24/12/2024
DidiMn Logo
Top

جیهانی من و شەفیقە خان

لە لایەن دیدی من 48 خولەک پێش ئێستا

دیدی من – شاجوان نەریمان

قاوەکە خەریکە ‌‌هەڵدەچێت، منیش وا خەریکم دوا لاپەڕەی کتێبەکەی هانا ئارێنت دەخوێنمەوە و خۆم ئامادە دەکەم بۆ یەکێک لە گەورەترین کۆنفرانسەکان لەسەر بابەتی ژن و جینۆساید لە پراگ. نازانم کام ڕەنگە بپۆشم؛ سپی یان ڕەش. بە بیرم هاتەوە نەنکم  هەمووکات پێی دەگوتم:

“پەیمان نەکەیت هەرگیز ڕەش بپۆشیت… نازدارەکەی خۆم، نامەوێت ئیدی ئەو ڕەنگە ببینم، ئاخر نامەوێت ئەو ڕۆژگارانەم بە بیربێتەوە!”

لەگەڵ هەناسەیەکی قووڵ، کراسە ڕەشەکەم دانا و قاتە سپییەکەم پۆشی کە جوانی و پاکی هەموو ئافرەتێکی ئەم وڵاتەم تێدا دەبینی. خۆمم بینی لە ئاوێنەکەدا:

” پەیمان ئەمە خەیاڵ نییە، ئەمە تۆیت، ئەو کچە تاقانەیەی کە بۆ نەنکی مایەوە،  ئەو کچەی کە دایک و باوکی لە ئەنفالەکە بۆ هەمیشە وون بوون. هەر ئەو شەوە نەنکت تۆی برد و دەرباز بوو لە دەنگی تۆپباران و هاوار هاواری عەسکەرەکان،  لە کاتێکدا چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسک و نەیدەزانی چی لە کچەزا ساواکەی بکات، ئاخر خۆی جەرگی سووتا بوو، بەڵام تۆی بۆمایەوە و ناوینایت پەیمان تا پەیمانێک بیت لە ژیانی، کە هەموو ڕۆژێک زەردەخەنە بخەیتەوە سەر لێوەکانی…”

لاپتۆپەکەم هەڵگرت ولەگەڵ کتێب ودەفتەر و قەڵەمەکەم خستمە ناو جانتاکەم  و جارێکی دیکە هاتمەوە بەردەم ئاوێنەکە و سەیرم کرد لە پێشەوە چەند تاڵێکی سپی لە قژمدا هاتووە… لەپڕ گوێم لە دەنگی بوو لە گوێمدا: “پەیمان گیان، زۆر حەز دەکەم پێش ئەوەی بمرم منداڵەکانت ببینم… دەزانم هەموو ژیانت تەرخان کردووە بۆ خوێندن و کارەکەت، بەڵام بیر لە خۆشت بکەرەوە.” بەڵێ، نەنکم زۆر کات وەک سەردەمی جاران بیری دەکردەوە؛ دەهاتە ژوورەکەمەوە و دەیگوت: “وەرە تۆزێ لەلام دانیشە، تۆ کتێبەکانت کردووە بە هاوڕێی هەمیشەییت.”

ڕاستە تەمەنم وا سی وپێنج ساڵە و بەدرێژایی ئەو چەند ساڵەی ژیانم بەردەوام ئالوودەی خوێندنەوە و کارکردن بووم  کە چەندین ژنی وەک نەنکم تینووی ئەو ژیانە بوون، تینووی ئەوە بوون کە دەنگی خۆیان بخەنە سەر لاپەڕەیەکی سپی، کە چیرۆکی ڕۆژانی لادێ و ژیانی ناو زیندان بگێڕنەوە. بەڵام ئەوە خەونێک بوو بۆ ئەوان کە هەردەم لەناو دڵیاندا دەیانووسیەوە و بە فرمێسکەکانیان دەڕیان دەبڕی. نەنکم، هەموو ڕۆژێک کە دەیبردم بۆ قووتابخانە، ئەو کات ناوەڕاستی ساڵی نەوەتەکان بوو، چەند ساڵێک بوو هاتبووینەوە ناو شار.

لە ڕێگادا جانتاکەی بۆ هەڵدەگرتم و دەستی دەگرتم و پێی دەگوتم: “پەیمان، بەڵێنم پێ بدە کە گەورە بوویت بمبەیت بۆ پیاسەی ئێواران، بمبەیتەوە بۆ ناو دێ و جارێکی دیکە لە ئاوی کانییەکە بخۆمەوە…” هەموو ڕۆژێک کە دەهاتمەوە لە قوتابخانە قسەکانیم وەک یادەوەری دەنووسیەوە، چونکە ئەو تەنها هاوڕێم بوو، هەموو کات باسی خۆشەویسەتی دایک و باوکمی بۆ دەکردم، بەڵام هەرگیز باسی ئەو ڕۆژانەی نەدەکرد کە لە زیندان بەسەری بردووە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی تا ئەو کاتەی کە گەورە بووم. ڕۆژێک لە زانکۆ دەگەڕامەوە، بینیم دانیشتووە و سەیری چەند وێنەیەکی ڕەش و سپی کۆن دەکات و فرمێسکەکانی دەسڕێت، باوەشم پێدا کرد و گوتم: “شەفیقە خان بۆ دەگریت؟ تۆ نازانیت من ناتوانم بەم شێوەیە بتبینم؟” هەر ئەو کاتە بوو بۆی باس کردم کە چ ئازارێک لە دڵیدا هەیە و ئەو هەموو ساڵە لەگەڵ گەورەبوونی من کە تاکە هاوڕێی و ئەندامی خێزانی بووم ئەو چیرۆکەی لە دڵە هیلاکەکەی هەڵگرتبوو. لەگەڵ ئەو هەموو یادەوەرییە ناخۆشانەی هەیبوو، بەڵام خۆشییەکی قووڵ هەموو ژیانی ڕەنگاوڕەنگ کردبوو، ئەویش ئەوە بوو کە من توانیم لە بەشی یاسا بخوێنم و ببم بە ئەندام لە چەندین ڕێکخراو بۆ مافی مرۆڤ و ژنان.

دوای دەرچوونم لە زانکۆ  توانیم ببم بە پارێزەرێکی  سەرکەوتوو و بەشیوەیەکی بەرچاو سەڕقاڵ بووم  بە کارکردن لە بوارەکەی خۆم بەتایبەتی لە بواری ژنان. پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و تێکەڵبوون بە جیهانی دەرەوە یەک جار مێشکمی داگیر کردبوو، کە زۆر کات شەو دڕەنگ دەهاتمەوە یان دەبوایە سەفەر بکەم، لەو کاتانەدا نەنکم زۆر نیگەران دەبوو کە چۆن من بە تەنها بتوانم ئەم هەموو کارە ئەنجام بدەم. لەگەڵ ئەوەی زۆر حەزی دەکرد سەرکەتبوو بم لە ژیانمدا بەڵام لەلایەنی ژیانی کۆمەڵایەتیەوە دوو بیرکردنەوەی جیاوازمان هەبوو، وە هەر ئەوەش بوو کە هاوسەنگییەکی زۆر جوانی دروست کردبوو لە نێوانماندا.

لەگەڵ تێپەڕبوونی کات نەنکم زیاتر پیر و لاواز دەبوو.لەگەڵ لاواز بوونی و جەستەیی ئەو و بەهێزبوونی کەسایەتی من خۆشترین هەست ئەو کاتانە بوو کە دەستم دەگرت و دەمخستە سەر سنگم، هەردووکمان هەستمان بە ئارامی دەکرد. ڕۆژێک لە کارەکەم هاتمەوە و گوتم: “شەفیقە گیان خۆت ئامادە بکە با بڕۆین بۆ شوێنێکی زۆر تایبەت.” سەیری کردم و گوتی: “بۆ کوێ پەیمان؟” لەگەڵ زەردەخەنەیەک، چوومە بەردەمی و دەستم خستە سەر ڕوومەتەکانی و سەیری ناو چاوە کاڵەکانیم کرد و گوتم: “دەچین بۆ لای ئەو کانییەی کە هەردووکمان تینوو بووین بۆ خواردنەوەی ئاوەکەی.” هەستم کرد چاوەکانی پڕبوون لە فرمێسکی خۆشی و باوەشی پێدا کردم و گوتی: “پەیمان، بەڵام ئەو کانییە زۆر دوورە و ناتوانین بیدۆزینەوە!” بە پێکەنینەوە وەڵامم دایەوە: “شەفیقە گیان، دونیا گۆڕاوە و هیچ شتێک ئیدی دوور نییە بۆ من و تۆ!” دوای چەند کاتژمێرێک لە بەسەربرنی کات لەڕێگا و گوێگرتن لە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک و عەلی مەردان، زوو زوو ئۆتۆمبێلەکەم دەوەستاندند و دادەبەزین بۆ سەیرکردنی دیمەنی جوانی سرووشت، ئەو سرووشتەی کە جوانیەکەی چەندین ساڵ داپۆشرابوو بە دووکەڵی جەنگ.

کاتێک گوندەکەمان دۆزییەوە و چووینە نزیک کانییەکە، هەستم بە هەتاوی دوانیوەڕۆی پایز کرد لەگەڵ جریوەی چۆلەکە و خوڕەی ئاوی کانییکە. لە بن درەختێکدا، نەنکم دانیشت و منیش سەرم لەسەر ڕانی دانا و گوتم: ” گۆرانییەکم بۆ بڵێ کە ئاوازەکەی تێکەڵ ببێت بەدەنگ و ڕەنگی ئەم سرووشتە.” کە دەستی بە قژمدا دە‌هێنا هەستم بە لاوازی دەستی دەکرد، بەڵام زۆر ئارام بەخش بوو. ڕاستە هەر یەکێکمان لە جێهانێکدا دەژیاین، ئەو لە ڕابردوو و منیش لە ژیانی مۆدێرنی ئێستا؛ ئەو هەموو خەیاڵەکانی لەلای ئەو ژیانە سادەیەی لادێ و منیش لە جیهانی زانست و ژاوەژاوی کۆمەڵگا و کێشەکانی سەردەمی سەرمایەداری و ڵێکۆڵینەوە لەو هەموو کەیسەی بەردەوام لە نووسینگەکەم خوێندنەوەم بۆ دەکردن. “شەفیقە گیان چۆن باپیرمت ناسی؟ خۆشەویستت بوو؟”  لێم پرسی وبەپێکەنینەوە وەڵامی دامەوە: “خۆشەویستی و هاوسەرگیری ئەو سەردەمە زۆر جیاواز بوو پەیمان!”  دوای چەند کاتژمێرێک، لەگەڵ خۆرئاوابووندا هەستم بە سەردی دەستەکانی کرد، بینیم چاوەکانی نووقاندووەو پاڵی بە درەختەکەوە ناوە. ئەو کات زانیم کە شەفیقە خان بۆ هەمیشە جێی هێشتم. هەر لەو شوێن و کاتەدا هەموو شتێک لە جووڵە وەستا و گوێم لە دەنگی چەند ژنێک بوو بانگیان دەکرم: “پەیمان! ئێمە هێشتا لێرەین، چاوەرێی دەنگی تۆین…” هەستام… ڕۆشتم… لە دەنگەکە نزیک بوومەوە هەموو شوێنەکە بوو بە تەم و کانییەکە گۆڕا بۆ گۆمێک.

لەوێ بینیم کۆمەڵێک ژن وەستاون لە نێوانیاندا دایک و نەنکم، هەموویان کراسی کوردی ڕەنگی سپییان پۆشیبوو. ئەوان لەوبەری گۆمەکە و منیش لەمبەرەوە. ترسێکی زۆرم لێنیشت، لەهەمان کاتتدا هەستێکی سۆزداریم لادروست بوو کە دەمویست باوەشیان پێدا بکەم، بەڵام ئەوان بە پێکەنینەوە ڕۆشتن و منیش لەگەڵ فرمێسکەکانم بۆ ساتێک وەستام، هەستم کرد سەرم سوورا لە هەموو پرسیارە سەیر و سەمەرەکانی ژیان،  بەبێ هیچ جووڵەیەک وەک منداڵێکی پچووک چاوەڕێی گەڕانەوەی ئەوان بووم.

لە قووڵایی ئەو خەیاڵە بووم کاتێک زەنگی مۆبایلەکەم لێیدا، بە بیرم هاتەوە کە کاتژمێرێکی دیکە دەبێت لە فڕۆکەخانە ئامادە بم. چیرۆکی نەنکم و چەندین ژنان لەسەر توێژینەوەکەم ئامادەیە کە بیگەیەنم بە جیهان…. وەک ژنێکی کورد بەشداریم  دەکرد لە کۆنفرانسێکی جیهانی کە باسم لە ڕۆڵی ژنانی کورد دەکرد لەسەردەمی بەعس کە چۆن لە پڕۆسەی ئەنفال و کیمیاباران و زیندانی سیاسی بەردەوام بوون لە ژیان بە هیوای بینینی تیشکی خۆر و هەڵمژینی هەوای ئازادی. شەفیقە خانی نەنکم لەگەڵ ئەوئاواتە بۆ هەتاهەتایە جێی هێشتم و منیش لەگەڵ یادگارییەکانی ئەو بەردەوام بووم لە ژیان. لەگەڵ هەناسەیەکی قووڵ، دەرگای ژوورەکەم داخست و چوومە دەرەوە، چاوەڕێم دەکرد ئۆتۆمبێڵی تایبەت بە فرۆکەخانە بێت، لەپڕگوێم لێبوو پێشەوا ومنداڵەکانم  بانگیان کردم وهاتن بۆ ماڵئاوایی. لەگەڵ زەردەخەنەیەک، سەیری وێنەی نەنکمم کرد کە لەناو ملوانکەکەم بوو و پێم گوت: “شەفیقە خان، من و تۆ چیرۆکمان بەردەوامە…”

                                                                                                                     پایزی ٢٠١٩

هاوبەشی بکە