20/04/2024
DidiMn Logo
Top

گۆرانییەک بە دەنگی تۆ | لە دەنگی تۆدا گۆرانییەک

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – پێشەنگ شێرزاد

«١»

ئەگەر مێژوو لەمڕۆدا شاراوە بێت
من نهێنییەک ئاشکرا دەکەم
ڕەنگە ئەمە ساتێک شەو ئازار بدات

ئێمە ڕۆژێک لە ڕۆژان باڵندە بووین
یان ڕەنگە دوو کرمی لێک ئاڵاو
ڕازەکانمان لە باوەش گرتبوو
دەشێت من و تۆ هاودەمێکی کۆن بین
ڕۆحمان لە ئاگردانێکی بە سوێوە تل دابێت بۆ ژیان

بە بەرخۆداندا نیشتیمان دەناسمەوە
بە گریان بەسەر دار و بەرددا دەیناسمەوە
دوای بیست و ئەوەندە ساڵ کوژاندنەوەی سنوور و
داگیرساندی ڕەنگ و سۆز
دوای نازانم چەند هەزار نەفرەت لە ئەنفال
زۆر زۆرە دوای قاتوقڕی بەعس
بزانیت ماڵ یەعنی چی
بەڵام دەزانم گەڕانەوە بۆ ماڵ یانی چی

هەردووکمان بەهانەین
بەهانەین بۆ بوون بە نیشتیمان
شتێکین کە بە تاریکیی زیاتر درەوشابێتەوە

بۆ ئەوەی جنسمان لە جنسی مرۆڤ نزیک بێت
بەبێ جل، لەسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکان
بە چرایەکەوە نزیک لە یادەوەریی کۆتا مرۆڤ
سروودەکانی خۆشەویستی دەڵێین
لەناو ئەو هەموو خواستەی دوای ئەنفال
کە وەک مرۆڤ مافم هەبوو ببم بە یەکێکیان
نەبووم بە سەرباز
چونکە سەرباز گۆرانی نازانێت…

سەیرکە
بە باڵەوە بەناو ئۆقیانووسەکاندا دەڕۆم و
ناخنکێم
بەسەر هەموو زەمەنی تێکشکاودا دەڕۆم و
ناکەومە خوارەوە
چونکە تۆم لە خۆمدا پاراستووە
عەشق فانۆسێکە؛
بە تۆ دادەگیرسێ و
بە منیش ناکوژێتەوە…

«٢»

دواهەمین سەردانیکەر کە دێت تۆیت
ئەوەم لە ڕایەڵە دزراوەکانی زەمانەوە بۆ دەرکەوتووە
کەسێک هەیە دەچێتەوە ئەودیو سنوورەکانی گریان و تاریکییەوە
لەوسەری غوربەتەوە پێش چامەکەی نالی دەگات
کەسێک گۆرانییەکی پێیە،
وەک گۆرانییەکانی خۆم نامناسێ

بۆ تۆ کە ڕێبوارانە بەنێومدا گوزەر ناکەیت
تەنها یەک شوێن شک دەبەم
بەم گیانەوە کە بیرم دێت تەنانەت ڕەسەنایەتییش
بەهانەی دەرچوونی نەبوو لە تاریکیی
بۆ ئەم گیانە کە دەردەچێ و دەرناچێ،
بە باوەشێکی توندەوە پەراوێزێک بۆ ژیانم بکەرەوە و
ئەوەت لە یاد نەچێت؛
وەک موسافیرێک لە دونیادا کەس شوێنێکی خۆی نەدامێ…

من تەنها یەک ئارەزووم هەیە؛
غەریبیم بە ماڵێک ببەخشم و
لێی نەڕۆمەوە
ئەوەی ماڵی دەوێت لە تۆدا منم
ئەوەی خوێنی دەبەخشێت بۆ ئەوەی
خەونەکانی دابگیرسێنیت منم
تۆ دێیت وەک ئەوەی خەون بیت
وەک ئەوەی لە خەوندا خاکەڕایانە
ئارەزووی گریانم کردبێت،
لە بینی بەردەوە هاتبێتمە نێو زمان
بە ئاونگ ئارەزووی ماچم گەورە کردبێت
بۆ؟
چونکە ئێستە دوای ئەنفالە…

ئەوەی کە پێم دەڵێت ڕێبوار نیت
ئەوەی بە گەڕانەوە و
مەرگ و
ئارەزووی سەر ڕێیەکانەوە
شەفاف نەدەبوو
ئێستە قەفەسێکی بەرینە
بگەڕێ، پەنا نەدۆزراوەکانی ستران و زمان بۆ ئەوینت دەربهێنە
ئەوە لەیاد مەکە؛
کە بە مندا ناگەیتەوە پێش سڕینەوە

وەک پێشبینیکەرێک ئیلهام لە ئەڤینەوە وەردەگرم
سەرزەمین لەگەڵ هاتنتدا شین بۆتەوە
ئەی سەرزەمینی من
ئەی ئەوەی ماڵ دێتە تۆوە و
من هەناسەکانی خۆمی تێدا ئەدەم…

«٣»

شەو لە تۆدا نغرۆبووە
ناگاتە تاریکیی
«سەیرکە ئەستێرە بۆ شەو چ ترسناکە»
بۆ ئەوەی خاک باجی ئەم خیانەتەمان لێ نەسەنێتەوە
کە دەبوو زووتر بیکەم
لە دەستتدا کە خەونەکان بەرەو سینەم ڕێ دەکەن
ئەو دەستانەم وەک تاقانە ژیان
لەسەر ڕووخسار لامەبە…

ڕۆژەکان لەسەر لێوی تۆوە دەکەون
پێش لەتبوونیان، دەبن بە گۆرانیی
«سەیرکە چەند جوانیت کە سەرباز نیت،
سەیرکە چەند جوانیت کە باوەڕت بە چەک هەیە بەڵام
فیشەک نانێیت بەسەر دڵی کۆتر و هاوزمانەکانییەوە»
خۆر لەسەر ڕووخسارت دەزێ
ئاسمان بە خوداکان و وشە پیرۆزەکانییەوە
مەحشەرەکەی داخاتە کۆشی تۆوە
من بە دەستدان لە گەرووت
کە وشەکانت تێدا قەتیس کردووە
لەبەر خنکانی زەمان، بۆ وشە بە وشە
جلەکانم داکەند
بۆ یەکەمین جار گەڕانەوە
بە خێرایی بروسکە
ڕێم کرد..

بە ئەڤینەوە سەیرکردنی کاتژمێر بێهوودە نییە
من پیر دەبم،
ئەگەرچی پیری واتا بیرچوونەوە
بەڵام پیریی لە ئەبەدییەتدا
واتا وەفای شەوێک کە بە تاریکییدا نەگوزەراوە

هاوبەشی بکە