20/04/2024
DidiMn Logo
Top

حەواى ڕووت

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

جۆرجیۆ ئاگامبێن
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

سندوقێكى زیوویى سەدەى یازدەیەم هەیە، لە كۆلێژى كەنیسەى سان ئیزیدۆرۆ، لە لیۆن پارێزراوە كە لەملاولاكانییەوە هەندێك لە نیگارەكانى ”سیفرى پەیدابوون” بە شێوەیەكى بەرجەستە و دەرپەڕیو تاشراون. یەكێك لە تابلۆكان ئادەم و حەوا پیشان دەدات، كەمێك بەر لەوەى لە عەدەن دەربكرێن. بەگوێرەى ڕیوایەتى كتێبى پیرۆز، لەوێدا ئەوان تازە زانیوویانە ڕووتن، هەر یەكسەریش عەورەتى خۆیان بە گەڵاى هەنجیر داپۆشیووە، گەلاكانیان بە دەستى چەپ بە بەر خۆیانەوە گرتووە. لە بەردەمیاندا ئەفرێنەرەكەیان، گرژ و پەست، بە جۆرە پۆشاكێكەوە وەستاوە، بە دەستى ڕاستى ژێستێكى لێپێچینەوە ئاساى بەرامبەریان وەرگرتووە، (لە شرۆڤەكەدا ئەمە وەها ڕوون كراوەتەوە كە ”خودا بە ئادەم دەڵێت: تۆ لە كوێیت؟” پەیدابوون، 3:9) ئەم ژێستە لە دەستە ڕاستەكانى گوناهبارەكاندا ڕەنگى داوەتەوە، كە وەك منداڵ هەوڵ دەدەن پۆزش بۆ خۆیان بهێننەوە: ئادەم [بە نیشانەى تۆمەتباركردن] ئاماژە بۆ حەوا دەكات، حەوایش هێما بۆ مارەكە دەكات و خەتاكە دەخاتە ملى. لە دیمەنى دواتردا، كە ئەمەیان بە تایبەتى بۆ ئێمە سەرنجڕاكێشە، ئایەتى (3:21)ى سیفرى پەیدابوون ڕوون دەكاتەوە: (خودا بۆ ئادەم و هاوسەرەكەى پۆشاكى لە پێست/چەرم بۆ دروست كردن و كردییە بەریان.) هونەرمەندە نەناسراوەكە ئادەمى لە دۆخێكى تەواو غەمباردا كێشاوە كە هەر لە پێشترەوە جلەكانى لەبەر كراوە و پۆشتە كراوەتەوە؛ كەچى بە داهێنەرییەكى بەختیارانەوە، حەواى بە دوو لاقى ڕووتەوە وێنا كردووە، لە كاتێكدا خودا لە دۆخێكدا دەردەكەوێت كە خەریكە هەر بە زۆری زۆردارى كراسێك دەكاتە بەرى. ژنەكە، كە ئێمە تەنیا بە ئاستەم لە ملیوانى جلەكەوە دەتوانین ڕوخسارى ببینینن، بە هەموو هێزى خۆى بەرەنگارى بە ڕووى ئەم توندوتیژییە یەزدانییەدا دەنوێنێت [خۆى لە دەستى خواوەند ڕادەپسكێنێت] بێ هیچ گومانێك، نەك تەنیا لە ڕێگەى نوشتانەوەى ئەژنۆ(لاق) و كرژبوونى چاوە زەقەكانی حەواوە، بەڵكو بە هۆى ژێستى دەستە ڕاستییەوە، كە نائومێدانە چمكى كراسەكەى خوداى گرتووە، دەشێت ئەم بەرەنگارییە بسەلمێنرێت.

بۆچى حەوا نایەوێت ئەو ”بەرگە فەرووە” بپۆشێت؟ بۆچى دەیەوێت بە ڕووتى بمێنێتەوە؟ (كە وا دەردەكەوێت ئەو یان گەڵاى هەنجیرەكەى فڕێداوە، یان بە هۆى تین و تاوى ئەم كێشمەكێشەوە لێى بەربۆتەوە؟) بە دڵنیاییەوە، نەریتێكى كۆن، كە دەشێت بگەڕێتەوە بۆ قەشە نیلوس، تیۆدۆرێتى كیروس و قەشە جیرۆم، لای وایە كە (بۆیە حەوا نایەوێت ئەو پۆشاكە لەبەر بكات، چونكە) بەرگەكە لە پێستى ئاژەڵ، وەك ڕەمزى مردن دروست كراوە –chitonai dermationoi ى نێو پەڕاوە گریكییەكەى كتێبى پیرۆز- (لە ڕاستیدا، pellicca وشە ئیتاڵییەكەى بەرگى فەروو، كە تا ئەمڕۆیش دەلالەتێكى هەڵەى لە خۆیدا هەڵگرتووە، لە tunicai pelliceaeـەوە هاتووە، كە لە پەڕاوە لاتینییەكەى كتێبى پیرۆزدا بۆ هەمان دەستەواژە دانراوە.) ئەمە هۆكارى ئەوەیە كە بۆچى لە دواى سەرهەڵدانى پاپایەتى، ئەم كراسە چەرمە گۆڕا و پۆشاكێك خرایە جێگاى، كە لە كەتانى سپى ساز كراوە. (”كاتێك ئامادە دەبین پۆشاكى مەسیح لەبەر بكەین، ئیدى كراسە چەرمەكەمان دادەكەنین” قەشە جیرۆم واى نووسیوە، ”ئەو كاتە ئێمە بەرگى كەتان دەپۆشین، كە هیچ پەیوەندییەكى لەگەڵ مەرگدا نییە، بەڵكو سەراپا سپى دەچێتەوە” لەبەر ئەوە، لە دواى ئەو كاتەوە كە ناوەڕۆكێكى پاپایى بەم بەرگە بەخشرا، ئیدى دەتوانین عەورەتمان لە حەقیقەتدا پۆشتە بكەینەوە.)(1) لە بەرامبەردا دانەرانێكى دیكەى وەكو جۆن كریسۆستۆم و قەشە ئاگۆستین، پێداگرى لەسەر مانا حەرفییەكەى ڕووداوەكە دەكەن. ڕێى تێدەچێت نە دروستكەرى تابلۆ زیوییەكانى (سەر سندوقەكە) و نە كڕیارەكانى، مەبەستیان ئەوە نەبووبێت دەلالەتێكى تایبەتى بە ژێستەكەى حەوا بدەن. سەرەڕاى ئەوەش، ئەگەر ئێمە ئەوە بە بیرى خۆمان بهێنینەوە، كە ئەمە كۆتا ساتى ئەو وەختەیە وا دەشێت هێشتا باوانمان ڕووتوقووت بووبن، بەر لەوەى بە چەرمى ئاژەڵ دابپۆشرێن و بۆ هەمیشە لە فیردەوس بكرێنە دەرێ، ئەوا ئەم ڕووداوە پڕ بە پێست ماناى خۆى وەردەگرێت. ئەگەر بە ڕاستى ئەمە مەسەلەكە بێت، ئەوا ئەو فیگورە باریكەلە زیووینەى وا نائومێدانە بەرەنگاریى ئەوە دەبێتە دابپۆشرێت، ڕەمزێكى سەروو-ئاساییە بۆ مێینەیى. ئەم ژنە ئەمیندارێكى سەرسەخت و عینادى ڕووتێتیى فیردەوسە.     

تێبینیى وەرگێڕ: ئەم وتارە كورتە، بڕگەى پێنجەمى وتارى ”ڕووتى”ى جۆرجیۆ ئاگامبێنە. بڕگەى یەكەمى وتارەكە لە هەندێک لە ڕۆژنامەكاندا وەك كورتەوتارێكى سەربەخۆ مامەڵەى لەگەڵ كراوە و ئێمە پێشتر كردوومانە بە كوردى. وتارە درێژەكەى ئاگامبێن لە كتێبى ”ڕووتییەكان”دا بڵاو كراوەتەوە. نازانم ئاخۆ لە داهاتوودا دەرفەت دەبێت هەموو وتارەكە بكەین بە كوردى یان نا، بەڵام بە نووسین بۆ ئەم بابەتە گەڕاوینەتەوە و لە داهاتوودا لە چوارچێوەى بەرهەمێكدا بڵاو دەبێتەوە.  

سەرچاوە:

Giorgio Agamben: Nudities, Translated By: David Kishik and Stefan Pedatella, Stanford University Press, Stanford-California, 211, P. 60-62.

پەراوێز:

  1. Saint Jerome, Epistle 64.19 see Jonathan Z. Smith, ”The Garments of Shame,” in Map Is Not Territory (Leiden Brill, 1978), 17.
هاوبەشی بکە

georgeo agamben,