08/05/2024
DidiMn Logo
Top

هەتاهەتایە و یەك ڕۆژ: فیلمێك لەنێوان کات و زماندا

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – چرۆ عیزەت

فیلمی “هەتاهەتایە و یەك ڕۆژ”، فیلمێکی درامیی یۆنانییە، ساڵی ١٩٩٨ فیلمسازی یۆنانی (تیۆدۆر ئەنجێلۆپۆڵس) کاری دەرهێنانی بۆ کردووە. هەریەکە لە زمانەکانی یۆنانی و ئیتاڵی و فەڕەنسی تێدا بەکارهاتووە و فیلمەکە لە فێستیڤاڵی فیلمەکانی “کان” بۆ ساڵی ١٩٩٨ براوەی خەڵاتی “Palme d’Or” بوو.

چیرۆکی فیلمەکە باس لە شاعیرێك دەکات کە تووشی نەخۆشییەکی بێ دەرمان بووە و دواین ڕۆژەکانی ژیانی بەسەردەبات، هەوڵ دەدات هۆنراوەیەکی تەواونەکراوی شاعیرێکی سەدەی نۆزدە تەواو بکات، بە شەقامەکانی (تیسالۆنیکی)دا دەسوڕێتەوە و منداڵێکی کۆچبەری ئەلبانی دەناسێت و هەوڵ دەدات بیگەڕێنێتەوە بۆ نیشتیمانەکەی.

(ئەلیکساندەر) لە پەنجاکانی تەمەنیدایە و شاعیرە، چەندین ساڵە لە نووسین وەستاوە و هیچ وشەیەیەکی بۆ نادۆزرێتەوە. لە نزیک دەریاوە لە شاری (تیسالۆنیکی) لەگەڵ خزمەتکارەکەی و سەگەکەیدا ژیان بەسەردەبات، چەند ساڵێك پێشووتر هاوژینەکەی لەدەستداوە و ئەم شاعیرە دواین ڕۆژەکانی تەمەنی بە تەنیایی و نۆستالجیا و بیرکردنەوە لە ڕابردووی بەسەردەبات، ڕابردوویەك کە لەپێناو نووسیندا بە دابڕان لە خانەوادەکەی و خاك و زمان و غەریبییەکی زۆردا تێیپەڕاندووە. دووچاری نەخۆشییەکی بێ دەرمان بووە و تەنیا ڕۆژێکی ماوە بۆئەوەی بچێتە نەخۆشخانە و لەنێو پێخەفەکەیدا چاوەڕێی مردنی خۆی بکات.

شاعیرەکە لەجیاتی چوونی بۆ نەخۆشخانە بڕیار دەدات هۆنراوەیەکی تەواونەکراوی شاعیری یۆنانی (دۆنیسۆس سۆلۆمۆس) تەواو بکات، بە هاوڕێیەتی سەگەکەی و بە خەمگینییەوە بە یادکردنەوەی ڕابردووی لەنێوان مردن و ژیاندا بە کوچە و شەقامەکانی (تیسالۆنیکی)دا دەسوڕێتەوە.

بەر لە ڕۆیشتنی بەدوای شوێنێکدا دەگەڕێت بۆئەوەی سەگەکەی لێ دابنێت، پاش ئەوەی کچەکەی و زاواکەی قایل نابن بەوەی سەگەکە بگرنە خۆیان و پێی ڕادەگەیەنن کە بە نهێنی خانووی لای دەریاکەیان فرۆشتووە، ئەو ماڵەی تاکە یادەوەری خانەوادەکەیانە و شاعیرەکە تێیدا ژیاوە و بومەلەرزە وێرانی کردووە، ئیدی (ئەلیکساندەر) ناچار دەبێت سەگەی ببەخشێت بە خزمەتکارەکەی.

(ئەلیکساندەر) لە یەکێك لە شەقامەکاندا چاوی بە منداڵێكی (ئەلبانی) دەکەوێت، کە داوا لەم شاعیرە دەکات لە دەستی پۆلیسەکان ڕزگاری بکات، چونکە دەیانەوێت بیگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی، پاشان شاعیرەکە بۆی دەردەکەوێت ئەم منداڵە چەندین سنوور و چەندین کێڵگەی مین و ئەڵغامی بڕیووە بۆئەوەی خۆی بگەیەنێتە شەقامەکانی (ئەسینا) و جامی ئۆتۆمبێلەکان بسڕێتەوە و لە بەرامبەردا چەند عانەیەك وەربگرێت. لەولاشەوە باندێك دەیانەوێت ئەو منداڵە و هاوڕێکانی بفرۆشنەوە بەو خێزانانەی کە منداڵیان نییە و ناتوانن بەشێوەیەکی یاسایی منداڵ بگرنە خۆیان.

(ئەلیکساندەر) تاراوگە و غەریبی و دووری نیشتیمانی بینیووە، تەنیایی و هەست و سۆز بۆ خانەوادەکەی و بیرکردنی دەوروبەر و زمان و وڵاتەکەی بینیووە، هەربۆیە نایەوێت هەمان شت بەسەر ئەم منداڵەشدا بێت و بڕیار دەدات نە هۆنراوەکە تەواو بکات و نە بڕوات بۆ نەخۆشخانە، بەڵکو خۆی تەرخان دەکات بۆئەوەی ئەم منداڵە بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی. دواتر بۆی دەردەکەوێت منداڵەکە درۆی لەگەڵدا کردووە و هیچ کەس و کارێکی نییە هەتاکوو بگەڕێتەوە بۆ لای، جگە لە (سەلیم)ی هاوڕێی، کاتێکیش دەڕۆن بۆ لای (سەلیم) دەبینن بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە مردووە.

“زمان ماڵی (بوون)ە”

فەیلەسوفی ئەڵمانی (مارتن هایدگەر) دەڵێت “زمان ماڵی بوونە، ئەوانەی بە وشە بیردەکەنەوە و بە وشەکانیان داهێنان ئەکەن پارێزەر و پاسەوانی ئەم ماڵەن”.

“زمان” ئامڕازی پەیوەندی و کلیلی کردنەوەی دنیا و خاك و نیشتیمانییانە بە ڕووی دنیا و گەل و میلەتانی دیکەدا. دەتوانین بڵێین بە پلەی یەکەم پارێزەر و پاسەوانانی زمان بریتین لە نووسەر و ئەدیب و شاعیرەکان، کە لەڕێگەی نووسین و هۆنراوەکانیانەوە زمانی گەل و خاکی خۆیان بە گەلانی دیکە دەگەیەنین.

زمان هیچ ڕابردوو و ئێستا و داهاتوویەکی نییە، زمان لە “بوون/وجود”دا ئامادەییەکی هەمیشەیی هەیە و نیشتەجێبوونەکەی بێ ڕابردوو و بێ داهاتووە. زمان سنوورەکانی کات و شوێن و دەسڕێتەوە و لە هەموو دەم و شوێنێکدا بوونی هەیە.

“زمان” پێشەوای شووناسی مرۆڤە و هەر کاتێك پەیوەندییەك لە نێوان “زمان” و “مرۆڤ”دا نەما ئەوا لە سرووشتی مرۆڤدا بۆشاییەك درووست دەبێت و ئەم بۆشاییە هەستکردنە بە تەنیایی و نامۆبوون و غەریبی، ئەم هەستەش تەنیا بە “زمان”ەکەی خۆی پڕ دەبێتەوە.

ئەو هۆنراوەیەی کە شاعیرەکە هەوڵی تەواوکردنی دەدات هۆنراوەیەکی شاعیری یۆنانی (دۆنیسۆس سۆڵۆمۆس)ە.

(دۆنیسۆس سۆلۆمۆس، 1798-1857)، یەکێكە لە بەناوبانگترین شاعیرەکانی یۆنان و یەکێك لە هۆنراوەکانی کە “سروودێك بۆ ئازادی”یە چەند بەیتێکی کراوە بە سروودی نیشتیمانیی وڵاتەکە.

(سۆلۆمۆس) لە ئیتاڵیا و لە تاراوگە دوور لە وڵاتەکەی خۆی ژیاوە و لە غەریبی و تەنیاییدا هەمیشە بە تاسەی گەڕانەوەوە بووە، لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەدا بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشی وڵاتەکەی بۆ ڕزگاربوون لە دەوڵەتی عوسمانی دەگەڕێتەوە بۆ یۆنان و دەیەوێت هۆنراوەیەك بۆ ئەو شۆڕشە بنووسێت، بەڵام بۆی دەردەکەوێت ئەو غەریبییەی لە وڵاتەکەی خۆیدا هەیەتی زۆر زیاترە لەو غەریبییەی لە (ئیتاڵیا) چەشتوویەتی، زمانەکە نازانێت و ئەوەی دەیزانێت بەشی ئەوە ناکات هۆنراوەیەکی پێ بنووسێت. هەربۆیە بە کون و قوژبنی (یۆنان)دا دەسوڕێتەوە و داوا لە خەڵك دەکات وشەی فێر بکەن، ئەو وشانەش کە یەکەمجاریەتی دەیانبیستێت لە تیانووسێکدا دەیانووسێتەوە. شاعیرەکە دەکەوێتە سواڵی وشە و هەرکەسێك وشەیەکی فێربکات لە بەرامبەردا پارەی پێ دەدات.

لە ڕابردوودا (ئەلیسکاندەر)ی شاعیر لەپێناو هۆنراوە و نووسین و تەواوکردنی پەرتووکەکەیدا وڵات و خاك و خانەوادەکەی بەجێدەهێڵێت و ڕوو لە تاراوگە دەکات. پاش چەندین ساڵیش کاتێك دەگەڕێتەوە و دەیەوێت هۆنراوەیەکی (دۆنیسۆس سۆڵۆمۆس) تەواو بکات، دەبینێت تەواوکردنی هۆنراوەکان و نووسینیان کارێکە ئیتر لە دەسەڵاتیدا نەماوە. لە لایەکی دیکەشەوە یادەوەرییەکانی لەگەڵ هاوژینەکەیدا مێشکی داگیردەکەن و پەشیمانی (ئەلیکساندەر) لە بەجێهێشتنی خاك و زمانەکەی هێندەی نەخۆشییەکەی نەخۆشی دەخەن. هەست بە غەریبییەکی زۆر دەکات و پەشیمانییەکی زۆر دەچێژێت. ڕابردووی وەکوو فیلمێك دێتەوە یاد و پێش چاوی و بیری سات و کەسەکان دەکات. شووناسی لە یادی کردووە و ئەمیش شووناسی خۆی لە یاد کردووە. چونکە لەگەڵ “زمان”دا پەیوەندی تێكچووە. ئەمەش وا دەکات “بوون/وجود”ی (ئەلیکساندەر) لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوویدا “نائامادە/نەفی” بێت.

لە هەمان کاتدا منداڵە ئەلبانییەکە پاش بڕینی چەندین سنوور و ڕێگە و کێڵگەی مەترسیدار بە وڵاتی (یۆنان) دەگات و لە شەقامەکانی (ئەسینا)دا جامی ئۆتۆمبێلەکان دەسڕێتەوە، زمانی یۆنانی بەباشی نازانێت و لە خاکی یۆنانییەکاندا هەست بە غەریبی و تەنیاییەکی زۆر دەکات.

لە تەنیشت شاعیرەکەوە خەمباری غەریبییەکەی خۆیانن.

سەرجەم ئەو تەنیایی و غەریبییانەی لە فیلمەکەدا دەیانبینین لە “غیابی زمان”ەوە سەرچاوەیان گرتووە و کەلێن و بۆشایی لە شووناسی کاراکتەرەکاندا درووست کردووە.

بەر لە دەستپێکی کاری وێنەگرتنی فیلمەکە (بڕۆنۆ گانز) پاش خوێندنەوەی سیناریۆکە بێتاقەتی و خەمۆکییەکی سەیر ڕووی تێدەکات، چونکە لە پلۆتی فیلمەکە تێگەیشتووە و خۆی زمانی یۆنانی نازانێت، هەربۆیە تیمی بەرهەمهێنانی فیلمەکە بڕیاریاندا سەرجەم دایلۆگەکانی شاعیرەکە لەنێو فیلمەکەدا بە زمانی ئەڵمانی بێت و دواتر دۆبلاژ بکرێت بۆ زمانی یۆنانی!

“کات، وەکوو بەردی زار”

لە “هەتاهەتایە و یەك ڕۆژ”دا [کات] سەرجەم سنوورەکانی بڕیووە، پەرش و بڵاوییەکی زۆری [کات] لە فیلمەکەدا دەبینرێت و پێکەوەبەستنی ئەم پەرش و بڵاوییە کارێکە تەنیا (ئەنجێلۆپۆڵس) پێی دەکرێت. لە منداڵییەوە بۆ پیری و لە پیرییەوە بۆ منداڵی و لە خۆشییەوە بۆ ناخۆشی و لە ناخۆشییەوە بۆ خۆشیی دەگەڕێتەوە. دەمێك گێڕانەوەی تەنیایی و دەمێك گێڕانەوەی پێکەوەبوون، دەمێك تەنیامانەوە و دەمێکیش دڵداریی.

دیمەنە درێژەکان و گرتە دوورەکان لە فیلمەکانی (ئەنجێلۆپۆڵس)دا مۆرکێکی سینەمایی هەمیشەیی فیلمسازەکەن.

فیلمەکە دوو بەشی سەرەکییە، بەشێك ئێستای کاراکتەرەکان و بەشێك ڕابردووی کاراکتەرەکان بەپێی یادەوەرییەکانی شاعیرەکە، یادەوەری [کات] یاری بە سەرجەم کاراکتەرەکان دەکات و هەرجارە و لە تەمەنێکیاندا پیشانیان دەدات.

لە دیمەنەکانی سەرەتای فیلمەکەدا گوێبیستی قسەکانی چەند منداڵێك دەبین کە یەکێکیان شاعیرەکەیە و پلان دادەنێن پێکەوە بڕۆن بۆ دەریا، کاتێك (ئەلیکساندەر) دەپرسێت ئاخۆ “کات چییە؟”، هاوڕێکەی لە وەڵامدا دەڵێت “باپیرەم دەیگوت کات منداڵێکی بچووکە کە یاری زار دەکات”.

وەکچۆن لە کاتی هەڵدانی بەردە زارێکدا نازانیت کام ژمارەیە دەردەکەوێت، بەهەمان شێوەش نازانیت ئاخۆ کات چی دەکات و بەرەو کوێت دەبات، ئەوەی دەمێنێتەوە خۆشی و ناخۆشی تەنیا ڕۆژێکە کە هەتاهەتایە لە هزرتدا دەمێنێتەوە، یادی دەکەیتەوە و لەسەر زارتە.

پاشان لە منداڵییەوە کە تەمەنی بزێوی و لاسارییە ڕاستەوخۆ دیمەنەکە بەرەو (ئەلیکساندەر)ی بەتەمەن دەچێت، شاعیرێکی کەنەفت و پەشیمان.

(ئانا)ی هاوژینی شاعیرەکە لە [کات]دا بەجێماوە، کامێراکە لەنێوان ڕابردوو و ئێستایدا کە بوونی نەماوە یاری دەکات، سەرەڕای پیربوونی (ئەلیکساندەر) بەدرێژایی فیلمەکە (ئانا) بە گەنجی دەبینین و لە سەرجەم دیمەنەکاندا خانمێکە لە تەمەنی (کاترینیا)ی کچیدایە.

لەڕێگەی چەند نامەیەکەوە کە لە ڕابردوودا بۆ (ئەلیکساندەر) نووسیوونی بۆمان دەردەکەوێت شاعیرەکە لەپێناو هۆنراوە و نووسینەکانیدا قوربانی بە هاوژین و کچە کۆرپەکەی داوە و بەجێیهێشتوون.

دایکی (ئەلیکساندەر) لە یادەوەرییەکانی شاعیرەکەدا خانمێکی گەنجی شیکپۆشە و لانکەی (کاترینا)ی کوڕەزای ڕادەژەنێت. بەڵام کاتێك کوڕەکەی سەردانی دەکات دەبینین لە نەخۆشخانەیە و بەئاستەم هەناسەشی بۆ دەدرێت، (ئەلیکساندەر) کۆمەڵێك پرسیاری وجوودی ئاڕاستە دەکات و بۆ بێ دادی پەشیمانییەکانی دەردە دڵی لا دەکات.

(کاترینیا)ی کچیشی بەهۆی یادەوەرییەکانی باوکییەوە لەنێوان خانمێکی پێگەیشتوو و کۆرپەیەکی بچووکدا ئەمسەرو ئەوسەریەتی.

پاش فڕێدانی بەردە زارێك ئەگەری هەیە چەند جارێك هەمان ژمارەت بۆ دەرکەوێت، هەندێكجاریش مێژوو لە کات و شوێنی جیاوازدا خۆی دووبارە دەکاتەوە.

شاعیرەکە زۆرترین کاتەکانی لەگەڵ منداڵە ئەلبیانییەکەدا بەسەردەبات و وشەی لێ فێر دەبێت، پێکەوە شایەدی مەرگی (سەلیم) دەبن و بە شەقامەکانی (تیسالۆنیکی)دا دێن و دەڕۆن، هەندێکجار بە بێدەنگییەکی قووڵ و هەندێکجاریش بە گفتوگۆوە.

پێکەوە سواری پاسێك دەبن و لەنێو پاسەکەدا چەند دیمەنێك دەبینن، ماندووێتی سەرنشینەکان و دەمەقاڵێی نێوان دوو دڵدار، گرووپێکی مۆسیقی و شاعیرێکی لاو [لێرەدا (سۆڵۆمۆس)ە و ڕۆڵی “کات” دەبینێت] کە بەر لە دابەزینی هۆنراوەیەکیان بۆ دەڵێت و بەتاسەوە لێیان دەڕوانێت و هاوبۆچوونیی خۆی بۆ کۆتایی هۆنراوەکە دووپات دەکاتەوە کە [ژیان شیرینە]ەیە. پرسیاری “سبەینێ هەتاکوو کەی دەخایەنێت؟” پرسیارێکە چەندین ساڵ پێشووتر ئاڕاستەی شاعیرێك کراوە و لێرەدا (ئەلیکساندەر) هەمان پرسیاری ئاڕاستە دەکاتەوە.

دەمەقاڵێی نێوان دوو دڵدارەکەش سەبارەت بە نووسین و هۆنراوە هەمان دەمەقاڵێی چەندین ساڵ پێشووتری نێوان (ئانا) و (ئەلیکساندەر)ە.

ئەو چەند وشە کەمەی لە زاری منداڵە ئەلبانییەکەوە دێتە دەر و (ئەلیکساندەر) فێریان دەبێت و لەبەرامبەریشدا پارەی پێ دەدات هەمان ئەو میراتییەیە کە شاعیرەکە لە (سۆلۆمۆس)ەوە بۆی ماوەتەوە.

کۆتایی فیلمەکە پارادۆکسێکە فیلمسازەکە بە کراوەیی بۆ بینەر بەجێینەهێشتووە، کوڕە ئەلبانییەکە لەنێو دەریادا لێمان ون دەبێت، کە دەزانین دەگەڕێتەوە بۆ نیشتیمانەکەی و بەرەو ئاشتبوونەوە لەگەڵ زمان و خاکەی و داهاتوو و خەونەکانی هەنگاو دەنێت، لە بەرامبەریشدا شاعیرەکە بەردەوامی بە ڕابردوو و یادەوەرییەکانی دەدات، سەردانی ماڵە وێرانەکەی دەکات و دەگەڕێتەوە نێو باوەشی (ئانا) و لەگەڵ ڕابردوویدا کۆچی ئەبەدی دەکات.

هاوبەشی بکە