27/04/2024
DidiMn Logo
Top

پۆرترەیتێکی گوستاڤ کلیمت دوای نزیکەی سەد ساڵ دەدۆزرێتەوە

لە لایەن دیدی من 2 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – بی بی سی
لە ئینگلیزییەوە: نەوا ئەمین

نیگارێکی هونەرمەندی نەمسایی ‘’گوستاڤ کلیمت’’ کە بۆ سەد ساڵێکبوو وادەزانرا ونبووە؛ لە ڤیەنا دۆزرایەوە. پۆرترەیتی فرۆلین لیزە کە سەردەمانێک هی خێزانێکی جووبووە لە نەمسا و دواین بینرانی لە جێیەکی گشتیدا لە ساڵی ١٩٢٥دا بووە؛ چارەنووسی لەدوای ئەوکاتەوە ناڕوونە، بەڵام لە ١٩٦٠ەکانەوە تابلۆکە کەوتووەتە لای ئەم خانەوادەیەی کە لە ئێستادا خاوەنیین.

مەزادخانەی ئیم کینسکی بەهای نیگارەکە بە زیاتر لە ٥٤ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنێت و ئەم دووبارە کەشفکردنەوەیە بە ‘’هەژانێکی سەرنجڕاکێش’’ ناودەبات. ئیم کینسکی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ‘’نیگارێک بەم دەگمەنییە، بەم تایبەتمەندی و بەها هونەرییانەوە بۆ چەندین دەیەیە لە بازاڕی هونەری ئەوروپای ناوەندیدا بەردەست نەبووە.’’

نیگارەکە لە ٢٤ی نیسانەوە دەخرێتە مەزادەوە بە قازانجی خاوەنەکەی ئێستای و میراتگرە یاساییەکانی لە خانەوادەی لیزە. ئەمە بەپێی بنەماکانی واشنتنە، کە ڕێکەوتننامەیەکی نێودەوڵەتییە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بەرهەمە هونەرییانەی لە لایەن نازییەکانەوە تاڵانکراون و لە ڕەگوڕیشە هەڵکێشراون بۆ خاوەنەکانیان. هەروەها مەزادخانەکە ڕایگەیاند کە بەر لە مەزادەکە؛ نیگارەکە لە چەند جێیەکی نێودەوڵەتیی وەک بەڕیتانیا، سویسرا، ئەڵمانیا و هۆنکۆنگ نمایش دەکرێت. سەروەختێک پۆرترەیتەکە موڵکی خانەوادەی لیزە بوو، کە جوولەکەی سەرمایەگوزار و پیشەییبوون لە ڤیەنا.

ئێرنست پلۆیل، هاوبەڕێوبەری مەزادخانەی کینسکی وتی: هەتا ئێستا هیچ بەڵگەیەکیان لەبەردەستدا نییە کە پیشانی بدات ئەم کارە هونەرییە بە تاڵانبراوە یان دزراوە لە پێش یاخود لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا.

نیگارەکە لە گشت catalogues raisonnés (کەتەلۆگی کۆبەرهەمەکانی کلیمت)دا بە لەدەستچوو باسکراوە. لەم ناوەندەدا ‘’لەدەستچوو’’ واتای ئەوە دەدات کە بە ئەگەری زۆرەوە لەناوچووە، یانیش سووتاوە لەکاتی جەنگدا، لە هەر بارێکدابێت؛ چیتر بوونی نەماوە، هەرگیز پێشبینی ئەوە نەدەکرا کە دووبارە سەرهەڵبداتەوە.

ئێمە ڕێکارێکی کارامان گرتەبەر وە تەنیا لەبارەی خێزانی لیزەوە بەدواداچوونمان نەکرد وەک دیارترین خوازیاری ڕێتێچوو کە داوای قەرەبوو دەکەن، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەزموونمان لە پڕۆسەی بۆگەڕاندنەوەکانی پێشتریشدا، سەردانی ئەو لایەنانەمانکرد کە پێدەچوو نیگارەکەیان لابێت. لە پێشتریشدا کارە هونەرییەکانی کلیمت بە بڕی پارەی زۆر فرۆشراون لە مەزادخانەکاندا. یەکێک لە کارەکانی بە ناونیشانی ‘’خانمێک بە باوەشێنەوە’’ بە بڕی ٨٥.٣ملیۆن یۆرۆ فرۆشرا لە مانگی حوزەیراندا، بەمەش بووبە گرانبەهاترین کاری هونەری کە تا ئێستا لە تەواوی ئەوروپادا فرۆشرابێت.

هاوبەشی بکە