپۆی خۆی قایمتر دەکات! بەداخەوە کە ئەمە فاکتە و تەفسیر نییە!

هاوبەشی بکە

09, kurdish movie,