دیدی من – پێرسوەیژن
نووسینی: جۆزێف هیس
لە ئینگلیزییەوە: ئالان عەتوف
بۆ یادی ئەم بیرمەندە ناودارەی ئەڵمانیا
ئەگەر هەموو شتێک ئایدۆلۆژیا بێت، چۆن خۆمانی لێ دەرباز بکەین؟ جیاوازی چییە لە نێوان دەربازبوون لێی و ئەوەی کە تەنها پێمان وابێت کە دەربازمان بووە لێی؟
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بڵاوکردنەوەی ئەکادیمی بە ئینگلیزی ئەوەیە کە – بە پێچەوانەی فەرەنسی و ئەڵمانەکانەوە و بێ گوێدانە ئەوەی کە ئایا بابەتەکە تەنها کەمینەیەکی پسپۆڕیش تێی دەگەن یان نا- چاپخانەی زانکۆ ئینگلیزییەکان حەزیان بەوەیە وێنەیەک لەسەر بەرگی پێشەوەی کتێبەکانیان دابنێن. پێدەچێت ئەمە تەنها نەریتێک بێت و بڕیارێکی بازرگانی نەبێت، بەو پێیەی ئەستەمە پێت وابێت ئەمە بڕی فرۆشتن زیاد دەکات. بە هەر حاڵ، ئەم حاڵەتە زۆرجار فەیلەسوفەکان دەخاتە دۆخێکی ناخۆشەوە کاتێک هەندێک دیزاینەری کەم ئەزموون فشاریان لێ دەکەن وەڵامی پرسیاری وەک “کتێبەکەت باسی چی دەکات؟” بدەنەوە.
ئەمەش ئەو حەماسەتەی خۆمی بیرخستمەوە کە خوێندکاری زانکۆ بووم کاتێک ڕاوێژکاری تێزەکەم، تۆماس مەکارتی، تابلۆیەکی هەڵکۆڵراوی سەدەی ١٨ی فرانسیسکۆ گۆیای بەرچاو کەوت کە لەسەری نووسرابوو “خەوتنی عەقڵ دڕندەکان بەرهەم دەهێنێت”. مەکارتی چەندین ساڵ لە ئەمریکا دەستە ڕاستی یۆرگن هابرماس بوو. لە لایەک کتێبە مەزنەکەی هابرماسی بە ناوونیشانی “تیۆری کردەی پەیوەندیکردن – Communicative Action Theory“، وەرگێڕا بۆ زمانی ئینگلیزی و لەلایەکی تریش پێشەکییەکی پڕ بەهای بۆ بیرۆکەکانی نووسی. هەروەها بەوەدا کە بەم دواییە کتێبێکی دیکەی لەسەر تیۆری ڕەخنەیی– سەبارەت بە بەرگریکردن لە هەڵوێستی هابرماس – تەواو کرد نیشاندەری ئەوەبوو کە ماکارتی بەدوای وێنەیەکدا دەگەڕا کە جەوهەری مشتومڕەکە بەرجەستە بکات. بۆ ئەم مەبەستەش، تابلۆکەی گۆیا تەواو گونجاو بوو.
هابرماس کە لە ١٤ی ئازاری ٢٠٢٦ لە تەمەنی ٩٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، زیاتر وەک بەرگریکارێکی فەلسەفی عەقڵانییەت ناسرابوو لە سەردەمێکدا کە خودی چەمکەکە خۆی زۆر ڕەغبەتی لەسەر نەماوە. (یەکەم کتێبی وتارەکانی هابرماس بە ئینگلیزی ناوی “بەرەو کۆمەڵگەیەکی عەقڵانی” بوو کە لە ساڵی ١٩٧٠ بڵاوکرایەوە). هابرماس وەک نوێنەری پێشەنگی تیۆری ڕەخنەیی قوتابخانەی فرانکفۆرت، بەرگری لەو باوەڕەی ڕۆشنگەری دەکرد کە تواناکانی عەقڵی مرۆڤ نەک تەنها بۆ باشتر تێگەیشتن لە جیهانی سروشتی بەکاردێن بەڵکو بۆ باشترکردنی بارودۆخی مرۆڤیش دەشێت بەکاربهێنرێن. ئەم مەیلەی هابرماس بۆ کاریگەری عەقڵ لە کاروباری مرۆڤایەتیدا تەنیا خوویەکی ڕاگوزەر نەبوو، بەڵکو لە زۆرینەمان زیاتر باشتر دەیزانی کە بەدیلەکانی [عەقڵ] دەشێت چەندێک کارەساتبار تر بن.
هابرماس ساڵی ١٩٢٩ لە شاری دوسلدۆرف لەدایک بوو، و هاتە ناو جیهانێکەوە کە دڕندەکان حوکمڕانییان دەکرد. بەڕاستی ئەو هاتە نێو دێوەزمەیەکی ڕاستەقینەوە کە لە ساڵی ١٩٤٥ بە شکستی ڕژێمی نازییەکان و سەرکەوتنی هاوپەیمانان لە پڕێکدا کۆتاییی پێ هات. هابرماس وەک گەنجێکی ئەڵمانی کە لە خێزانێکی چینی ناوەڕاستی تا ڕاددەیەک نیشتمانپەروەرەوە هاتبوو، بە تەواوەتی بووە هەواداری ڕژێمی (ڕایخی سێهەم یا ڕژێمی نازی). کاتێک شەڕ کۆتایی هات و پرۆسەی (لە نازی خستن) دەستی پێکرد، هابرماس بۆی دەرکەوت کە تەواو مێشکی لەلایەن ئایدۆلۆژیای دەوڵەتێکی تۆتالیتارییەوە شۆردرابووەو.
کاتێک بە تەواوی بە کارەساتی هۆلۆکۆست زانرا، دروشمی “هەرگیز نابێ جارێکی تر دووبارە ببێتەوە” بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەو و بووە پوختەیەکی سادەی ئەو ئەرکە ئەخلاقییەی کە ئەو دروشمەی هێنایە ئاراوە. کەم کەس هەبوون لەچاو هابرماسدا ئەو دروشمەیان قووڵتر لە دڵی خۆیاندا دانابێت. بەڵام سەرەڕای سادەییەکەی، دروشمەکە بووە مایەی وروژاندنی کۆمەڵێک کێشەی فەلسەفی. ئەگەر مەسەلەکە تەنها بریتی بووایە لە ڕاگرتنی کەسانی خراپ تاکو کاری ترسناک ئەنجام نەدەن، ئەوا پڕۆژەکە ڕوون و ئاشکرا دەبوو. بەڵام بەداخەوە ڕوونە کە “کەسانی باش” و “کەسانی خراپ” خۆیان ناناسێنن. کەسانی خراپ خوویەکی سەرلێشێوێنەریان هەیە کە لایان وایە ئەوان کەسە باشەکانن. لە بەرامبەر ئەو جۆرە سەرلێشێواوییەدا، پێویستە کام هێزانەی عەقڵ بەکاربهێنین بۆ یەکلاکردنەوەی شتەکان؟
ڕەنگە هاوکار بێت پرسیارەکە بە دەربڕینێکی شەخسی تر دووبارە دابڕێژینەوە و بڵێین: گریمان تۆ لە ئەڵمانیای سەردەمی (نازی)دا لەدایک دەبیت. گریمان لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا سەیر دەکەیت لە کەمپێکی هاوینەی لاوانی هیتلەردایت، شانبەشانی هاوڕێکانت گۆرانی “ئەڵمانیا لەسەروو هەموو شتێکەوەیە – Deutschland über alles” دەڵێیتەوە. ئایا دەتتوانی پەی بەوە بەریت کە تۆ پشتگیری لە لایەنی هەڵەی جەنگ دەکەیت؟ ئەگەر وایە، بۆ گەیشتن بەم دەرەنجامە پێویستت بە چ سەرچاوەیەکی فیکری هەبووە؟ هەروەها چییە وا دەکات کە ڕژێمێکی تۆتالیتاری میللەتەکەی بێ بەش بکات لەو جۆرە سەرچاوە فیکریانە؟
ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە لە پشت تیۆری ڕەخنەیی هابرماسەوە بوون. وەک زۆرێک لە ئەڵمانەکانی نەوەی خۆی، تارمایی تۆتالیتاریزم هەمیشە بەسەر کارەکانییەوە بوو. بە لێکدانەوەیەکی تایبەتی هابرماس، ئەمە دوو شێوەی وەرگرت، کە دەتوانین وەک دێوەزمەکەی ئۆروێڵ و دێوەزمەکەی کافکا بیریان لێبکەینەوە.
دێوەزمەکەی ئۆروێڵ: هەرکەسێک زمان کۆنتڕۆڵ بکات، بیرکردنەوە کۆنتڕۆڵ دەکات
کارل مارکس دەڵێت “بیرۆکەکانی چینی دەسەڵاتدار لە هەموو سەردەمێکدا بیرۆکە زاڵەکانن”. ئەم ووتەیەش لەسەر بنەمای ئەو تێبینییەیە کە پێکهاتەی چینایەتی هەر کۆمەڵگەیەک چەندە دڕندە و نایەکسان بێت، هەمیشە چیرۆکێکی لەگەڵ بووە کە بۆمان ڕووندەکاتەوە بۆچی قوربانییەکانی شایستەی ئەو هەموو دڕندەیی و بێبەشکردنە بوون. مارکس پێیوابوو قبوڵکردنی ئەم چیرۆکە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی هەژاران و چەوساوەکان کە عادەتەن زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانن، و بە شێوەیەکی پاسیڤ چارەنووسی خۆیان قبوڵ دەکەن لەبری ئەوەی یاخیبوون هەڵبژێرن.
ئەمە تیۆرییە کاریگەرەکەی مارکسە سەبارەت بە ئایدیۆلۆژیا. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هەندێک بیروباوەڕ زۆر بەربڵاون تەنیا لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە پێویستی بەوەیە کە خەڵک باوەڕیان پێی بهێنێت. هەروەها ئەو پێشنیازەی لێکەوتەوە کە ڕۆشنبیران دەتوانن بە ڕەخنەگرتن لەو بیرۆکانە خۆیان بە سودبەخش لە قەڵەم بدەن. ئەگەر زاڵبوون پشتی بە باوەڕبوونی خەڵک بە چیرۆکێکی ئایدیۆلۆژی دیاریکراو بەستبێت، ئەوا پووچەڵکردنەوەی ئەو چیرۆکە هەڕەشە لە زاڵبوون خۆی دەکات.
بەداخەوە [تیۆری ئایدیۆلۆژیای [مارکس]یش ژمارەیەکی زۆر لە کێشەی گوماناوی لێکەوتەوە. ئەگەر چینی دەسەڵاتدار (زاڵ) کۆنتڕۆڵی بەرهەمهێنانی بیرۆکەکانی بە دەست بێت، بۆچی ئەو بیرۆکانە بە شێوەیەک دادەڕێژن کە سست بن بەرامبەر بە ڕەخنە؟ بەڕاستی چۆن بزانین ئەو ڕەخنانە بە تەواوی لە دەرەوەی فەزای ئەو بیرۆکانەوەن؟ کێ ناڵێت کە ڕەخنەگر لەوانەیە بە قەد ئەوەی ڕەخنەی لێ دەگرێت خۆشی قوربانی ئایدۆلۆژیا بێت؟ بیرکردنەوە لەم پرسیارانە ئەو شتەی دروستکرد کە بە (کێشەی ئایدیۆلۆژیای سەراپاگیر) ناسرا. ئەگەر هەموو شتێک ئایدۆلۆژیا بێت، ئەی چۆن خۆمانی لێ دەرباز بکەین؟ وە جیاوازی چییە لە نێوان دەربازبوون لێی و ئەوەی کە تەنها لامان وابێت کە دەربازمان بووە لێی؟
فەیلەسوفانی سەدەی بیستەم وەڵامی ئەم پرسیارانەیان یەکجار لەلا قورس بوو. لە کاتێکدا تیۆرناسانی سەردەمی ڕۆشنگەری بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە هەریەکەمان لە مێشکی خۆماندا خاوەنی “دادگایەکی عەقڵ”ین – واتە خاوەن توانایەکی سەروەرین بۆ جیاکردنەوەی ڕاستی لە درۆ -. بەڵام لەکۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا ئەم بۆچوونە بێهیوایانە متمانەی لەدەست دا. دوور لەوەی کە دادگایەکی ناوەکی عەقڵیمان هەبێت، زیگمۆند فرۆید نیشانی داین کە ئێمە زۆر کەم لەوە تێدەگەین کە لەناو مێشکماندا دەگوزەرێت، زۆر کەمتر لەوەی کە لە جیهاندا دەگوزەرێت. بەڵام لەوانەیە لەوەش گرنگتر ئەوەبێت کە فەیلەسوفەکان تێگەیشتن لە گرنگی زمان لە دروستکردنی بیرکردنەوەکانماندا. چی دی زمان وەک کۆدێک تەماشا نەدەکرا بۆ گەیاندنی بیرۆکەکانمان بەوانی تر بەڵکو وەک ناوەندێک دانرا کە لەڕێیەوە ئەو بیرۆکانە خۆیان دادەڕێژنەوە. لودڤیگ ڤیتگنشتاین بە تایبەت ئاماژەی بەوەدا کە (مانای زمانەوانی بەو شتانە دیاری ناکرێت کە لە مێشکماندایە بەڵکو بەو پێگەیە دیاری دەکرێت کە گوتنەکانمان لە “گەمەی زمان”دا داگیری دەکەن و لەگەڵ ئەوانی دیکەدا دەیکەین).
ئەم وەرچەرخانە زمانەوانییە لە فەلسەفەدا گرفتی ئایدۆلۆژیای چڕتر کردەوە. گەر مانای ووشەکان لەڕێی بیرکردنەوەی تایبەتیمانەوە دیاری نەکرێت بەڵکو لەڕێی ئەو شتانەوە دیاری بکرێت کە لە پراکتیکە دەرەکییەکانی پەیوەندیکردنماندا ڕوودەدەن، کەواتە چ شتێک ڕێگری لە سەرهەڵدانی دیکتاتۆرییەکی کامڵ دەکات کە نەک تەنیا سەرتاپای کۆمەڵگە کۆنتڕۆڵ دەکات بەڵکو لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی پراکتیکە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هەموو ئەو شتانەش کۆنترۆڵ دەکات کە لەو کۆمەڵگەیەدا بیری لێدەکرێتەوە؟ ئەمە ئەو ئاڵەنگارییە بوو کە جۆرج ئۆروێڵ لە ڕۆمانی (١٩٨٤)دا هێنایە ئاراوە، کە “حیزب” تەنیا ڕێگر نییە لە دەربڕینی ڕەخنە بەڵکو لە ڕێگەی چاندنی “زمانێکی نوێوە – Newspeak” هەموو ئەو ئامرازانە فیکریانە دەسڕێتەوە کە پێویستن بۆ بیری ڕەخنەیی تاکو وای لێ بێت کەس لە ڕەخنەش تێنەگات.
فەیلەسوفەکان بەهۆی نیگەرانییە هاوشێوەکانەوە تووشی گیروگرفت بوون. ئەگەر پەیوەندیکردن تەنها کۆمەڵێک گەمەی زمانەوانی بێت، کەواتە چ شتێک هەیە کە بەر بە دەسەڵاتداران بگرێت لە ڕێکخستن یان دووبارە ڕێکخستنەوەی ئەم گەمەیە بەو شێوەیەی کە خۆیان حەزیان لێی بێت؟ بۆ نموونە ئێمە ئەو بیرۆکەیەمان هەیە کە کاتێک تاکەکان توندوتیژی لە دژی کەسانی دیکە بەکاردەهێنن، پێویستە جۆرێک لە (پاساو) بۆ ئەو کردەوانەیان بهێننەوە. بەڵام لەوانەشە ئەمە تەنها تایبەت بێت بە کلتوورەکەی ئێمە و لە هەندێ ووڵاتی تری دوورەدەستدا لەوانەیە (پاساوهێنانەوە) بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی پێویست نەبێت و هەر تێشی نەگەن، یاخود ڕەتی بکەنەوەوە و بڵێن “هەڵسوکەوتی ئێمە بەو جۆرە نییە لەم ناوە” ئەمەش خۆی ئەگەرێکە و چ شتێک هەیە ئەم ئەگەرە ڕەتبکاتەوە؟
زۆرجار تێبینی ئەوە کراوە کە تیۆریستەکانی تیۆری ڕەخنە کە لەناو نەریتی قوتابخانەی فرانکفۆرتدا کاردەکەن، بە تێپەڕبوونی کات کەمتر حەزیان لە ڕەخنەی ڕاستەقینەی شتەکان بووە و زیاتر سەرقاڵ بوون بەو پرسیارەوە کە چۆن ڕەخنە خۆی مومکین دەبێت یان چی وا لە دەسەڵاتداران دەکات کە مەحاڵی بکەن. بە دڵنیاییەوە ئەمانە ئەو پرسیارانە بوون کە هابرماسیان نیگەران کردبوو. چ شتێك ڕێگری لە (سەرهەڵدانی ئایدۆلۆژیایەکی کامڵ) دەکات کە نەک تەنها لە ناوەوەماندا هاودەنگە بەڵکو تەواو مەحاڵە بۆ کەسێک بیر لەوە بکاتەوە لێی دەربچێت؟
دێوەزمەکەی کافکا: کۆمەڵگەیەکی تەواو بە شت بوو
لایەنێکی کارەساتباری هۆلۆکۆست کە کەسانێکی زۆری بێتاقەت کردبوو، لایەنی (کارایی ڕێکخراوەیی و [بیرۆکراتی]) ئەنجامدانی ئەو کارەساتە بوو. زۆرینەی ئەو کوشتن و بڕینەی ناو ئۆردوگاکانی مردن لەلایەن ئەوانەوە ئەنجام نەدرابوو کە لەناو حەماساتی توندوتیژی و خوێن ڕشتندا بوون بەڵکو لەلایەن ئەو کارمەندە حکومی و بیرۆکراتە بێ ڕووخسارانەوە ئەنجامدرا کە بە وردی هەموو ڕێکارەکانیان بەبەڵگەوە تۆمار دەکرد. تەنانەت بڕیاری بەکارهێنانی گازی ژەهراویشیان لەبەر ئەوە دا کە شێوازە کۆنەکەی کوشتن – واتە یەک گوولە بۆ پشتی سەر – تێچووی زۆر بوو بۆیان، واتە تێچووی یەک فیشەک بۆ هەر قوربانییەک. ئەم حیساباتانە وەک نموونەیەکی ڕوون و ئاشکرای (عەقڵانییەتی زانستی) دەهاتنە بەرچاو. هۆلۆکۆست نیشانیدا کە (چۆن بیرکردنەوەی عەقڵانی و زانستی دەتوانێت ببێتە شتێکی ترسناک) کاتێک بۆ بەدیهێنانی ئامانجە خراپەکان بەکاردەهێنرێت لەبری ئەوەی بخرێتە ژێر پرسیارەوە.
لە کاتێکدا مارکس پێداگری لەوە دەکرد کە سەرمایەداری سەرچاوەی هەموو خراپەکارییەکانە، بەڵام ڕووداوەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم، لەوانەش سەرهەڵدانی تۆتالیتاریزم لە یەکێتی سۆڤیەتی [کۆمۆنیستیدا]، پێشنیاری ئەوەی کرد کە (دەسەڵاتی هەرەمی) بە هەمان ڕاددە کارەساتاوییە. یەکێک لە ڕێگاکان بۆ سازانی ئەو دوو بۆچوونە ئەوەیە کە سەرهەڵدانی (سەرمایەداری) و (بیرۆکراسی) وەکو گرێدراوی یەکدی سەیریان بکەین. ماکس ڤێبەر بە تایبەت پێشنیاری ئەوەی کرد کە مرۆڤایەتی خەریکە لە “قەفەسێکی ئاسنین”دا زیندانی دەکرێت، کە لەڕێی عەقڵانیەتێکی تەکنیکییەوە بەڕێوەدەبرێت و دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنی زۆری پێبەخشیوین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بێ بەشی کردووین لەوەی بتوانین بە شێوەیەکی ڕەخنەییانە و مانادار هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ئامانجانە بکەین کە بەدوایاندا دەگەڕێین.
بە پێی ئەم بۆچوونە بێت، ئەوە ئەو (فۆڕمە حیساباتییە ئامرازییەی عەقڵانییەت)ە کە سەرنجی لەسەر (ئامرازەکان – وەسیلەکان)ە نەک (غایەکان – ئامانجەکان) کە لایەنی خراپەکاری چیرۆکەکەیە. تایبەتمەندییەکی جیاوازی (شێوازی ئامرازیی بۆ بیرکردنەوە) ئەوەیە کە وەک (شت – ئۆبجێکت) مامەڵە لەگەڵ هەموو شتێکدا دەکات کە واڵایان دەکات بۆ لە خشتەبردن و کۆنترۆڵکردن (واتە: بە شت بوون). لە پەیوەندییە ئابوورییەکاندا، ئەمە ئەو وەهمە دروست دەکات کە مارکس ناوی لێنا (فیتیشیزمی کاڵا – Commodity Fetishism) [بەو مانایەی کە کاڵاکان، شمەکەکان خۆیان توانای سیحراویان هەیە هەیە و بێ ڕەچاوکردنی ئەو ڕاستییەی کە ئەوە مرۆڤەکانن لە پشت کاڵاکانەوە توانست و ڕەنجی خۆیان بەکار دەهێنن بۆ بەرهەمهێنان – و -]. هەروەها (شێوازی ئامرازی بۆ بیرکردنەوە) لە پەیوەندییە بیرۆکراتییەکاندا (ئایدۆلۆژیای بەڕێوەبردنی مۆدێرن) بەرهەم دەهێنێت کە تەنها وەک “سەرچاوەیەک” مامەڵە لەگەڵ مرۆڤدا دەکات کە دەکرێت بەشێوازی جۆراوجۆر کۆنترۆڵ بکرێت. لە بواری بیرۆکەکانیشدا، دەبێتە مایەی بەرهەمهاتنی (زانستی کۆمەڵایەتی پۆزەتیڤیستی) کە هەوڵدەدات شێوازی (ئەزموونگەری/تاقیکردنەوەیی) بەکاربهێنێت بۆ بەهێزکردنی توانای پێشبینیکردنمان بۆ ڕەفتاری مرۆڤ.
ئەم تەشخیسکردنە (وەک نەخۆشییەک) – کە لەلایەن نەوەی یەکەمی تیۆرناسانی قوتابخانەی فرانکفۆرت – ماکس هۆرکهایمەر، تیۆدۆر ئادۆرنۆ و هێربێرت مارکوزەوە- پێشەنگایەتی کرا، تەواوی نەوەیەکی لە چەپەکان ڕازی کرد کە پێویستیان بەوەیە نەک تەنها سەرمایەداری بەڵکوو دەبێت کۆی “سیستەمەکە” بە گشتی ڕەت بکەنەوە. لە کاتێکدا مارکس پێشبینی ئەوەی کردبوو کە سەرمایەداری خۆی لەناوەوەڕا بە سروشتی دەڕووخێت، بەڵام نیگەرانییەکەی قۆناغی دوای جەنگ زیاتر بریتی بوو لەوەی کە سەرمایەداری ناڕووخێت بەڵکو لە ڕێگەی (دەستێوەردانە بیرۆکراتییەکانەوە) سەرکەوتووانە جێگیر دەبێت، ئەمەش تەکنۆ-ستراکتۆرێکی سیاسی-ئابووری فراوان دروست دەکات کە تا دێت بەهۆی (فەرمانە ناوخۆییەکانی) سیستەمەکە خۆیەوە بەڕێوەدەچێت بێ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت دەسەڵاتی بەسەریدا هەبێت یان بتوانێت دەستوەردانیان تێدا بکات.
ئەم وێنەیەی “کۆمەڵگەیەکی تەواو بە شت بوو” دیدگای فرانز کافکا بۆ سیستەمێکی بیرۆکراتی دەهێنتە دی کە چالاکییەکانی سیفەتێکی ئامێرئاسای چاوەڕانکراویان هەبوو، بەڵام هیچیان هیچ شتێکی عەقڵانیان لێ نەدەکەوتەوە و کەسیش نەیدەزانی بۆچی شتەکان بەو شێوەیە ئەنجام دەدرێت. بە پێچەوانەی (کێشەی ئایدیۆلۆژیای سەراپاگیر)ەوە، کۆمەڵگەیەکی تەواو بە شت بوو، کۆمەڵگەیەک دەبێت کە تێیدا تەنانەت هەندێک فۆڕمی ئایدۆلۆژیا چی دی پێویست نابن چونکە هاندەرەکان هەمیشە بە شێوەیەکی دروست ڕێکدەخرێن، و پاڵمان پێوە دەنێن بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەین کە سیستەمەکە داوامن لێدەکات.
چارەسەری هابرماس
لە بەرامبەر ئەم کێشانەدا، وەڵامی ساویلکە بریتییە لە گەڕان بۆ ئەوەی کە فەیلەسوفەکان پێی دەڵێن خاڵی ئەرخەمیدس لەسەر بنەمای ئەو مەزەندە ژیرانەیەی کە دەڵێت: بۆ ئەوەی ڕەخنە لە سیستمێک بگریت، پێویستە بۆچونێک (لە دەرەوەی) ئەو سیستمە بدۆزیتەوە. بەڵام یەکەم هەنگاو بەرەو دانایی، تێگەیشتنە لەوەی کە هیچ خاڵێکی لەو جۆرە بوونی نییە کاتێک مەسەلەکە دێتە سەر کۆمەڵگەی مرۆیی یان فیکری مرۆیی. ئێمە مەحکومین بە ئیشکردن لەسەر (ناوەوە) یاخود سەرقاڵبوون بەوەی کە هابرماس، تا ڕادەیەک ناڕوون، پێی دەوت “بیرکردنەوەی پۆست میتافیزیکی”).
پاش چەند سەرەتایەکی هەڵە، ئەو بیرۆکەیەی کە هابرماس پێی گەیشت بریتی بوو لە گەڕان بەدوای چارەسەرێکدا بۆ (بونیادی پەیوەندی زمانەوانی). چونکە بە گشتی ماناکان شتی جیاواز ناگەیەنن کاتێک لە سیاقی جیاوازدا بەکاردەهێنرێن، ئەوا (مانای زمانەوانی) زۆر لەوە سیستماتیک ترە کە سەرنج بخاتە سەر کۆمەڵێک لە (پراکتیکی کۆمەڵایەتی) لێکبچڕاو. ئەم تێبینیانە وای لە چەندین بیرمەند کرد باوەڕبهێنن بەوەی کە مانای (گوتنەکانمان/قسەکانمان/ئەوەی دەیڵێین) نابێت بەهۆی (هەر گەمەیەکی پێشینەی زمانەوانی)یەوە دیاری بکرێت بەڵکو دەبێت لەڕێگەی ئەو ڕۆڵەوە دیاری بکرێت کە ئەم (گوتنانە) دەیگێڕن لەناو پراکتیکی دیاریکراوی ئارگیومێنتسازیدا. هابرماس لەڕێی ئەو بانگەشەیەوە گوزارشتی لەم بیرۆکەیە کرد کە (هەرکاتێک کردەی قسەکردن ئەنجام دەدەین، خۆمان پابەند دەکەین بە “پاساوهێنانەوەیەک” بۆ ناوەڕۆکی ئەو بانگەشەیە (واتە بەو مانایەی ئێمە “بانگەشەی ڕاست بوونەکەی” دەوروژێنین). ئەمە تەنیا بارێکی زیادە نییە – تێگەیشتنمان لە مانای زمانەوانی پێکدێت لە تێگەیشتن لەو مەرجانەی کە لە سایەیاندا دەتوانرێت کردەکانی قسەکردن پاساویان بۆ بهێنرێتەوە.
[بە نموونە: “ئەم ئاوە سەلامەتە بۆ خواردنەوە”
بە گوتنی ئەمە، دەستبەجێ خۆم پابەند دەکەم بەوەی کە بتوانم “پاساو” بهێنمەوە بۆ پرسیارگەلی وەک:
– چۆن دەزانی سەلامەتە؟
چ بەڵگەیەکت هەیە؟
بۆیە دەبێت ئەو خۆ پابەندکردنە توانای بەرگریکردنی هەبێت لەبانگەشەکەم کە بریتییە لە (ئەنجامەکانی تاقیگە بۆ ئاوەکە). ئەمەش ئەوەیە کە هابرماس پێی دەڵێت “بانگەشەی ڕاستبوون” – و -].
لە ئەنجامدا، هابرماس بانگەشەی ئەوەی کرد کە پەیوەندییەکی جەوهەری و زەروری هەیە لەنێوان پراکتیکی کۆمەڵایەتی پاساو (کە پێی دەوت “گوتار”) و ماناداریی قسەکانماندا. تێگەیشتن لە کردەکانی ئاخاوتنی یەکێک زۆر توند بەستراوەتەوە بە هەڵسەنگاندنی بانگەشەکانی ئەو کەسەوە. وە لەبەر هەمان هۆکار، بەرهەمهێنانی (کردەوەیەکی ئاخاوتن) هەمیشە پابەندبوونێک بۆ پاساوی بانگەشەی یەکێک لەخۆ دەگرێت. بەم پێیە، ئەو کەسەی کە دێت و داوای (پاساو)ت لێ دەکات هەڵناستێت بە سەپاندنی پاپەندییەکی نوێ بەسەر قسەکەردا بەڵکو تەنها داوا لەو کەسە دەکات کە ئەو پاپەندییە بەدی بهێنێت کە پێشتر داویەتی.
بونیادی پابەندیی نێوان کەسەکان کە ئاسانی زمان مسۆگەر دەکات، کاریگەرییەکی لاوەکی گرنگی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ڕێگەمان پێدەدات کارلێکی نێوان کەسەکان هەماهەنگ بکەین. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە هابرماس ناوی لێنا “کردەی پەیوەندیکردن – communicative action”، کە جیاوازە لە “کردەی ئامرازی”، چونکە لەبری ئەوەی پشت بە بەڵگەهێنانەوەی (ئامراز-ئامانج یان وەسیلە-غایە) ببەستێت بۆ دیاریکردنی کردارێکی پەسەندکراو، ئەو ڕێگە بە (هەڵبژاردنی کردار) دەدات کە ڕاستەوخۆ لەلایەن ناوەڕۆکی “بانگەشەکانی ڕاستبوونەوە” دیاری بکرێت کە لە گوتندا هاتوون. جۆری ئەو یاسا-پەیڕەوکردنەی کە کۆمەڵناسان بە شێوەیەکی نەریتی هەوڵیان دابوو بە بانگەشەکردن بۆ چەمکی (نۆرمی کۆمەڵایەتی) ڕوونی بکەنەوە، بە ڕای هابرماس، نموونەیەکی سەرەتایی (کردەی پەیوەندیکردن)ە.
یەکێک لە سیفەتە گرنگەکانی کردەی پەیوەندیکردن ئەوەیە کە لەبەرئەوەی ڕاستەوخۆ پشت بە (کردەکانی ئاخاوتن/قسە) دەبەستێت بۆ هەماهەنگ کردنی کارلێککردن، بۆیە هەمیشە واڵایە بۆ ناکۆکبوون و داواکانی (پاساوهێنانەوە). لە ئەنجامدا، هەتا زیاتر کۆمەڵگە مرۆییەکان پشت بە زمان ببەستن بۆ دروستکردنی سیستەمە ئاڵۆزەکانی هاوکاریکردن، ئەوا زیاتر ئەو ڕێکخستانەی داواکردنی پاساوهێنانەوە واڵا دەکەن – کە دینامیکیەتێکە لەماوەی مێژووی مرۆڤایەتیدا دەیبینین خۆی دەرخستووە لە پرۆسەیەکدا کە هابرماس، تا ڕاددەیەک بە ئیستڤزازەوە، ناوی دەنێت پرۆسەی “بە زمانکردنی پیرۆزییەکان/موقەدەس”.
[پرسیارەکە ئەمەیە]: چۆن هەر بەشێکی ئەمەی باسکرا هاوکار دەبێت لە چارەسەرکردنی دوو دێوزمەکەی کە [لەسەرەوە ئاماژەیان پێدرا]؟ یەکەم، [پێمان دەڵێت کە] هیچ کۆمەڵگەیەک پارێزراو نییە لە بەرامبەر داواکانی پاساوهێنانەوەدا، [واتە هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت خۆی بدزێتەوە لە پاساو هێنانەوە لە گوتنە زمانەوانییەکانیدا – و -]. [گەر کۆمەڵگەیەک هەوڵی دا پاساوهێنانەوە نەهێڵێت، واتە توانستی ڕەخنەگرتن نەهێڵێت، ئەوا زمانێکی ماناداریش ناهێڵێت و زمانی خەڵک قابیلی تێگەیشتن نابێت – و-]. لە ڕووی لۆژیکییەوە، کۆمەڵگەیەکی لەم جۆرە مومکینە، بەڵام قابیلی تێگەیشتن نابێت بۆمان، واتە ناتوانین لە کەس تێ بگەین چی دەڵێت؟ (هەوادارانی فەلسەفەی کانت ئەمە وەک ئارگیومێنتێکی سەروتاقیگەری “ترانسێندێنتاڵ” تێی دەگەن. یەکێک لە بەشدارییە هەرە گرنگەکانی هابرماس بۆ فەلسەفە، لەگەڵ کارل-ئۆتۆ ئاپێل، پێشەنگ بوونیەتی لەوەی کە پێ دەڵێت “پراگماتیکی سەروتاقیگەری/ترانسێندێنتاڵ”).
[لێرەدا پراگماتیک “Pragmatics”: بریتییە لە لقێکی زمانناسی کە باس لەوە دەکات چۆن مرۆڤەکان لە واقعدا زمان بەکاردەهێنن، بە نموونە: مەبەست لە قسەکە چییە، ئەی بە زمنی مەبەستت چییە، گوێگر چی تێدەگات، هەروەها ئەوەی چوارچێوەی کۆمەڵایەتی ڕێگەی پێ دەدات یان قەدەغەی دەکات. بە نموونە:
“جەو زۆر ساردە لێرە”
– مانای ووشەیی: ڕستەیەکە دەربارەی کەش و هەوا.
– مانای پراگماتیکی: داواکارییەکە بۆ داخستنی پەنجەرەکە.
پراگماتیک بۆمان ڕوون دەکاتەوە چۆن لە مانایەکی ووشەییەوە دەگەین بە مانای مەبەست – و – ].
بۆیە پێویستە لەسەرمان پاساو بۆ خۆمان و بۆ کردەوەکانیشمان بهێنینەوە. هیچ کۆمەڵگەیەک، بەدەر لەوەی تا چەنێك تۆتالیتار و لەخشتەبەرە، ناتوانێت خۆی لەم ئەرکە بدزێتەوە. بەڵام چ شتێک بە پاساو ئەژمار دەکرێت؟ دواجار بەوەی ئەوانی تر لە پراکتیکی پڕبەڵگەهێنانەوەدا قبوڵی دەکەن دیاری دەکرێت. بەڵام ئەو پراکتیکە ڕێساگەلی خۆی هەیە کە بەڕێوەی دەبات، ئەو ڕێسایانە خاوەن ناوەڕۆکێکن کە لەڕووی ئەخلاقییەوە بێ لایەن نییە. بە تایبەتی ئارگیومێنتسازی بە کۆمەڵێک مەرجی هاوبەرامبەر بەڕێوە دەچێت کە پێگەی یەکسان لەنێوان بەشداراندا دروستدەکات (هەر کەسێک شایستەی ئەوەیە هەر ئارگیومێنتێک پێشکەش بکات، هەڵوێستێک ڕەوایە بێ گوێدانە ئەوەی کێ پێشەکەشی دەکات، و هتد).
بەهۆی ئەمەوە، گرنگ نییە کۆمەڵگەیەک لە کوێوە دەست پێدەکات. پشتبەستن بە پەیوەندیکردنی زمانەوانی وەک پراکتیکێکی ناوەندی دووبارە دروستکردنەوەی دامەزراوەکان بە تێپەڕینی کات کاریگەری دەکات لە گەشەی ڕۆشنبیری بە ئاراستەی گەردوونیبوون و یەکسانییەکی زیاتر. ئەمەش ئەوە ناسەلمێنێت کە ئەم پابەندییانە ڕاستن. ئەگەر یەکێک بەدوای ئارگومێنتێکی بەهێزدا دەگەڕێت گەرەنتی ئەوە بدات نازییەک قایل بکات کە هەڵەیە، ئەمە ناتوانێ بیکات. بەڵام ئەوەی کە ئارگیومێنتەکەی هابرماس پیشانمانی دەدات ئەوەیە کە ئەو سەرچاوە ئەخلاقییە تایبەتانە کە پشتیان پێ دەبەستین بۆ سەرکۆنەکردنی نازیزم، وەک یەکسانی پێگەی ئەخلاقی و لەگۆڕیننەهاتوویی مافی مرۆڤ، هەڕەمەکی نین بەڵکو نوێنەرایەتی دەربڕینی لۆژیکێک دەکەن کە لە پەیوەندی کەسەکاندا هەیە، کە بە تێپەڕینی کات لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ڕێگەی خۆی دەدۆزێتەوە.
ئەمە لە پەیوەندیدا بە دێوەزمەکەی ئۆروێلەوە. ئەی سەبارەت دێوەزمەکەی کافکا؟: کۆمەڵگەیەکی تەواو بە شت بوو، بە ڕای هابرماس، ئەویش دیسان مەحاڵە. لاوازی سەرەکی (کردەی پەیوەندیکردن)، وەک ئامرازێکی کارلێکی کۆمەڵایەتی، لەوەدا دەردەکەوێت کە واڵایە بۆ ناکۆکبوون و تەحەدا کردن. “سازانێک کە لەڕێی بەڵگەهێنانەوەوە بەدەست بێت”، وەک هەمووان دەزانین، بەدەستهێنانی قورسە. لە ئەنجامدا، ئەو کۆمەڵگانەی کە زیاتر پشتیان بە پەیوەندیکردن بەستووە بۆ ڕێکخستنی کاروباریان مەیلیان هەیە بۆ سووک کردنی باریان لە ڕێگەی دروستکردنی بوارەکانی کارلێککردنەوە کە بەشێوەیەکی سیستماتیک تێکهەڵکێشکراون. ئەمەش لە ڕێگەی کۆمەڵێک هاندەرەوە بەدی دێت کە هانی تاکەکان دەدات بە شێوازێکی هاریکارانە ڕەفتار بکەن بەبێ پشتبەستنێکی زەق بە (بانگەشەکانی ڕاستبوون)، بەڵکو بە پشت بەستن بە (کردە ئامرازییەکان). دوو نموونە سەرەکییەکەی ئەم جۆرە سیستمانە، بە ڕای هابرماس، بریتین لە (ئابووری بازاڕ) و (دەوڵەتی بیرۆکرات).
دێوەزمەی کۆمەڵگەیەکی تەواو بە شت بوو لە ئەزموونکردنی ئەو کارلێکانەوە سەرهەڵدەدات کە لەناو ئەو بوارانەی کە بەشێوەیەکی سیستماتیک تێکهەڵکێشکراون هەیە، و لەو پرسیارەشەوە کە ئەو شتە چییە کە ڕێگرە لە درێژبوونەوەی ئەم شێوازانەی تێکهەڵکێشکردن بۆ ناو هەموو کۆمەڵگە. وەڵامەکە ڕوونە. (کردەی ئامرازیی لەتوانایدا نییە نەزمێکی خۆ بەڕێوەبەر بەرهەم بهێنێت. گەر هەر بۆ خۆی وازی لێ بهێنرێت، تەنها پاشاگەردانی دروستدەکات). بۆیە ئەو سیستەمی هاندانەی (نظام الحوافز) کە سەلامەتی ئەم سیستمانەی (کردەی ئامرازی) دەپارێزێت پێویستە لە ناو پاپەندییەکانی ناو (کردەی پەیوەندیکردن)دا “لەنگەر بگرێت”. ئەگەر سیستمەکە بۆ دەرەوەی سنوورە گونجاوەکانی خۆشی پەل بهاوێت، لە پێناو دەستدرێژیکردنە سەر ئەم (سیستمانەی پەیوەندیکردن)دا، ئەوا کۆمەڵێک دەرەنجامی نەخۆشانە (پاسۆلۆجی) لێ بەرهەم دێت (کە هابرماس بە “کۆڵۆنیکردنی دونیای ژیان” وەسفی دەکرد). لە ئەنجامدا، هەر چەنێک ئەم سیستمانە فراوان و ئاڵۆزیان لێ دەرچوو بێت، بەڵام هەرگیز ناتوانن لە (ئەرکی پەیوەندیکردن) ڕزگاریان بێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ نەزمی کۆمەڵایەتی.
بۆچوونی هابرماس لەسەر دیموکراسی، کە زۆرێک بە تاکە بەشداری ئەوی دادەنێن، بەرهەمی ئەو مۆدێلەن سەبارەت بە پەیوەندی نێوان (کردەی پەیوەندیکردن و کردەی ئامرازی). هەرچەندە زۆر لەسەر ئەم خاڵەو وتراوە، بەڵام لەوانەیە شایانی ئاماژەپێدان بێت کە هابرماس زیاتر ریالیستە لەسەر ئەم مەسەلانە وەک لەوەی بە گشتی وێنا کراوە. ئەوەش لەبەرئەوەیە کە هابرماس دەوڵەتی بەشێوەیەکی ڕێژەیی وەک سیستمێکی بیرۆکراتی خۆبەخۆ دەبینی کە ئەو جۆرە تاکانەی تێدایە کە تەنها وەڵامدەری زنجیرەیەکی تەسکی هاندەرەکانن. بەشێوەیەکی سەرەکی هابرماس وا دەیڕوانییە دیموکراسی کە بریتییە لە میکانیزمێک بۆ تەرجەمەکردنی ئارگیومێنتەکانی ڕۆژانەمان بۆ هاندەرەکان کە لەتوانایاندا هەیە کاریگەریان هەبێت (نەک کۆنترۆڵکردن، بەڵکو تەنها کاریگەری) لەسەر ڕەوشتی ئەم سیستەمە.
لە کۆتاییدا، پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین کە سەرباری تموحی نائاسایی پرۆژە فەلسەفییە جەوهەرییەکەی، هابرماس زیاتر بیرمەندێکی (هەڵبژاردەیی – Syncretic) بوو نەک سیستماتیک. لەبری ئەوەی هەنگاو بە هەنگاو ئیش لەسەر بۆچوونەکانی بکات، هابرماس ئارەزووی لەوە بوو یەکەمجار بۆچوونەکانی ئەوانی دی پێشکەش بکات، ئنجا پیشاندانی ئەوەی چۆنی پێکەوە دەگونجێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک. ئەمەش کۆسپێکی زۆری بۆ قوتابیان و وەرگێڕەکان دروستکردووە. بۆیە ژمارەی ئەو هەموو شتانەی تر کە دەبێت تێیان بگەیت بۆ ئەوەی لە هابرماس خۆی تێ بگەیت لەوانەیە گەورەترین هەڕەشە بن بۆ میراتەکەی.
هەوڵم داوە بە گشتی باس لە گرنگی پرۆژەکەی هابرماس بکەم بۆ ئەوەی ڕوونی بکەمەوە کە بۆچی سەرفکردنی کات و ووزەت بۆ تێگەیشتن لێی بە زایە ناچێت. هەوڵیشم داوە ناڕاستەوخۆ ڕوونی بکەمەوە کە بۆچی مەرگی هابرماس لەم مانگەدا بەلای زۆرێکەوە کۆتایی سەردەمێکە. هەر بە ڕاستی، هابرماس یەکێک بوو لە زەبەلاحەکانی فەلسەفی سەدەی بیستەم. کە بەراودێکیش دەکەیت، لەوە دەچێت تیۆری سیاسی هاوچەرخ وەڕس بوو بێت، و تاقەتی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە گرنگ و بەپەلەکانی سەردەمی مۆدێرنی نەمابێت.
٢٣/٣/٢٠٢٦
جۆزێف هیس: پرۆفیسۆرە لە بەشی فەلسەف لە زانکۆی تۆرنتۆ و نووسەری چەندین کتێبە لەوانەش (Communicative Action and Rational Choice).
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.