دیدی من – لەتیف بێوار

هەنووکە لە زەمەنی سادەگەراییی هزر و ڕووکەشپۆشیدا دەژین، نەوەک تەنیا لە جلوبەرگ و شێوازی ژیان و بیروبۆچوون و کەمیی شارەزایی و مەعریفەت و ڕۆشنبیرێتیی تاکەکاندا، بەڵکو لە بوارە باڵاکانی وێژە و فەلسەفە و هونەر و ئاستی زانکۆکان و بگرە زۆر سەکۆ و جومگەی ئەدەبی و هونەری و ڕۆشنبیری و مەعریفی وا هەن، کە لەبەر دەستی سەرەنەزانەکاندان و هیچ شارەزایییەکی ئەوتۆیان نییە لەو بوارانەی کە خۆیان کردووەتە دەمڕاست تێیدا. ئەوانە زۆرجار تەنیا لەوێدا لەگەڵ جەماوەردا بەرکەوتنیان دەبێت (بۆ ئەوەی ڕای خەڵک سەبارەت بە خۆیان بزانن)، لە شوێنە سەرپێییەکانی وەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەیسبووکدا، لەوێشدا نووسینی کۆمێنتیان بۆ بێجگە لە هاوڕێکانی خۆیان بلۆک کردووە. واتە هێندە لە ڕەخنە دەسڵەمنەوە، چونکە لە ناواخندا دەزانن لەناو قەوارەیەکی بۆشدا بانگەوازی کاری گەورەکردن شتێکی ئاسان نییە تا بەسەر هەموو کەسێکدا تێپەڕێت.
ئەوان نەوک شارەزاییی ئەکادیمی و زانستییان لە بوارەکانی خۆیاندا نییە، نەوک هیچ زمانێک جگە لە زمانی کوردی نازانن و لەسەر بناغەی فەرهەنگێکی کۆڵەواری پر لە جنێو و وشەی بازاڕیی کۆشکی داهێنانی خۆیان بنیات ناوە، بەڵکو ناتوانن وتارێکی ڕەوان و پوخت بە کوردی بنووسن؛ کاتێک بشینووسن پڕ لە هەڵە و ناتەواوی دەبێت و تەنانەت پەڕتووکەکانیش گەر چاپی بکەن، دەیدەن بە هەڵەبڕی زمانەوانی تا پێداچوونەوەی بۆ بکەن.
کێشەی ئەوانە ئەوەیە کاتێک دەسەڵات و بازنەیەکی خەیاڵی لە دەوروبەری خۆیان بکێشن، وا دەزانن بەو بەڵێبۆکردنەی کەسانی کەمئاستی دەوروبەری خۆیان، ئەوا دەبنە شاکارنووس و بیردۆزداڕێژ، بەڵام تەنیا بە دوورکەوتنەوەیان لە گرتنەدەستی ئەو بنکە و سەکۆ و دەزگا و چاپەمەنییانە، قەوارەیان دەگەڕێتەوە ئاستی سروشتیی خۆی و کەس حسابی نووسەرێکی ئاسایییان بۆ ناکات و وردەوردە ناوی قەبە و ڕەونەقداریان بەرەو پووکانەوە دەچێت، کە لە وێنە بڵاوکراوەکانیان لە فەیسبووک و سۆشیال میدیا و سەکۆ و بڵاوکراوەکانیاندا بۆ خۆیان کێشاوە؛ لەو بارەوە زۆرمان بینی…
بۆ وێنە، کاتێک ئەدیبێک سکرتێری ڕۆژنامەیەکی وێژەیی بوو، یەک بە دوای یەکدا لێکۆڵینەوە لەسەر بەرهەمەکانی دەنووسران، بەڵام دوای ئەوەی لەو شوێنگەیەدا نەما، ئیدی کەس باسی نەکرد و لە کولەکەی تەڕیشدا ناوی نەما.
ئەوانە نەوەک خۆیان هیچ داهێنان و بەرهەمێکی نوێی شایستەی خوێندنەوەیان لە هەگبەدا نییە، بەڵکو کاتێک دەنگێکی ڕەسەن لە دەرەوەی بازنەی خۆیان ببیستن، خێرا هەوڵ دەدەن بە جۆرەها شێوە پلاری تێ بگرن و سووکی بکەن و گومانی بۆ بدۆزنەوە. هەرچەندە ڕەنگە ئاستی تێگەیشتنیان نەگاتە ئەو ڕادەیەی لەگەڵ ئەو بەرهەمانەدا سەرودەر بکەن، بەڵام چونکە لەوێدایە کە هەست بە بەتاڵیی دەکەن؛ کاتێک بەرهەم و تێگەیشتنی خۆیان لە ئاست ئەو بەرهەمانەدا دادەنێن و بۆیان دەردەکەوێت کە تا چەند کۆڵەوارن و حەقیقەتی خۆیان جارێکی تر بۆ ئاشکرا دەبێتەوە، کاتێک پەردە هەڵخەڵەتێنەرەکانی سەر بەشە تاریکەکەی دەروونیان لادەدرێت و ڕووبەڕوو دەبنەوە لەگەڵ ئەو پرسیارە گرنگەی: کە ئایا بە ڕاستی من چیم پێشکەش کردووە و چیم لە ئارادایە؟ جگە لە لاف و گەزاف و کۆکردنەوەی جەماعەتی “ئەشهەدوو…” لە دەوری خۆم. لە هەمان کاتیشدا ئەو بابەت و بەرهەمانەی کەسانی دی، کە لەبەر ناوی خاوەنەکانیان سووکایەتییان پێ دەکەن و ڕەفزی دەکەن، ئەگەر ناوی خانمێکی بخرێتە سەر، ئەوا نەوک بڵاوی دەکەنەوە، بەڵکو دەکەونە پیاهەڵدان و ستایشکردنی.
ئەوە قسەمان لەوانە نییە کە لەژێر پەردەی ڕۆشنبیریدا بەدوای پلە و پایە و پیسخۆریی خۆیاندا دەگەڕێن و پەنا بۆ دەرگا و جومگە و کەسایەتییە حیزبییەکان دەبەن و بەدوای شوێنپێخۆشکردندا دەگەڕێن تا لەو شوێنگەیەوە خۆیان بکەنە چەق و ئەوانەی لە دەرەوەی بازنە تایبەتەکانی خۆیاندان بیانهاڕن و ئەوانەش کە ڕووپامایییان بۆ دەکەن سوپاسنامە و خەڵاتیان بکەن.
مرۆڤ تا زیاتر ورد بێتەوە لەو سێکتەرە هەستەوەرە فیکری و ئەدەبییانەی لەو واقیعە خواروێچەدا هەن و پەیدابوون، هەر ئەوەی پێ دەکرێت گۆشەگیری هەڵبژێرێت و دوور بکەوێتەوە لەو هەموو بۆگەناوە. لە هەمان کاتیشدا داناییی ئەو ئەدیب و هونەرمەندە ڕەسەنانەی بۆ دەردەکەوێت کە ئەو ڕێگەیەیان هەڵبژاردووە و تەنانەت بەرهەمەکانیان بڵاوناکەنەوە و نایخەنە بەر چاوی ئەو ناخبەتاڵانەی کە گوڵشەن بە دەردەی گوڵخەنی دۆزەخ دەبەن و هەڕ لە بڕ ناکەنەوە.
ئیدی جار بە جار وەک چاودێرێک لە خۆم دەپرسم: دەبێت ئەو دۆخە بە کوێ بگات، لەکاتێکدا یەک یەک نووسەرە ڕەسەنەکان کۆچ دەکەن و هیچ جێگرەوەیەکی هاوشێوەی ئەوان ئەو بۆشایییانە پڕ ناکاتەوە کە بە کۆچکردنیان لە دوای خۆیان جێی دەهێڵن؟ ئەوە لەو لا بووەستێت و لێرەدا هەر وتووێژی ناکەم کە داهێنان و بەرهەمی ڕاستەقینەی ئەدیب و هونەرمەندی داهێنەر چەند سەریەشە بۆ خاوەنەکەی دروست دەکات! هەر لە ڕق و کینەی هاوڕشتەکەیانەوە بیگرە تا نەیاران و تەنانەت ئەو سیستەمە تەسک و تروسکانەی داهێنانەکان جێیان نابێتەوە لە چوارچێوەکانیاندا و تووشی دەردەسەری دەبن بە هۆیەوە.
بەڵێ، ئەمە سەردەمی نامۆبوونی ڕەسەنایەتی و دەنگی ڕەسەنە و هەر ئەو ڕۆژەیە کە پێشینان گوتوویانە؛ تێیدا شێر لە برساندا دەمرێت و ڕێوی لە کەلاکەکەی دەخوات و دەبێتە پاشای دارستان.
دواجار دەبێت ئەو ڕاستییە باس بکەم کە چۆن لە جیهانیشدا زۆر بلیمەت و بەهرە و دەنگی ڕەسەن هەبوون تا لە ژیاندا بوون فەرامۆش کرابوون و دوای مردنیان جارێکی تر سەریان هەڵدایەوە و تا ئێستاش باس دەکرێن. ئەم سیناریۆیەش تا زۆرانبازیی ژیان بەردەوام بێت، هەر دەمێنێت.
بۆ نموونە: ئێمیلی دیکنسن (١٨٣٠–١٨٨٦) شاعیر، جان کیتس (١٧٩٥–١٨٢١) شاعیر، فرانتس کافکا (١٨٨٣–١٩٢٤) نووسەر و ڕۆماننووس، ئارتور ڕامبۆ (١٨٥٤–١٨٩١) شاعیر، سۆرین کیرکێگۆر (١٨١٣–١٨٥٥) فەیلەسوف و بیرمەند، ڤینسێنت ڤان گۆخ (١٨٥٣–١٨٩٠) هونەرمەند و وێنەکێش، ویلیام بلایک (١٧٥٧–١٨٢٧) شاعیر و هونەرمەند، هێلما ئەف کلینت (١٨٦٢–١٩٤٤) هونەرمەند و وێنەکێش، ژێرار دو نێرڤال (١٨٠٨–١٨٥٥) شاعیر و نووسەر، نیکۆڵای گۆگۆڵ (١٨٠٩–١٨٥٢) نووسەر و ڕۆماننووس، نیکۆس کازانتزاکیس (١٨٨٣–١٩٥٧) نووسەر و فەیلەسوف، ئۆسکار وایڵد (١٨٥٤–١٩٠٠) نووسەر و شاعیر، والتەر بنیامین (١٨٩٢–١٩٤٠) فەیلەسوف و ڕەخنەگر… تاد.
لەبەر ئەوەی ئەم وتارە کورتە، بواری ئەوەم پێ نادات چیرۆکی هەر یەکەیان لێرەدا باس بکەم، بەڵام خوێنەری بەڕێز گەر ویستی لێ بێت، ئەوا دەتوانێت بە وردی بەدواداچوون بۆ ژیان و بەرهەمی هەر یەکێک لەمانە و سەدان نموونەی تر بکات و ئەو ڕاستییە تاڵانەی باسرکان زیاتر بۆی ڕوون ببێتەوە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.