30/10/2026
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی جیم جارموش: فیلمی گوڵە ژاکاوەکان، گەشتێك بەنێو ڕابردوودا

لە لایەن دیدی من 1 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من – چرۆ عیزەت
سەرپەرشتیاری پەڕاو: چرۆ عیزەت

لە پاش بەرهەمهێنانی فیلمی “شەو لەسەر هەسارەی زەوی” فیلمسازەکە وەکوو نوێگەرییەك تا ڕادەیەك لە ڕەوتی فیلمەکانی دێتە دەرەوە، ئەو نەك هەر ئەوەی فیلمەکانی لە ڕەش و سپییەوە ڕەنگاو ڕەنگ دەکات؛ بەڵکو ئیتر ڕەنگ دەبێتە کاراکتەرێکی سەرەکی فیلمەکان، (جارمووش) لەسەر درووستکردنی فیلمی فرە چیرۆك ڕاهاتبوو بەڵام لەم فیلمەدا یەك کاراکتەر خاوەنی سەرجەم چیرۆکەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا چەشنی فیلمەکانی ڕابردووی مرۆڤی نامۆ و گۆشەگیر و پەراوێزخراو سەرتاپای فیلمەکە بەناوی خۆیەوە دەکات.


چیرۆکی فیلمەکە باس لە پیاوێکی خانەنشین دەکات بە ناوی (دۆن جۆنستۆن)، کە لە ماڵەکەیدا خۆی گیر کردووە، بێدەنگ و کەم دوو و گۆشەگیرە و بەدرێژایی کات بە تەنیا دادەنیشێت و لە “هیچ” دەڕوانێت، تاکە کەس لە ژیانیدا دوو دراوسێ عاشقەکەیەتی، کە ژیانیان تەواو پێچەوانەی ژیانی (دۆن)ە، ئەوان پەیوەندییەکی قووڵی خۆشەویستی لەنێوانیاندا هەیە سەرەڕای هەبوونی چەندین مناڵ، بە ئومێدەوە لە ژیان دەڕوانن و خێزانەکەیان گرنگترین شتە بە لایانەوە.
(دۆن) لە پەیوەندی خۆشەویستیدا شانسی نەبووە، لە کاتێکدا کە خۆشەویستەکەی ئێستای بەجێیدەهێڵێت نامەیەکی لە ناونیشانێکی نادیار و کەسێکی نادیارەوە لە زەرفێکی پەمەییدا پێ دەگات، تاکە شتێك لەبارەی نامەکەوە زانراو بێت ئەوەیە کە یەکێك لە خۆشەویستەکانی ڕابردووی بۆی ناردووە و تێیدا ئاماژەی پێکردووە کە کوڕێکی تەمەن نۆزدە ساڵانی هەیە و لەئێستادا بەدوایدا دەگەڕێت.


ئەگەرچی نامەکە لە سەرەتادا گرنگییەکی ئەوتۆی بۆ (دۆن) نییە بەڵام دراوسێکەی پێشنیاری بۆ دەکات کە لیستێك لە ناو و ناونیشانی خۆشەویستە کۆنەکانی ئامادە بکات و بە چەپکێك گوڵی پەمەییەوە سەردانی هەریەکێکیان بکات هەتاکوو بزانێت ئاخۆ خاوەنی نامەکە کامیانن، لێرەوە (دۆن جۆنستۆن) گەشتێك بەنێو ڕابردووی خۆیدا دەستپێدەکات.

لە دەستپێك هەتاکوو کۆتایی فیلمەکە و بەدرێژایی دیمەنەکان لێرەو لەوێ ڕەنگی پەمەیی بەرچاوی بینەر دەکەوێت، دەستپێکی بەکارهێنانی ڕەنگەکە دەگەڕێتەوە بۆ کاتی ڕۆیشتنی (شێری) بە جلێکی پەمەیی و گەیشتنی نامەیەکی ڕەنگ پەمەیی لە هەمان کاتدا، کە لەڕاستیدا تەنها بەکارهێنانی ڕەنگەکە نییە لە لایەن فیلمسازەکەوە بەڵکو لە سەرەکیترین کەرەستەکانی فیلمەکەیە.


بەکارهێنانی ئەم ڕەنگە ئاماژە و نوێنەری عەشق و سۆز و خۆشەویستی و وزەی ژنانە و، بوونی مێینەی زۆرە لە ژیانی کاراکتەرەکەدا، (دۆن جۆنستۆن) پێویستە بیر لەوە بکاتەوە ئاخۆ کام لە خۆشەویستەکانی ڕابردووی حەزیان لە ڕەنگی پەمەیی بووە؟ کامیان زیاتر خۆشیویستوون و لەگەڵ کامیاندا زیاتر هەستی بە بوونی پێگەی خۆی وەکوو پیاوێك کردووە؟ هەر بۆیەش بۆ لای هەر یەکێکیان بە چەپکێك گوڵی پەمەییەوە دەڕوات، لە کاتێکدا بە جۆرێك لە جۆرەکان ڕەنگەکە لە ژیانی هەموویاندا بوونی هەیە و لێرە و لەوێ چەندین پارچەی دیکەی ڕەنگ پەمەیی دەبینین، کە دەکرێت بە ئەنقەستیش بووبێت هەتاکوو فیلمسازەکە سەر لە کاراکتەری سەرەکی و لە بینەریش بشێوێنێت، هەتاکوو زیاتر پارچەی پەمەیی ببینین گومان و پرسیاری زیاتر درووست دەبێت، کە هەمیشە فیلمەکانی (جارمووش) لە جیاتی وەڵامی پرسیارەکە پرسیاری زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنن.


لە لایەکی دیکەشەوە ڕەنگی ژیانی (دۆن) پێچەوانە دەکاتەوە، کاراکتەرەکە کەسێکی کەئیب و ڕەشبینە، بەدرێژایی کات بەدیار تەلەفزیۆنەکەیەوە دادەنیشێت و چیتر کاردانەوەی بۆ هیچ شتێك نەماوە، ئەگەرچی خاوەنی سەرمایەیەکی باشە بەڵام خۆی کەسێکی بەتاڵ و پووچە، لەکاتێکدا ڕەنگی پەمەیی ڕەنگی ژیان و خۆشی و وزە و جووڵەیە.

لە فیلمەکانی (جارمووش)دا سەرجەم کاراکتەرەکان کەسانی نامۆ و ڕەشبین و گۆشەگیرن کە بە دوای دەلاقەیەکی ئومێددا دەگەڕێن، ئەوان کێشەیان لەگەڵ نامۆبوونیاندا نییە بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەگەر ڕێگەیەکی دەربازبوون هەبێت دەیگرنە بەر هەتاکوو مانایەك بە بێمانایی ژیانیان بدەن، (دۆن جۆنسۆن)یش چاکترین نموونەی ئەم کاراکتەرانەیە، گەشتەکە و سەردانەکانی چەنێك گەشتی گەڕان بێت بەدوای کوڕەکەیدا، هێندەش گەشتی گەڕانە بۆ دۆزینەوەی خۆی، (دۆن) چەندین ساڵە خەمۆك و گۆشەگیرە، وازی لەوە هێناوە پەیوەندییەکی جددی هەبێت و تەنانەت کاتێك (شێری) خۆشەویستەکەی ئێستای بەجێیدەهێڵێت؛ (دۆن) چیتر شەڕی مانەوەی ناکات، لەکاتێکدا هێشتا لەناخی خۆیدا هەست بە تاوان دەکات بۆ لەدەستدانی خۆشەویستەکەی بەڵام هیچ کاردانەوەیەکیشی بۆی نابێت.
بەڵام ئەوەی لە گەشتەکەیدا بەریدەکەوێت هەستکردنیەتی بە پووچی و بەتاڵی و بێمانایی ژیانی خۆی، ئەو دەگەڕێتەوە نێو یادەوەرییەکانی ڕابردووی، دەبینێت کە چۆن هەر یەکێك لە خۆشەویستەکانی ژیانی خۆیان بەردەوام کردووە، خاوەنی خێزان و کار و پیشەی خۆیانن و چیرۆکیان هەیە هەتاکوو بیگێڕنەوە، بە پێچەوانەی (دۆن)ەوە کە تەسلیمی خەم و بێمانایی ژیان بووە و ئەوەش بەرەو دواکەوتوویی لە ژیان و نامۆیی و گۆشەگیری و تەنیاییەکی قووڵی بردووە، (دۆن) کاتێك سەردانیان دەکات دەبینێت هەندێکیان لە سەرەتادا نایناسنەوە، هەندێکیشان هەتاکوو ئەمڕۆ (دۆن)یان لەیاد نەکردووە و تەنانەت یەکێکیان تاکوو ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی هاوسەرگیری کردووە هێشتا ئەو ملوانکەیەی لە ملدایە کە کاتی خۆی (دۆن) بە دیاری پێشکەشی کردووە.

لە یەکەم سەردانیدا (لۆلیتا) بە ڕۆبێکی پەمەییەوە دەرگا لە خۆشەویستە کۆنەکەی دایکی دەکاتەوە، ئەو کچێکی سەرەڕۆ و بێشەرمە، ئەم کاراکتەرە نوێنەرایەتی پچڕانی پەیوەندی نێوان نەوەکان و شکستی پەروەردەی منداڵ دەکات، (لۆلیتا) هیچ شەرم و ڕێزێکی بەرامبەر میوانێکی ناوەختەی نەناسراو نییە و بەڕووتی بە بەردەمیدا دێت و دەچێت و قسە فڕێ دەدات و دەخواتەوە، هەروەها لە ڕێی (لۆلیتا)وە فیلمسازەکە پیشانی دەدات کە منداڵێك بەبێ باوك و لەژێر دەستی دایکێکی گۆشەگیر و سەڵتدا منداڵێکی چەندە لاسار و بێ پەروەردەی لێ دەردەچێت.


لە لایەکی دیکەشەوە فیلمسازەکە (دۆن) دەخاتە ژێر تاقیکردنەوەی شەهوەت و هەست و سۆزەوە، ئەو کەسێك بووە پەیوەندییەکی بێشووماری لەگەڵ ژناندا هەبووە و تەنانەت لە دیمەنەکانی کۆتاییدا دانی پێدا دەنێت کە حەزی لە ژنانە، ئەگەرچی شکستی لە هەموویاندا هێناوە و هیچ پەیوەندییەکی جددی نییە بەڵام هێشتاش ژنان بە لاو و بەتەمەنەوە سەرنجی ڕادەکێشن.


(لۆلیتا) بە ڕۆبێکی پەمەییەوە دەرگای لێکردەوە و (لۆرا)ش بە جلێکی خەوی پەمەییەوە لە دوای ماڵاواییکردن لێی دەرگای لێ دادەخات.
(لۆرا) نوێنەری ژنێکی بە ئەمەك و بەوەفایە، ئەگەرچی پەیوەندییەکەیان سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام (لۆرا) هێشتا ڕێزێکی زۆر لە (دۆن) دەگرێت و خۆشەویستی بۆی ماوە و هەمیشە دەرگای ماڵەکەی بەڕوویدا دەکاتەوە.

دووەم سەردانی (دۆن) بەرەو ڤێلاکەی (دۆرا)یە، بە ئەمەکترین، ڕاستگۆترین و بەسۆزترین کەس لە ژیانی (دۆن)دا، ئەو هاوسەرگیری کردووە و هاوسەرەکەی هێندەی دنیا خۆشیدەوێت، خاوەنی کاری خۆیانن و سەرمایەیەکی زۆری هەیە و ڕەنگی بزنس کارتەکانی پەمەین. ئەگەرچی لە سەرەتادا وا پیشانی دەدات کە (دۆن) ناناسێتەوە بەڵام هێشتا بە قووڵی عاشقی (دۆن)ە و لەنێو یادەوەرییەکانی خۆشەویستە کۆنەکەیدا دەژی، ساڵانێکە ئەو ملوانکە مروارییە لە مل دەکات کە (دۆن) بۆی کڕیووە و هیچ کاتێکیش نەیوویستووە منداڵی لە هاوسەرەکەی هەبێت، منداڵێك لە خۆشەویستی ژیانی نەبێت بوونی نەبێت باشترە.
لێرەوە فیلمسازەکە پیشانی بینەر دەدات کە چۆن دەشێت کەسێك هێندە لە ڕابردوودا مابێتەوە، چۆنیش لەبیرکردنی هەندێك لە کەسەکان و هەستەکان شتێکە نزیك لە مەحاڵ.

(دۆن) لە گەشتی سێیەمیدا سەر لە (کارمن) دەدات، هەتاکوو لە دۆخێکی تەواو جیاواز لەگەڵ ڕابردوویدا بیبینێت، (کارمن) کە بە پانتۆڵێکی پەمەییەوە کامێراکە دەیهێنێتە پێش چاوی بینەران؛ دوای شکستی خۆشەویستی بەهێزتر دەستی بە ژیان کردووەتەوە، لەڕێی پەیوەندی لەگەڵ سرووشت و ئاژەڵەکاندا برینەکانی ساڕێژ کردووە و پەیوەندییەکانی تەندرووستتر بوون، ئەو ئێستا کار لەسەر تێگەیشتن لە هەست و دۆخی ئاژەڵەکانیش دەکات نەك هەر مرۆڤ، ئەو چیتر خاتوونێکی عاشق و دیل نییە و ڕێگە نادات هیچ شتێك بەسەریدا زاڵ ببێت، سنوورەکانی دەپارێزێت و ڕێگە نادات خۆشەویستە کۆنەکەی سنوورەکانی ببەزێنێت، (دۆن) ناچار دەکات چاوەڕێی بکات هەتاکوو چاوپێکەوتنەکانی تەواو ببن ئەوکات بیبینێت، وەڵامی پرسیارەکانی (دۆن) ناداتەوە و بە لایەوە گرنگ نییە ڕوونکردنەوەی بۆ بدات، هیچ ڕقێکی لە دۆن نییە؛ بەڵام بەدڵنیاییەوە هیچ خۆشەویستییەکیشی بۆی نەماوە، ئەگەرچی هێشتا ڕێزی لێ دەگرێت بەڵام بوون و نەبوونی (دۆن) وەکوو یەك وایە بۆی و سارد و سڕ وەکوو تەواو بێگانەیەك هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکات.


(کارمن) نوێنەری ئەو ژنە بەهێزانەیە کە دوای شکستی خۆشەویستی کۆنتڕۆڵی هەستەکانیان دەکەن و لە تاریکییەوە هەڵدەسنەوە هەتاکوو بە خۆیانەوە ژیانی دەوروبەرەکەشیان ڕووناك بکەنەوە و ڕێزگرتن لە خۆیان و هەستەکانیان لە ئەولەویاتەکانیانە.

لە پاش بڕینی مەودایەکی دوورودرێژ (دۆن) دەگاتە بەردەم ماڵەکەی (پێنی) هەتاکوو بۆی دەربکەوێت دەشێت ژیانە خراپەکەی ئاهی ئەو بێت.
(پێنی) یەکێك بوو لە خۆشەویستەکانی ڕابردووی (دۆن) بەڵام پاش جیابوونەوەیان ژیانی تێك دەچێت و (پێنی) تا ئاستی شێتبوون چووە، ئەو چیتر نایەوێت (دۆن) ببینێت و نەفرەتی لێ دەکات و پێی وایە بەهۆی ئەوەوە ژیانی سەراوژێر بووە، لەم دیمەنەدا فیلمسازەکە پیشانی دەدات کە هەندێکجار پەیوەندییەکان بە ڕق و نەفرەتێکی زۆر کۆتاییان پێ دێت.


پلانی سەرەکی سەردانەکانی (دۆن) بۆ گەڕان بوو بەدوای تایپڕایتەرێکدا هەتاکوو بتوانن لەڕێیەوە بەراوردی بکەن بە دەستخەتی نامەکە و ئاواش خاوەنی نامەکە بدۆزنەوە، لە کۆتاییدا تایپڕایتەرەکە بە ڕەنگی پەمەیی لە لای (پێنی) دەبینێتەوە بەڵام ڕق و نەفرەتی خانمەکە هێندە زۆرە بۆ (دۆن) کە ئەگەر خاوەنی نامەکەش بێت و منداڵێکیشیان هەبێت تازە هیچ سوودێکی بۆی نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەشێت جارێکی تر بۆ سەرلێشێواندن فیلمسازەکە ئەم تایپڕایتەرەی بە دیمەنەکەدا کردبێت.

پاش گەشتکردن بە نێو یادەوەرییەکانی ڕابردوویدا و بینینەوەی سەرجەم خۆشەویستەکانی، (دۆن) ئەو خاتوونەش لە سەردانییەکانی بێ بەش ناکات کە ساڵانێك ئەوینداری بووە و چیتر لە ژیاندا نەماوە، بە چەپکە گوڵێکی پەمەییەوە گۆڕەکەی (میشێل) بەسەردەکاتەوە و لێرەوە بە نائومێدی و بەبێ دەستکەوتنی هیچ وەڵامێك دەگەڕێتەوە لای دراوسێکەی.

لە کۆتاییشدا کوڕێکی گەنج بە جانتایەکی کۆڵەپشتەوە کە قردێلەیەکی پەمەیی پێوەیە خۆی بە دیمەنەکەدا دەکات، پاش گفتوگۆیەکی کەم و کورت لەگەڵ (دۆن)دا بۆ چەند خولەکێك (دۆن) ئەو ئومێدە دەیگرێت کە ئیتر کوڕەکەی دۆزیبێتەوە بەڵام نە بۆ کاراکتەرەکە و نە بۆ بینەر ڕوون و ئاشکرا نییە ئاخۆ وایە یا نا؟
کاتێکیش گەنجەکە لە ترسا لە دەستی هەڵدێت (دۆن) لە ناوەڕاستی شەقامێکدا خۆی دەبینێتەوە، ئەو بۆی دەردەکەوێت گەڕاوەتەوە بۆ خاڵی سەرەتا و تاکە شتێك تێیدا گۆڕابێت ئەوەیە کە ئیتر تێگەیشتووە مانەوە لەنێو ڕابردوودا بە هیچ جێیەکی ناگەیەنێت و تەنیایی و نامۆییەکەی قووڵتر دەکاتەوە.

هاوبەشی بکە