20/04/2024
DidiMn Logo
Top

هونەرمەندانی هاوچەرخ: سەلیم بەرەكات

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
ئامادەكردن و وەرگێڕانی: شێنێ كەمال

سەلیم بەرەكات ڕۆماننووس و شاعیر و ئەدیبی كوردى عەرەبینووسی ڕۆژئاواى كوردستان، ساڵى ١٩٥١ لە شارۆچكەى عامودا سەر بە (حەسەكە)ى نزیك قامیشلۆ لە سوریا چاوى بە دونیا هەڵهێناوە. سەردەمى منداڵى و گەنجى لەوێ بەسەر بردووە، قۆناغەكانى سەرەتایى و ناوەندیی لەوێ تەواو دەكات. سەلیم هەر لە منداڵییەوە حەزێكى زۆرى بۆ فێربوون و ئاشنا بوون بە شتەكانى دەوربەرى هەبووە، تا بڵێى چاو كراوە و زیرەك بوو. شارەزاییەكى زۆر باش پەیدا دەكات لەسەر شوێنى ژیانى و كەلتوورەكانى دەوروبەرى، لە ناویشیاندا كەلتوورى ئاشووریی و ئەرمەنی، هەروەها دەربارەى ژیانى كوردەواریی و نەتەوەكەى.

مەحموود دەروێش بۆ سەلیم بەرەكات:

“ئەو كوردەى لە بیست ساڵى ڕابردوودا باشترینى ئەوانە بووە كە بە عەرەبى دەنووسن، بگرە لە عەرەبەكانیش باشترى نووسیوە.”

مەحموود دەروێش و سەلیم بەرەكات

لە ساڵی ١٩٧٠دا ڕوو دەكاتە دیمەشقی پایتەخت بۆ خوێندنى زمان و ئەدەبی عەرەبی، بەڵام تەنها یەك ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە و لە ساڵى ١٩٨٢دا ڕوو دەكاتە لوبنان و لە بەیروت نیشتەجێ دەبێت. كاتێك لە قامیشلۆ دەرچوو تەمەنى بیست ساڵ بوو، هەر لەگەڵ گەیشتنى بە بەیروت لەگەڵ دەزگایەكى بڵاوكردنەوەى كتێب كارى كرد، ئیتر لە تەمەنى هەژدە سالییەوە دەست بە بڵاوكردنەوەى بابەت لە ڕۆژنامەكان دەكات، لە تەمەنى بیستودوو ساڵى یەكەمین كتێبى چاپ كرا و ئیتر كتێب بە دواى یەكدا هات، لە جیهانى نووسین و كتێبدا مایەوە تا بەیروتى بەجێ هێشت. دواى لەشكركێشی ئیسرائیل دەچێتە قوبرس و لەگەڵ مەحموود دەروێش بەردەوام دەبن لە بڵاوكردنەوەى بابەت لە ڕۆژنامەكاندا. لەو ماوەیەدا لە پاڵ شیعردا دەست دەكات بە نووسینی ڕۆمان بە شێوەىەکی لاوەكی. لە قوبرس دەمێنێتەوە و لەوێشەوە لە ساڵى ١٩٩١دا دەچێتە سوید و تا ئێستاش لەوێ دەژى، لە ماوەى ژیانیدا یەک جار هاوسەرگیرى كردووە، ساڵى ٢٠٠٠ لە لایەن ئەنجومەنى قەڵەمى سویدەوە خەڵاتى تۆخۆلسكى پێ بەخشرا.

سەلیم بەرەكات – مەحمود دەروێش – ئەمجەد ناسر

سەلیم بەرەكات ئەگەرچى كورد بوو، وەلێ سەرجەمى بەرهەمەكانى بە زمانى عەرەبی نووسیوە، وەك پەناهەندەیەك وا بووە لە ناو زمانێكى تردا، هەر لە ڕێى زمانەكەیەوە خۆى شوناس دەكاتەوە لە پەیوەست بە بێبەشكردنى زمان و خواردن بە كوردى، سەرەڕاى ئەوەش زمانە عەرەبیەكەى لە زۆربەى هەرە زۆرى خودى عەرەبەكان و ئەوانەى بە عەرەبی دەیان نووسی، باشتر بوو. شارەزاییەكى بێوێنەى لە زمانى عەرەبى بەگشتى و ئەدەبیاتى عەرەبى بەتایبەتى هەبوو، ئەمەش واى كردبوو زۆرینەى نووسەرە عەرەبەكان بە ئاشكرا دژایەتى بكەن. لە پاڵ شیعریشدا لە بوارى نووسینی چیرۆك و ڕۆمان كارامەیە، ژمارەیەكى بەرچاو ڕۆمانى نووسیوە، زۆربەی ڕۆمانەکانی وەرگێڕدراون بۆ زمانى كوردى. گەرچى زمانى نووسینی سەلیم ئاسان نییە و قورس و گرانە، زمانى شیعرى زاڵە بەسەر بەرهەمەكانیدا، نووسەر لە ڕێگەى دیالۆگ و زمانى شیعرییەوە خوێنەر پەلكێشى دونیای خەون دەكات و لەوێوە واقیعی نیشان دەدات، بەگشتى ناوبانگى سەلیم بەرەكات لە ناو كورد و خوێنەرى كورددا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە بەرهەمەكانیدا بایەخ بە كورد دەدات و نەتەوەى خۆى فەرامۆش نەكردووە، ڕۆمانەكانى دڵۆپ دڵۆپ خوێنى برینە قووڵەكانى كوردبوونى لێ دەتكێ.

من زمانمم، منم دەربەدەركراو لە زمانم…..                              

 مەحمەد دەروێش بۆ سەلیم بەرەکات
  عومەر حەمدى – مالفا – سەلیم بەرەكات – بەهرام حاجۆ، لە ماڵى سەلیم لە سوید بە دەمانچەى ڕاوەوە.

سەلیم بەرەكات لە چاوپێكەوتنێكدا لە ساڵى ٢٠١٦ دەربارەی خۆیی و ژیانی بەمجۆرە دەدوێت:

هەندێك بابەتم هەیە تۆزێك سەیریان دەكەم، دواتر ئێواران لە سەعات حەوتەوە تا هەشت دەنووسم تەنیا یەك سەعات! بەڵام خۆم بڕوام وایە بیستوچوار سەعات خەریكی ئەوەم كەللەم بۆ ئەم یەك سەعات نووسینە ئامادە دەكەم.
دواى ئەوە… تەواو، وابزانم شەو دێت و بەگشتى شەو فیلمێكى سینەمایی خۆش دەبینم، ئەمە سوڕى ژیانى منە. دیارە كە هاوڕێم هەیە بەڵام درەنگ درەنگ یەكتر دەبینین، بەس لە بابەتى ژیانى من نییە ڕۆژانە یان هەفتانە سەردانى خەڵك بكەم یان خەڵك زۆر سەردانم بكەن، ئێ ئاوا سوڕى ژیانى من دەستى پێ كرد، نازانم بۆ؟ خۆشم نازانم بۆ؟ تەنانەت كە لە بەیروتیش بووم، ئەوێش شارێكى جەنجاڵە و ژیانى كۆمەڵایەتى تێیدا فراوان و كراوەیە. لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە ئەو تایبەتمەندیەم هەبووە، مەسەلەى ئەوەى خۆم بشۆم، مەسەلەى ئەوەى شت بكڕم، مەسەلەى ئەوەى بنووسم و بخوێنمەوە.
هەندێك جار لەوێ ئەوەى زیاتر بوو برادەرەكانم دەهاتنە سەردانم یان دەچوینە دەرەوە، بەڵام كە گواستمەوە بۆ قوبرس گەڕامەوە سەر هەمان ڕۆتین چونكە بێگومان ئەو خەڵكانە كەم بوونەوە كە پەیوەندیم هەبوو لەگەڵیان، هاورێكانم، هاوڕێی سویدیم هەیە، وەك وەرگێڕەكەم و ناشرەكەم ئەوانە خەڵكێكى زۆر نزیكن لێم، بێگومان یەك دەبینین و دەچم بۆ لایان بۆ ماڵەوە بەڵام درەنگ درەنگ. لە ژیانمدا هەستم بە نامۆیی نەكردووە لەگەڵیان لەبەر ئەوەى زمانى نێوانمان هاوبەشە، زمانێكى هاوبەشى لێكتێگەشتن، ئەوەش ناهێڵێت ئەو كەسە نامۆ بێت پێت یان دوور بێت لێت.

من ساڵى حەفتاویەك لە سوریا دەرچووم، تا ئەمڕۆ نەگەڕاومەتەوە سوریا واتە ٣٥ ساڵ. لە قوبرس ماڵێكمان دروست كرد زۆر جوان بوو، كارم لەسەر باخچەكەى دەكرد، وەك ئەوەى هەمیشە كارم لەسەر كتێبەكانم دەكرد، هەمیشە دەڵێم من ١٢٠ درەختم چاند، لەو بڕوایەدام زیاتریش، وابزانم هەموو پارەكانم بۆ كڕینی درەخت خەرج كرد. قوبرس زۆر حەزى لە درەختە ئاو و هەواكەى گەرمە لێرە خەڵك وایان لێ هاتووە ڕقیان لە درەختە چونكە خۆریان دەوێت، ئیمە سێبەرمان دەویست! دواتر لەبەر هەندێك ئاڵۆزى ئەوێمان جێهێشت، هاتینە ئەم وڵاتە و بە هەمان نرخى خانووەكەى ئەوێ ئەم خانووەمان كڕى، وەك دەبینی باخچەكەى بچووكە بەڵام ئەوانەش من چاندوومە. پەیوەندیم لەگەڵ درەخت دوو شتە: لە قامیشلۆوە پەیوەندیم لەگەڵ درەخت پەیوەندیم بوو لەگەڵ چۆلەكە، بێگومان لەگەڵ كاتدا گۆڕاوە بەڵام هەمیشە لە مێشكمدا درەخت و چۆلەكە پێكەوە بەند بوون. باوەڕم وایە درەختەكان ئێستا بونەتە مەسەلەیەكى جوانكارى، جوانكارى نەك بە ماناى جوانكارى ڕاستەقینە كە پەیوەندى بە ڕۆحى مرۆڤەوە هەیە.

ئێستا تەمەنم چەندە؟ ئەیلوولى داهاتوو دەبمە ٥٥ ساڵ، ئەوە جێى نووسینەكەمە ئەم مێزە سادە و ساكارە، زیاتر بە قەڵەم ڕەساس دەنووسم، نووسینم بە قەڵەم ڕەساس زۆر حەز لێ بوو، دواى ئەوە لاى ناشرەكە كارى چاپیان دەكرد و گلەییان لێ كردم، لەبەر ئەوەى قەڵەم ڕەساس ڕەنگدانەوەى كەمە بۆیە ناچاریان كردم بە مورەكەب بنووسم. من هیچ لە تەكنەلۆژیا نازانم لەبەر ئەوە بە خەتى خۆم دەنووسم، من و تەكنەلۆژیا دوژمنین، هێشتا لەگەل مورەكەبیش كێشەم هەیە.

“خەونى من بوو بەبێ مەرایى بەبێ هیچ شتیك، دەوڵەتێكى كوردیمان هەبوایە.”

یەكێك لە ئارەزووەكانم كە ئارەزوویەكى سەیرە بۆ نووسەر كۆكردنەوەى چەقۆ بوو، تەبعەن ئێستا وازم لێ هێناوە وا دیارە ئارەزوویش وەك تەمەن وایە، لە ماوەى پشووەكان كاتێك كتێبێكم تەواو دەكرد ڕەسمم دەكێشا، ئێستاش زۆربەى ماوە و بە ڕۆنى و ئاوی كارمان دەكرد، بەڵام ئەوەى منى لە ڕەسم دزى و لەسەر شیعر گیرسانمییەوە بە هۆى هاوڕێیەكمەوە بوو لە قوتابخانە كە ئێستاش هاوڕێمە ئەو ڕەخنە لەسەر كتێبەكانم دەنووسێت. بەهەرحال تەمەنم هەژدە ساڵ بوو دەستم كرد بە بڵاوكردنەوە لە ڕۆژنامەدا، كاتێك چووم بۆ شام ناوەندى ڕۆشنبیریی دەستى كردبوو بە ناسینم، تەمەنم ٢٢ ساڵ بوو یەكەم كتێبم دەرچوو، لەو كاتەوە من لەم تەڵەیەدام، لە ژیانمدا شتێكم نەنووسیوە نەمخستبێتە كتێبەوە و لە هیچ كام لە كتێبەكانم پەشیمان نیم لەبەر ئەوەى هەمیشە بە شێوەیەك كار لەسەر كتێبەكانم دەكەم كە مامەڵە لەگەڵ خوێنەرێكى گێل ناكەم كە بتوانم هەڵیبخەڵتێنم، هەمیشە خستومەتە بەرچاوم كە خوێنەرێك هەیە لە من زیرەكتر و تێگەیشتوترە، من لەو خەڵكەم نە چا نە قاوە دەخۆمەوە نە جگەرە دەكێشم، تەبعەن ژیانم هێندە تەندروست نییە بەڵێ ئیتر ئاواى لێ هات سوڕى ژیانم.

كتێبە وەرگێردراوەكانى سەلیم بەرەكات بۆ كوردى:

١- ئەشكەوتەكانى هایدراهۆداهۆس، وەرگێڕانى عەبدۆ شێخۆ
٢- كەنیزەكەكانى شەنگال، وەرگێڕانی عەبدۆ شیخۆ ٢٠١٨
٣- مردووە ساكارەكان، وەرگێڕانی عەبدۆ شێخۆ ٢٠١٤
٤- دوو ژیاننامە، وەرگێڕانی عەبدۆ شێخۆ
٥- پەڕ
٦- دڵشاد

”نووسین هەیە، یان نووسینێكى چاك یان نووسینێكى خراپ، نووسینی چاك هەرچییەكی لەخۆ گرتبێت ڕاستگۆییە، نووسینی خراپیش هەرچییەكى لەخۆ گرتبێت، مۆركە ئەخلاقیەكەى هەرچی بێت هەر خراپە و هیچی تر”

سەلیم بەرەکات
هاوبەشی بکە

Saleem Barakat,