26/04/2024
DidiMn Logo
Top

‎په‌ڕاوی كار وای: سینەمای وۆنگ کار وای “جوانی لە شێواویدا”

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

‎دیدی من – ئیزائات
لە عەرەبییەوە: لانیاس عەتا
سه‌رپه‌رشتیاری په‌ڕاو: چرۆ عیزه‌ت

‎وۆنگ كار وای دەرھێنەر بە چەندین ستایلی ئەزموونیی تاکشێوە لە دەرھێنەرە ھاوسەردەمه‌کانی «ھۆنگ کۆنگ» جودا دەکرێتەوە، ھەم لە ڕووی نوسینی دەرھێنەریانە، ھەم لە ڕووی شێوە مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەکتەرەکانی یاخود تەنانەت گۆشە تێڕوانینی کە لە فیلمکانیدا زاڵە.

‎لێرەدا ئەو ھۆکارانە دەزانین کە ئاڕاستەکەر بوون بۆ ئەم ستایلە، ھەروەھا ئایا دەنگە نوسینەکی و دەرھێنەرییەکانی چین و چۆن ئەمە کاریگەری کردووەتە سەر فیلمەکانی بە شێوەیەک کە جیاوازیان بکات لە ڕەوتی باو، نەک تەنھا لەسەر ئاستی ناوخۆ  بەڵکو لەسەر ئاستی جیھانیش.

‎لە ماوەی ٥٠ سالی ڕابردوودا وۆنگ كار واییەکێکە لە گرنگترین دروستکەرانی سینەما لە ئاسیا، ھەروەک یەکێکە لە کاریگەرترین دەرھێنەرەکان لە سینەمای جیھانیدا، بە مۆرکێکی تایبەتەوە بووە بە براوەی چەندان خەڵات لەوانە: خەڵاتی باشترین دەرھێنەر لە فیستیڤاڵی «کان» لە١٩٩٧. 

بنەڕەتی پەیدابوونی «شۆک و شوناس» 

‎خۆشەویستی سەرەکیترین ھێڵە کە فیلمەکانی وۆنگی لەسەر دەڕوات. ئەو بە شێوازێکی جڵەوگێڕانە دەسەڵاتی خۆی بەسەر خۆشەویستیدا بەرجەستە دەکات و تا دوورترین خاڵ دەڕوات، لەسەر کەنارەکانی خۆی تەنھایی و تێکشکان و لەدەستدان دەخاتەڕوو. ھەروەھا کارەکتەرەکانی بە جۆرێکن وەک ئەوەی پێکھاتەیەک بن کە  خۆشەویستی سوکایەتی پێ کردبێتن، چونکە خۆشەویستی لای ئەو پەڵەیەکە ویژدانی ئازار دەدات. لەسەر ئەم بنەمایە ۆونگ لە خەیاڵی خۆیدا دەگەوزێت، ھەوڵ دەدات نمونەیەکی باش دروست بکات بۆ گوزارشتکردن لەو جۆرە تایبەتەی خۆشەویستی، ھەر بۆیە فیلمەکانی وەک نموونەن لەناو نموونەیەکی گەورەتردا. وەک کۆمەڵە دەنگێکی پڕ ژمارە و کۆدن کە قوڵییەک دەدات بەو نموونانە کە وا لە بینەر دەکات ھاوبەشییەک ببینێت لە نێوان خۆی و چیرۆکەکەدا. ئەمە دەمانگێڕێتەوە بۆ پەروەردەکەی، دەتوانین بڵێین وۆنگ بە ھۆی دوو شۆکی مەزنەوە ناڵاندوویەتی. یەکەم کاتێک لە «شەنگەھای»ەوە کۆچی کرد بۆ «ھۆنگ کۆنگ»، ئەم گۆڕانکارییە لەناکاوە بووە ھۆی پێکدادان لە نێوان شێوازی ئێرە و شێوازی ئەوێ. «ھۆنگ کۆنگ» بە تەواوی دابڕابوو لە «چین» لە ڕووی کارگێڕی و گەشەی ئابووری و  شێوازی ژیانەوە، تەنانەت زمانەکەش جیاواز بوو. ڕۆشنبیریەتی ڕۆژئاوا دەستی درێژ کردبوو بۆی و کاریگەری زۆر ھەبوو لەسەری. بە کورتی «ھۆنگ کۆنگ» شارێک بوو بە ئاوازی ڕۆژئاوا دەڕۆشت. ئاساییبوونەوەی ئەم شۆکە بە ھۆی دایکیەوە بوو کە ئاشقی فیلم بوو. دایکی خاڵی دەستپێکی سروش بوو بۆی، ئەو سینەمای پێ ناساند و تا ڕادەیەک تاکە ھاوڕێی بوو.

‎وۆنگ لەسەر دەستی دایکی دەستی پێکرد. گوێی ھونەری لە ڕێستۆرانتەکاندا لە کاتی نان خواردندا بۆ دروست بوو کە زۆرینەی کات مۆسیقای ڕۆژئاوایی بوو. بۆئەوەی ئاستی بەرەو بەرزتر بچێت و بە کلتور و ڕۆشنبیریەتی  دەوڵەمەندەکان ئاشنا ببێت کە مۆرکی ئەو شارۆچکەیە بوو، شارۆچکەیەک بوو بە چەشنی بەرھەمێکی تێکەڵ لە نێوان ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا، لە شۆکەوە دەگۆڕێت و توانەوە و کاریگەربوونی بە شارەکە بە ڕوونی لە فیلمەکەدا بەدی دەکرێت. نەک بە تەنھا کاریگەری شەقڵی جوگرافی بەڵکو کاریگەری سینەمای باوی شارەکەی ئەوکاتیش کە دەبینین کاریگەر بووە بە «گۆدار»،«ترۆفۆ»،«ئەنتۆنینی»«فێلینی»و فیلمەکانی «وشییا»ی بەناوبانگ و  سەرجەم جۆرەکانی مۆسیقای ڕێستۆرانتەکان.

‎ئەو ساتانە ستایلی سینەمای وۆنگیان جێھێشت. بەڵام بنەڕەتی پێکھاتن لەو کاتەدا کۆتای نەھات. وۆنگ  بەردەوام لە پێستگۆڕیندا بوو. خاوەنی مەراقی پێویست  بوو تا پێ بنێتە ناو ئەزموونی نوێ و پڕ دڵەڕاوکێ، بەڵام بە ھیچ جۆرێک قبوڵی پۆلێنکردن ناکات. ئەمەش دەمانباتە سەر شۆکی دووەم.

‎شۆکی دووەم لە «ھۆنگ کۆنگ» بە دوو قۆناغدا ڕۆیشت، بەشی یەکەمی شۆکەکە بریتی بوو لە ڕێکەوتننامەی «ڕاگەیاندنی چین بەریتانیای ھاوبەش» لە ١٩٨٤دا. کە ڕێگای کردەوە بۆ سەردەمێکی خۆڵەمێشی مۆرکراو بە پرسیارگەلی ڕاستی جەوھەری و شێوانی ناسنامەیی. ناوەڕۆکی پەیماننامەکە ڕادەستکردنی «ھۆنگ کۆنگ» بوو بە «چین» لە ساڵی ١٩٩٧ و «ئەکیا عەباس» پرۆفیسۆری ئەدەبی بەراوردکاری لە زانکۆی کالیفۆرنیا و سەرۆکی بەشی ئەدەبی بەراوردکاری لە زانکۆی ھۆنگ کۆنگ لە بارەی ئەو خاڵەوە  لە کتێبی Hong Kong: Culture and the Politics of Disappearance»دەڵێت: ئەم بەرەو خوار بوونەوەیەی ساڵەکان کاریگەری ھەبوو لەسەر قەیرانی ناسنامە بۆ ھاوڵاتیانی «ھۆنگ کۆنگ».لەگەڵ ئەگەری بەرپابوونی ڕزگاری ڕۆشنبیری دەرەکی کە نزیکە لەوەی خۆی بەسەر چیندا زاڵ بکات. بۆیە لە کۆتا ساتەکاندا ھۆنگ کۆنگ گەڕانێکی چڕی بە خۆیەوە بینی بە شوێن شتێکدا کە شوناسی یەکلای بکاتەوە.

‎بەشی دووەم ھەڵھێنجانێک بوو  بۆ داھاتوویەکی ناڕوون کە لە دوورەوە شێواو دەردەکەوت. لە ساڵی ١٩٩٧دا ئەو کاتەی چین(شەعبیەتی شاری ھۆنگ کۆنگ)ی بەدەست ھێنایەوە بەڵێنی ٥٠ ساڵی جێگیری و نەگۆڕی لە ڕووی ئابووری و کارگێڕی وڵاتەوە. بەڵام ئەم ڕووداوە زنجیرەیەکی ئایدۆلۆژی دروستکرد و کۆمەڵێ خەیاڵات و پێشبینی بۆ  داھاتویەکی نادیار وروژاند..ئەو ڕێڕەوی ئایدۆلۆژیایەی گۆڕی کە دەرھێنەر لە سەرەتاوە گرتبووی. ئەم گۆڕانکاریە خودی فیلمەکانی وۆنگ جێبەجێ دەکات. دەتوانین ئەو ئاڕاستە و ئارەزووەی بگەڕێنینەوە بۆ ئەزموونەکان و توێژینەوە لەو جۆرە ڕوداوو و گۆڕانکاریە.

دروستکردنی ستایل«بەھای جوانی لە شێواویدا»

‎لە ٧٠کانی سینەمادا لە ھۆنگ کۆنگ زۆرینەی دەرھێنەرەکان بە تەکنیکی مۆدێرنی ھۆڵیوود کاریگەر بوون. ھەر بۆیە زۆرینەی تەکنیکەکانیان وەرگرت بە جۆرێک لە خزمەتی دەقەکاندا بێت و پەرەیان پێدا. بەڵام کارەکان یاخود گەشە سەندنەکان لە چوارچێوەیەکی دیاری کراودا کورت دەبوونەوە کە بنچینەی بنەڕەتی تەکنیکی گێڕانەوەی تێ نەدەپەڕاند. بەواتای ئەوەی پارێزگاریان لە ڕیزبەندی دەکرد. ھەروەک پارێزگاریان لە بنەمای ڕوونی دەکرد کە ھەڵگری تێگەیشتنی دواترە لە بینەرەوە. چونکە بە شێوەیەکی ڕووکەشی خزمەتی چیرۆکی یەک لە دوای یەک و تیری کات دەکات کە لە پشتەوە دەردەچێت بۆ دواوە. تەنانەت گەر ئەو تیرەش پچڕا دوای چرکەی فلاش باک زیان بە ناوەڕۆکەکەی ناگەیەنێت، وەک ئەوەی کە ڕای بگەیەنن تەکنیکەکانی گێڕانەوە و تەکنەلۆجیا گەشتوون بە «ھۆنگ کۆنگ».

‎ئەم تەکنیکانەش بریتین لەRack Focus) ،Close Up ،Fast Cutting .هەروەها چاکسازیەکی گەورە لە جوڵەی کامێرا بۆ گونجاندن لەگەڵ جۆرێکی سینەمای نوێ. لە پێناو دۆزینەوەی گونجانێکی باش لەلایەن دەرهێنەرەکان کە خزمەت بە سینەمای خۆیان بکات. بەڵام ئەم چیرۆک و هەوڵانە لە سەیڤ زۆندا بوون. کە تا دڵنیا نەبوونایە دەسکەوتنی ھەیە مەترسییان بە پارە و هەوڵەوە نەدەکرد کە لەو کاتەدا سینەمای «هۆنک کۆنگ» نەیدەتوانی دابینی بکات. بۆیە یەکەم فیلمی شکستێکی گەورەی هێنا چونکە سەرجەم فیلمەکانی پشتیان بە ستایلی چیرۆکێکی دیاریکراو دەبەست بە ناوی «جوانی شێواوی».

‎بە درێژای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە کاتی بڵاوبوونەوەی شەپۆلی سینەمای نوێ لە هۆنگ کۆنگ، دوو یاسای گرنگ سینەمای بەڕێوە دەبرد و زۆربەی فیلمەکان بە دەوریدا دەسوڕانەوە کە بریتی بوون لە؛ ڕوونی بە جۆرێک بینەری ئاسایی بتوانێ بڕواتە ناو جیھانی  فیلمەکەوە، ئەمەش لە ڕێی نووسین و ڕێکخستن و مۆنتاجەوە دەردەکەوێت کە چیرۆکەکە بە شێوەی زنجیرە بنیاد دەنرێت و سەرجەم خاڵە ئاماژە پێکراوەکانی تێدابێت، ئەمەش پردێك لە نێوان دروستکەر و بینەردا دروست دەکات.

‎ڕێسای دووەم ڕێسا نیە بەڵکو نیمچە کۆدێکی ئەخلاقی دیاری کراوە. کە خەڵکی حەزی پێی دەکەن و زۆرینەی کات پاڵەوانەکانە دەبێت بە کەسێکی باش و دژی خراپە دەجەنگێت و زۆر ئایندارن و دەگەڕێنەوە بۆ ئاین و لەهەندێک دیمەندا سمبولی ئاینی Manichaeismی پێوە دیارە.

‎لەم ڕێسایانەوە فیلمەکە ئەگەری سەرکەوتن بەدەست دەهێنیت لە بۆکس ئۆفیسدا. چونکە کار لەسەر دوو خاڵی زۆر گرنگ دەکات. بەڵام هەر لە سەرەتاوە ۆونگ یاسا شکێنی کرد. لەم ڕووەوە دژی سینەمای ناوچەیی یاخی بوو و تەکنیکی تایبەتی خۆی بەکارهێنا کە ئەمەش لە خزمەتی جوانی وێنەدا بوو. ئەمە واتای ئەوە نیە دژی بنەمای  ڕوونی گوزارشت بوو بەشێوەیەکی ڕەها، بەڵکو وەری گرت و پەرەی پێدا بە جۆرێك لەگەڵ بنەمای خۆیدا بگونجێت بە وێنەیەکی گوزارشتکەر و هەستێکی تەقیو کە هەستی بینەریش بجوڵێت. هەروەک نرخی «شێواوی» بەدەست هێنا. واتا دەتوانێت بەشێوەیەکی تایبەت چیرۆکەکە بێزار بکات. هەرلەبەر ئەمە دەکرێت چیرۆکی ۆۆنگ بە شێوەیەکی ڕوون لەناو فیلمەکانیدا بەڕوونی دەربکەوێت شتێک نهێنی تر لە خودی کارەکتەرەکان. شتێکی ناباو کەپێویست دەکات سەرجەم وزەی  بیستن و ھەستی بۆ تەرخان بکەیت تا بەدڵ و هەست شوێنی بکەویت.

‎مایەی تێبینیکردنە کە بینەر زیاتر لەگەڵ کارەکتەرەدا هەست بە یەکانگیری دەکات بە بەراورد بە چیرۆکەکە. ولەگرنگترین ئەو هۆکارانەی گەیاندی بەو قۆناغە ئەوە بوو کە پەرەدانی تەکنیکی گێڕانەوەی فیلمەکانی بە شێوازێکی ڕۆژانە ڕووی دەدا. واتە لەسەر سیناریۆیەک نەدەڕۆشت کە پێشوتر نوسیبێتی.

‎بەڵام وۆنگ هەر دەستبەرداری تەکنیکی زنجیرەی گێرانەوە نەبوو هەرچەندە ئەمە قورس بوو بەبەراورد بە دەرهێنەرەکانی تر. کە بوو بە مایەی جۆرێك لە لەکەداربوون و وازهێنان لە هەندێك لە هێزی بیرۆکە لە پێناو هەستدا. وۆنگ لە کاتی مۆنتاج و دەرهێناندا  سڕینەوە زۆر دەکات. کە جۆرێک لە سەرلێشێوان دروست دەکات لە تێگەیشتندا. هەروەها وا دەکات تێگەشتن لە بیرۆکە گشتیەکە لە دەرەوەی چوارچێوەی خودی  فیلمەکە سەخت بێت. ئەمە مانای وایە ئەو پرۆسەی کورتکردنەوەی ئایدیایەی کە ئەنجامی دەدات تا دەگات بە شێوەی کۆتایی شێوەیەکی شێواوە بەبەراورد بە چیرۆکی کلاسیکی. بەڵام بەسوودە بۆ لۆجیکی جوانی. بەڵام قورسە درک بە دیزاینی کۆتایی چیرۆکەکە بکەیت چونکە ملکەچ نابێت بۆ هەمان پێوەرەکانی چیرۆکی ئاسایی کە ئەمەش وادەکات ڕەخنەگرەکان بە «چیرۆکی هەڵوەشاو» چیرۆکەکانی وەسف بکەن بەڵام بێگومان بەڕێکەوت نا  

پاڵەوانەکان، کەسایەتی و ئەکتەرەکان

‎سەبارەت بە کۆدی مۆڕاڵی زانراوەکە پاڵەوانەکانی ۆۆنگ پاڵەوان نین. و هەڵگری باشیی زۆرنین و هیچ کامێکیان بە هیچ جۆرێك خاوەنی چاکەش نین. لەزۆرینەی فیلمەکاندا کارەکتەرەکان نوقمی چەوتی و هەڵەبوون. هەربۆیە کارەکتەرەکانی  فیلمی (Fallen Angels) و(Days Of Bieng Wild) و(As Tears Go By  تەنانەت فیلمی  ڕۆمانسChunking Express) یش مۆزایکی ڕوناکی و تاریکین. یان تا گوێیان نوقمی قوڕی ستەم بوون و لەژێر باڵی تاریکدا دەجوڵێن.

‎هەروەک ئەوەی نائاسایە ئەوەیە ئەم کارەکتەرانە ژیانیان  لە پێناو پاکبوونەوە لە گوناھ یان پاساوھێنانەوە بەسەرنابەن. بەڵکو لەپێناو  ئامانجی تردا دەژین کە لە هەوڵی دۆزینەوەی خۆشەویستیدان لە چەندین هەوڵی شکستخواردودا تا ڕزگارببن لە کۆتەکانی تەنهایی.کارەکتەرەکانی ئێجگار دوورن لە چاکەو خێر. ئەوان هەمیشە تێکشکاو و تەنھان و هەرگیز ناگەن بەکۆتای. خوێن پژاوە و ئێسک شکاوە و دڵەکان تا کۆتای شکاون. 

‎ئەو بە شێوازێکی ناکلاسیکی مامەڵە لەگەڵ ئەکتەرەکانی  دەکات. سیناریۆی نەنوسراو وادەکات وێنە تۆمارکردن شتێکی ناڕوون و ئاڵۆز بێت تەنانەت بۆ ئەکتەریش کە کار لەسەر شتێک دەکات نازانێت کۆتایەکەی چیە، وۆنگ لەڕێگەی ئەوەی کە لە ئەکتەرەکەدا دەیبینێت پەرە بە سیناریۆکە دەدات و ئەوەی کە ئەکتەر لە کاتی تۆمارکردندا دەیکات وەک سروشێکی ڕاستەقینەیە بۆی لە نووسیندا. ئەمەش وادەکات بەرهەمەکە بەتەواوی جیاواز بێت لە بیرۆکە بنەڕەتیەکە. هەربۆیە ئەکتەر وەک پایەیەکی گرنگ و دەست پێوە گرتووە لە پرۆسەی دامەزراندن و بنیادنانی فیلم، وەک هاوبەشێکی بنەڕەتی لە سیناریۆ و خاوەن بوونێکی زیندوو.

‎وە ئەکتەری بەتوانا «تۆنی لیونگ»لەبارەی پەیوەندی«ۆۆنگ» بە ئەکتەرەکانیەوە دەڵێت: ۆۆنگ ئازادی تەواوی بە ئەکتەرەکان دەدات بەڵام ئەو بۆشاییە بە تەواوی دابڕاوە و تۆ نازانیت چی تێدا دەگوزەرێت، بەڵێ بۆشاییەکی زۆر گەورە ھەیە و خۆت دەڵێیت: دەبێت بیکەیت بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە چی بکەین؟

‎بۆیە ئامادەبوونی ئەکتەر بە خودی خۆی لە فیلمەکانی ۆۆنگدا شتێکی دڵنیایە لە چیرۆکدا. بەجۆرێك گەر هەندێک ئەکتەر بچنە جێگەی هەندێکی تر ئەوکات چیرۆکەکە بەو جۆرە ناڕوات کە دەبێت بڕوا و ڕەنگە تێکبچێت یان بە تەواوی دیوێکی تر وەرگرێت. هەربۆیە ئامادەبوونی ئەکتەر پێویستی گێڕانەوەیەکە کە بەردەوام لە گەشە و بەرەوپێشچووندا بێت و پێچەوانەکەشی ڕاستە. هەروەک ترۆپک لە فیلمی «لە هەوای عەشقدا» لە ڕووداوەکانیدا نیە بەڵکو لە ڕووخسار و لەشی ئەکتەرەکانیدایە. هەربۆیە پەرەدان بە سیناریۆ شتێکی گرنگ نیە بە بەراورد بەوێنە لای ۆۆنگ وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا. بێگومان پەرەدان بە سیناریۆ گرنگە بەڵام ئەو پێی وایە  لە پلەی دووەمدایە. 

‎ئەکتەر لای وۆنگ لە پێگەیەکی پیرۆزدایە بەڵام خاڵی نیە لە پۆخڵەیی و مایەی پێکەنینە کە ھەمان تاقیکردنەوەی نمایشکردن بۆ ھەمان ئەکتەرەکان دەکاتەوە لە ھەموو فیلمەکانی سەڕەڕای زانینی بەوەی کە چۆنن و کاری کردووە لەگەڵیان لە فیلمە تەواوەکاندا. بە واتای ئەوەی توانای دەرھێنانی فیلمێکی ھەیە لە پاڵەوانێتی ئەکتەری جوان «ماگی چیونگ» بۆ ئەوەی بچێتە ناو پڕۆژەیەکی تر کە داوای ھەمان ئەکتەر بکات و دەبێت سەرلە نوێ تاقیکردنەوەی نمایشکردنی نوێ بکات. وۆنگ  لەبارەی ئەم خاڵەوە دەدوێت: تاقیکردنەوەی  نمایشکردن بۆشایی نێوان دەرھێنەر و ئەکتەر و کارەکتەر و ئەکتەر نزیک دەکاتەوە. لەسەر ئەم سێینە پیرۆزە توانای تەواوەتی ھەڵدەگرێت بۆ وابەستەبوون و بەرگەگرتن بۆ تەواوکردنی فیلمەکە و چوونە ناو ھەوای خۆیەوە. ھەر بۆیە تاقیکردنەوە لای ئەو ھەمیشە بریسکەیەکی جادووی بووە لە ھاوڕێیەتی و  خوێنشیرینی.

هاوبەشی بکە