29/03/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی كار وای: چاوپێكەوتن لەگەڵ وۆنگ كار وای سەبارەت بە فیلمی “لە ھەوای عەشقدا”

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئیندیویر
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: شاگوڵ فواد
سه‌رپه‌رشتیاری په‌ڕاو: چرۆ عیزه‌ت

فیلمی “لە هەوای عەشقدا”ی وۆنگ کار وای گفتوگۆیەکی بەهێز دەهێنێتە کایەوە سەبارەت بە بەرهەمهێنانی فیلم. ئه‌م فیلمه‌ حەوتەمین فیلمی درێژی وۆنگ کار وایه‌ و به‌كارێكی سەرسوڕهێنەر ناوبراوه. بە شێوەیەکی نایاب دیزاین کراوە، بەکارهێنانی ڕەنگەکان زۆر دڵڕفێنن و تووشی غەمێکی قوڵت دەکات. بە سانایی ئەمە فیلمێکە دەتوانی خۆتی تێدا نغرۆ بکەیت. له‌ خواره‌وه‌ خوێنه‌ری چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ بن:

پەیامنێر: چۆن بیرۆکەی چیرۆکەکەت بۆ هات؟

وۆنگ کار وای: بە شێوازێکی جیاواز دەستمان بە کارکردن لەسەر فیلمەکە کرد. لە سەرەتادا ناوی فیلمەکە “چیرۆکێک دەربارەی خواردن” بوو. چیرۆکی “لە هەوای عەشقدا”، لە ڕاستیدا یەکێکە لەو چیرۆکانەی دەربارەی دوو کەس، دوو دراوسێیە کە بە بەردەوامی خواردنی نودڵس دەکڕن. دواتر بۆم دەرکەوت هۆکاری ئەوەی دەمویست ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بکەم تەنها ئەم چیرۆکەیە، بۆیە کارەکەم فراوان کرد. دەبوایە نیوەڕۆ خوانێکی خێرا بووایە پاشان بوو بە خوانێکی گەورە.

پەیامنێر: بەشی زۆری فیلمەکە بە جۆرێک بە درێژایی کارکردن کاری تێدا کراوە. ئایا کاتی زۆرترت لە ژووری مۆنتاژدا بۆ بنیادنانی ئەم فیلمە بەسەربرد بە بەراورد بە فیلمەکانی ترت؟

وۆنگ: لە سەرەتادا، پێم وابوو فیلمێکە کارکردن تێیدا ئاسان دەبێت، چونکە دوو کەسایەتیمان هەبوو و هەموو فیلمەکە سەبارەت بەم دوو کەسەیە، پاشان بۆم دەرکەوت کارکردن تێیدا زۆر قورسترە بە بەراورد بە فیلمەکانی پێشووم کە ١٠ کەسایەتی تێدا بوو، چونکە پێویست بوو وردەکاری زۆری تێدا بەکاربهێنین. وێنەگرتنی فیلمەکە و دوابەدوای ئەوەش کەسایەتییەکان نێوان ساڵانی ١٩٦٢ بۆ ١٩٧٢ی خایاند و پاشانیش ژووری مۆنتاژ، پێم وابێت لە ساڵی ١٩٦٦ فیلمەکە وەستا، ئەویش ئەو فیلمەیە کە ئێستا دەیبینن.

پەیامنێر: زۆر شت بە تەواو نەکراوی بەجێهێڵدرا؟

وۆنگ: لەوانەیە ماوەیەک دواتر، وەشانێکی ترمان هەبێت

پەیامنێر: بۆچی هۆنگ کۆنگت هەڵبژارد لە ساڵانی سەرەتاکانی ٦٠ـەکاندا؟

وۆنگ: هەمیشە ویستوومە فیلمێک بەرهەم بهێنم سەبارەت بەم ماوەیە، چونکە ماوەیەکی زۆر گرنگە لە مێژووی هۆنگ کۆنگدا، لەبەر ئەوەی ڕاستەوخۆ دوای ١٩٤٩یە و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی چین لە هۆنگ کۆنگ دەژین و هێشتا خەون بەو ژیانەوە دەبینن کە لە چین هەیان بوو. بۆیە وەکوو کۆمەڵگە چینییەکەی لە فیلمەکەدایە، خەڵکی شەنگەهای هەن کە زمانی تایبەت بە خۆیان هەیە و پەیوەندییان نییە لەگەڵ کانتۆنییە ناوخۆییەکان، و فیلم، مۆسیقا و نەریتی تایبەت بە خۆشیان هەیە. ئەوە ماوەیەکی زۆر تایبەتە و خۆم لەو ڕابردووەدا ژیاوم و دەمەوێت فیلمێکی لەو شێوەیە دروست بکەم و دەمەوێت هەمان ئەو کەشە دروست بکەمەوە.

پەیامنێر: بۆچی ئەو ناونیشانەت هەڵبژارد “لە هەوای عەشقدا”؟

وۆنگ: هەمیشە ویستوومە ئەم فیلمە ناو بنێم “نهێنییەکان” یاخود ناوێک پەیوەندی بە نهێنییەوە هەبێت، و لیژنەی خەڵاتەکانی کان وتیان، “نەخێر، فیلمی زۆر هەیە ناوی نهێنییەکانی تێدایە” بۆیە دەبوو ناونیشانێک بدۆزینەوە. گوێمان لە مۆسیقاکەی برایان فێری دەگرت بە ناوی “لە هەوای عەشقدا” بۆیە فیلمەکەمان ناونا “لە هەوای عەشقدا”، بۆ نا؟ ڕاستییەکەی، کەشی فیلمەکەیە کە ئەو دوو کەسە نزیک دەکاتەوە لە یەک.

پەیامنێر: هەر سەبارەت بە کەشی فیلمەکە، چی دەربارەی کاریگەری کەشی لاتینی؟ ئازارچەشتنەکە زیاتر لە لاتینی دەچێت وەک لە ئاسیایی، ئەوە بەهۆی ئەوەوەیە وێنەگرتنی فیلمی “Happy together “لە ئەمریکای باشور بوو؟

وۆنگ: زۆر حەزم بە ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتینە و هەمیشە وا بیرم کردووەتەوە کە خەڵکی ئەمریکای لاتین و ئیتاڵیا زۆر نزیکن لە خەڵکی چینەوە بە تایبەتی لە ڕووی ئیرەیی بردنی ژنەکان، سۆزە بەتینەکەیان و بەهای خێزانییەکەیان، لەو ڕووەوە زۆر نزیکن لە یەکەوە. مۆسیقا لاتینیەکەی لە فیلمەکەدایە لەو سەردەمەدا زۆر بەناوبانگ بوو لە هۆنگ کۆنگ. دیمەنی مۆسیقاکەی هۆنگ کۆنگ بە زۆری هی مۆسیقاژەنە فلیپینییەکان بوون. هەموو یانە شەوانەییەکان و مۆسیقاژەنە فلیپینییەکان کاریگەری لاتینیان لەسەرە. لەو کاتەدا زۆر بەناوبانگ بوو لە خواردنگەکاندا. بۆیە بڕیارمدا ئەم مۆسیقایە لە فیلمەکەدا بێت بۆ ئەوەی ئەوە تۆمار بکەم و بڵێم “ئەمە دەنگی ئەو سەردەمە بووە”. هەروەها خۆم بە تایبەت نات کینگ کۆڵم بە دڵ بوو، لەبەرئەوەی گۆرانیبێژی دڵخوازی دایکمە.

پەیامنێر: تۆ زیاتر بە شێوازی فری-ویڵینگ ناسراویت لە فیلمی “Chunking express” و “Fallen angel”، ئەم فیلمە ڕێک پێچەوانەی ئەو شێوازەیە. هەستت بە سنووردارکردن کرد؟ یان هەستت بە ئازادی کرد چونکە شتێکی نوێ تاقیدەکەیتەوە؟

وۆنگ: ئێمە بە جۆری دیاریکراوی شێوازی وێنەگرتن ڕادێین، پاشان خەڵک دەڵێن ئەمە نیشانە یان هێمای بازرگانی ئێوەیە و ئێمەش لەگەڵ ئەوە ڕادێین. ئەوەش زۆر بێزارکەر دەبێت. هەوڵماندا شتێکی جیاوازتر بکەین. بۆ ئەم فیلمە، کریس دۆیڵ دوور بوو لێمانەوە، وێنەگرێکی ترمان هێنا، کە مانای ئەوەبوو نەمدەتوانی وەکوو پێشتر تەممەڵی تێدا بکەم. لەبەرئەوەی لە ڕابردوودا، دەمتوانی پشت بە کریس ببەستم بۆ ڕووناکی و فرەیم. بەڵام ئەمجارە دەبوو خۆم هەمووشتێک جڵەو بکەم. ئەمە پڕۆسەیەکە تێیدا دەتوانم بەشی زیاتری فیلمەکە جڵەو بکەم و شێوازی فیلمەکە زیاتر پەیوەستە بە ناوەڕۆکەکەیەوە.

پەیامنێر: دەتوانیت قسە لەسەر دەرهێنانی هونەرییەکەی بکەیت؟ و ئەو هەموو لەزگە گوڵ گوڵییە قەشەنگانەی تیایدا بەکارهاتبوون؟

وۆنگ: دەرهێنەرێکی هونەری زۆر باشم لەگەڵدا بوو، وڵیەم چانگ، لە یەکەمین فیلممەوە لەگەڵمدایە. بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەردووکمان هەمان ڕابردووی ژیانمان هەیە، بۆیە ئەو هەموو شتێک لە دڵەوە دەزانێت. زۆر بە دەگمەن گفتوگۆ لەسەر فیلمەکە دەکەین، چونکە شێوازی کارکردنمان پێکەوە گونجاوە. ئەو خزمەتی من ناکات، هەوڵ دەدات بیرۆکەکانی خۆی بێنێتە بوون. هەموو بیرۆکەکانیم لە فیلمەکەدا تۆمار کردووە. هەر خۆشی پێداچوونەوەی فیلمەکە دەکات، بۆیە هەندێکجار ئەو بەشانە لادەبات لە فیلمەکەدا کە بە دڵی ئەو نین.

پەیامنێر: زۆر شت هەن بەردەمی کامێراکە دەگرن؟ جۆرە ناوەندێک دروست دەکەن تووشی هەناسە تووندیت دەکات.

وۆنگ: هەمیشە ویستوومانە شتێک لە بەردەم کامێراکەدا بێت، چونکە ویستوومانە هەستێکی وا دروست بکەین کە بینەر ببێت بە یەکێک لە خودی دراوسێکان. بینەران هەمیشە لەو دوو کەسە تێڕادەمێنن.

پەیامنێر: دیزاینکردنی جلوبەرگەکەش زۆر گرنگە. ماگی بە بەردەوام جلەکانی دەگۆڕێت.

وۆنگ: لە ڕاستیدا ٢٠-٢٥ عەزیەمان بۆ ماگی دانابوو بۆ هەموو فیلمەکە. چونکە فیلمەکەمان بڕی و کورتمان کردەوە، وەکوو نمایشی جلوبەرگی لێ هات. بە بەردەوامی جلەکانی دەگۆڕێت. ئامانجی من لە سەرەتاوە ئەوە بوو فیلمەکە بە شێوازێکی دووبارەبوونەوە نیشان بدەم. وەکوو، مۆسیقاکە دووبارە بکەینەوە، گۆشەی لۆکەیشنەکە هەمیشە لەسەر کاتژمێرەکە، ڕاڕەوەکە، پلیکانەکە بێت. چونکە دەمویست ئەوە نیشان بدەم کە هیچ شتێک ناگۆڕێت، جگە لە هەستی ئەو دوو کەسە نەبێت

پەیامنێر: ڕات چییە سەبارەت بە گەیشتنی سینەمای ئاسیایی بۆ ئەمریکا لەم دواییانەدا؟ پێت وایە ئەوە پڕۆسەیەکی دووبارە لە دایکبوونەوەیە یان تەنها ئەوەیە بینەرانی ڕۆژئاوایی تازە ئەوە دەبینن کە چەندێکە بوونی هەبووە؟

وۆنگ: هەمووان پێویستمان بە چیرۆکە. ئەوەی لە ژیانی ڕۆژانەماندا ڕوودەدات چیرۆکەکانمان دەگۆڕێت. سەیری سینەمای ئیتاڵیا و شەپۆلی تازەی سینەمای فەڕەنسی بکە لە ساڵانی ٦٠ـەکاندا، یەکەم نەوەی دوای جەنگی جیهانیی دووەم، هەموویان شتی زۆریان پێیە بۆ وتن بە دیدێکی نوێوە. بۆ ئەم دوو ساڵەش، سینەمای ئاسیایی وەکوو سینەمای کۆری و تەنانەت سینەمای تایلەندیش، زۆر زۆر بەهێز بوون، چونکە کێشە و چیرۆکی نوێ لە ژیانیاندا هەیە، بۆیە هەمان چیرۆکە کۆنەکان دووبارە ناکەنەوە. پێم وایە فیلمسازە گەنجەکان، بیرکردنەوەیان زیاتر جیهانییە لەبەرئەوەشە فیلمەکانیان ئاسانتر دەگات بە بینەرە ڕۆژئاواییەکان.

پەیامنێر: باسی ئەو کەسانەت کرد کە کاریگەریان هەبووە لەسەرت،  ئانتۆنیۆنی، گۆدارد، تروفۆو؟ ئەوان یارمەتیدەر بوون لە پێکهێنانی شێوازی کارکردنتدا؟

وۆنگ: لە ساڵانی ٦٠ـەکانی هۆنگ کۆنگدا، چوون بۆ سینەما شتێکی گرنگ بوو. سینەمامان بۆ فیلمەکانی هۆڵیوود هەبوو، بەرهەمە ناوخۆییەکان و سینەمای ئەورووپی، بەڵام لەو کاتەدا شتێک نەبوو بە ناونیشانی فیلمی هونەری. تەنانەت کارەکانی فێلینیش بە سینەمای بازرگانی دادەنران. بۆیە بە منداڵی کاتێکی زۆرم لە سینەمادا بەسەردەبرد لەگەڵ دایکم و نەماندەزانی کام فیلمە هونەرییە و کامە بازرگانییە، تەنها حەزمان لەوە بوو سەیریان بکەین. لەو کاتەدا لەبەر خودی فیلمەکە دەچووین بۆ سینەما. لە ڕووی کاریگەرییەوە حەزمان لەوە بوو کە دەمانبینی، و ئەوەی لەگەڵمان مایەوە تەنها هەستەکان بوو.

پەیامنێر: تۆ کەسێکی گرنگیت بۆ زۆرێک لە فیلمسازە گەنجەکان، چی پەیامێکت هەیە بۆیان؟

وۆنگ: بابەتەکە هەمووی ئارامگرییە. دەبێت زۆر ئارامگربن. دەبێت چاوەڕوان بن.

پەیامنێر: دەتوانیت باسی فیلمی داهاتوو بکەیت بە ناوی “2046”؟

وۆنگ: فیلمەکە دەربارەی بەڵێنە. لە ساڵی ١٩٩٧ حکومەتی چین بەڵێنی ٥٠ ساڵ گۆڕانکاری دا. وە بیرم کردەوە وتم باشە، پێویستە فیلمێک بەرهەم بهێنم دەربارەی بەڵێنەکان. ئایا بە ڕاستی شتەکان گۆڕاون لە ماوەی ٥٠ ساڵدا؟ بۆیە لە فیلمەکەدا ساڵی ٢٠٤٦ـە، فیلمێکە دەربارەی داهاتوو بەڵام زانستی/خەیاڵی نییە. وەکوو فیلمی “The 5th element” نییە. لە سێ چیرۆک پێکهاتووە، هەر یەکێکیان لە ئۆپێرای ڕۆژئاوایی وەرگیراون، “Madam butterfly”، “Carmen” و “Tanhausen”.

پەیامنێر: ئایا تەرخانکردنی پارە بۆ فیلمەکانت ئاسانتر بووە لەچاو جاراندا، بەو پێیەی ئێستا ناوبانگت پەیدا کردووە؟

وۆنگ: ئەوەندەش ئاسان نییە کە بیری لێ دەکەیتەوە. کاتی ئاسایی ئەگەر بتەوێت لەگەڵ کۆمپانیای بڵاوکەرەوەی ئەورووپی یان کۆمپانیا هاوبەشەکاندا کار بکەیت، دەیانەوێت سکریپتت هەبێت. ئێمەش سکریپتمان نییە، بۆیە ئەوە کێشەکەیە و دەبێت کەسێک بدۆزیتەوە لە کارەکەت تێبگات و متمانەی پێت هەبێت. ئەگەر نا زۆر قورسە.

پەیامنێر: خۆت وتت، دروستکردنی ئەم فیلمە زۆر قورس بوو و لە ڕووی هەستەوە بۆ ئەکتەرەکانیش قورس بووە. ویستم پرسیارێکی گەورەترت لێ بکەم: ئافراندنی هونەر شایەنی ئەو ئازارەیە؟

وۆنگ: ئەمە پرسیارێکی باشە و ئێمەش بەردەوام لە خۆمانی دەکەین. لەبەرئەوەی کاتێک فیلمێک دروست دەکەیت ژمارەیەکی زۆری خەڵک. لەگەڵتدا ئازار دەچێژن، دەزانیت؟ دووریت لە ماڵەوە و هەمیشە وا بیر دەکەیتەوە شتەکان چاوەڕوانتن، بەڵام وا نییە، هەمووشتێک بەردەوامە. و بۆ فیلمی “لە هەوای عەشقدا” قورسترین فیلمە لە ژیانی پیشەییمدا، چونکە بە ماوەی دوو ساڵ ئەم فیلمەمان دروستکرد و لە ماوەی بەرهەم هێنانەکەیدا، قەیرانی ئابووری ئاسیا ڕووی تێکردین بۆیە دەبوو بوەستین لە بەرهەم هێنان چونکە وەبەرهێنەکان کێشەیان هەبوو و دەبوو ئێمەش وەبەرهێنی تازە بدۆزینەوە. بەردەوام بووین لە کارکردن و دەشمانزانی بۆ هەتاهەتایە دەتوانین کار لەسەر ئەم فیلمە بکەین، لەبەرئەوەی عاشقی بوبووین.

بۆیە، بڕیارماندا فیلمەکە بنێرینە فیستیڤاڵی کانەوە، چونکە بەو شێوەیە دوا مۆڵەتمان پێ دەدرا بۆ تەواو کردنی فیلمەکە.

هاوبەشی بکە