26/04/2024
DidiMn Logo
Top

جارجار هەورەکان دەبنە پەنجەرە

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من –  بەختیار حەمەسوور

جارجار هەورەکان دەبنە پەنجەرە(*)
کورتەچیرۆکێکی محەمەد عومەر عوسمان

ئەم کورتەچیرۆکەی لە خوارەوە لەگەڵ ئەم چەند دێڕەدا بڵاو دەبێتەوە، نووسەرەکەی یەک لە شاعیرە ناودارەکانی ئێمەیە لە شیعری نوێی کوردیدا؛ محەمەد عومەر عوسمان (١٩٥٧ – ٢٢ی ١٠ی ٢٠١٩). کورتەچیرۆکەکە لە ژمارە (٢٤)ی گۆڤاری (کاروان)، لە ئەیلوولی ١٩٨٤دا بڵاو کراوەتەوە و یەک لاپەڕەی گۆڤارەکەی گرتووەتەوە؛ لاپەڕە (٥٦). ئەوەندەی من سۆراخم کردبێت و ئاگادار بم ئەمە یەکەمجارە ئاماژە بۆ چیرۆکنووسیی ئەم شاعیرە بکرێ، لەو نووسین و لێکۆڵینەوانەی دەربارەی محەمەد عومەر عوسمان نووسراون و دیومن، هیچ کامیان ئاماژەیان بۆ ئەوە نەکردووە ئەم شاعیرە چیرۆکی نووسیبێت، دیسان ئەوەندەی من ئاگادار بم ئەم کورتەچیرۆکە تەنیا کورتەچیرۆکی محەمەد عومەر عوسمانە و هیچ چیرۆکێکی تری نەنووسیوە، هەڵبەت ئاگاداری ئەوە هەم کە چیرۆکی وەرگێڕاوە. پێشنیار دەکەم بۆ هەر ناوەند و لایەن و کەسێک کە دەیەوێ لە داهاتوودا دیوانی «لە غوربەتا» چاپ بکاتەوە، ئەم کورتەچیرۆکەش وەک بەرهەمێکی شاعیر لە بیر نەکات و بیخاتە دووتوێی لاپەڕەکانیەوە.

کورتەچیرۆکی «هەور» لەو چەشنە کورتەچیرۆکانەیە کە لە شیعرەوە نزیکن، ئەمە ئەگەر نەڵێین شیعرە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو بۆچوونەیە کە چەندان نووسەری وەک توبیاس وۆڵف و ئیزابێل ئالێندی و… لەسەری کۆکن و گوتوویانە، کە کورتەچیرۆکی سەرکەوتوو پتر کە هەر شتێک لە پارچەشیعرێکی جوانەوە نزیکە. کورتەچیرۆکەکە خەونەکابووسێکە، کە لە کۆتاییدا، لە یەک دوو دیالۆگی دوایین دێڕەکانیدا حاڵەتە درامییەکەی دەردەکەوێت و هەر ئەمەش دەبێت بە نوختەی ڕووداون و قەومانی چیرۆکەکە. لەم کورتەچیرۆکەدا دەتوانین هەندێک دەربڕین و وشە ببینینەوە کە تایبەتن بە فەرهەنگیی شیعریی محمەمەد عومەر عوسمان، هەرچەندە وشە موڵکی هیچ کەس نییە، بەڵام خودی مامەڵەکردنی تایبەتیی نووسەر لەگەڵ وشە و جۆرێک دەربڕیندا، دەتوانێت ببێتە ناسنامە و ناسێنەرەوەی شێواز و تایبەتمەندی نووسەرێک. لەم کورتەچیرۆکەدا هەر لە ناونیشانەکەوە؛ «هەور»، دەتوانین ژمارەیەکی زۆر و تایبەتی بەکارهێنانی ئەم وشەیە لە دیوانە بە قەبارە بچکۆلەکەی «لە غوربەتا»دا ببینینەوە، بەپێی ئەو چاپەی لەبەر دەستی منە(**)، ئەم وشەیە، واتا «هەور»، لەو دیوانەدا (٣٦) جار بە مانای لێک نزیک و لێک دوور هاتووە. هاوکات هەندێک لە وشەکانی تری نێو ئەم کورتەچیرۆکە، وەک: «تەم، گریان، چەخماخە، چەتر، پاڵتۆ، پەنجەرە، ژوور، تەمومژ، شەو» لەو وشانەن کە لە قامووس و دێڕەکانی «لە غوربەتا»دا بە لێشاو و شەپۆلئاسا دێن و دەچن. ئەمە جیا لەوەی کە فەزای کورتەچیرۆکەکە هەمان فەزای شیعرەکانی ناو «لە غوربەتا»یە، کە ئەویش خولقاندێکی کەشێکی تا ڕادەیەک سامناک و کارەساوییە، کە تێیدا کارەکتەرێک لە بێداریدایە، لە نیوەشەودا، ئابڵوقەدراو بە تەنیایی و دەنگگەلێکی ترسناک، شەوێک کە «ئاسمان نوقمی برووسکەیە» و سەرما و ڕەهێڵەش بەردەرگا و بەرپەنجەرە بەرنادەن. هاوکات دەتوانین ئاماژە بۆ ڕەگەزێکی بنجیتر و نیشتووتر لە دیوانی «لە غوربەتا» بکەین، ئەویش ڕەگەزی گێڕانەوەیە، هەر ئەمەش مەیل و نزیکایەتی شیعرەکان و ئەم کورتەچیرۆکەی پێکەوە توند گرێ دەدات.

نووسینەوەی ئەم کورتەچیرۆکە(***)، یادێکە لە دنیا پاییزییەکەی شاعیرێک، کە هەمان نووسەری کورتەچیرۆکی «هەور»ە.

***

هەور

محەمەد عومەر عوسمان

شمشێری ئاوابوون تازە خۆری سەربڕی بوو… تەمێکی سوور ڕژابووە دەشت و هەرد و چیاکانەوە… چەند پەڵەهەورێکیش بەسەر چیاکەوە، لە ئاهەنگی گریان بەجێ مابوون.

من بەخیلی بە هەور ئەبەم، ئەو وەکو من بۆ فرمێسک دانامێنێ، هەر کاتێک بیەوێ بگری ئەداتە چەخماخە… دەست ئەکا بە گرمەگرم… لە گریانێکی بە کوڵا ئەتوێتەوە، هەموو دنیاش ئەشواتەوە، خەڵک لەتاوا چەتر هەڵئەدەن، پاڵتۆ لەبەر ئەکەن، کەسیش لۆمەی ناکا، بەڵام من نە چەتر هەڵئەدەم، نە پاڵتۆ لەبەر ئەکەم… من و هەور لە یەک ئەچین، تەنها ئەوە نەبێ، من لە ناوەوە ئەگریم ئەو بە ئاشکرا، ئای… ئم… تاوێکی تریش شەو دادێ، شەو… بێداری… چریسکەچریسکی گڵۆپەکان، ژوورێکی تەنیا و پەنجەرەیەکی بێ پەردە…

-پەڵەهەورێ دائەگرم و ئەیکەم بە پەردە بۆ پەنجەرەکەم.

-تۆ لە ڕووناکیی بێزاریت؟

-نەخێر گەورەم.

-ئەی مەبەستت چییە؟

-ئەگەر هەفتەیەک خۆر ئاوا نەبێ، دنیا ئەسووتێ، دەریاکان ئەبنە هەڵم، سەرچاوەکان وشک ئەبنەوە.

-ئەتەوێ بڵێیت: کە ڕۆژ هەبوو ئەبێت شەویش هەبێت؟

-ڕۆژ ڕاکردنە و شەویش پشوو.

-کامیان سەرەتان؟

-نازانم، بەڵام من شەو لە ڕۆژ بێ ئارامترم.

-تێناگەم.

وەڵامم نەدایەوە… بە پەیژەی ئەو تەمومژەی ئاسۆدا هەڵزنام و پەڵەهەورێکم لە ترۆپکی چیاکە کردەوە و موچڕکەیەک بە گیانما هات… هەروەکو لەزگەیەک لە برین بکەمەوە، ئاوا هەرچۆنێ بێت…ئەمشەو زوو ئەنووم. چریسکەچریسکی گڵۆپی دارتێلەکەی کۆڵان بە شەوارەم ناخات، بە پڕتاو خۆم کرد بە ماڵەوەدا و بێ ئەوەی کەس ئاگاداری ئەم کەینوبەینە بێت… کردم بە پەنجەرەکەمەوە و بە نیازی نوستن، پێڵووی چاوم نایە سەریەک… تاریک و ڕوون لە گرمەگرمێک ڕاچڵەکیم، هەورەکە بوو.

-دیسان ئازاد وڕێنە ئەکات.

گوێم لە باوکم بوو ئەوەی بە دایکم وت، تومەس گوێی لە گرمەگرمی هەورەکە بووە.

هەورەکە گریا… بەتاو فرمێسکی ڕشت، بەسەر نوێن و بیجامەکەمدا توایەوە… جا نازانم هەورەکە بۆ گریا، لەبەر ئەوەی گزنگی ئەو بەیانییەی لێ گرتبووم، یان بەسەر کڵۆڵیی منا گریا… چونکە لە سەرمانا خۆم گرمۆڵە کردبوو، دەرگای ژوورەکەم کردەوە، هەموو گیانم تەڕ بووبوو… دایکم سەیری کردم و زەردەخەنەیەک گرتی… خۆی کرد بە ژووردا و بەتانی دۆشەکەکەی هەڵگرت… بە نیازی وشکبوونەوە دای بەسەر دیواری نێوان خۆمان و دراوسێکەماندا و ڕووی کردە خوشکە گەورەکەم و بە چرپە وتی: حەپسە… دیسان ئازاد میزی کردووە بە خۆیدا.

١٩/١٠/١٩٨٢

کەرکوک

______

پەراوێز و تێبینی:

(*): ناونیشانەکە لە دێڕێک شیعری محەمەد عومەر عوسمان خۆیەوە وەرگیراوە.

(**): لە غوربەتا، شیعر، محەمەد عومەر عوسمان، چاپی دووەم، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی ٢٠٠٢.

(***): لە نووسینەوەی کورتەچیرۆکەکەدا پاپەندبووم بە شێوەنووسینی نووسەرەکەیەوە، کە هەمان شێوەنووسینی دیوانەکەیەتی، بۆ نموونە لەبری «دە»ی کردار، تێکڕا «ئە»ی نووسیوە، منیش وەک خۆی دامناونەتەوە، تەنیا ئەو وشانەی کە پێویست بوون پێکەوە بنووسرێن، هەروەها ئەو چەند نوختەیەی بە دوای یەکدا دانراون و وا گونجاوتر بووە لەبریان تەنیا نوختەیەک یان فاریزەیەک هەبێت، گۆڕیومن.

هاوبەشی بکە

bakhtyar hamaswr,