30/10/2026
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی جیم جارموش: نامۆتر لە بەهەشت و فەلسەفەی بوونگەرایی

لە لایەن دیدی من 1 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من – چرۆ عیزەت
سەرپەرشتیاری پەڕاو: چرۆ عیزەت

لە دوای شۆڕشی “شەپۆلی نوێی فەڕەنسی” و گۆڕانکاری بەرچاوی ڕەوتی سینەمای وڵاتان، لەژێر کاریگەری ئەم شەپۆلە و بە بەکارهێنانی ئەزموونی ساڵانی خوێندنی؛ دەکرێت بڵێین (جیم جارمووش) بەتەنیا خۆی شۆڕشی لە سینەمای ئەمریکادا بەرپاکرد. ئەو ساڵی ١٩٨٠ وەکوو پڕۆژەی دەرچوونی لە کۆلێج فیلمی (پشووی ئەبەدیی/permanent vocation) بەرهەمهێنا، لە سەرەتادا وەکوو فیلمێکی گرنگ و جێبایەخ ناو نەدەبرا و تەنیا وەکوو فیلمێك باس دەکرا کە پڕۆژەی خوێندکارێكە و هیچی تر. ساڵی ١٩٨٤ دووەم فیلمی ماوە درێژی خۆی بەناوی (نامۆتر لە بەهەشت/stranger than paradise) بەرهەمهێنا.

فیلمەکە فیلمێکی درامی، ڕەش و سپی کۆمیدی لە جۆری کۆمیدیای ساردە “deadpan humor”، وەکوو فیلمێکی سەرەتایی بۆ فیلمسازەکە بە گیرفانێکی خاڵی و بودجەیەکی کەمەوە هەر دەبوو ڕەش و سپی دەرچێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم فیلمە بوو پێگەی (جارمووش)ی وەکوو فیلمساز قایم کرد، تەنانەت لە فێستیڤاڵی فیلمەکانی “کان”دا [خەڵاتی کامێرای زێڕین]ی وەکوو یەکەم فیلمی ماوە درێژ بۆ فیلمسازەکە بردەوە.

(جارمووش) کاتێك خوێندکاری کۆلێژ بوو لەگەڵ یەکەم فیلمیدا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی (نامۆتر لە بەهەشت) بوو بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەی پێویستەوە نەیدەتوانی پڕۆژەکە تەواو بکات، لەو ساڵانەدا هاوڕێیەتییەکی قووڵ و هونەری لەگەڵ (ویم وێندەرز)دا هەبوو، فیلمسازە ئەڵمانییەکە لەو کاتەدا سەرقاڵی مۆنتاژکردنی فیلمە ڕەش و سپییەکەی خۆی بوو بە ناوی (The taste of the things/1982)، لەو کاتەشدا بڕێکی زۆر لە سیناریۆی فیلمەکە کە مابوویەوە بە دیاری پێشکەشی (جارمووشی) کرد و ئەویش بەشی یەکەمی فیلمەکەی کە (The new world) بوو لێ بەرهەم هێنا، ئەمە تەنیا دیارییەك نەبوو بەڵکو ناوبانگێکی جیهانی بوو بۆ (جارمووش) بە هاوکاری (وێندەرز) کە ڕێڕەوی ژیانی (جارمووشی) گۆڕی.

(جارمووش) بە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە بوو بە دەنگی فیلمسازانی سەربەخۆی (مینیماڵیست-کەمینگەرایی) و (فیلمسازە هەم شاعیرییەکان،Poetic cinema). بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە بۆ کاتی خۆی شۆڕشێك بوو لە سینەمای ئەمریکادا، کە تەواو پێچەوانەی ڕەوتی سینەمای ئەمریکی ئەوکات بوو، فەلسەفەیەکی قووڵ لەڕێی چیرۆکی سادەوە دەگێڕێتەوە، فیلمەکانی (جارمووش) سەر بە هیچ ڕەوتێکی سینەمایی نین و هیچ ژانەرێکی دیاریکراویان نییە و لەڕاستیدا بە زەروری نازانێت فیلم ژانەری هەبێت، خاڵی لە هەست و سۆز و ڕووداوی گەورە و هەست بزوێنەر و کۆمێدیای هەستپێکرا و پێکەنیناوی و چیرۆکی ڕۆمانسی و کۆتاییەکی بۆ دانراو، لەجیاتی چیرۆك و پلۆتی فیلم تەرکیز لەسەر (atmosphere-کەش)ی فیلمەکە، هەڵسوکەوت، گفتوگۆ و میزاجی کاراکتەرەکان دەکات، گرنگ نییە بەلاتەوە باسی چی دەکەن، بۆ کوێ دەڕۆن و چی دەکەن، گرنگە بە لاتەوە بزانیت کاراکتەرەکان هەستیان چۆنە و هەست بە چی دەکەن، کامێرا گۆشەیەکی نەبزۆکی هەیە و بەدرێژایی دیمەن ناجوڵێت و هیچ گرتەیەکی نزیکیشی تێدا نییە، دیمەنەکان پچڕ پچڕن و ناوبڕیان تێدایە، هەر لەگەڵ ئەم فیلمەدا ئیتر (جارمووش) تەکنیکی “single take” بۆ وێنەگرتنی فیلمەکانی بەکاردەهێنێت، کاتێك دیمەنێك تەواو دەبێت شاشەکە بۆ چەند چرکەیەك ڕەش دەبێت و ئینجا دیمەنی دواتر دەستپێدەکات. میوزیك لەگەڵ دیمەنەکاندا هەمان ڕیتمی نییە و کە گفتوگۆی کاراکتەرەکان ڕادەوەستێت میوزیك دەدوێت و بە پێچەوانەشەوە، کۆمێدیا لە گفتوگۆی هەڕەمەکییەوە درووست دەبێت و هەستیشی پێ ناکرێت، کاراکتەر و بینەر لە قاقای پێکەنین نادەن، نوکتە و بەسەرهات و قسەی خۆشیشی تێدا نییە، کاراکتەرەکان دیالۆگی قووڵ و دوورودرێژیان نییە و گفتوگۆکانیان سادەن و زمانی گەیاندن لە لایان پچڕاوە.

ئەم فیلمە دەرگایەك بوو بە ڕووی فیلمسازەکانی دیکەدا کە کۆمێدیای وشک و خاڵی لە هەست و سۆز لە فیلمەکانیان جێبەجێ دەکەن و ڕەوتی مینیماڵیستی دەگرنە بەر و بودجەی زەبەلاح و کەرەستەی زۆر و چیرۆکی دوورودرێژیان پێویست نییە، ژوورێك و پەنجەرەیەك و پێخەفێك و مرۆڤێك بەسە بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێك، ئەگەرچی چیرۆکەکان قووڵ نین و فیلمەکانی سادە و بێزارکەر دیارن بەڵام هەمیشە هەڵگری فەلسەفەیەکی قووڵترن، هەربۆیە (جیم جارمووش) بە یەکێك لە گرنگترین و کاریگەرترین فیلمسازەکانی سینەمای سەربەخۆی ئەمریکا دادەنرێت.

چیرۆکی فیلمەکە بەسەر سێ بەشی تەواو لە سێ شوێنی جیاوازدا دابەش بووە کە باس لە سێ گەنج دەکات کە ژیانێکی ڕۆتینی بێزارکەر دەژین، بە خۆیان و وڵاتیان نامۆن، نازانن چی دەکەن و چیان دەوێت، بەرەو سێ شوێنی جیاواز و کەئاباوی دەڕۆن بەو هیوایەی گۆڕانکارییەك ڕووبدات، دەشێت ئەم هەستکردن بە نامۆییە لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت کە خوودی فیلمسازەکە بەردەوام هەستی بە نامۆیی کردووە لەو وڵاتەی تێیدا لەدایکبووە و ژیاوە، لەڕاستیدا مرۆڤی نامۆ و خەمۆك و پەراوێزخراو سەرتاپای سەرجەم فیلمەکانی داهاتوویشی داگیردەکەن.

(ویلی) گەنجێکی هەنگارییە، وڵاتەکەی بەجێهێشتووە و ساڵانێکە لە (نیویۆرك) دەژی، ناوی خۆی لە (بیلا)وە گۆڕیووە و چیتر بە زمانی دایك قسە ناکات، هەموو پەیوەندییەکی لەگەڵ خانەوادەکەی پچڕاندووە، خۆی خزاندووەتە نێو کلتوری ئەمریکییەکان و لە ئاپارتمانە سادەکەیدا شەو و ڕۆژ دەکاتەوە، گرنگ نییە بە لایەوە چی دەخوات، تەمبەڵە و تاکە قاپێکی پێ ناشۆردرێت، تاکە سەردانیکەریشی (ئێدی)یە، کە بە خۆیان و کڵاوەکانیانەوە کەسیان حاڵیان لەوی تریان باشتر نییە، هەموو ئیش و کاریان جگەرەکێشان و پیاسەی بێ گفتوگۆ و خەو و خواردنی خێرا و قومارکردنە، کە تەنانەت ئەوەش بەباشی ناکەن و بۆئەوەی تێیدا براوە بن دەبێت فێڵ بکەن.

ژیانە ڕۆتینییە بێزارکەرەکەی (ویلی) ناوبڕێکی تێدەکەوێت کاتێك (ئێڤا)ی ئامۆزای بە خۆی و ڕادیۆکەیەوە کە بەردەوام لەسەر هەمان گۆرانییە سەردانی دەکات و بۆ ماوەی دە ڕۆژ لە لای دەمێنێتەوە، لە سەرەتادا (ویلی) حەز بە هاتن و مانەوەی ناکات، دەیەوێت (ئێڤا)ش بگۆڕێت بۆ تاکێکی ئەمریکی و داوای لێ دەکات بە زمانی هەنگاری قسەی لەگەڵ نەکات، کراسێکی بۆ دەکڕێت کە لەگەڵ کلتوری ئەمریکادا گونجاوە و ڕۆتینی ژیانی ئەمریکییەکانی فێردەکات، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات (ئێڤا) دەبێتە جێی سەرنجی (ویلی) و (ئێدی)، چونکە هەر لە سەرەتاوە (ئێڤا) بە ژیانەوە دێتە ناویان، ئەو بڕیاری داوە هاتنی لە (هەنگاریا)وە بۆ (نیویۆرك) ببێتە خاڵی گۆڕانکاری ژیانی، پرسیاری خواردن دەکات و بایەخ بە کلتوری وڵاتەکەی خۆی دەدات، نایەوێت دەستبەتاڵ دابنیشێت و دەیەوێت ئیش بکات، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان گرنگن لای و چاوی لە پوورە نەخۆشەکەیەتی، تەنانەت دڵیشی بۆ خۆشەویستی و ئەڤیینداری دەکاتەوە، بەڵام بۆ (ئێڤا)ش هیچ شتێك سەرناگرێت، چونکە لەناو خۆیدا هەمان بەتاڵی و نامۆیی هەیە و ئەو پووچی و بێماناییەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە کە لە وڵاتەکەی خۆیدا هەستی پێ دەکرد.
بە تێپەڕبوونی کات (ویلی) هۆگری ئامۆزاکەی دەبێت و حەز دەکات زیاتریش لە لای بمێنێتەوە، ئێستا ئیتر بۆی دەرکەوتووە چەند گرنگە کەسێك هەیە جگەرەی لەگەڵ بکێشێت و پێکەوە نان بخۆن و گفتوگۆ بکەن، بۆیە ڕۆیشتنی (ئێڤا) بیرۆکەی شوێن گۆڕین دەخاتە مێشکی (ویلی) و (ئێدی)یەوە و دوای ساڵێك هەردوو هاوڕێکە بە خاتری (ئێڤا) بەرەو “کلیڤلاند” بەڕێ دەکەون، بۆ ماڵی ئەو پوورەی کە پێشتر بۆ تاقە جارێکیش بێت سەردانی نەکردووە.
لەوێشەوە هەرسێکیان بەرەو “فلۆریدا” بەڕێدەکەون.

گەڕان بەدوای مانادا لە جیهانێکی بێمانادا:-
دەتوانین بڵێین فیلمەکە بەتەواویی هەردوو چەمکی (بوونگەرایی-Existentialism) و (پووچگەرایی-Nihilism) بە سادەیی بەڵام بە شێوەیەکی کاریگەر پێکەوە دەبەستێتەوە یاخوود باس دەکات.

بە گەڕانەوە بۆ چەمکی بوونگەرایی؛ مرۆڤ سەرەتا دێتە بوون بەڵام ئەوە خۆیەتی کە مانا بە ژیانی دەبەخشێت و ژیانی پێناسە دەکات، لەڕێگەی ئایدۆلۆژیا، بیرکردنەوە و کردار و بژاردەکانتەوە ناسنامەی خۆت درووست دەکەیت، بەمجۆرەش “بوون” پێش “جەوهەر” دەکەوێت، لێرەشەوە ئازادی ڕەهات هەیە سەبارەت بەوەی بۆ درووستکردنی ئەو جەوهەرە هەڵگری چی ئایدۆلۆژیایەکیت، چۆن هەنگاو دەنێیت و چی دەکەیت، خۆ ئەگەریش شکستت هێنا تاکە کەس کە لۆمە بکرێت “خوود”ە و بەمجۆرەش دڵەڕاوکێی لۆمەکردن لە دەرەنجامی شکست یاخوود سەرکەوتندا دەبێتە هۆی درووستکردنی “دڵەڕاوکێی بوونگەرایی-Existential Anxiety”.

“بوونگەرایی” داوا دەکات کە مرۆڤ ڕەسەن بێت و کۆپی کەسانی دەوروبەری نەبێت و بۆ خواستی ئەوانی تر مل نەدات و واتا بە بێ واتایی ژیان بدات. چەمکی نائومێدی و “بێمانایی-Absurd” لەم ڕێبازەدا کاتێك درووست دەبێت کە کەسەکە شکستی هێنابێت لە دۆزینەوەی واتای ژیاندا، ئەمە لە کاتێکدا فەلسەفەی “پووچگەرایی” پێچەوانەی ئەم بۆچوونەیە و پێی وایە لە ئەزەلدا ژیان هیچ واتایەکی نییە کەواتە پێویستیش ناکات بەدوای هیچ واتایەکدا بگەڕێیت و ژیان هەر خۆی هیچ نییە جگە لە “نائومێدی” و “بێمانایی-Absurd”.

هەرچەندە کاراکتەرەکانی (جارمووش) خەمۆکن و تەسلیمی پووچی و بێمانایی ژیان بوون و لەو بارەیەوە هیچ کێشەیەکیان نییە، بەڵام فیلمسازەکە دەیەوێت لەگەڵ چەمکی “بوونگەرایی”دا بەیەکیاندا بدات، هەربۆیە سێ گەشتیان پێ دەکات بۆ سێ شوێنی جیاواز هەتاکوو بیانگەڕێنێتەوە سەر ئەو خاڵەی کە دەست دەخاتەوە نێو بەتاڵییە ناوەکییەکەیانەوە.

هەربۆیە فیلمەکە زیاتر لەگەڵ فەلسەفەی بوونگەراییدا یەك دەگرێتەوە، (ویلی) کاتێك وڵاتی خۆی بەجێدەهێڵێت دەیەوێت کۆپی خزم و هاونیشتیمانیانی نەبێت و کلتوری ڕەسەنی خۆی تێپەڕێنێت بەڵام لە ئەمریکاش ناتوانێت بەتەوایی کلتوری ئەوان پەیڕەو بکات و لەنێو هەردوو وڵات و کلتور و زمانەکەدا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و سەر بە هیچیان نییە، لێرەشەوە دووچاری [نامۆبوونی شوناس-Identity Crisis ] و [بێزاری-Boredom] دەبێت، بۆیەش گەشت بۆ شوێنی تر دەکات هەتاکوو نامۆبوون و بێزارییەکەی چارەسەر بکات.

لە لایەکی دیکەوە (ئێڤا) کاتێك بەنیەتی چاودێریکردنی پوورە نەخۆشەکەی دێتە ئەمریکا ڕادیۆیەکی پێیە کە بەردەوام لەوێوە گوێ لە گۆرانییەکی (Screamin’ Jay Hawkins) دەگرێت کە لەڕاستیدا ئەم گۆرانییە بە ڕەمزی کلتوری پۆپی ئەمریکی و یاخیبوون دادەنرێت، بەتایبەت یاخیبوونی گەنجان، بەڵام ئەویش نامۆیی و بەتاڵییە ناوەکییەکەی لەوە قووڵترە کە بە گەشتکردن بۆ وڵاتێکی تر پڕببێتەوە.

دەبوو چەشنی فیلمە کلاسیکییەکانی دیکە گەشتکردنی کاراکتەرەکان و گۆڕینی جوگرافیا دەرئەنجامێکی ئەرێنی هەبووایە، بەڵام لای (جارمووش) چەمکی “جوگرافیا” شێواوە، کاراکتەرەکان سێ شوێنی جیاواز دەکەن بە ئومێدی گۆڕانکاری بەڵام هێشتاش هەموو شتێك وەکوو خۆیەتی و هیچ گۆڕانکارییەك ڕوونادات، چونکە لەگەڵ خۆیاندا پووچی و بێماناییش دەبەن و لەڕاستیدا پێویستە لە خۆیانەوە دەست پێبکەن و خوودی خۆیان بگۆڕن هەتاکوو بتوانن جوانییەکانی ژیان ببینن و چێژ لە هەر شوێن و خولەکێکی ببینن، کەواتە نامۆبوونی کاراکتەرەکان دەروونییە نەك فیزیکی هەتاکوو شوێن بتوانێت چارەسەری بکات.

(جارمووش) هێندە تەرکیزی لەسەر چەمکی “نامۆبوون” بوو کە کۆتاییەکی ئەوپەڕی بێمانای بۆ فیلمەکەی دانا، ئەگەرچی (ویلی) دەیویست هەموو پەیوەندییەکی بە (هەنگاریا)وە بپچڕێنێت بەڵام بەڕێکەوت سواری فڕۆکەیەك دەبێت کە بەرەو (بوداپێست)ی پایتەختی وڵاتەکە دەفڕێت!
(ئێڤا) کە بۆ کۆکردنەوەی پارە دەستی بە کارکردن کردبوو؛ بەڕێکەوت و کەس نازانێت چۆن؛ پارەیەکی زۆری دەستکەوێت کە هیچ سوودێکی بۆی نییە و بە تاقی تەنیا لە میوانخانەکەدا دەمێنێتەوە، (ئێدی)یش بە خۆی و ماشێنە شڕەکەیەوە (فلۆریدا) دەبێتە لانکەی مانەوەی.
بەدرێژایی فیلمەکە چاوەڕێیت شتێك ڕووبدات، بەڵام هیچ ڕوونادات، لێرەوە فیلمساز بینەر دەخاتە هەمان جێگەی کاراکتەرەکانەوە و بەم تەکنیکە وا دەکات بینەر هەمان هەستی کاراکتەر ئەزموون بکات، هەستی نامۆبوون و ونبوون و دڵنیانەبوون لە داهاتوو.

هاوبەشی بکە