دیدی من – موسا شەدیدی
لە عەرەبییەوە: چرۆ عیزەت – دەڤەر حەسەن
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان
ژنێك لەبەردەم جەماوەرێکی زۆردا ڕاوەستاوە، دەستەسڕێکی تەنکی بەدەستەوەیە، هاوار دەکات و دەڵێت “ئازادیم پێ بدە، دەستەکانم بەربدە.” ئەم ژنە لە گۆرانیبێژێك زیاترە، ئەو دەبێتە ژنێکی یاخی دژی بنەما کلتورییە باڵادەستەکانی کۆمەڵگەکەی.
ئەو متمانەبەخۆبوونەی ئوم کەلسوم هەیبوو کاتێك لەسەر تەختی شانۆ بەرامبەر جەماوەرەکەی ڕادەوەستا تەنیا بۆ دڵخۆشکردن و قایلکردنیان نەبوو، بەڵکو ئەو ڕاوەستانە پیشەگەرییانەی چەشنی نوکی دەرزییەك بوو کە لەڕێیەوە بە بڕێکی زۆرتر لە ڕۆشنبیری دەیکوتین، هەربۆیە بە دەنگی ئەو سەرخۆش و مەست دەبوون و لە ئامادەگی ئەودا دووچاری دۆخێکی هیستری وەها دەبوون کە تەنانەت لە دوای تەواوبوونی کۆنسێرتەکانیشی لەو دۆخە دەرنەدەچوون، بەڵکو خراپتریش دەبوون.
چەشنی دەنگی بەرگریکارێك خاوەنی دەنگێکی سیاسی بوو، تەنانەت بە هونەرەکەیشی لە دژی داگیرکاریی ئیسرائیل خەباتی کرد، ورەی سوپای عەرەبی بەرزکردەوە و ئیلهامی ئارامگریی و ڕۆحی خەباتی گەلەکەی بوو، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەنگێکی هێندە ڕۆمانسی هەبوو کە بەس بوو بۆئەوەی دڵی عاشقەکان بتوێنێتەوە.
کاتژمێر ١٠:٠٠ی شەوی یەکەم پێنجشەممەی هەموو مانگێك دەنگی ئوم کەلسوم تەواوی عەرەبەکانی بەپەلە لە کارەکانیان دووردەخستەوە، بە دەوری ڕادیۆکاندا کۆدەبوونەوە و بەوپەڕی ڕێزەوە گوێیان بۆ دەنگی ڕادەدێرا، ئیدی ئەوە ڕێوڕەسمێکی کۆمەڵایەتی بوو. ئوم کەلسوم کچێکی هێشتا بچووك بوو کاتێك لە گوندەکانی میسردا دەستیکرد بە چڕینی گۆرانی و ڕێڕەوەی ژیانی هونەری گرت.
ڕەجا ئەلنەقاش، ڕەخنەگر و ڕۆژنامەنووس کە خوودی خۆی بەتایبەتی چاوی بە ئوم کەلسوم کەوتووە لە پەرتووکەکەیدا بە ناونیشانی (نهێنییەکانی ئوم کەلسوم) ئاماژە بە چەند وردەکارییەکی گرنگ و سەختییەکانی سەرەتای دەستپێکردنی کارەکانی ئوم کەلسوم دەکات و دەڵێت “بۆئەوەی وەکوو پیاو دەربکەوێت عەگاڵی کردووەتە سەری، بۆ کچێك ئاسان نەبوو لەنێو ئاپۆڕای جووتیاراندا گۆرانی بچڕێت، دەکرا بە تۆمەتی ئەخلاقیی تۆمەتبار بکرێت، هەر کەسێك چاو بە وێنەی گەنجی ئوم کەلسوم و خالیدی برایدا بخشێنێت هەست بەوە دەکات کە باوکی و خانەوادەکەی هەوڵیانداوە هەموو نیشانەکانی مێینەیی لە پشت پۆشاکەکانییەوە بشارنەوە، بۆئەوەی ڕووبەڕووی هیچ دۆخێکی شەرمەزارکەرانە نەبنەوە کاتێك لەنێو پیاواندا ڕاوەستاوە و گۆرانی دەچڕێت.”
خانم و پرسی جێندەر.
ئوم کەلسوم بە گەورەترین گۆرانیبێژ لە مێژووی عەرەبدا دانراوە، ئەو پێویستی بە هیچ نازناوێك نییە، تەنیا ئاماژەدان بە ناوەکەی بەسە بۆئەوەی بیسەلمێنێت کە چۆن دیاردەیەك بووە، لەمەشەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە لە وەسفکردندا چەندە دەوڵەمەندە.
بەڵام ئەو هەموو درەوشاوەییەی دەوری هەسارەکەی ڕۆژهەڵاتی گرتبوو وایکرد ژیانی سێکسی ئاڵۆز بکات، کە دەشێت بەپێی پێویست باسی لێوە نەکرابێت.
ئەو ژنێکی پۆڵایین بوو، خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێز بوو، بڕیارەکانی بوێرانە و چارەنووسسازانە بوون، هەروەها بە چەند هۆکارێکی دیکەش هەرگیز نەیدەتوانی بەتەواوەتی لەگەڵ چەمکی جێندەر لەگەڵ سەردەمەکەیدا خۆی بگونجێنێت.
هودا بەرەکات، ڕۆماننووسی لوبنانی لەم بارەیەوە دەڵێت “کەواتە لەبەر ئەم هۆکارە بوو، دەمزانی بۆچی دەتوانم هێندە بەوردی گوێ لە ئوم کەلسوم ڕابگرم، بۆچی گۆرانییەکانی هێندە هۆشم دەبەن. چونکە ئەو گۆرانیبێژێکی ژنانە نەبوو، بەتەواویی ژنانە نەبوو. ڕووخساری بەو ڕادەیە جوان نییە کە لە ڕووخساری ژن بچێت، سییەکانی لە ڕادەبەردەر فراوانن، مەمکەکانیشی بە شێوەیەکی نائاسایی گەورەن، بەڵام ملی هێندە ئەستوورە کە بتوانێت قوڕگی هەڵبگرێت، وە لەبەرئەوەی دەنگیشی زیاتر لە ڕەگەزێك لەخۆدەگرێت هەتاکوو منداڵدانی دەڕوات و بەرەو کۆئەندامی زاوزێی شۆڕدەبێتەوە. دەنگی هەم سوێرە، هەم شیرین.
دەنگەکەی دەنگی هیچ ڕەگەزێك نییە و دەنگی هەردوو ڕەگەزەکەشی تێدایە، وشەکانی نێو گۆرانییەکانی پیاوانەن و نازناوەکەیشی خانمانەیە. ئەم نازناوە تەنیا بۆ دڵنیابوونەوەیە لە نادڵنیایی، نەوەك نازناوی ناوێکی هەمیشەیی، بۆ کۆتاییهێنان و ڕزگاربوونە لە سەرلێشێواوی.
ئەو لە گۆرانییەکانیدا باسی دوودڵی و ترس و ڕاڕایی
ئەو گفتوگۆیانە دەکات کە بەدزییەوە ئەنجام دەدرێن، باسی غەزەل و شەوانی تامەزرۆیی و پێکگەیشتن دەکات، باسی پێکی هەڵدراو و لێوی یار دەکات. ژن وەکوو پیاو دەیبیستێت، پیاویش وەکوو ژن دەیبیستێت، دەنگی لە دەنگی تووڕەیی ژنێك و دەنگی پیاوێکی گوێڕایەڵ دەچێت کاتێك هەردووکیان لە خۆشەویستیدان.
هەروەها سەردەمی دەنگیشی لە نێوان سەردەمی مێینەیەکی ئەرستۆکراتی لەناوچوو و پیاوسالارییەکی سەرەتاکانی سەردەمی ڕزگارییە، لە نێوان جوامێری و هەرزەکاریدایە.
پێکهاتەی دەنگیشی تێکەڵەیەکی ووردی هاوسەنگی هۆڕمۆنەکان و لێك جیابوونەوەیانە، لەنێوان شەقامێکی گشتی و باڵکۆنە دارینەکانی حەریمە کە سێبەری گوڵی یاسەمینیان لەسەرە، لەنێوان تیشکی خۆری ڕێگا جەنجاڵەکان و بەرزبوونەوەی هەڵمی تازە و گەرمی حەمامە توورکییەکان، لەنێوان ئەو پریشکانەی لە کانزا گەرمکراوەکانەوە دەردەچن و ئەو شیرە ساردەی لەهەوای گەرمدا هێدی هێدی دەترشێت، دەنگی ژن و پیاویشە.”
ماڵپەڕی دۆت میسر ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی بڵاوکردەوە بەناونیشانی “ئایا ئوم کەلسوم هاوڕەگەزخواز بوو؟” چەند کاتژمێرێكیش دوای بڵاوکردنەوەی سڕایەوە. ڕاپۆرتەکە لە لایەن ئیسلام الرفاییەوە ئامادەکرابوو، ئەوەی توانیمان لەو ڕاپۆرتەدا وەدەستی بهێنین ئەم چەند دێڕە بوو:
“کاتێك چاوێك بە قسەکانی ئوم کەلسومدا دەخشێنین تێبینی ئەوە دەکەین کە زمانی تێکەڵەیەك بووە لە زمانی پیاوانە و ژنانە، ئەمەش بەو تێگشتنە ڕوونەی لەو سەردەمەدا باو بووە، ئەوەمان بۆ دەخاتەڕوو کە ئوم کەلسوم ژنێك بووە لە دەرەوەی چوارچێوەی ڕەگەزدا، شیکاری زارەکی بۆ وشە و جووڵەکانی کەم تا زۆر ئاماژەن بۆ مەیلی هاوڕەگەزخوازی، کە بە شەرمەوە جێی باس و خواس بووە.”
ئەم بابەتانە وایان لێکردین بگەڕێینەوە بۆ مێژووی پیاو لە ژیانی خانمەکەدا و بەدواداچوونی بۆ بکەین، دەکرێت گرنگترین پیاو لە ژیانی ئوم کەلسومدا (ئەحمەد ڕامی) بێت، کە گرنگترین شاعیر بوو بەلایەوە، ڕەجا ئەلنەقاش لە پەرتووکەکەیدا کە پێشتر ئاماژەمان پێدا دەربارەی ئەم بابەتە گوتوویەتی “خۆشەویستی ئەحمەد ڕامی بۆ خانم خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە و گەورە و دەگمەن بوو، ئەو خۆشەویستییەش چاوگی هۆنراوەی ئەو گۆرانییانەن کە لە ئیلهامی خۆشەویستییەوە هەڵقوڵابوون، بەپێی قسەی مێژوونووسان ژمارەی ئەو هۆنراوانەی ئەحمەد ڕامی کە خانم کردوونی بە گۆرانی دەگاتە ١٣٧ گۆرانی، لە کۆی ٢٨٣ گۆرانی کە بەدرێژایی ژیانی هونەری چڕیوونی.
ئەم دەقە لە پەرتووکەکەدا بە ناونیشانی (هاوسەرگیرییە ئەستەمەکە)دا هاتووە و هەتاکوو کۆتایی پەرتووکەکەش بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە ڕوون نەکراوەتەوە ئاخۆ بۆچی ئەستەم بووە.
پیاوی دووەم لە ژیانیدا (محمود شەریف) بوو، بەیانییەك ڕۆژنامەکان ئەوەیان بڵاوکردەوە کە بووەتە مێردی خانم، مەحمود هونەرمەندێکی میللی بوو کە تازە لەسەر پلیکانەکانی خوارەوەی ناوبانگ ڕاوەستابوو، بەڵام پڕۆسەی جیابووەوەکەیان زۆر خێرا ڕوویدا و لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا بەبێ ئەوەی هیچ کەسێك هۆکارەکەی بە درووستی بزانێت جیابوونەوە.
گەورە میوزیسیان محمد قەسەپچی عودژەنی تیپی مۆسیقاکەی ئوم کەلسوم هەتاکوو دواین ڕۆژی ژیانیشی لە عەشقێکی تاکلایەنەدا بووە و دەگوترێت بەهۆیەوە ئازارێکی زۆری چەشتووە.
ڕۆژنامەی ئەلئەهرام لە ژمارەی ڕۆژی ١٧ی ئەیلوولی ١٩٥٤ هەواڵی هاوسەرگیری هەسارەکەی ڕۆژهەڵاتی لەگەڵ پزیشکەکەی حەسەن ئەلحەفناوی بڵاوکردەوە.
حەسەن ئەو کەسەیە کە دەتوانین بە تاکە هاوسەری ڕاستەقینەی خانم ئەژماری بکەین، هەرچەندە زۆربەی سەرچاوەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەلحەفناوی زیاتر پزیشکی تایبەتی خانم بووە بەروارد بەوەی هاوسەری بێت، هاوسەرگیرییەکەشیان هەتاکوو کۆچی دوایی خانم لە ٣ی شوباتی ١٩٧٥ بەردەوام بوو.
تایبەتمەندی خانم
بەر لەوەی هەر شتێك بنووسم لە خۆمم پرسی ئایا مافی ئەوەمان هەیە باس لە نهێنی تایبەتی کەسایەتییەکی گرنگی وەکوو ئوم کەلسوم بکەین؟ ئەو خانمەی کە شەپۆلی دەنگی گەیشتە ١٤٠٠٠ لەرە لە چرکەیەکدا و لە مەراسیمی بەخاکسپاردنیدا ملیۆنان کەس ئامادە بوون. بەدڵنیاییەوە زۆر کەس ئەمە بە هەڵدانەوەی گۆڕی مردوو دادەنێن و بگرە بە سررپێچییەکی لەوە زیاتریشی دەچوێنن. بەڵام من پێم وایە “ڕەنگە هەڵەش بم” کە کەسایەتی گشتی دەبێتە موڵکی مێژوویی و چیدی بە نهێنی و ئاشکراییەوە موڵکی تایبەت نییە، بەڵکو دەبێتە موڵکی جەماوەر کە تاهەتایە باسیان دەکەن، ئیدی خۆشیان بوێت یانیش ڕقیان لێی بێت. ئەوەش لە دۆخێکی دیاریکراودا نهێنی بوو، باری سەرشانی خاوەنەکەی قورس کردبوو بەوەی دەری نەبڕێت، لەدوای تێپەڕینی ئەو دۆخەی کۆتی کردبوو ئاشکرا دەبێت، چی سەرکەوتنێکە!
ماچەکەی خانم
وێنەی ماچەکەی خانم بەم دواییانە لەسەر پێگەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆوە، پاش ئەوەی گۆڤارێکی لوبنانی بڵاوی کردبۆوە کە تێیدا ئوم کەلسوم ماچی دەمی خاتوونێك دەکات.
ماوەیەك لەومەوبەر، پەرتوکێکی بەرهەمهێنەر و ئەکتەری میسری ئیعتیماد خورشید بە ناونیشانی (شایەتحاڵێك لەسەر لادانەکانی سەڵاح نەصر) کەوتە بەردەستم، سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو کە ڕەتی کردەوە ئاماژە بە ناوی بدرێت بۆی پشتڕاستکردمەوە کە پەرتووکەکە ئاماژەیەکی دەربارەی ئاڕاستەی ژیانی سێکسی ئوم کەلسوم تێدایە.
منیش لە لاپەڕە ١١٣ی پەرتووکەکەدا ئەم دەقەم بەرچاوکەت “گۆرانیبێکێکی گەورە هەبوو کە ناوبانگەکەی ئاسۆکانی تێپەڕاندبوو، بەڵام ئەو تووشی لادانی سێکسی بووبوو، ئافرەت و کچی هەرزەکار سەرنجیان ڕادەکێشا.”
لە دیدارێکمدا لەگەڵ چالاکوانێکی میصیریدا سەبارەت بە خانم پێی گوتم “درەنگ هاوسەرگیری کرد، هاوسەرەکەشی زیاتر لەوەی هاوسەری بێت پزیشکی بوو، هاوڕێیەکی کچی زۆر نزیکی هەبوو کە بەیەکەوە دەژیان، داواکار و عاشقێکی زۆری هەبوو بەڵام بە کەسیان ڕازی نەدەبوو، وەچەشی نەخستەوە، لەدوای مردنیشی کچە هاوڕێکەی بەتەواوی لەبەر چاوان ون بوو، وەکوو ئەندامانی دیکەی خانەوادەکەی هاوڕێکەیشی لەبەرچاوی کامێراکان دوور بوو.”
لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٢-٢٠٠٤ شانۆگەرییەك کە لە نووسینی عادل حەکیمی میصری و لە دەرهێنانی لوتفی عاشووری تونسی بوو پێشکەش دەکرا، کە لە ڕۆمانی (ئوم)ی سەلیم نەسیبەوە وەرگیرابوو، ڕۆمانەکە یەکەمینجار بە زمانی فەڕەنسی ساڵی ١٩٩٤ بڵاوکرایەوە، کە پێشنیاری ئەوە دەکات لەنێوان ئوم کەلسوم و مەحمود شەریفدا پەیوەندییەکی سۆزداری گەرم و گوڕ هەبووە، هەروەها لە دوو دیمەنه سۆزداریشدا لەگەڵ ئافرەتدا وێنای کردووە.
ڕەنگە ئێدوارد سەعید لە هەمووان بوێرتر بووبێت کاتێك لە وتارێکدا بە ناونیشانی “سڵاو لە سەماکاری ڕۆژهەڵات” لە ڕێکەوتی ١٣ی ئەیلولی ١٩٩٠ بە ڕستەیەکی کورت و ڕوون و ئاشکرای کرد و گوتی “لە ماوەی ژیانیدا مشتومڕ هەبووە دەربارەی ئەوەی ئاخۆ ئوم کەلسوم هاوڕەگەزخواز بووە یاخوود نا؟ بەڵام هێز و پەرچووی دەنگی وای لە جەماوەر کرد ئەو بابەتە پشگوێ بخەن.”
کۆتایی:-
لە سەرەتاوە هەتاکوو کۆتایی ئەم نووسینە دەربارەی پرسی جێندەریی نەزانراوی ئوم کەلسوم، ئێمە بەدڵنیاییەوە دەمانزانی کە گەیشتن بە وەڵامێکی قایلکەر زۆر ئەستەمە، ئەوەی ئێستا لەبەرچاوی تۆی خوێنەردایە تەنها گریمانەیەکە کە شایەنی ئەوەیە بەرچاو بکەوێت، سەرجەم ئەو زانیارییانەش کە لەبەردەستدان ناتوانن وەڵامی یەکلاکەرەوە بن دەربارری باباتەکە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.