13/02/2025
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی هەسارەکەی ڕۆژهەڵات: تاکە ژنی عەرەب کە خۆشەویستی ئاوێزان بە هێز کرد

لە لایەن دیدی من 1 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من – بی بی سی عەرەبی
لە عەرەبییەوە: لانیاس عەتا
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان

“ڕەنیم عەفیفی” کە چالاکوانێکی میسڕی بواری مافی ژنانە، لە ماڵی ئوم کەلسووم دیدارێکی لەگەڵدا ساز دەکات،  پاشان دەڵێت: “ئوم کەلسوم لە سترانی”تۆ خۆشەویستیت” توانی گوزارشت لە خۆشەویستییەکەی بکات، بەڵام خاڵی لە ڕق.” هەروەها دەڵێت: “ئوم کەلسوم تاکە ژنی عەرەبە کە توانیوییەتی خۆشەویستیی ئاوێزان بە “هێز” بکات.”

ئەم توێژەرە گەنجە خاوەن پڕۆژەیەکی ڕۆژنامەوانیی ئەلیکترۆنییە، کە ئامانج لێی شیکاریکردنە بۆ کارە هونەرییە جیاوازەکان لە دیدێکی مێینەییەوە. لە میانەی ئەم کارەیدا هەستا بە وروژاندنی ئەم پرسیارە: “ئایا نەوەکانی پێشوو بە دیدگای ژنێکی ئازادی یاخی لە ئوم کەلسوم دەڕوانن یاخود نا؟”.

بۆ ئەم مەبەستەش گوزەرێک بە نێو ڕابردوودا دەکات و لە نۆرەی “نەوال سەعداویدا” دەوەستێت کە تەمەنی هەشتاوهەشت ساڵی تێپەڕ کردووە و دەڵێت: “بەشێک لە کەسایەتیی سوومە (ثومة) یاخیی بوو، بەڵام لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە نەیتوانی ئەمە ئاشکرا بکات. ئەو دەیویست دارەکە لە ناوەڕاستەوە بگرێت بۆ ئەوەی هیچ کەس توڕە نەکات.”

“ئوم کەلسووم” لە دێیەکی سەر بە شاری “دەقهەلیە”ی میسڕ چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. پاشتر هەواری دەگوێزێتەوە بۆ پایتەختی میسڕ-قاهیرە. ئەم دوو ناوچەیە ئێجگار جیاواز بوون لە یەکتر، بەڵام هەردووکیان لەوەدا هاوبەشبوون کە خۆشەویستی “شەرم” بوو بۆ  ژنان و پیاوان.

باوکی سوومە

لەگەڵ ئەوەی ئەم دوو توێژەرە سەر بە دوو نەوەی جیاوازن، بەڵام هەردووکیان کۆکن لەسەر ئەو ڕاستییەی باوکی سوومە پاڵەوانێکی سەرەکیی بوو بۆ گەشتی گەڕانی بە دوای ئازادیدا.

دکتۆر نەوال دەڵێت: “ئەو یاخیبوونە نیوەییەی کە لە گوندەوە هەواری بردووە بۆ شار، پاشان وازهێنانی لە کۆتە ئاینییەکان بڕیارێکی تاکەکەسیی نەبوو، بەڵکو پاڵپشت بوو بە هاندانەکانی باوکی کە کەسێکی یاخیی بوو.

بەڵام بۆچوونی ڕەنیم لەو بارەیەوە بەو جۆرە بوو، ئەو پێی وایە سوومە کارتێکراوبووە بە دەسەڵاتێکی باوکسالاریانە چ بۆ گەشەسەندن و چ بۆ سترانچڕین.

بەڵام سەبارەت بە دیداری ئوم کەلسوم لەسەرەتای دەستپێکیدا لەگەڵ “شێخ زەکەریا ئەحمەد”  لە دیدی ڕەنیمەوە، دیدارێکی جیاواز بوو و بە دەستپێکی “ئازادیی هەڵبژاردن” ناوزەند دەکرێت، کە تێیدا شێخ باوکی قایل دەکات بەوەی بڕۆن بۆ قاهیرە و واز لە (ئینشاد)بهێنن و دەست بە سترانچڕین بکات تا  ئەو کاتەی باوکی کۆچی دوایی دەکات. ئەمەش لە دیدی ڕەنیمەوە  ئوم کەلسوم ناچار دەکات بەڕێوبەری کارەکانی خۆی بێت و واز لە ڕێبازی خێزانیی خۆی بهێنێت.

ئوم کەلسوم چەندین پرسیار لە بارەی خۆشەویستیەوە دەوروژێنێت: ئایا بەڕاستی خۆشەویستی  داگیرکەرە؟ تا لە وەڵامدا بڵێت: “من نازانم.” هەر بۆیە وا لێی دەڕوانرێت ئەو خاتوونە عەرەبییەیە کە لەسەر چەند ئاستێکی جیاواز ستران بۆ خۆشەویستی دەچڕێت، بۆ ژن و بۆ پیاویش (لە“ سەمیعە سوومە”.)

هەر بۆیە دوو هونەرمەندی پیاوم هەڵبژاردووە تا لە دیدی ئەوانەوە خۆشەویستی کەلسومی شرۆڤە بکەم.

یەکەم دیدی من مەغریبی بوو کاتێک سوومە دەچێتە توونس و مەغریب لە کۆتایی ساڵی شەستەکان و چەپڵەڕیزان کرا بۆ سترانی “ یادیان هێنامەوە ” کە تێیدا دەپرسێت “یادیان هێنامەوە کە چۆن من تۆم لە یادکردووە؟” سەمیر بوکریددیریە میوزیسیانێکی ڕەگەز جەزائیرییە، بەڕێوەبەری ئۆرکێسترای نیشتیمانیی مۆسیقای ئەندۆسی پرسیارم لێکرد، ئەو وەک پیاوێکی عەرەب تێڕوانینی بۆ خۆشەویستی لای سوومە چۆنە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی: “هیچ شەرم لە گوێگرتن لە ئوم کەلسوم ناکەم و مۆرکی خۆشەویستی مۆر دەکەم، چ شتێک لەوەی کە ئەو وادەکات شەرمهێن بێت بۆ پیاوەتیم؟

دکتۆر “ماحی سلێمان” جێگری سەرۆکی پێشووی کۆلێژی میوزیک لە پایتەختی سۆدان، دەڵێت کە خۆشەویستییەکی زۆری بۆ سترانی ”ئایا سبەی دەتبینم؟” هەیە. ئەمەش بە هۆی ئەوەی نوسەرەکەی کە “هادی ئادەم”ـە کوڕی نیشتیمانەکەی خۆیەتی. هەروەک سترانچڕینی سوومە بەوە لەقەڵەم دەدات کە سترانچڕیینە بۆ مرۆڤ.

خاتوون

یەکەم هاوسەرگیریی ئوم کەلسوم پاش تەمەنی پەنجا ساڵیی بوو. لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە وشەی “خاتوون” وابەستەی کۆمەڵێک دەربڕینی وەک “ خاتوونی باش” یان “خاتوونی باوکی”. هەروەها بەکارهێنانی وشەی “خاتوون” وەک نازناو بۆ ئوم کەلسوم ئاماژەیە بۆ ئاوێزانکردنی نێوان ژن و پیاو، نەک وەک پۆلێکی کۆمەڵایەتی بەڵکو وەکو دوو پۆلی مرۆڤ کە یەک کەسایەتی کۆیان دەکاتەوە ئەویش سوومەیە. ئەم نازناوەش لادەر بوو لە کلتوری عەرەبی و میسڕی کە جیاوازە لە “سیدة، خانم” چونکە ئەم نازناوە نزیکترە لە هێز و ئاماژەیە بۆ مێینەیی و ناز.

 نەوال سەعداوی دەڵێت: “لە هاوسەرگیریەکەیدا یاخی بوو، چونکە خۆی نەدا بە دەستەوە بۆ هیچ جۆرە پەستانێکی هاوسەرگیریەکی پێشوەختەی زوو.”

 دیداری ئوم کەلسوم لەگەڵ ئاوازدانەری گەنجی بە ڕەچەڵەک میسڕی ئەحمەد جونەیدی بەشێکی کاریگەر بوو لە گەشتی ئازیدیدا. هەروەک گوزارشتێک بوو لە ڕادەی هێزەکەی لە ناو پەیوەندیەکی سۆزداریی کە لە سترانی “جێم هێشتی” ڕەنگی داوەتەوە، وا وەسفی دەکات کە سوومە تاکە ژنی عەرەب بووە لەو کاتەدا بتوانێت پەیوەندییەکە بەڕێوە ببات و ڕووبەڕوو بە هاوبەشەکەی بڵێت: “جێم هیشتی، دەتوانم خۆشەویستیت لە یاد بکەم”

“رەنیم عەفیفی” کە هاوتەمەنی جونەیدیە لە گوشەنیگایەکی دیکەوە “خاتوون” دەبینێت، کە دەڵێت  پێدانی ئەم نازناوە پەیوەندی نییە بەوەی سیفەتی پاکیزەیی و شکۆمەندیی و نایاببوونی بدرێتە پاڵ.

جونەیدی ئاماژەیەکی دیکە لە ئاماژەکانی ئازادی “خاتوو ئوم کەلسوم” دەبینێت کە ئەمەش لە سترانەکانی (طقطوقەکانی) بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا دەردەکەوێت، وەک “بۆچی دەمفرۆشیت؟”  ئەو دەڵێت: “بوێرییەکی زۆر بوو لەو کاتەدا بە زمانی نێر ستران بچڕیت، بێ ئەوەی گوێ بە  هیچ  سزایەکی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە بدەیت. ئەمەش پیشاندەری ئەو ڕاستییە بوو کە ئەو هونەری لە پێناو هونەردا کردی.

طقطوقە یاخود مۆنۆلۆگ، ستایلێکی تایبەتی هونەری ڕۆژهەڵاتییە، لە نێوان ئەو ژنە ستانبێژە فەڵەستینیانەی کە ئارەزوومەندی گەڕان بە دوای کەلەپور و مێژووی عەرەبین بە تایبەت فەلەستنی “سەنا موسا” هەیە لە شاری “ڕاماللە”. بەردەوام تەقتوقەکانی ئوم کەلسوومی دەوتەوە و لەم بارەیەوە دەڵێت؛ ئەمە شێوازێکە لە ئازادیی هونەری خۆی و بوێرییە ژن ئەم ستایلە  بچڕێت کە خاوەن ئاوازێکی چڕ و ئاڵۆزە.

سەنا جەخت لەوە دەکاتەوە بەشێک لە هێزی سوومە لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە تاکە کەسە توانی  بە ئەندازەی سوپای میسڕی پشگریری دارایی بۆ ڕێکخراوی  عەرەبی میسری کۆبکاتەوە.  ئەمە تەنها لە هەسارەی ڕۆژهەڵاتەوە دێت.

 سەنا  پێی وایە ئەم هەنگاوەی سوومە پەیوەندی بە شکۆمەندیی سوومەوەیە نەک تەنها لەسەر ئاستی میسڕ بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی. ئەم ناوبانگەی سوومە کە سەرجەم چینە کۆمەلایەتییە جیاوازەکانی تێپەڕاند، هاوشانی ناوبانگی سەرۆکی کۆچکردوو “جەمال عبدالناسر” بوو. لەماوەی بەهاری عەرەبی کە لە ساڵی ٢٠١١دا دەستی پێکرد شۆڕش لە تونس، پاشان میسڕ دەستی پێکرد و وێنەکانی سوومە لە دڵی مەیدانی تەحریردا دەردەکەوت و لەگەڵیدا دروشمی “ژیان… ئازادی…دادپەروەری کۆمەڵایەتیی” دەگوترایەوە.

“ڕەنیم” پێی گوتم کە لە خۆپیشاندانی ٢٠١١ و بە تایبەت لە ڕۆژی جیهانیی ژنان کە بەرواری هەشتی مارچە،  ژنانی میسڕی وێنەی سوومەیان بەرزکردۆتەوە بە دروشمی “دەنگت شۆڕشە”.

تەنانەت لە پێشانگای داواکاری لابردنی سەروەریی لەسەر ژنان لە سعودیە، ڤیدیۆیەکی سوومە بڵاو کرایەوە کە سترانی “الاطلال”دەچڕێت و بە تایبەت ڕستە بەناوبانگەکەی “ئازادییەکەمم پێ ببەخشە و دەستەکانم ڕەها بکە”. ئەم ڤیدۆیە بۆ چەندین ڕۆژ هەزاران جار پەخشکرایەوە.

لە هۆنراوەی سترانی “ئەمە شەوی منە” کە لە نوسینی هۆزانفانی لوبنانی “جۆرج جەرداق”ـە  هەسارەی ڕۆژهەلات ئوم کەلسوم دەڵێت: “وەرە خۆشمبوێیت ئێستا ئێستا زیاتر.” لێرەدا جەخت لەسەر وشەی ئێستا دەکاتەوە و هەمیشە لە ڕۆشنبیریی بودی و فەلسەفە ڕۆحانییەکانی دیکەدا دەڵین هەوڵدان بۆ گەشتن بە هێزی ئێستا ئاماژەیە بۆ هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئازادی.

هەر بۆیە پێدەچێت خاتوون هەوڵبدات وەک هەر ژنێکی عەرەب و مرۆڤێک دەرچەیەک بەرەو ئەو ئازادییە بدۆزێتەوە کە لێی زەوتکرابوو.

هاوبەشی بکە