21/10/2026
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی جیم جارموش: سەرنجێك بۆ فیلمی (باوك، دایك، خوشك، برا)

لە لایەن دیدی من 18كاتژمێر پێش ئێستا

لە ئینگلیزییەوە: ژانیار بێستوون
سەرپەرشتیاری پەڕاو: چرۆ عیزەت

(بلانچێت) و (ڕامپڵینگ) دەست دەخەنە سەر هەستی تاوانباریی خێزانیی لە بەرهەمی سێینەی ناوازەی (جارمووش)دا. جیم جارمووش لێکۆڵینەوە دەکات لە ناڕەحەتی و نزیکی نێوان دایک و باوک لەگەڵ منداڵە گەورەکانیان لە سێ پانێڵی درامی تەنزئامێز و زیرەکانەدا، کە ڕووداوەکانیان لە ئەمریکا، و دەبلن و پاریس ڕوودەدەن.

جیم جارمووش پێشتر فیلمی فرەچیرۆکی بەرهەم هێناوە لەوانەش: Mystery Train (1989), Night on Earth (1991), Coffee and Cigarettes (2003). لەڕاستیدا، دەتوانێت بڵێت پێشەنگە لەم شێوازە فیلمە کە ئێستا باوی نەماوە. بەڵام لەم فیلمە نوێیەیدا، کە سێینەیەکی قووڵی چێژبەخش و هێمنە لەسەر بابەتی خێزانی، کارێکی نوێ و تایبەتمان پێشکەش دەکات.

هەستی نزیک بوونەوە لە مردن و کۆبوونەوەی هەوری ڕەش بەسەر سەرمانەوە کاتێک بەرەو پیربوون دەڕۆین، دڵەڕاوکێی بەردەوام و بێزارکەر سەبارەت بە تەندروستی و دڵخۆشی دایک و باوکە بەتەمەنەکانمان، لەگەڵ هەستی تاوانباریی و خەمباریی سەبارەت بەوەی چیتر نایانبینین یان بەدەگمەن دەیانبینین، یان هەستی نزیکایەتی یاخود لەوانەشە بە پێچەوانەوە بێت، کاتێک لەگەڵ خوشک و براکانت و دایباب دەبنە بابەتی سەرەکی بۆ گفتوگۆکان، دواتریش هەستی ئاسوودەیی تێکەڵ بە ناقایلی و ناڕەحەتی لە گەشتێکی دوورودرێژی ئۆتۆمبێل بەرەو ماڵەوە.

فیلمەکە بەڕواڵەت دابەشبووە بەسەر سێ بەشی درامی کە هیچ پەیوەندیان بەیەکەوە نییە، ڕووداوەکانیان بە هاوتەریبی ڕوودەدەن لە سێ بەشی جیاوازی دونیا: گوندێکی ئەمریکا، دەبلن و پاریس، کە دیمەن و ئاماژەکانی چیرۆکەکان بەڕێکەوت هاوشێوەی یەکترن. لەسەرەتادا، (مەیام بیالیک) و (ئادەم درایڤەر) ڕۆڵی دوو خوشک و برا دەگێڕن (ئیمیڵی) و (جێف) کە گەشتێکی سەخت و بێزارکەر بەرەو لادێ ئەنجام دەدەن لەپێناو بینینی باوکە پیرەکەیان، کە (تۆم وەیتس) ڕۆڵەکەی دەگێڕێت. ماڵەکەی تەواو شێواوە و لەسەروبەندی هەژاریدایە، ئەمەش دەستبەجێ دەبێتە مایەی نیگەرانی بۆ هەردووکیان، و (جێف) سەرزەنشتی خۆی دەکات بەوەی بەدرێژایی ئەم چەند ساڵانە پارەی بە باوکی داوە. بەڵام هێشتا لەم سەردانە بێزارکەرەیاندا، سەریان لێدەشێوێت کاتێک سەرنج دەدەن مەچەکی پیاوە پیرەکە کاتژمێرێکی گرانبەهای ڕۆلێکسی پێوەیە و بەڵگەش هەیە کە باوکیان بە فێڵ واخۆی نیشان دەدات بەهۆی پیرییەوە تێکچووە لەبەر چەند هۆکارێکی ناڕوون کە تایبەتن بە خۆی.

لەکاتێکدا، لە “دەبلن” (شارلۆت ڕامپلینگ) کە ڕۆڵی ئافرەتێکی کۆڵنەدەر و متمانەبەخۆبوو دەگێڕێت، پێشوازی لە دوو کچە گەورەکەی دەکات بۆ سەردانی ساڵانەکەیان بۆ چای خواردنەوە. بەتەواوەتی قایلە بەوەی ئەم سەردانانە دیاردەیەکی دەگمەنن. منداڵەکانی لیلیسی مۆدێرن (ڤیکی کریپس) بە سەر و قژێکی پەمەییەوە، هەروەها (تیم)ی توند و خۆڕاگر بەشێوازێکی کەمێک شانۆییانە بە چاویلکە و پڵاوی گونجاوەوە لەلایەن (کەیت بلانشێت) ڕۆڵەکە دەگێڕدرێت.
لەکۆتاییدا، لە پاریس (سکای) و (بیلی) کە خوشک و برای دووانەن و هیچ لەیەکتر ناچن، لەلایەن (ئندیا مۆر) و (لۆکا ساباتەوە) ڕۆڵیان دەگێڕدرێت، تازە دایک و باوکیان مردوون، ئەمەش وادیارە لەکاتی لێخوڕینی فڕۆکەیەک بووە لە دوورگەکانی “ئازۆرس”، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا مردنێکی تەنزئامێز و سەیرە کە ئەکتەرەکان بەشێوەکی جدی و سەرنجڕاکێش ڕۆڵەکە دەگێڕن وەک ئەوەی لە جیهانی ڕاستەقینەدا ڕوویدابێت.

بۆ کۆتا جار سەردانی ئەپارتمانەکەی دایک و باوکی کۆچکردوویان دەکەن لە پاریس، و قسە لەگەڵ خزمەتکارەکەی ماڵەوە دەکەن، کە ئەکتەری بەناوبانگی فەڕەنسی (فرانسۆیز لێبرون) ڕۆڵەکە دەگێڕێت. پاشان تەماشای کۆگایەک دەکەن و چاوێک بە کەلوپەلەکانی دایک و باوکیاندا دەگێڕن، کە لەناو سندوقێکی بچووکدا هەڵگیراون. ئەمە کەرەستە و پاشماوەی ژیانی دایک و باوکیان بوو، و (سکای) و (بیڵی) پێشتر بە سەرسوڕمانێکی زۆرەوە بەڵگەنامەکانی هاوسەرگیری و لەدایکبوونیان سەیر کردبوو، هەموو ئەمانە پێدەچوو بەڵگە بن بۆ شتێک، بەڵام چی؟

فیلمەکە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرسیارێکی کۆن، دایکوباوکمان کێن یان کێ بوون؟ ئایا پێش لەدایکبوونمان خاوەنی ژیانی ڕاستەقینەی خۆیان بوون کە ئێمە هەرگیز لێی تێناگەین؟ ئایا ژیانی خۆشمان مەحکوومە بەوەی لەلایەن منداڵەکانمان هیچ شوێنەوارێکی نەمێنێت و ببێتە شتێکی بێبایەخ و تەنانەت باسکردنی ببێتە کارێکی قەدەغە؟ بەڕای من، بەشی یەکەم و سێیەم لەڕووی سروشتییەوە قەناعەتپێکەرترن وەک ڕەنگدانەوەی ژیانی ڕاستەقینە، و بەشی دووەم زیاتر شێوازێکی شانۆیی هەیە، ئەگەرچی ئەو دەنگدانەوە نامۆ و تەنزئامێزەی هەر یەکێک لە بەشەکان ئەو کاریگەرییە واقیعییە تێکدەدەن یان بەلایەنی کەمەوە ئاڵۆزی دەکەن.

لەوانەیە بەدیار فیلمەکەوە دابنیشیت و چاوەڕێی قەیرانێک یان ڕووبەڕووبوونەوەیەک بکەیت، تەقینەوەی مەزاج یان داواکارییەکی بەسۆز بۆ ڕاستگۆیی. بەڵام هیچ کام لەمانە ڕوونادات، لەبنەڕەتدا لێرەدا دڵخۆشی و ئارامی هەیە، جۆرێک لە قبوڵکردن و ئاسوودەییەکی ڕۆحی کە وەک پاکبوونەوەیەک وایە بۆ بینەرانی فیلم یان بەگشتی بۆ خوێنەرانی چیرۆک. فیلمێکە کە دەتوانیت چێژی لێوەربگریت.

هاوبەشی بکە